دیارە (ی ن ک) وەکو هێزێکی سیاسی ناو گۆڕەپانی کوردایەتی قەوارەیەکی ناسراوە و مێژوویەکی هەیە. ئەکرێت هەریەکێک لە ئێمە تێڕوانینی جیاوازمان هەبێت سەبارەت بە مان و نەمانی (ی ن ک) وەک هێزێکی سیاسی کاریگەر. بەڕای من لە ئێستادا ئەم قەوارەیە وەک هێزێکی سیاسی لە ڕووی مەعنەویەوە بەتاڵە لە بەشێکی زۆری ئایدیا و پرنسیپە بنچینەییەکانی.
هەروەها تەواوی یان بەشی هەرە زۆری ئیدیالەکانی خۆی لەبەرداکەنراوە. هەروەها لە ڕووی ماددیەوە کەرەستەکانی ئەم پێکهاتەیە (وەکو سەرچاوە مرۆییەکانی) لە ئێستادا چۆنایەتیەکی جیاواز و تایبەتە، زۆر ناچێتەوە سەر ئەسڵەکەی، کە لەکاتی خۆیدا پێکهاتبوون لە هەڵبژاردەیەک لە خەڵکانی خاوەن پرنسیپ و لە خۆبردوو. ڕاستە فاکتەری مێژوو گرنگی خۆی هەیە بۆ لێکدانەوە (ئەنالایز) و شرڤەی ڕەوتی مێژوویی، بەڵام کورد ووتەنی ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لە خوانە.
ئایا (ی ن ک) هەمیشە لە (دوالیتی) وەهم و واقیعدا ژیاوە؟ بێگومان نەخێر، چونکە وەهمی بوونی(ی ن ک) ڕۆژێ لە ڕۆژان واقیع بووە. ئێستاش لەسەر لاشە و پاشماوەی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری، کەڵەکەتڕێیەکیان پێکەوەناوە. مەبەستی من لە بوونی وەهمی (ی ن ک) ئەوەیە کە چیتر وەک هێزێکی سیاسی کاریگەر ناتوانێ رۆلی ئەوتۆ ببینێ. لەڕاستیشدا (ی ن ک) یان هەر هێزێکی تر تەنها ئامڕازێکی کارە و تەمەنی خۆی هەیە، لە بار و دۆخێکی تایبەتدا بۆ کۆمەڵێک ئامانج پێک ئەهێنرێت و رۆل ئەبینێ و پاشان بەرەو کۆتایی و فەنا بوون ئەچێت. لە هەمان کاتدا ئەم قەوارەیە فەزایەکی لە دەوری خۆی دروستکردوە وەکو جۆرێک لە (هابیتوس) ئەگەرچی هۆمۆجین نیە، بەڵام مۆرک و نۆرمی تایبەت بە خۆی هەیە و بەجۆرێک لە جۆرەکان لە نەوەکانیدا خۆی دوبارە ئەکاتەوە. واتە وەک هێزێکی سیاسی لە وەهمی هەوادارانیدا ئەژی و خۆی دوبارە ئەکاتەوە. لەلایەکی ترەوە (ی ن ک) وەک قەوارەیەکی هەرەمی سەرمایەگوزاری گرنگ لە واقعدا بوونی ماوە و هەیە. سەرەوەی هەرەمەکە خەڵکانی خۆ ویستن و لەبەر پێی ئەوانیشدا سەدان مشەخۆری نەفس نزم کلکەلەقێ ئەکەن.
زۆرلە عونسرە ناسراوەکانی ئەم قەوارەیە، ئەگەر نەخوێندەوار نەبن ئەوا سیاسی دەستی دوو یان سێن. ئەمانە هەموو دەست و پێ سپین، ئەگەر “خوانەکردە” دەست بەرداری (ی ن ک) بن،”داماو و سەرگەردان” ئەبن. زۆرێکیان مەدای بیرکردنەوەیان درێژتر نیە لە لووتیان و زۆر کورت بینن. هەموو هۆشیان لای ئەوەیە، چی بکەن؟ و چۆن بکەن؟ بۆ ئەوەی تا وێستگەی داهاتوو چەمەلغ بن. هیچ دووانێکیان متمانەیان بەیەک نیە و بە جۆرێک شپرزەن پرنسیپیان نەماوە و هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێکن و هەرجارەی بە ئاوازێک هەڵئەپەڕن، گڕگڕ بەم لا گڕگڕ بەو لا. لە هەمان کاتدا سەرقاڵیی ئەمان باشترین ژینگەی خولقاندوە بۆ هەلپەرست و مشەخۆرەکانی دەست و پێوەنیان، کە بچوکترین مانای ئینتیما و پاتریۆت نابەخشن و بە هیچ جۆرێک جێگای متمانە نین. لەو تایپانەن کە ئەتوانن لە یەک کاتدا چەند کەسایەتیەک بن و بە ئاغاکانیان ڕائەبوێرن. هەر ئەمانەن لەناو کۆمەڵگادا زۆرتر لەبەرچاون و ئەدای (ی ن ک) بەرجەستە ئەکەن، لە کاتێکدا نە خۆیان و نە ئەوانەی دەرەوەی قەوارەکە گومانیان لە بێ باوەڕیان نیە.
هەندێک چاودێری سیاسی پێیان وایە گیانی دەستەگەری ( تەکەتول) کاریگەری نەرێنی لەسەر ئۆرگانەکانی (ی ن ک) هەیە. ئەم تێز و تێڕوانینە ڕێژەییە (نسبی)، ڕاستە بەنیسبەت ئەوانەی لە خەمی پرنسیپە بنچینیەکانی ئەم هێزەن، بەڵام زۆرینەیەک لە ناو ئەم هێزەدا دروست بوون تەواو پێچەوانەی پرنسیپەکان کاریان کردوە و لە سایەی تەکەتولدا ئیشیان بۆ ئەمڕۆ کردووە. ئەمانەی بەرەی دووهەم کەرەستەی ئەو کەڵەکەتڕێیەی ئەمڕۆن و ئێستای (ی ن ک) بۆ ئەوان هیچ عەیبی نیە. لە ئێستادا (ی ن ک) قەوارەیەکە هەموو هەڵقەکانی ئاسۆیی و ستوونی بە درۆ و مەرایی پێکەوە گرێدراون. هەموو پێوەرەکانی دڵسۆزی و کارامەیی شێوێندراوە. دەمچەورکردن و شیرینی بەخشین یان پاشقولگرتن و تڕۆکردنی خۆمان و خۆیانی ناو کوتلەکان مێتودی کارکردنە.
ئەگەر بەپێی یاساکانی دیالێکتیک میکانیزمی کوتلەبازی تاڕادەیەک دینامیکی ژیانەوەی (ی ن ک) بوو بێت ئەوا بێشک زۆربەی هەستانەوەکان بە فاکتەری پارە و ئیمتیازات بووە، نەک لەئەنجامی ڕەخنەی دروستکەر. هەر بۆیەش ئاکام و دەرئەنجامەکانی جار لە دوای جار چۆنایەتی خراپتر و گەندەڵتری خولقاندوە. ئەگەر (ی ن ک) وەکو قەوارەیەکی سیاسی بە بەردەوامی دەست بەرداری جەمسەرەکانی بەخشینەوەی ئیمتیازات بێت، کە لە ئێستادا هەندێکی لەدەست داوە، زۆر ئاسایی و سروشتیە لە داهاتوودا وەک هێزێکی پاشکۆی لاواز ببینرێت یان هەر نەبینرێتەوە. ئەوکات کەڵەکەتڕێش کەڵکی نابێت. ئەم جۆرە قەوارانە لە مێژوودا نمونەیان زۆرە و بەوە ناسراون تەمەنیان کورتە و لەبەر یەک هەڵئەوەشێن.
یەکێکی تر لە هۆکاری بە وەهمی کردنی (ی ن ک) ڕەفتاری هاوپەیمان و نەیارەکانە بەرامبەری. چ ئەوانەی دژایەتی ئەکەن یا ئەوانەی کار و بەرژەوەندیان لەگەڵ قەوارەکە هەیە لە ناوەوە بن یان لەدەرەوە هەمیشە وێنایەکی تری بۆ ئەکێشن و زۆرجار قەوارەکەیان وا پیشانداوە گەورەتر بنوێنێ لەوەی کە هەیە. بەڕای من سەرانی (ی ن ک) خۆیان بەرپرسن لە خراپکردنی چارەنووسی (ی ن ک) لە پێناو دەستکەوتی ماددی و مەعنەوی تایبەتدا. لەگەڵ ڕێزم بۆ خەبات و ماندوو بوونی بەڕێز جەنابی مام جەلال، وەلێ بەشێکی زۆری ئەم قەدەرەی (ی ن ک) بەڕێز جەنابی مام جەلال لێی بەرپرسە. ئێستا کە ئەکتەری سەرەکی (ی ن ک)، بەرێز جەنابی مام جەلال، لە ڕووی فەسلەجیەوە نەخۆشە و توانای ڕەشمەگیری جارانی نەماوە سەرەتاکانی پاشاگەردانی دەرکەوتووە. ئەوانەی شارەزای مێژووی (ی ن ک)ن ڕەنگە ئاسانتر سەرەداوەکان بدۆزنەوە و بتوانن گرێ کوێرەکان بکەنەوە.
فەلاحی شێخ رەئوف
سلێمانی ١/٨/٢٠١٤