مۆندیال ئەو شاکارە جیهانییە، یاخوود دەکرێ بڵێن ئەو میهرجانەیە کە چەندان وڵات بەشداریی تێدا دەکەن، دیارە نوێنەری ئەو وڵاتانە بریتین لەو (32) هەڵبژاردەیەی نمایشی یارییەکانیان دەکەن لەسەر شانۆ. ئەو یاریگایەی وەک تەختەی شانۆ وایە بۆ ئەوان، هەریەکەو بەجۆرێک نمایشی جوانییەکانی خۆی دەکات و، جولە و یاریکردنە هونەرییەکانی خۆیان پێش کەشی ئامادەبووانی یاریگا و هەموو جیهان دەکەن. لە رێگەی شاشەکانەوە.
پێم وایە یارزانیش وەک هونەرمەندێک هەوڵدەدات جوانترین بەرهەم پێش کەش بکات، لەو نمایشانەی کە دەینوێنێت لە نێو یارگاداو بەتایبەتی ئەو کاتەی گۆڵێک تۆمار دەکات ، لەو ئان و ساتەدا لەبەرزترین ئەفراندن خۆی دەبینێتەوە.
جەماوەری (هونەر و وەرزش) لە هەموو دونیادا بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، بەرادەیەک وای لێهاتووە، لەسەر ئاستێکی بەرز حیسابی بۆ دەکرێت، بۆ نموونە کاتێک ڤیستیڤاڵی (ئۆسکار، کان)ـوو چەند فیستیڤاڵێکی دیکە بەڕێوەدەچن، چ جۆرە ئامادەکارییەکی بۆ دەکرێت، لەلایەن هونەرمەندانەوە بەتایبەتی ئەوانەی بە فلیمێکی سینەمایی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەشداریی کردن، چ هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی پلەیەکی باش بەدەست بهێنن.
ئیتر پێم وایە مۆندیالیش هیچی کەمتر نیە لەو جۆرە فیستیڤاڵانە و هەموو راهێنەری هەڵبژاردەیەک رۆڵی دەرهێنەرێک دەبینێت، بۆ ئەوەی نمایشکی جوان، فلمێکی دیکۆمێنتاری جوان لەسەر تەختەی یاریگا پێش کەشی جەماوەر بکات، ئەو کاتەی هەڵبژادەکەی سەرکەوتوون بەدەست دەهێنێت، سەیرکەن خەڵاتەکان و مەدالیاکان و جامەکەش چەندە پڕمانا و پڕ لەشاکاریی هونەرییە!!.
هونەر و وەرزش دەتوانن کەللتور و داب و نەریتی وڵات بە هەموو جیهان بناسێنن، بۆ نموونە ئەم ساڵ لەکاتی رێو رەسمی کردنەوەی مۆندیال وڵاتی ئەفەریقیا بەو نمایشانەی خۆی دەرگای مۆندیالی کردەوە، دوای ئەوەی لە نێو ئەو (15) گۆرانییەی بۆ مۆندیال ئامادەکرا، لەنێو ئەو پانزە تراکەدا گۆرانییەکەی گۆرانیبێژی ناوداری کۆلۆمبی (شاکیرا) هەڵبژێردراو، وەک گۆرانی مۆندیالی (2010) ئەفریقیا دانرا، ئینجا بە سەما و خۆشییەکانی دەستپێکی مۆندیال بەشێوازێکی جوان نمایشکرا.
سەیرکەن هونەر چەندە نزیکە لەگەڵ هەموو رووداوێک، بەتایبەتی وەرزش، ئەوەتا گۆرانییەک دەبێتە سەرەتای ئەو یارییە گرنگەی کە چوار ساڵ جارێک جیهان بۆ ماوەی مانگێک ئاشنای دەبێت، من پێم وایە هەر هەڵبژاردەیەک کاتێک یارییەکی جوان و سەرنج راکێش ئەنجام دەدات، هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە بەجولە هونەرییەکانی دەیەوێ چێژێک بداتە جەماوەر هەر لە پاسدانێک و تۆمارکردنی گۆڵ و گواستنەوەی تۆپ لە نێوان یارزانەکان تا دەگاتە ئەو ساتەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدەدات، دیسانەوە یارزانان بە هەڵپەرکێ و سەماوە جارێکی دیکە هەستی سەرکەوتنی خۆیان دەردەبڕن.
هاتنی مۆندیال کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر خەڵک بەتایبەتی جەماوەر، دیارە لە کوردستانیشدا خەڵکێکی زۆر چاودێری یارییەکان دەکات، بەتایبەتی چینی هونەرمەندانیش حیسابی زۆر باشیان بۆ کردووە، بۆ نموونە چەند هونەرمەندێک کە نامەوێ لێرەدا ناوەکانیان بهێنم نەوەک دڵگران بن بەو قسەیە، لە ئێستادا ئەلبومی گۆرانی تازەیان هەیە و جاری بڵاوی ناکەنەوە، لە نیزکەوە لێم پرسیوون بۆچی بڵاوی ناکەنەوە؟، دەڵێن جارێ باش نیە بڵاوی بکەینەوە چونکە مۆندیال هەیە و خەڵکی هەمووی خەریکی سەیرکردنی یارییە!!.
هەروەها بیستوومە بەرهەمێکی تازەى درامی تەلفزیۆنی ئامادەیە، بەڵام لەبەر مۆندیال راگیراوە و بەنیازن لە دوای مۆندیال پەخشی بکەن، ئەوە کارێکی خراپ نیە بەڵکو تاڕادەیەک زۆر باشە، چونکە پێویستە تەلفزیۆنەکانیشمان بگەنە ئەو ئاستەی بابەت و پرۆگرامەکانیان لە کاتو ساتی گونجاودا پەخش بکەن، بۆ ئەوەی بینەر لێی بێ بەش نەبێت.
هەروەها لە نزیکەوە زانیارم هەیە زۆربەی هەرە زۆر هونەرمەندانیش ئاگاداری رووداوەکانی مۆندیالن و سەیری یارییەکان دەکەن، بڕوابکەن زۆرجار بۆکارێکی رۆژنامەوانی یاخوود بۆ لێدوانێک تێلم بۆ هونەرمەندێک کردووە، پێ ی گوتووم ببورە دوای یارییەکە قسەت بۆ دەکەم، چونکە ئێستاکە هەموو خەیاڵم لەلای یارییکەیە، لەناکاو گوتی ئەها خەریک بوو گۆڵێک تۆمار بکات، خۆزگە تۆزێک ئەم لای بگرتایە، منیش گوتم کێ؟ بە پێکەنەینەوە گوتی ببورە سەیری ئەو یارییەم دەکرد.
جگە لەوانەش تەنانەت سەنتر و تۆمارگاکانیش لە نزیکەوە ناوە ناوە سەردانیان دەکەم، ئەوانیش کاریگەری مۆندیالیان لەسەرە، لەم رۆژانە لە یەکێک لەسەنتەرەکان بووم، چەند گەنجێک هاتنە ژوورەوە گوتیان گۆرانی مۆندیال هەیە؟، خاوەن تۆمارگاکەش گوتی بەڵێ فەرموو ئەوە هەمووی گۆرانی مۆندیالە، لەسەر سیدیەک کۆم کردۆتەوە دەتوانی گوێی لێ بگریت، گەنجەکە گوتی چەند گۆرانییە ئەویش گوتی (15) تراکە، منیش لەلام سەیر بوو گوتم بەڕاستە پانزە گۆرانی بۆ مۆندیالی ئەم ساڵ گوتراوە، ئەویش گوتی بەڵی پانزە گۆرانی تازە ئەم ساڵ بەبۆنەی مۆندیالەوە گوتراون لەلایەن هونەرمەندانی بیانیەوە، منیش یەکسەر ئەوە هاتەوە یادم، کە (هونەرمەند، گۆرانی، مۆسیقا) بۆ لە هەموو شوێنێک ئامادەییان هەیە؟!
تەنانەت لە پرسەکانیشمان هەر موزیکێک و گۆرانییەکی خەمە چاومان دەخاتە گریان !!
کەواتە دەبێ زۆر بە ووردی خەمێک بۆ هونەر و وەرزشمان بخۆین و رێزیان لێبگرین، چونکە ئەو دوو کایەیە ئێستاکە لە هەموو دونیا بووە، بە قەزییەکی گرنگ و بایەخی پێ دەدرێت، بەڵام داخەکەم وەرزش لەم وڵاتەدا بۆتە کێشمە کێشمی شار بەشار و میزاجی حکومەتی عێراقی، کە هەرگیز لە بیری ناکەم، کاتێک بوونە بەربەست لە بەشداریی نەکردنی یانەی هەولێر لەجامی یانەکانی ئاسیادا کاتێک شان بەشانی یانەی نەجف بێ بەشکران، ئەوەتا حاڵ و هونەر و هونەرمەندانیشمان لە چ مەترسیەک دایە، جارێ مافی کۆپی نەکردن و میزاجی کەناڵەکان و نەبوونی خەمخۆرێک بۆ هونەرمەندان، هەر دەڵێی مێشێک میوانمان نیە، ئایا ئێمەش رۆژێک دێت ئەوەندە بایەخ بە هونەرمەندانی خۆمان بدەین و رێزیان لێ بگرین، بۆ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان ئەگەر هەڵبژاردەکەشمان نەیتوانی بەشداری مۆندیال بکات، هەر نەبێ پشکی ئەوەمان بەربکەوێ تراکی یەکێ لە (15) گۆرانییەکەی مۆندیالمان بەر کەوێ؟؟!!
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا