وشیار ئەحمەد ئەسوەد :بەڕاست ئەوە ئەرکی سەنتەری ڕۆشنبیری هەناسە نەبوو، دەبوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.. بۆ نەیکرد؟ ئەمەیان با خۆی وەڵام بداتەوە. هەناسە توانی بە ڕێزلێگرتنی (عەدنان کەریم) هەناسەیەکمان بخاتەوە بەر، نەک لەبەر ئەوەی (عەدنان) پێشتر ئەو جۆرە ڕێوڕەسمەی نەبینیبێ، یان بە عەجەبێکی گەورەوە تەماشای بکات، بگرە لەبەر ئەوەی ئەو سەنتەرە بەر لەو داوودەزگە حکوومەتییانەی پێوەندیدارن بەم لایەنە و هاوکات تژین لە پارە، گەورەیی (عەدنان)ی هەڵسەنگاندووە.. لێرەوە مەبەستمە بەچەند وشەیەک لە جوانییەکانی ئەو هونەرمەندە بدوێم.
پێشتر گوتوومە و ئێستایش جەخت دەکەمەوە، یەک لە خاسیەتەکانی دەنگی هونەرمەند (عەدنان کەریم) ئەوەیە دەتوانێ خۆی لەگەڵ هەموو کات و ساتەکاندا ئاوێتە بکات، واتە لە تەواوی هەڵوێستە خۆشی و ناخۆشییەکاندا، خەندە و گریان، ئەشق، دابڕان، زەماوەند، لە هەموو ئەم سات و ڕووداوانادا ئامادەیی هەیە کە پێموایە ئەمەیش یەک لە خاسیەتە ئەرێنییەکانی هەر هونەرمەندێکی بواری موزیک و گۆرانییە، بەبۆچوونی من لە گۆرانیی کوردیدا تەنیا (مەزهەری خالقی) خاوەنی ئەم خاسیەتەیە.. دەمەوێ بڵێم ئێمە (فەیروز) بە “ێوت الێباحی” دەناسینەوە، هەروەها (ئوم کەلسووم) بە “تالی اللیل”، واتە دەنگی ئەو هونەرمەندانە پتر لەو ساتانەدا تێکەڵ بە ڕۆح دەبن، لەنێو گۆرانیبێژانی کوردیشدا لەو چەشنە دەنگانەمان زۆرن، بەڵام (عەدنان) وابەستەی هیچ سات و کات و حاڵەتێکی دیاریکراو نابێت.. جگە لەوەی پێشتر گوتوومە کە (عەدنان) لە دەنگە چوار وەرزییەکانە، ئەو جۆرە دەنگەیش نە پیر دەبێت و نە دەسوێت، واتە هەرچەندی گوێ لێبگریت تێرت ناکات، چونکە ئەگەر لێی تێر بیت، لانیکەم بۆ ماوەیەک لێی دوور دەکەویەوە، بەڵام ئەو بەکێشت دەکات و ناهێڵێ ترازان و دابڕان لەو نێوانەدا دروست بکات.. من دەزانم ئەمە هەڵسەنگاندنێکی زانستییانەی دەنگی (عەدنان) نییە، ئەوەیش دەزانم دەهێنێ لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت، بەڵام لەوەیش بێئاگا نیم کە لە پایزدا بە “ئەڕۆی ئۆغر” گۆشمان دەکات و لە زستاندا بە “وەک ڕۆژانی ڕابردوو” دەمانهەژێنێ و لە بەهاردا بە “چاوی مەخمووری” دەمانخاتە هەلەکە سەما و لە هاوینیشدا بە “هاوسەرە ئازیزەکەم” دەمانلاوێنێتەوە، ئەدی دەنگە چوار وەرزییەکەی (عەدنان) تەنیا لەم گۆرانییانەدا بەرجەستە نەبووە، چونکە دەکرێ تۆ لە هەر چوار وەرزی ساڵدا هەریەک لەم گۆرانییانەیش بەجیا لە ئامێز بگری بێئەوەی بێزارت بکەن.. بەکورتی بەلای منەوە کە ساڵانێکی زۆرە لەلای نزیکەکانی خۆم بە ئاشقێکی ئەو دەنگە دەناسرێمەوە و چەندان جاریش لەبارەیەوە دوواوم، وایدەبینمەوە (عەدنان) توانیویەتی بەگەنجی بمێنێتەوە.
کە دەڵێم مانەوە بەگەنجی، مەبەستم نییە قسە لەسەر تەمەن بکەم، ئەوەندەی دەمەوێ باسی ئەقڵی گەنج بکەم.. ئێمە لە سەرەتادا تەنیا گوێمان لە گۆرانیی “دەسماڵێ” بوو، بەڵام ئەوکات کەس (عەدنان)ی وەک ناوێکی دیار لە گۆرانیی کوردی نەدەناسی، چونکە ئەو چرۆیەکی نێو شارایەک چرۆی تر بوو، بۆیە دوای گۆرانییەکانی “وەک ڕۆژانی ڕابردوو” و “شەوی تاریک و بێدەنگی” و پاشان “هاوسەرە ئازیزەکەم”، (عەدنان کەریم) وەک دەنگێکی گەنجی بەئەزموون ناسرا، واتە پتر لە هەشتاکانەوە ناوی ئەو گەنجە وەک هونەرمەندێکی لێهاتووی بواری گۆرانیگوتن دەرکەوت، ئەودەم زۆر بوون ئەوانەی دەرکەوتن، بەڵام دەگمەنن ئەوانەی گەشەیان کرد کە (عەدنان) یەک لەوان بوو.. گەورەترین کێشەی زۆربەی هونەرمەندانی ئێمە نەبوونی ڕۆشنبیرییەکی هەمەلایەنەیە، ئەمە وایکردووە زۆر دەنگی بەتوانایش لە سەردەمەکەی خۆیاندا ببنە دیاردەیەکی کاتی و بەزوویی ون بن، ئەو دەنگانەی توانییان وەک ئەفرێنەر لە هونەرەکەیاندا بمێننەوە تەنیا ئەوانە بوون کە لانیکەم لە بوارەکەی خۆیاندا خەزێنەیەکی ڕۆشنبیرییان پێبوو، لێدوانەکانی (عەدنان) و بۆچوونەکانی ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە ئەو هونەرمەندە یەک لەوانە، واتە (عەدنان کەریم) لە زۆربەی کایەکانی هونەردا بێ دەموپل نییە، هاوکات ڕاوچییەکی باشی شیعری کوردییە، بەتایبەتیش کلاسیک، ئەو ڕۆشنبیرییە هەمەلایەنەیە وایکردووە بزانێ چۆن لە میلۆدییەکانیدا هەڵسوکەوتێکی سەردەمیانە لەگەڵ کلاسیکدا دەکات، بۆیە دەبینین لە گۆرانییەکانیدا جیا لەوەی ڕۆحێکی ڕەسەن بەرجەستە دەکات، هاوکات لە نوێکارییە هاوچەرخەکەیش نەترازاوە، ئەمە وا دەکات فرەکۆنەکانیشی بە نوێ لێوەربگرین، نوێ بەو واتایەی کار لەسەر هەبووەکان دەکات بێئەوەی لاساییان بکاتەوە.. زۆرن ئەوانەی بەرهەمەکانی (عەلی مەردان) و (تاهیر تۆفیق) و (زیرەک) و ئەوانی تر دووبارە دەکەنەوە، بەڵام دەگمەنن ئەوانەی توانیویانە لەو دووبارەکردنەوەیەدا هونەری نوێ و ناوازەمان پێشان بدەن، ئەدی (عەدنان) ئەمەی کردووە، ئەو نەهاتووە دەنگی خۆی ئاوێتەی دەنگی (تاهیر تۆفیق) بکات و میلۆدییەکی ئەو دەقاودەق بڵێتەوە، بگرە تەنیا کاری لەسەر ڕۆحییەتی ئەو گۆرانیبێژە کردووە، واتە ڕۆحییەتی دەنگ و شێوازی (تاهیر تۆفیق)ی لە ئەقڵی هونەریی خۆی و میلۆدییەکی هاوسەردەمدا بەرجەستە کردووە، بەبۆچوونی من ئەو گەمە هونەرییانەیە (عەدنان)ی تا ئێستا بەزیندوویی هێشتووەتەوە.. ئەو لەگەڵ (عەلی مەردان)یش هەمان کاری کردووە، ئەگەر گۆرانیی “بەدەنگی خۆش” بەنموونە وەربگرین، ڕاستە (عەدنان) میلۆدییەکەی وەک ئەوەی پێشتر هەبووە گوتووەتەوە، بەڵام بە جووڵە و سەما دەنگییەکان خۆی لە دەنگ و شێوازی (عەلی مەردان) جیا کردووەتەوە، بۆیە ئەوەی گوێی لەو گۆرانییە بەدەنگی (عەلی مەردان) نەبووبێ، گومانم نییە لەوەی لەگەڵ دەنگی (عەدنان)دا بەشێوازە دروست (عەدنانییەکە) وەریدەگرێت، کەواتە ئەو هونەرمەندە جیا لەوەی گەمەی میلۆدی لەگەڵ بەرهەمە کۆنەکاندا دەکات و ڕۆحییەتێکی (عەدنانییان) پێدەبەخشێت، هاوکات لە سەما و جووڵە دەنگییەکانیشدا هەمان گەمە دەکات، هەموو ئەمانە پێکەوە، وایانکردووە ئەم هونەرمەندە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا قەتیس نەمێنێت، بگرە بەردەوام هەوادارانی لە فراوانبوونەوەدان، ئەدی بەڕاست خۆ ئێستا (عەدنان کەریم) لەڕووی جەماوەریشەوە گەورەترین پانتایی داگیر کردووە، دەیان دەنگیش دەیانەوێ لاسایی بکەنەوە، بەڵام بەبڕوای من جوانییەکانی هونەرەکەی عەدنان لەوێدایە کە لاساییکردنەوەی ئەستەمە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو بەوریاییەوە کار دەکات، واتە خەزنکردنی ڕۆشنبیرییە هونەرییەکەی کردوویەتیە خاوەنی سەما و جووڵە تایبەتییەکانی دەنگ، کۆمەڵێک یاریی دەنگی لەلای ئەم هونەرمەندە دەست دەکەون، لەبەر ئەوەی مۆرکێکی (عەدنانییانەیان) پێوەیە و دیارە ئەویش لە ئەنجامی ماندووبوون و مەشقە دەنگییەکانە، بۆیە لاساییکردنەوەشی ئەستەم دەبێت.. من دەڵێم ئەگەر دەنگێک بتوانێ لاسایی دەنگ و گۆرانییەکانی (عەدنان) بکاتەوە، گومانم نییە لەوەی دەبێ لاساییکردنەوەکەی دەقاودەق بێت، چونکە (عەدنان) هێندەی خۆی بەجوانکاری لە میلۆدییەکان و ئەداکردنیاندا سەرقاڵ کردووە، بواری گەمەی بۆ کەسی تر نەهێشتووەتەوە، بۆیە وایدەبینمەوە هەر دەستکاریکردنێکی ئەو میلۆدییانە، تەنیا دەنگە لاساییکارەوەکە ئیفلیج دەکات، کەواتە نە دەتوانێ خزمەتی خۆی و نە دەشتوانێ خزمەتی (عەدنان) بکات.
جوانییەکان چەند دیوێک لەخۆ دەگرن، بەبڕوای من ئەوەی (عەدنان کەریم)ی لای جەماوەرەکەی جوانتر کردووەتەوە، هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەیەتی، ئەو دەیەوێ وەک کوردێک لە خزمەتی هونەری میللەتەکەیدا بێت، نایەوێ خۆی پێوەست و وابەستە بەحزب و ئایدیایەک بکات، ئاخر ئەو باش لە ئەحواڵی حزبایەتی لە کوردستاندا گەیشتووە، بۆیە نایەوێ بەهۆی وابەستەبوون بەحزبێکەوە خۆی لە ژمارەیەکی زۆری جەماوەرەکەی تەریک بکات، ئەمەش تا مەودایەکی درێژ فراوانیی جەماوەرەکەی بۆ مسۆگەر دەکات کە پێموایە دەخوازێ هەموو هونەرمەندێک ئەم دیوەیان لەبەرچاو بگرێت، واتە تەمەندرێژیی (عەدنان) لە هونەرەکەیدا و مانەوەی بەجوانمێرێک، لە دیوێکدا بۆ دوورکەوتنەوە لە حزب حزبێنە و وابەستەبوونی بەهەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی دەگەڕێتەوە، بەدیوەکەی دیکەیشدا توانای هونەری و بەخششە بەردەوامەکانی.
بێگومان من لێرەدا مەبەستم نییە هەڵسەنگاندن بۆ کارە هونەرییەکانی هونەرمەند (عەدنان کەریم) بکەم، ئەوەیان تەنیا باسکردنی بوو لە سۆنگەیەکەوە، واتە مشتێکە لە خەرواری هونەرەکەی ئەم هونەرمەندە، هەڵسەنگاندنی ڕژد بەداهاتوو دەسپێرین، ئەوەی پتر مەبەستم بوو لێرەدا بیخەمە بەر ئاماژەوە، دیوێکی توانا هونەرییەکەی ئەم هونەرمەندەیە کە دەهێنێ بەئاوڕدانەوە لێی پتر گەشە بکات.. جەخت دەکەمەوە، ئێمە لە هونەری موزیک و گۆرانیی کوردیدا (عەدنان کەریم)مان زۆر نین، ئەو لە دەگمەنەکانە، بۆیە دەهێنێ بەسەروەتێکی نەتەوەیی لێی بڕوانین، لەوەیش پتر دەبوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ئەرکی ڕێزلێنانی ئەم هونەرمەندە باڵایەی لە ئەستۆ بگرتایە.. دەی دەی، کەوایە لەسەرمانە هەڵوێستەکەی سەنتەری ڕۆشنبیریی هەناسە بەرز ڕابگرین و ستایشیان بکەین کە لەبری وەزارەت ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ گرت.