زانا دڵشاد دزەیى : لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ریکلامی هاتنى هونەرمەند کازم ساهیر بۆ کوردستان بەبۆنەى چەژنى نەورۆز و ئەنجامدانى دوو کۆنسێرت لە هەولێر سلێمانى، بەپێى زانیارەکانى (سڤیل) نزیکەى 300 پلیتیان لە سلێمانى فرۆشتووە، کە نرخى پلیتەکان سێ جۆر بوون، 100 و 150 و 200 دۆلار، بەڵام کازم ساهیر لە ماڵپەرە تایبەتییەکەى خۆى لە فەیسبووک هەواڵى ئەنجامدانى کۆنسێرتى لەکوردستان بەدرۆ خستۆتەوە.
عەباس بارودى، نەقیبى سەندیکاى هونەرمەندانى عێراق لەکەرکووک بەم کارە هەڵساوە، کە لەلایەن کۆمپانیاکانى کوردستان خۆى بە “بەڕێوەبەرى نووسینگەى کازم ساهیر لە عێراق” ناساندووە، پلیتى فرۆشتووە و ریکلامى کۆنسێرتى کازم ساهیرى لە کوردستان دەستپێکرد. داواشى لە کۆمپانیاى بابلیۆن کردبوو سەرپەرشتى دوو کۆنسێرتەکەى کازم ساهیر بکەن لە هەولێر، بەڵام دوو هەفتەیە بارودى وەڵامى هیچ پەیوەندیەک ناداتەوە. سەلوان جەمیل بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى بابلیۆن بە(سڤیل)ـى راگەیاند “ئێمە کازم ساهیرمان داوەت نەکردووە، لەلایەن عەباس بارودى داوامان لێکرا سەرپەرشتى کارەکە بکەین، بەڵام ئەوە دوو هەفتەیە پەیوەندى پێوە دەکەین وەڵام ناداتەوە”. سەلوان جەمیل گوتیشى “عەباس داواى لێکردین پلیت بفرۆشین، بەڵام هیچ پلیتێکمان لە هەولێر نەفرۆشتووە، گوتمان تاوەکو گڕێبەستەکە نەهێنى، ناتوانین پلیت بفرۆشین، بەڵام گرێبەستەکەی نەهێنا”.
ئەیوب کوردى، رۆژنامەنووس لە گۆڤارى گوڵان، کە داواى لێکرابوو سەرپەرشتى کۆنسێرتەکە بکات، دەڵێت “من لە عەباس بارودیم بیستووە کازم ساهیر لەبەر سەرقاڵى بەکلیپێکى خۆى، نەیتوانى کۆنسێرتەکانى لە کوردستان سازبکات، دواخرا بۆ دواى چەژن”.