بورھان شێخ ڕەئوف
ھەرێمی کوردستانی عێراق ئەو ھەرێمەیە کە لە دوای شەڕی کەنداوی دووەم واتە ڕزگارکردنی کوەیت لەژێر دەستی عێراق ھاتە دامەزراندن کە ناوکەکەی ئەو ناوچە ئارام و دژ ە فڕینە بوو بۆ خەڵکی ئەم ھەرێمە لە لایەن فەرەنساو ئەمریکاو بەریتانیەوە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩١ ,
بۆ پاراستنیان لە ھێرش و پەلامارەکانی ڕژێمی سەدام حسین کە ئەو کات خەڵکی ئەم ناوچە بەر دوو شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە کەوتبوون لە ساڵی ١٩٨٨
ھەرلەوساوە تابە ئێستا ئەم ھەرێمە بووە پێگەو جێ پێ ی ئەمریکاو وڵاتە ڕۆژئاواییەکانی ھاوپەیمانی و ھەر لێرەشەو پلانی لە ناوبردنی رَژێمی پێشووی عێراق دانراو جێبەجێ کرا و بە تایبەتی ئەو ھەڵوێستەی ئەردۆگان کە تازە پارتی داد وگەشە ھاتبوونە سەر دەسەڵات لە تورکیا کە نەیانھێشت سوپای ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە ناتۆ خاکی تورکیا بەکاربھێنن بۆ پەلاماردانی عێراق ئیتر دەرگای خێرو خۆشی بۆ کورد کرایەوە کورد ئەو بۆشاییەی پڕکردەوەو ڕۆڵی تورکیای گێڕا .
ھەولێری پایتەختیش بووە ناوەندێکی گرنگی بڕیارو ھەر شاندێکی فەرمی و سەرۆکی وڵاتانیش بھاتنایەتە بەغداد سەردانی ھەرێمی کوردستانیشیان دەکرد بەتایبەتی کە سەرۆکی کۆچکردوو ڕەوانشاد مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراق بوو ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی پارتی و یەکێتیش کاریگەری خۆی ھەبوو لەو قۆناغەدا
ئەگەرچی لەدوای ڕیفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ ھەموو ئەو دەستکەوت و پێگە گرنگەی کە ھەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستی ھێنابوو چ لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی وتەنانەت ناوخۆییش ھەمووی لە دەست چوو چما ئەو ڕۆڵە گەورەو گرانەی کەلە شەڕی داعش و تیرۆردا پێشمەرگەکانی کوردستان گێڕایان بە خوێنی ھەزاران شەھیدو بریندار ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و ھەرێمیش لە لایەنێکی براوەو سەرکەوتووی ئەو شەڕەوە بووە قوربانی و کەوتە ژێر گەمارۆ و ئابڵووقەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و سوپای عێراق و ھێزەکانی حەشدی شەعبی کەرکوک و ھەموو ناوچەکانی مادەی ١٤٠ ی خستەوە ژێردەستەڵاتی خۆیان لە ١٦ ئۆکتوبەری ٢٠١٧ کە پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان بە خوێنی خۆیان لە پەلامارو شاڵاوی تیرۆرستانی داعش پاراستیان .
ئەمریکیەکانیش بەرامبەر بەم شاڵاو پەلاماردانە ھەر بینەر بوون و ھیچ ھەڵوێستیکیان نەبوو بە جمووجووڵی ئاسایی ھێزەکانی عێراق لە قەڵەمیاندا.تائێرە بەسە من نامەوێت جارێکی تر باسی ڕیفراندۆم و کاتی بوو یان نا بکەم بۆ؟ چونکە کاتی خۆی قسەی خۆم لە سەری کردووە .
ئێستا ئەوەی گرنگە ئەمریکیەکان جارێکی تر مەیل و سۆزیان بۆلای ھەرێم جووڵاوە بە تایبەتی دوای ئەوەی بەتەمان ھێزەکانیان لە سوریاوە بکشێننەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەندێ فراکسیۆنی شیعەش لە ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق بە نیازن یاسایەک دەربچێنن کە ھێزە بێگانەکان لە عێراق بکەنە دەرەوە بە یاسا و لایەنە شیعەکان قایل نابن لە ھیچ بارودۆخێکدا ھێزی ئەمریکا لە عێراق زیاد بکرێت ھەمووشمان وتەکانی سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ مان بیست لە بنکەی عین ئەلئەسەد لە خۆرئاوای عێراق کەوتی ھێزەکانمان لە عێراق ناکشێنینەوە .
ھەماھەنگی پێشمەرگەو سوپای عێراق وئەمریکا
لە ماوەی ڕابردوودا جەنرال ئۆستن رینفۆر فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق لە کۆبوونەوەیەک لە گەڵ بەرپرسانی ھەرێم خوازیاری ھەماھەنگی تەواو پشتیوانی تەواو ی خۆیانی بۆ ھەموو ھاریکاری یەک دەربری لە گەڵ ھێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق و ھەروەھا پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاھێنان و کۆمەکی تەواوی پیشاندا بە تایبەتی بۆ پێشمەرگە .
ھەروەھا لە ئێستاشدا کەمن ئەم وتارە دەنووسم فەرماندراوە کە ھێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە کەرکوک پاشەکشە بکەن بە فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق و ھێزەکانی تایبەتی گاردی سەرۆک کۆمار شوێنیان بگرنەوە ولە ھەمانکاتدا کۆبوونەوەیەکی تر لە نێوان پێکھاتەکانی کەرکوک کراوە لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کە باس لە ڕادەستکردنەوەی دۆسیەی ئاسایشی ناو شاری کەرکوک دەکەنەوەبە ھێزەکانی پۆلیس و دەرەوەی شارەکەش بە ھێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە .
ھەموو ئەوانە ئاماژەن بەوەی کە ئەمریکیەکان جارێکی تر زۆر پێویستیان بە کوردە بۆ ھاوسەنگکردنەوەی عێراق , لە کۆتاییدا ئەوە گرنگە ئەی کورد چۆن خۆی ڕێک دەخاتەوەو یان بە دیدی تەسکی حزبایەتی و خۆسەپاندن کە خزمەت بە کەس ناکات و مێژووش خاوەنی ئەو دیدانە شەرمەزار دەکات .