کازیوە ساڵح
بەشی یەکەم
هەتا ڕاڤەی ترسەکەت نەکەیت هەرگیز ئازاد نابیت. ئازاد بوون لە ترسەکەی ناخت واتا ئازاد بوونی خۆت ، ئازاد بوونی تۆش واتا ئازادبوونی نیشتمانەکەت.
جودیە فۆبیا١ واتە ترس لە جولەکە، بەڵام ئەم ترسە ترسێکی ئیدۆلۆژیە، ترسێکی ئێجگار سەختر و زیاترە لە ترسی سروشتی. ترسی سروشتی وەکو ترسی مرۆڤێکە لە مێرووەیەک، ئاژەڵێک یان شتێک کە ئەکرێت لە گەڵ کاتدا ىڕەوێتەوە. بەڵام جۆدیەفۆبیا وەکو ترسی مناڵێک نیە کە ناوێرێت بچێتە ناو تاریکییەوە. ترسێکە مەرج نیە مرۆڤ توانای هەڵگرتنی هەبێت و بەرەوە هەڵدێری نەبات. بە هۆی ئەو ترسەوە دروستکردنی ڕەک، هەڵاواردن و بێ ڕێزی بەرانبەر جولەکە ئەکرێت بە ئامانج. کوردیوفۆبیا٢ ، واتا ترس لە کورد، دروستکردنی هەمان ئەو پرەنسیپانە، بەڵام بە کاریگەریەکی زیاترەوە ، کە لە میانەی ئەم زنجیرە وتارەدا تێشکی دەخەمە سەر. . .
ئایە کورد پێویستە ڕێگە بدات ڤایرۆسی جودەفۆبیا لە نێو کۆمەڵگەکەیدا تەشەنە بکات؟
ڕێگە دانی تا چەند قازانج بە عەرەب ئەگەیەنێت و چۆن کۆمەڵگە کوردی دادەڕوخێنێت؟
ئایە جۆدیەفۆبیا دەبێتە هۆی دروستبوون و تەشەنەکردنی کوردیوفۆبیا؟
ئایە کورد هیچ پێگەیەکی هەیە لە بازرگانی جودیەفۆبیا و ئیسلامۆفۆبیادا؟
ئایە عەرەب لە ڕۆژئاوادا چۆن مامەڵە لە گەڵ جولەکە ئەکەن؟ چەند ناکۆکە لە گەڵ ئەوەی ناوخۆ؟
ئەم بابەتە نایەوێت لە ڕەگی جودەفۆبیا بکۆڵێتەوە. بەڵکو مەبەستیەتی لە ڕووی سایکۆلۆژیایی کولتووریەوە بۆ وەڵامی ئەو چەندپرسیارەی سەرەوە بگەڕێت. بۆ تێەگەشتن لە گروپێکی دیکە باشترین ڕێگە میۆدی ئەتنۆگرافیە ، بۆ ئەوەش پیویستە لە گەڵیان بژیت و چاودێریان بکەیت لە زمانەکەیان تێ بگەیەت . بۆ گەشتن بەم هاوکێشەیە و ڕووخستنی ئەنجامی دروست نووسەر بەو ئەرکە هەستاوە. ئەمەی کردووە لە ڕوژنامەشدا تەنها کورتەی ئارگیومێنتەکان بڵاو دەکرێتەوە نەک هەمووی.
فۆبیا هەندێ جار بە فۆبیا-فۆبیا واتە ترس لە ترس داخۆیانی دەکرێت. فۆبیا ترسێکی ناو لۆژیکیانەی سەبارەت بە شتێکی دیاریکراو ئەکرێت بێ مەترسی بێت یان مەترسێکی کەمی هەبێت. بەڵام فۆبیا تاکهۆکار نیە پابەندە بە کۆمەڵێک فۆبیای دیکەوە. هەتا ئێستا زانستی سایکۆ-سیسۆلۆژی و کەڵچراڵ- سایکۆلۆژی هەژماری زیاتر لە پێنج سەد جۆری (٥٠٠)٣ فۆبیای کردووە و هەر یەکەیان پێناسەی جیاوازی هەیە، بەڵام هەموویان یەک ڕیشەیان هەیە و بە ڕادەی یەکەم ترس لە ترسە. هەردوو سایکۆلۆژیای گشتی و سایکۆلۆژیای کولتووری لە کۆمەڵێک هۆکارەکاندا ، سێ خاڵیان دەسنیشانکردووە وەکو دیارترین هۆکارەکانی لە دایک بوونی فۆبیا ئەوانیش بریتین لە بۆماوە ، کولتوور و ئەزموونی ژیان.
یەکەم : بۆماوە؛ سایکۆلۆژیا گشتی هۆکاری جیاوازی دەسنیشانکردووە بۆ بوونی فۆبیا، پێیان وایە هەندێ جار ئەکرێت پەیوەندی بە خێزان و بۆماوەیی ‘جەنەتک’ی بێت؛ لێرەوە هەندێ خەڵک بە ڕیشەی فۆبیاوە لە دایک ئەبێت و لە گەڵ کاتدا گەشەسەندنە ژیانی وکۆمەڵایەتیەکان ڕەگی ترسەکان فرۆ دێنی و وەکو نەخۆشێکی ترسناک لە دەروونی تاکی ئالودەبوودا پەل دەکوتێت.بە پێی میتۆدی سایکۆلۆژیای کولتووری، مرۆڤ لەدایک دەبێت دێتە ناو کولتوورەوە ، هەموو ختۆرە سایکۆلۆژیەکانی ڕیشەی کولتووری هەیە و ئەوە کولتوورە کاریگەری لە سەر جەنتیکیش هەیە و ڕێژە و ئاستی ئەگۆڕێت. بۆ نموونە ڕێژەی فۆبیای کۆمەڵایەتی لە ئەمەریکادا لە ساڵی ٢٠١٤دا گەشتبوو ٧.٣% ڕێژەی دانیشتوان واتە ( 5.3 ) ملیون کەس ، زۆربەی ئەمانە ترسەکەیان لە منداڵیەوە سەری هەڵداوە و لە هەرزەیدا تەشەنەی کردووە ، بە دەگمەن تێدایە لە ٢٥ بیست وپێنج٤ ساڵیەوە سەری هەڵدابێت. دڵنایم ئەگەر ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ناو کورددا بکرێت فۆبیای کۆمەڵایەتی ئەگات بە بەرترین ڕێژە .وەلێ هەردوو بەشی سایکۆلۆژیا لە سەر دوو خاڵەکەی دی چوون یەک کۆکن.
دووەم: کولتوور؛ جگە لەوەی کولتوور لە بنەمادا کاریگەری هەیە لە دروست بوونی فۆبیا و تەنانەت فۆبیای بۆماوەیش. هەندێ فۆبیا تایبەتمەندی کولتورێکی تایبەتی هەیە. بۆ نموونە ، فۆبیای گەورەی کورد فۆبیایە لە کورد ، لەوانەی ئەیناسن نەک ئەوانەی نەناسن، ترسی گەورەی ناڕزای بوون ئەوانەیبەرانبەر لێێ و فەرارە بەسەردادانی لە پێشینەیان و برینداربوونیان لە لایەن ئەوانی دییەوە. بە پێچەوانەی یابان بە پێێ لێکۆڵینەوەکان تووشی فۆبیایەکی کۆمەڵایەتی و کولتووری بوون ئەویش فۆبیای بریندارنەکردنی ئەوانی دییە. واتە یابانیەکان لە بەر ئەوەی هەر لە قۆناغی باخچەی مناڵانەوە وانەیەکیان هەیە بە تایبەت فێری مۆراڵ و ڕیزگرتنی کۆمەڵایەتیان ئەکات. بە ئاستێک لە بریندارکردنی خەڵکی بەرانبەر ئەترسن لە قسەکردندا کە فۆبیای لا دروستکردوون. واتە تا ئیستا باسی دوو کولتوورمانکرد دوو جۆری جیاواز فوبیای هەیە هەردووکی پابەندە بە ‘ بریندارکردن’ یەکیکیان ترسی ئەوەی بریندار نەبێت بە هۆی مۆراڵی نەوی ، ئەوی دی ترسی ئەوەی برنیدار نەکات بە هۆی مۆراڵی باڵا. کولتووریش هەیە وەکو عەرەب فۆبیای جولەکەی هەیە، بە ئاستێک کۆمەڵگەی خۆیان داڕوخاندووە لە هەموو شت داینماڵیوە، دیمەوە سەر ئەم خاڵە.
سێهەم: ئەزموونی ژیان؛ ژمارەیەک لە فۆبیاکان پابەند بە ئەزموونی ژیان، بە تایبەت ئەوانەی لە سەردەمی مناڵیدا ئەزموونکراون.
ئەوەی لەم خاڵانەدا کورتی هێناوە خوێندنەوەی سیاسی و بە سیاتکردنی فۆبیایە ئیتر سیاسەتی ئاینی بێت یان سیاسەتی فەرمانڕەواییکردن ؛ پەیوەندی بتەوی فۆبیا بە ئەجەندای سیاسیەوەیە. بۆ نموونە ، لە پرۆسەی جینۆسایددا فۆبیا بەرانبەر قوربانی ‘ ئەوی بە ئامنجکراو’ یەکەم هەنگاوە و ئامادەیی چالاکی هەیە لە هەموو هەنگاوەکاندا، لە جینۆسایدی هێمایی ‘ وە دەست پێدەکات کە بوونی فۆبیاکە خۆی بەشێکە’ هەتا جینۆسایدی کولتووری و سایکۆلۆژی و جەستەیی. هیتلەر کە بە نیازی لە ناوبردنی جولەکە بوو، سەرەتا جۆدیەفۆبیای بردە لوتکە و کردی بە ڤایرۆسێک لە نێو دەروونی مرۆڤی ئەڵمانی و ئەوروپیدا بە گشتی چاندی، بەڵام ئەڵمانایا هەتا ئەمڕۆ بە سێ شیوە قەرەبووی ئەو هەڵەی بە سیاسیکردنی فۆبیایە ئەدات. لە ڕووی ئابووریەوە: ئەڵمانیا ساڵانە سەدان هەزار دۆلار لە سەر پرۆژەکانی ناساندنی هۆڵۆکۆست تەرخان ئەکات. لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە: پاش تێپەڕاندنی سەروو نیو سەدە، دۆخی سایکۆلۆژی تاکی ئەڵمانی هێشتا کاریگەری ئەو سەردەمەی لە سەر ماوە، بە ڕادەیەک بە ئاشکرا دەرئەکەوێت زۆر جار کێبڕکێ لە گەڵ مەسەلە مرۆڤایەتیەکان ئەکەن بۆ کاڵکردنەوەی ئەو پەڵە ڕەشە مێژوویە ی جودەفۆبیا و جینۆسایدی جولەکە هەتا مەسەلە مرۆڤایەتێکە. لە ڕووی ناوبانگەوە : لە مێژوودا هەرچەند باسی ناوبانگی خراپی توندوتیژی، دیکتاتۆریەت و بەربرەیەت بکرێت ڕاستەوخۆ ئەڵمانیا ئەکڕیت بە نموونە، تا ئێستا کاریگەری خراپی مامەڵەکردن بەرانبەر بە نەوەکانی ئێستاش دروستکردووە، هەر ئەمەش بووە بە هۆکاری خاڵێ دووەم و پێشبڕکیەکانی. لە هەمان کاتدا پێویستە ئەوە بدرکێنین کە هیتلەر لە ڕووی تەکنیک و پلانی جینۆسایدکردنی جولەکەوە خوێندکارێکی بە ئەمەکی سوڵتانی عوسمانی بووە، ڕاوێژکاری هەبووە سەبارەت بە چۆنیەتی و میتۆدی بەکارهێنراوی عوسمانیەکان بۆ قڕکردن. هەنگاوەکانی عوسمانیەکانی لە گەڵ ئەرمەنیەکان دووبارەکردەوە. پاشانیش دیکتاتۆرەکانی دی لە سەر هەمان میتۆد پلانی جینۆسایدەکانیان کێشاوە. بۆ نموونە سەدام حوسێن خوێندکارێکی بە ئەمەکی هیتلەر بوو. لێرەوە عوسمانیەکان بە باوک ودایکی شەرعی جینۆساید و میتۆدەکانی ناسراون لە گەڵ ئەوەی بەر لە عوسمانیەکان ،ئەڵمانەکان میللەتێکی ئەفریقیان جینۆسایدکردووە و ئەم باسە پشت گوێ خراوە. یەکەم پلانی هەر یەک لەو دیکتاتۆرانە لە فۆبیاوە کارا بووە. کەواتە بۆچی دکتاتۆر و فۆبیا دوانەی دانەبڕاون؟
وشەکان:
داخۆیانی : واتە وەسف کردن، وەسف وشەیەکی عەرەبیە. داخۆیانی کوردی کرمانجی کۆنە
فەرارە: واتە حوکم ، حوکم بە سەردادانی خەڵکی . حوکم عەرەبیە ، فەرارە لە ژمارەیەک لە دیالکتیکە کوردیەکاندا هەیە.
سەرچاوەکان
• ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا لە سەر جودیە فۆبیا دەیخوێنیتەوە کورتەی بابەتێکی درێژترە و تەنها کورتکراوەی لێرەدا دەخوێننەوە
• بابەتی کۆدیوفۆبیام بە ئنگلیزی نووسیوە ، لە نێو سەرقاڵیەکانی خۆمدا هەر کات بۆم گونجا وەردەگێرم بۆ خوێنەری کوردیش
• Diagnostic and Statistical Manual of Mental Disorders; Fourth EditionNational Institute of Mental Health Last reviewed 11/24/2014
• Mayo Clinic. Phobias. http://www.mayoclinic.org/diseasesconditions/phobias/basics/definition/con-20023478