مەسعودی مەلا ھەمزە: ھونەرمەندی سینەماکار ئیبراھیم رەمەزان لە نوێترین کاری خۆیدا سەرقاڵی فیلمێکی دیکۆمێنتییە، کە وەک خۆی ئاماژەی پێدەکا تەواوبوونی ئەم دیکۆمێنتە ١٠ ساڵ مێژووی سینەمای کوردی دەباتەپێش و فیلمەکەش لەسەر بودجەی تایبەتی خۆی بەرھەمدێنێ.
لەمبارەیەوە ئیبراھیم رەمەزان گوتی: “تاوەکو ئێستا مێژوی سەرھەڵدانی فیلمی کوردی لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو لە فیلمەکانی یەڵماز گۆنای ئاماژەی بۆکراوە، چەندین سەرچاوەی زانستی ئەم مێژووە پشت راست دەکەنەوە.بەڵام ماوەی چەند رۆژێکە سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمی دکیۆمێنتی (یەکەم فیلمی سینەمایی کوردی)مە، بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دەستم کەوتوون و ماوەیەکی دوور و درێژە خەریکی کۆکردنەوەی دیکیۆمێنتی باوەڕ پێکراوم لەسەر ئەو بابەتە، ھەموو ئەو بەڵگانەی دەستم کەوتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی ١٩٧٤ وە یەکەم فیلمی سینەمایی کوردی لە شاخ بە کامیرای ١٦ میلمی سینەمایی کاری وێنەگرتنی ئەنجامدراوە و لە وڵاتی ئێران کاری مۆنتاژی بۆ کراوە.
ئیبراھیم وتیشی” لەبەرئەوەی پێشتر فیلمەکە لای کەسێکی ئەدرێس نادیار بوو بۆیە باسی ھیچم نەکردووە، بەڵام ئێستا ئەو کەسەی فیلمەکەی لەلایە ناسراوە و لەوانەیە لەماوەی داھاتوو فیلمەکە بەرەو کوردستان بھێنرێتەوە، یەکەم فیلمی کوردی دەرھێنەرەکەی خەڵکی شاری ھەولێرە و ئێستاکە لە ژیانداماوەو حاشا ھەڵنەگرە ئەو فیلمە دکیۆمێنتیە و ھێنانەوەی نوسخەی ئۆرجیناڵی ئەو فیلمە سینەماییە کە لە ساڵی ١٩٧٤وە دروست کراوە، جارێکی تر مێژوی سینەمای کوردی دەگۆڕێت.
شایانی باسە ئیبراھیم رەمەزان دەرچووی بەشی سینەمای کۆلیژی ھونەرەجوانەکانەو تا ئێستا لە چەندین کاری سینەمایی بەشداری کردووە.