مەسعودی مەلا ھەمزە : دوای ٧ رۆژ لە بەردەوامی و نمایشکردنی ١١ شانۆگەری و سازکردنی ٥ وۆرک شۆپ و بە بەشداری ١٠ وڵات، کاتژمێر ١١ی بەیانی رۆژی شەممە ٢٤/٩/٢٠١١ لە ھۆڵی پێشەوای شاری ھەولێر مەراسیمی کۆتایی یەکەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ھەولێر سازکراو تێیدا وێڕای خوێندنەوەی چەند وتارێک خەڵات بەسەر سەرکەوتووان دابەش کرا.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا “د. کاوە مەحمود” وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کردو ئاماژەی بەوەدا کە کۆتایی ھاتنی ئەو فێستیڤاڵە بە مانای کۆتایی ھاتنی جموجۆڵی شانۆیی نایە لە کوردستان”.
دواتر ھەریەک لە “د. سامی عەبدولحەمید، د. فازڵ جاف” ئەندامانی لیژنەی داوەری وتەیان بەزمانی کوردی و عەرەبی پێشکەش کردو پێشنیاز و راسپاردەکانی خۆیان خستەڕوو، کە خۆی لە ٥ خاڵ دەبنیەوەو ە گرنگترین خاڵدا ھاتبوو، کە بینەرانی شانۆ لە ھەولێر سەلماندیان کە ھەولێر شاری شانۆیە، ھەروەک ئاماژەیان بەوەکرد کە پێویستە لە ساڵانی داھاتوو میکانیزمی گونجاوتر بۆ فێستیڤاڵەکە دیاری بکرێ و حکومەتی ھەرێم بایەخ بە دروستکردنی ھۆڵی شانۆیی بدات”، ھەروەک خاتوو فرمێسک مستەفای شانۆکار وتەیەکی پێشکەش کرد.
دوابەدوای ئەوانە مەراسیمی راگەیاندنی ئەنجامەکانی فێستیڤاڵ دەستی پێکردو خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ بریتی بوون لە چوار خەڵات، وەلێ لیژنەی داوەران بۆ ھەر خەڵاتێک ٢ کاری دیاریکردبوو، بۆیە خەڵاتەکان بووە ٨ خەڵات و بەم شێوەیە دابەش کرا.
* خەڵاتی باشترین نواندن بۆ رەگەزی نێر بەخشرایە ھەریەک لە”فرانک لێتنویچ لە شانۆگەری دایکە ئازاکەی ئەڵمانیاو مارچین برزۆڤسکی لە شانۆگەری کڵافن جانچنی پۆڵۆنیا”.
* خەڵاتی باشترین نواندن بۆ رەگەزی مێ بەخشرایە ھەریەک لە”سایە حوسێن لە شانۆگەری چیرۆکە بەدەوامەکەی کوردستان و ئەلیسا سناگوڤسکی لە شانۆگەری دایکە ئازاکەی ئەڵمانیا”.
* خەڵاتی بەرچاوترین نمایش لەڕووی پیشەواری شانۆییەوە بەخشرایە ھەریەک لە” شانۆگەری بەھای ئاوی سویسراو دایکە ئازاکەی ئەڵمانیا”.
* خەڵاتی بەرچاوترین بەرھەمی شانۆیی بەخشرایە ھەریەک لە شانۆگەری دایکە ئازاکەی ئەڵمانیا و دیموکراسییەت نەخۆشییەکی رۆژھەڵاتییەی عێراق”.
ھاوکات لەگەڵ مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان، لیژنەی راگەیاندنی فێستیڤاڵ بڕوانامەی رێزلێنانی بە چەند دەزگایەکی راگەیاندن بەخشی.
شایانی باسە یەکەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ شانۆ لەژێر چاودێری د. بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژانی ١٨تا٢٤/٩/٢٠١١ لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو، کە تێیدا جگە لە چالاکییە شانۆییەکان فێستیڤاڵ ٩ کتێبی شانۆیی چاپکردبوو و بەسەر ئامادەبووانی دابەش کرد.