ھۆنراوەی: فەرید مەخموری.
Facebook/fareed makhmuri
خوشکێکم بوو
دڵی پڕ بوو لە خەونی جوان
عاشق بوو، عەشقی نیشتمان
وەکو کچانی شارەکەم
حەزی نەبوو، جلی بووکێنی لەبەرکا و
بچێتە باوەشی پیاوێ
خەونی پیرۆزی ئەوەبوو،
بۆ خاک و ئاڵا و نەتەوە
خۆی بەختکا لەپێناوێ
ئێستا خوشکم گەریللایە
وا لە گەرمەی خەباتدایە!
چاوم لێیە لەو دوورەوە
لەپشت ئەو ھەموو جەنگەڵ و سنوورەوە
کاتێ وەک شێر دەنەڕێنێ
چۆن قەپۆزی
سەگەکانی ئەتاتورکم بۆ دەشکێنێ!.
خوشکم شەھیان
ئەی ھیوای گەشی ھەموومان
دوازدە ساڵە
سۆمای چاوتم نەدیوە
بەڵام ئازیز
دڵنیابە بۆیەک چرکەش
یادت لەدڵ نەرەخسیوە
* *
ھیچ دوودڵ نیم لەھاتنەوەت
دڵنیامە ڕۆژێک دادێ
بە سەربڵندی دێیەوە
وەکو جاران
گۆرانی بۆ سەربەخۆیی دەڵێیەوە!.
بەڵام ئەوەی
کە زۆر دوودڵی کردوومە
ھیچ دوورنیە
بگەینە ئەو ڕۆژە شوومە
کاتێ کۆتری ئازادی
ھەڵنیشتەوە لەسەر وڵات
جەللادەکان، بێنە سەر تەختی دەسەڵات
قێزەوەنکەن وشەی خەبات
خۆیان بکەنە قارەمان
بە تۆش بڵێن وڵات فرۆش
دڵگیر مەبە
ئاخەر ئێمە ھەرواین گوڵم
خۆخۆرین و، دەروون نەخۆش!..