هه‌ندێ جار گۆڕین یا وه‌رگێڕانی وشه گشتگۆییهکان واتا و ناواخنی له‌ده‌س ده‌دا یان پردی گه‌یاندنی نامێنێ کاریگه‌ری له‌وه‌دایه هه‌ر وه‌ک گۆتنی خۆی بنوسرێنه‌وه ، بۆیه به‌ناچاری هه‌ر وشه‌ی زۆرگۆتراوهی مه‌سئولی عه‌ربی به‌کارهێنراوه بهپاشگرێکی کوردی لێره‌ش وه‌ک زاره‌وه‌یه‌ک سه‌رباسه .
له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌ت وه‌ک پیشه له‌کوێ بێ به‌رژه‌وه‌ندیش وه‌ک ماکێکی سه‌ره‌کی ههرلهوێدایه ، به‌رژه‌وه‌ندی پله و پایه یا ده‌سکه‌وتی پاره یا هه‌رشتێکی تربێ … که سیاسه‌تیش کرا ئه‌وا فه‌رمانده و به‌رپرسیش دروست ده‌بن به‌دوای خۆشیانه‌وه حه‌شاماتێک لهلایهنگر پشتڕهویان ده‌که‌ن له‌ناویشیاندا مهسئولبازهکان سه‌رتۆپن که هه‌ر ڕۆژه‌ی پیاوی که‌سێکن !
فه‌رمانده و به‌رپرس ..
دوو پێگه و توانای جوایه‌زن ، ده‌کرێ فه‌رمانده به‌هره‌دار و داهێنه‌ربێ لهبیروبڕیاردا خۆڕسکی هه‌ڵکه‌وته‌ی سه‌رده‌می خۆی بێ پله و قۆناغه‌کانی گه‌شه‌ی بڕی بێ هه‌روا تایبه‌تمه‌نده به‌کاری له‌شکری و قاره‌مانی مه‌یدانی شه‌ڕگه‌یه له‌پرۆسه‌کانی خه‌باتی سیاسیش ده‌خارێ به‌ڵام مه‌رج نی یه هه‌موو جارێک به‌رپرس هه‌مان خاسیه‌تی هه‌بێ به‌ڵکو ده‌کرێ هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری کاره‌کان ، جێبه‌جێکار و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پرسه‌کانی سهرووبێ به‌بێ هه‌بوونی مه‌رجه سه‌ره‌کیه‌کانی لێوهشاوهتی و توانا . فه‌رمانده‌یی له‌خه‌بات به‌هره‌یه و فه‌رمانده هه‌ڵده‌که‌وێ به‌ڵام له‌فه‌رمانڕه‌وایی دا به‌رپرس داده‌مه‌زرێ یا دروست ده‌کرێ له‌سه‌ر بنه‌مای لایه‌نگری مه‌رج نی یه به‌هره‌داری به‌ڕێوه‌بردنیش بێ زیاتر ده‌ست و پێ ی سیاسه‌تمه‌دارانه .
به‌رپرس کێ یه ؟ کێ به‌رپرسه ؟
دوو پرسیاری هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ن له‌دوو واتای جیاوازدا .. به‌رپرس ده‌کرێ لێوه‌شاوه‌ی تواناکاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بێ به‌ڵام کێ به‌رپرسه ؟ گوماناویه و زۆرجار که‌سی شیاو نی یه بۆ پێگه‌که ! له‌وه‌یه به‌رژه‌وه‌ند وای خواستبێ به‌سیاسه‌ت برابێ . کورد ئه‌گه‌ر له‌ڕێگایه‌کی دوور و پڕکێشه‌ی قوڕ و باران یا هه‌ر ناههمواریهکهوه هاتبێ ده‌ڵێ: وه‌ڵا به‌سیاسه‌ت چووین ــ وه‌ک بڵێ به‌په‌ند چووین . ئه‌و جۆره به‌رپرسه قوتکراوانه به‌دڵنیایی به‌سیاسه‌ت چوون . کێشه‌که هه‌ر له‌ده‌زگا فه‌رمانڕه‌واییه‌کان نی یه به‌ڵکو قوول شۆڕبۆته‌وه ناو ته‌لاری ڕێکخستنه‌کانیش .
به‌رپرس له‌سه‌رده‌م و شێوازه‌کانی خه‌بات ..
فه‌رمانده‌کان له‌خه‌باتی شاخی ئۆپۆزسیونی هه‌ڵده‌که‌ون و تێکه‌ڵه‌یه‌کی نیشتمان په‌روه‌ری سوپایی ڕهنگدانهرهوهیهتی ، شاراوه‌ی دووره ده‌ستن پارتیزان و جه‌نگاوه‌رن وێنه‌یه‌کی پیرۆزی خه‌یاڵیان ده‌بێ ، ده‌ماوده‌می چیرۆکی ئه‌فسوناوی باس ده‌کرێن به‌سه‌رهاته‌کانیان ده‌گێڕدرێته‌وه ، شیرین و خۆشه‌ویستی جهماوهرهکهیانن . له‌قۆناغی فه‌رمانڕه‌وای زیاتر شێوازی به‌رپرسی وه‌رده‌گرن دیار و لهشارن به‌به‌رچاوی چاوگه‌کانی میدایا و خه‌ڵکن ده‌ناسرێن له‌نزیکه‌وه . هه‌ندێکیان خۆیان ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان فێری چڵێسی توانه‌وه له‌که‌سایه‌تی خۆیاندا ده‌که‌ن هیچ به‌زه‌ییان پێیاندا نایه‌ته‌وه به‌چاوی سوک ته‌ماشایان ده‌که‌ن تا ده‌بنه مه‌سئول په‌رست ده‌توانن شانشینی که‌سایه‌تیان داگیربکه‌ن .
په‌یوه‌ندی به‌رپرس و خواروو ..
په‌یوه‌ندیه‌کی دروست و پرنسیپی یه که‌س دژی فه‌رمانده و به‌رپرسی شیاو لێهاتوو نی یه ! به‌رپرس له‌کایه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگا وه‌ک سه‌ری چین و توێژه‌کانن ، شاده‌مار و جومگه‌ی که‌شه ڕامیاری و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتن ، پێویستیه‌کی حه‌تمی پرۆسهکانن هه‌موو هێزیان لهخواروویانهوه وه‌رده‌گرن . په‌یوه‌ندی نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شه هه‌ردوولا به‌که‌ڵكی یه‌کتر دێن هه‌ریه‌که‌یان ئه‌ویتر هه‌ڵده‌گرێ .
مهسئولبازهکان ..
که‌سانی بێ خاوه‌نن ته‌نانه‌ت خاوه‌نی که‌سایه‌تی خۆشیان نین بۆ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان ده‌ست ده‌ده‌ن جاران بهمهسینهههڵگر یا ماستاوچی ده‌ناسرانه‌وه . ئه‌وه‌ی دوێنێ ئیتحاد طهلهبه و به‌عسی بوو یا کۆنه‌جاش و کوڕه جاش بووه ئاسایی یه ئه‌مڕۆش کاسه‌لێسێکی چاوشۆڕی به‌رده‌می به‌رپرسه‌کان بێ ، به‌که‌رته ئێسقانیش ڕازیه که پێ ی ده‌ده‌ن ! مه‌سئول گۆڕینیش خوێکی تریانه هه‌ر که‌شه‌که‌یان بۆ ڕێک که‌وێ ئه‌وان ده‌چنه پۆتێ نه‌ش و نما ده‌که‌ن ده‌شگۆڕێن سه‌رووی خۆشیان ده‌گۆڕن ! کێشه‌که له‌وه‌دایه ماستاوچیه‌کان ئێستا خه‌ریکن کوڕ و کچه گه‌نجه‌کانی خۆشیان به‌و ئاقاره‌دا ده‌به‌ن وه‌ک نه‌خۆشیه‌کی گیراوه‌یه . خه‌ڵکانێکی زۆر له‌ناو حیزب و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌یان هه‌یه خۆشیان لهئاوێنهکانیاندا باش ده‌بینن به‌ئاکاری به‌عسیانه پهروهدهبوون . جگه له‌و هۆیانه کاتێ به‌رپرسه‌که به‌مافی خۆی و توانای نه‌چووبێته شوێنه‌که‌ی ئه‌ویش هه‌ر که‌سایه‌تیه‌کی بوده‌ڵه‌ی ماستاوچی بووبێ له‌خه‌ڵکانی وا ده‌گه‌ڕێ و به‌و ژه‌که په‌روه‌رده‌یان ده‌کا که په‌ڕی سپی بۆ واژهبکا وه‌ک مه‌سئول په‌رست . هه‌ندێک به‌خۆیان ده‌ڵێن: مهسئولبازی به‌هره‌یه ! وه‌ڵا بابم وه‌یه ئه‌و به‌هره‌یه‌ش پیرۆزی خۆتان بێ .