وشیار ئەحمەد ئەسوەد : وێڕای ئەوەی منیش لەگەڵ (حەمەجەزا) لە قۆناغی شاخدا لە ساڵانی سەرەتای هەشتاکان هاوسەنگەر بووین و لە چەند ئاهەنگێکیشدا پێکەوە بەشدار بووین.. ئەمە جیا لەوەی یەکەمین گۆرانیم لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک “زوڵەیخا” لە 1982-1983 یەک لە گۆرانییە میللییەکانی (حەمەجەزا) بوو، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمە لەبارەیەوە بدوێم، تەنیا دیوە هونەرییەکەیەتی نەک پێشمەرگایەتییەکەی، چونکە لە قۆناغی پێشمەرگایەتیی شاخدا جیا لە هونەرمەندان، هاوڕێکانی دیکەیشمان بێ دەستوپل نەبوون، کەواتە ئەوەی (حەمەجەزا) و هەر یەکێک لە ئێمەمانان لەو قۆناغەدا کردبێتمان، ئەرکێکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی بووە و هیچ موزایەدەیەکیش بەسەر میللەتا هەڵناگرێت.. بەڵام..
ڕاستە (حەمەجەزا) وەک هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ لە کۆتایی شەستەکانەوە دەستی بەگۆرانیگوتن کرد، “لێوت خوێنی گەشمە”ش یەکەمین گۆرانیی ئەو هونەرمەندە بوو کە لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک پێشان درا، بەدوایدا بەچەندان گۆرانیی دیکەی سۆزداریی ئاشنا کردین، ئەمانە جیا لەوەی خۆیشی لە دەنگە دەگمەن و ناوازەکان بوو و گۆرانییەکانی بەئاسان بڵاو دەبوونەوە و لەلایەن هەوادارانی گۆرانیی کوردییەوە بەزوویی وەردەگیران، بەڵام ڕاستیتان دەوێ هێزی ناساندنی و تواناکانی (حەمەجەزا) پتر لەو مەقامانەدا کۆ بوونەوە کە دەچوونە بۆتەی هونەری نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەوە.
ئێمە بەر لەو بەرهەمە نەتەوەیی و شۆڕگێڕییانەی، بەگۆرانییەکانی “لێوت خوێنی گەشمە – شیلانە” و چەندانی دیکە (حەمەجەزا)مان ناسی، بەڵام ئاشنابوونی پترمان لەگەڵ دەنگی ئەو هونەرمەندە لە ڕێگەی مەقامەکانی “خوشکە لەیلا – عەشق و ئازادی” و ئەوانی دیکەوە بوو.. بمانەوێ و نەمانەوێ بۆ ئەو قۆناغە تەمی ڕۆحە شۆڕشگێڕییەکە ئاسمانی هەموومانی داپۆشیبوو، بۆیە ئەگەر دەنگێکی گۆرانیگوتن لەباریش نەبووایە، بەڵام لە تێکستی شۆڕشگێڕی و نەتەوەییدا وەک هونەرمەندی باڵا دەمانخستە بەر ئاماژەوە، بێگومان بۆ دەنگێکی ساز و ناوازەی وەک (حەمەجەزا)ش، زۆر ئاسانتر توانی شوێنی خۆی لە دەروونی تینوومان بەڕۆحە نەتەوەییەکە بکاتەوە.
ئەمانە بەتایبەتی بۆ ئەو قۆناغە ئاسان نەبوون، (حەمەجەزا)ش لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا باسی ئەوەی کرد لەو قۆناغەدا تا گۆرانییەکیان تۆمار دەکرد، تووشی هەزار و یەک دەردەسەری دەبوون، ئەمە و جیا لە نەبوونی ئامێری پێشکەوتووی تۆمارکردن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەرهەمە باڵا و ناوازانەی گەیشتە ئەو ئاستەی هەوادارانی دەنگەکە، یان ڕاستتر بڵێم میللەت بەباش و جاشەوە بەردەوام پەرۆشی بیستنی بەرهەمی نوێی ئەو هونەرمەندە دەبوون، ئەمانەش لە سەروەرییەکانی (حەمەجەزا)ن.
لە دەرەوەی وشە و ڕستە و دەستەواژە بریقەدارەکان و لە دەرەوەی پیاهەڵدانیش کە دڵنیام (حەمەجەزا) پێویستی پێ نییە، بەڵام بێ ویژدان دەبین ئەگەر وەک فێرگەیەک لەو هونەرمەندە نەڕوانین ، فێرگە بەو واتایەی توانی لە ڕێگەی گۆرانییەکانی و بەتایبەتیش مەقامەکانیەوە، زۆرترین کاریگەری لەسەر گەنجانی قۆناغەکەی خۆی و تا ڕادەیەک ئەم قۆناغەی ئێستایش دروست بکات، چونکە ئەگەر وردتر لە بەرهەمەکان و هەروەها جۆری دەنگ و ئەدای ئەو هونەرمەندە کۆچکردووەمان بڕوانین، بەڕوونی ئەوە دەبینین کە (حەمەجەزا) تایبەتمەندییەکی سەیری لە هەڵبژاردنی تێکست و میلۆدی و تەنانەت ئەداکردنی گۆرانیشدا هەبووە.. ڕاستە لە هەندێک لە مەقامەکانی گەمەیەکی هونەریی لەگەڵ قوتابخانەکانی (ڕەفیق چالاک) و (سێوە) و (عەلی مەردان)دا کردووە، بەڵام ئەو گەمەیەکی هونەرییانەی کەسیی خۆی کردووە نەک دروست لەگەڵ ئەو قوتابخانانە، واتا “جەزاییانە” هەڵسوکەوتی لە تەکدا کردوون نەک وەک ئەوەی پێشتر هەبوون، ئەمە وا دەکات خاسیەتێکی “جەزاییانە” بەبەرهەمەکانی ببەخشێت و لە ڕێگەیەوە هونەرێکی باڵا و ناوازەمان پێشکەش بکات، بۆیە ئێمەش وەک (حەمەجەزا) خۆی ئەو بەرهەمانەمان وەرگرتووە نەک لاساییکردنەوەی هونەرمەندانی پێش خۆی.. ئەمە وایکردووە ئەم هونەرمەندە ببێتە یەک لەوانەی زۆرترین لاسایی بکرێتەوە، واتا جیا لە (بەرهەم حەسەن) و چەند دەنگێکی نزیکی ماڵباتەکەی خۆی کە ڕەنگە لە ڕێگەی سۆزێکی ڕووتەوە کەوتبنە ژێر کاریگەریی ئەو هونەرمەندەوە، دەیان دەنگی دیکە بەتایبەتی لە ساڵانی هەشتاکاندا کەوتنە بەر کاریگەریی ئەو و لاساییکردنەوەی شێوازە گوتنەکەی.
ئەو هونەرمەندە تەنیا لەو بەرهەمانەدا باڵادەست نەبووە کە خۆی دروستی کردوون، یان وەک بەرهەمی نوێ بۆی دروست کراون و بووەتە خاوەنیان، بەڵکوو لە گەمە هونەرییەکانی لە تەک میلۆدییە میللییەکانیشدا بەهەمان سەلیقەوە کاری کردووە، بۆ نموونە لە هەر بەرهەمێک لە گۆرانییەکانی (حەمەجەزا) کە میلۆدییەکانی دەکەونە بۆتەی فۆلکلۆر و میللییەتەوە، گوێبیست وا هەست دەکات بۆ یەکەمین جار لەوەوە وەریگرتووە، چونکە ئەو لە سەما دەنگییەکان و بەتایبەتیش لە یاریکردنی لەگەڵ فۆلکلۆردا، باڵادەستییەکی بێوێنەی دەنواند، ئەمە وایکردووە تەواوی بەرهەمە فۆلکلۆر و میللیئامێزەکانی (حەمەجەزا) لای خەڵک وەک بەرهەمی نوێی گۆرانیی کوردی وەربگیرێن.
لەبەر ڕۆشنایی هەموو ئەمانە دەکرێ بڵێین (حەمەجەزا) بەکۆچی دوایی زۆرترین بۆشایی لە هونەری گۆرانیی کوردی جێدەهێڵێ، چونکە ئەو لە ساتەوەختێکدا جێی هێشتین و سەری نایەوە، توانایەکی فرەی دەنگیی مابوو کاری هونەریی پێبکات.. زۆرن ئەو هونەرمەندانەی دەگەنە تەمەنی پیری یان پەککەوتەیی و پاشان جێمان دێڵن، بەڕاستی ئەویش دیسان بەخەمێک هەژمار دەکرێ، بەڵام مردن ڕووداو و حاڵەتێکی ئاسایی کۆتایی هەر بوونەوەرێکە، کەواتە مردن لە چاوەڕوانیی هەموومان و ئێمەیش لە چاوەڕوانییداین، بەڵام ئەوەی پتر بۆ ئێمە دەبێتە مایەی خەم و نیگەرانی، کات و ساتەکانی مردن و جۆری مردنەکەیە، کە دەبینین کەسێکی داهێنەر جارێ لە هەڕەتی کارکردندایە و زۆری ماوە بیکات، هاوکات ئاسان بەهۆی مردنەوە ئیتر نایبینینەوە و لە کار و داهێنانەکانی دەوەستێت، ئەوەیان پتر مایەی خەم و کەسەرە کە وا دەزانم کۆچی دوایی (حەمەجەزا)ش هەمان کەسەری بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە وەک بینیمان پرسەی ئەو هونەرمەندە لەوە ترازابوو ببێتە پرسەی ماڵباتەکەی و ژمارەیەک لە هونەرمەندە هاوڕێکانی، بەڵکوو بووە پرسەی هەموو خەڵک و زۆربەشیان بەهەواڵەکە تەزین و فرمێسکی خەمیان بۆ ڕشت، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە (حەمەجەزا) زۆر بەڕژدی چووبووە دڵانەوە و بووبووە موڵکی تەواوی خەڵک، بۆیە ئەگەر بمانەوێ سەرەخۆشی بکەین، دەخوازێ هەر کوردێک سەرەخۆشی لە خودی خۆی بکات.
لەوەش پتر بۆ داهاتوو بیرکردنەوەیەکی قووڵتر بۆ چۆنیەتیی کارکردن لەسەر ڕێچکەکەی ئەو لە هونەرمەندانی بوارەکە دەخوازێ، ئەوەی تا لە ژیاندا بوو (حەمەجەزا) بۆ هونەری کوردیی کرد و ئەرشیفێکی دەوڵەمەندیشی جێهێشتووە، دەمێنێتەوە تا چەندی تر سوود لەو ڕێچکە و فێرگەیە وەردەگیرێت.