تا ئێستا بۆم روون نەبۆتەوە و نازانم رۆڵم هەیە لە بەشی سێیەمی (گەردەلول)ـدا یان نا !!
من و هونەرمەند (حاجی مەکی) لە دراماکاندا بە شێوەیەکی باش دەتوانیین رۆَلەکان بەرجەستە بکەین !!
خانمە ئەکتەری نواندنی بواری دراما (رێزان فەرەج عەلی) یەکێکە لەو خانمە دیارانەی کە ماوەی چەند ساڵێکە لەچەند زنجیرە درامایەک و کورتە فیلمێکدا رۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت، ئەو خانمە هونەرمەندە دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانییە بە شی (سیرامیک)ـی ساڵی (1986) تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی خۆشەویستی بۆ کاری نواندن بەشداری لەکاریی شانۆیی دا کردووە و حەزی کردووە. بەشداریی کارای هەبێت لەکاری هونەریی دا دانەبڕێت، هەروەها کاریگەر و هاندانی هاوسەرە بەڕێزەکەی، کە ئەویش هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و دراما (ئەحمەد رەئوف) وایکردووە بەردەوامی هەبێت، لەمیانەی دیمانەیەکدا خاتوو (رێزان) زیاتر ئەزموونی کاری هونەریی خۆی باس دەکات و بەم شێوەیە کەوتینە گفتوگۆ : ..
– تۆ هەمیشە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەیت، بەشی (سیرامیک)ـت لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان تەواو کردووە، بەڵام چۆن بوو تێکەڵی کاری نواندن بوویت ..؟
رێزان : “من ئەو کاتەی لە ساڵی (1986) پەیمانگام تەواو کرد، بەڵام کە لەناو پەیمانگاش قوتابی بووم هەر لەو ساڵە واتە ساڵی (86) بەشداریی کارێکی شانۆییم کرد بەناوی (حەسارۆست و خۆشەویستەکەی) لە هۆڵی سەڵاحەدین لە شاری سلێمانی بۆ ماوەی (3) رۆژ نمایشکرا و من بەشداربووم، جگە لەوانەش ئەو کات هونەرمەند (ئەحمەد رەئوف) کە ئێستا هاوسەری ژیانمە زۆر هاندەرم بوو، بۆ ئەوەی لەکارە شانۆییەکاندا نزیک بم، ئەوەندە حەزم بەکاری شانۆیی هەبوو بەشەکەی خۆم واتە (سیرامیک یان شێوەکارییم) بیر چۆتەوە، بەڵام ماوەیەکی زۆریش دابڕام و دوور کەوتمەوە لە شانۆ”.
– کە دەڵێیت دابڕاوم هۆکاری ئەو دوورکەوتنەیەت چی بوو، چونکە تۆ ماوەیەکی زۆری خایاند ؟
رێزان : “ئەو دوور کەوتنەوەیەم هۆکارەکەی تەنها ئەوە بوو، من بووم بە مامۆستا لە دەرەوەی شار خەریکی دەوامی مامۆستایی بووم، لە ساڵی (1989) دابڕام بۆ ماوی (11) ساڵە پاشان هاوسەرەکەم منی هێنایەوە بۆ ناو کاری دراما و نواندن، لە دوای ساڵی (2000)ـەوە. جارێکی دی دەستم بەکاری هونەری نواندن و هاتمەوە نێو کاری درامای تەلفزیۆنیەوە”.
– دەرکەوتنی (رێزان فەرەج) زیاتر لە رێگەی ئەو کورتە فیلمانە بوو، لەگەڵ چەند هونەرمەندێک باستان لە کێشە کۆمەڵایتیەکانی رۆژانە دەکران، کە لە پرۆگرامێکی تەلفزیۆنی دا پەخشدەکرا، چۆن بوو بەو شێوەیە دەستت بەکاری دراما کرد ؟
رێزان : “من دوای ئەوەی بوومە ئەندانی تیپی هونەری “رەنگاڵە” سوپاسی ئەو تیپەم ئەکەم، هەروەها هاوسەرەکەم پێشنیاری ئەوەی بۆ کردم، کە بەشداربم چونکە ئەو وەک دەرهێنەر کاری لە سەر ئەو جۆرە کورتە فیلمانە دەکرد، منیش زۆر حەزم ئەکرد بەشدارییان لەگەڵدا بکەم، دیار بوو ئەو کورتە فیلمانە بۆ تەلفزیۆنی گەلی کوردستان کەناڵی سلێمانی دەهاتە بەرهەم بەناوی (هەمەڕەنگ) بینەرێکی زۆری هەبوو، من یەکەم ئەزموونی کاری هونەری نواندنم لە درامادا لە رێگەی تیپی هونەری رەنگاڵەوە بوو”.
– لە زنجیرە درامای (گەردەلول)ـدا رۆڵێکی بەرچاوت بینی، بەرجەستە کردنی ئەو رۆڵە تاچەند بە پێ ی حەز و ویستی خۆت بووە، ئایا رۆڵەکەت بە سەرکەوتوو دەزانی لەو درامایەدا ؟
رێزان : “دیارە ئەو رۆڵەی کە لە نێو زنجیرە درامای (گەردەلول) بۆ من دانرا، لە لایەن دەرهێنەر (جەلیل زەنگەنە)، دیار بوو رۆڵەکەم بەرجەستەکردنی کەسایەتی (نەسرین) بووکێکی هار و دەم درێژ و بەردەوام خەریکی ئاژاوە نان و شەڕ بووم لەگەڵ خەسووەکەی، بەڵام ئەکتەر نابێ هەر بەدوای رۆڵێکدا بگەڕێت بڵێ ئەوەیان باشە و ئەوەیان خراپە، چونکە رۆڵی کەسایەتی خراپ مانای وانیە ئەو هونەرمەندە کەسێکی خراپە، لە رۆڵەکەم زۆر رازی بووم. دەست خۆشیەکی زۆرم لێکراوە و شانازی بەهەموو ئەو کارانە دەکەم کە بە ئەنجامم گەیاندوون لە ژیانی هونەرییمدا”.
– ئێستاکە دەنگ و باسی ئەوە هەیە بەشی سێیەمی درامای گەردەلول بەرهەم دەهێندرێت، تۆ بەشدارییت دەکەیتەوە لەو بەشدا ؟
رێزان : “تا ئێستا دەرهێنەری ئەو درامایەکاک (جەلیل زەنگەنە) پێ ی نەگوتووم، نازانم رۆڵم هەیە لەو بەشدا یان نا، ئەگەر پێم بڵێت ئەوا بەشداریی دەکەمەوە پێم خۆشەو هیچ گرفتێکم نیە”.
– بۆچی ئارەزوو دەکەیت رۆڵی ئەو کەسایەتیانە بەرجەستە بکەیت، کە زیاتر رۆڵی ئەو ئافرەتانەیە کاری ئاژاوە گێڕی و دەنگە دەنگ دەکەن، لە بڕی ئەوەی رۆڵی کەسایەتیەکی هێمن و لە سەرخۆ ببینیت، لە نێو دراماکاندا تۆ لەلای بینەریش هەر بەو شێوەیە ناسراوی ؟
رێزان : “راست ئەکەی زۆر کەس وای پێگوتووم، بەڵام من بە سووتفە تووشی ئەو رۆڵانە بووم ، ئەگەرنا من لەهەموو دراماکاندا هەر حەزم بەو جۆرە رۆڵانە نەکردوو، ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ خودی دەرهێنەر و دەست نیشانکردنی رۆڵەکان، جگە لەوانەش من رۆڵی کەسایەتی هێمنم وەرگرتووە، لە درامای (گەڕان بەدوای سێبەرەکاندا) رۆڵی بەڕێوەبەرێکی قوتابخانەم وەرگت، کە رۆڵێکی پەروەردەیی قوتابخانە بوو رۆڵێکی جیدی بوو زیاتر، ئەگەرنا لە ژیانی ئاساییمدا من کەسێکی زۆر هێمن و لەسەر خۆم، چونکە مامەڵەی من لەگەڵ دونیای مناڵە و من مامۆستای باخچەی ساوایانم هەرگیز باوەڕم بە کێشە نەبووە و نابێ”.
– لەگەڵ ئەوەی لەو چەند ساڵەی دوایی دا جموجۆڵێکی سینەمای هەیە لە کوردستاندا، چۆنە تا ئێستا بەشدارییت نەکردووە لە هیچ کارێکی سینەمای دا ؟
رێزان : “دوام لێکراوە بەشداریی بکەم، بەڵام بە هۆی ئەوەی کارەکان لە دەرەوەی شار بووە، نەمتوانیووە بەشداریی بکەم ئەوەشیان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پابەند بوون بە دەوامی رۆژانە و ماڵ و مناڵ و ئیتر ناکرێت، جگە لە سینەما من لەکاری شانۆیشدا بەو شێوەیە بەشدارییم نەبووە، زیاتر من لەگەڵ دراماکاندا ئامادەییم هەبووە”.
– تیپی شانۆی (رەنگاڵە) هەموو ساڵێک بەرهەمی شانۆییان هەیە و ماوەیەکی زۆریش نمایش دەکرێت، بەڵام تۆ نابیندرێی لەگەڵیاندا. هەرچەندە تۆ ئاماژەت بۆ ئەوە کرد ئەندامی ئەو تیپەی بۆچی ؟
رێزان : “ئەوان زیاتر کاری شانۆیی ئەنجام دەدەن، منیش ناتوانم بەشداربم لەو جۆرە شانۆیانە، جگە لەوەش ماوەی نمایشەکانیش زۆر دەخایەنێت جاری وا هەیە بۆ سێ مانگ دەڕوات، من ناتوانم ئەو هەموو ماوەیە خەریکی کارێکی شانۆیی بم، هەروەها من زیاتر حەز بەکاری درامی دەکەم و لەکارە درامیەکانیشیاندا لەگەڵیان کارم کردووە و بەردەوامیشم لەگەڵیان”.
– هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری درامای کوردیی (حاجی مەکی) لە دیمانەیەکی دا دەڵێت (لەمێژووی کاری هونەریمدا تاکە ئافرەت روو بەرووم بۆتەوە (رێزان فەرج)ـە توانیویەتی لە دراماکاندا بە شێوازێکی باش نواندن بکات و رووبەروم بۆتەوە) تۆ چی دەڵێی لەم بارەیەوە ؟
رێزان : “رێزو حۆشەویستیم بۆ ئەو هونەرمەندە بە ئەزموون و گەورەیە (حاجی مەکی) هەیە، هیوای لەش ساغی و تەمەن درێژی بۆ دەخوازم، بە فەخر و شانازییەوە من کارم لەگەڵدا کردووە، سوپاسی ئەو هەستەی ئەکەم. بۆ من گەورەییە هونەرمەندێکی ئاوا من بەکەسێکی باش و لێهاتوو بزانێ لە کاری درامی، دیارە ئەویش لە کاری درامی کێشە کۆمەڵایتیەکاندا رۆڵێکی باڵای هەبووە، منیش حەزم لەو بابەتانە هەیە و دیارە دوو هونەرمەندیش لەسەر یەک رێچکە بکەن زیاتر لەیەکتر تێدەگەن و دەتوانن باشتر بچنە نێو ناوەرۆکی کارەکە، دیارە من لەلایەن بینەر یاخوود جەماوەریشەوە ئەو پەیامەم بەدەست گەیشتووە، کە من و هونەرمەند (حاجی مەکی) لە دراماکاندا بە شێوەیەکی باش دەتوانیین رۆَلەکان بەرجەستە بکەین”.
– هەبوونی یاخوود زۆربوونی درامای بیانی، کە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەلایەن کەناڵە tv یەکانەوە بایەخی پێدەدرێت، پێت وایە ئەوە کارێکی باشە و پێویستە بۆ بینەری کورد ؟
رێزان : “بە شتێکی هەڵەی دەزانم و هیچ پێویست ناکات ئەو درامایانە نیشانی بینەری کورد بدرێت، چونکە کاریگەری زۆر خراپ لە سەر چینی گەنجانمان بەجێدەهێڵێت، چونکە داب و نەریتی ئەو وڵاتانەی ئەو درامایانەی لێوەردەگرن جیاوازی هەیە لەگەڵ کۆمەڵگا و کەللتوری ئێمە، جگە لەوانەش ئەو درامایەنە وادەکات بەرهەمی خۆماڵی خۆمان و هونەرمەندانی خۆمان بیر بچنەوە و تەنانەت بایەخشی پێنادەن، هەروەها من وای دەبینم ئەو کەناڵانە بێ بەرنامەیەکی زۆریان پێوە دیارە، بۆیە پەینا دەبەنە بۆ ئەو دراما دۆبلاژکراوانە”.
– هەبوون و زۆر بوونی ئەو هەموو کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆیانە، بەتایبەتی هەندێکیان بە ناوی کەناڵی هونەری و درامی باسی خۆیان دەکەن، پێت وایە بتوانن لە خزمەتی دراما و فیلمی کوردی دابن ؟
رێزان : “پەندێکی کوردی زۆر جوانمان هەیە زۆر بوونی ئەو هەموو کەناڵە تەلفزیۆنیە تەنها زۆری و بۆرییە و هیچی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت، بەداخەوە ئەو هەموو کەناڵە ئاسمانی و ناو خۆیە هەیە، کەچی تا ئێستا نەمان بینیووە کەناڵێک ساڵانە دوو ساڵ جارێک درامایەک بەرهەم بهێنێت، بەڵام جاران یەک کەناڵ هەبوو پێ ی دەگوترا کەناڵی کەرکوک زۆر تام و چێژی هەبوو دراما بەرهەمی فلیمی کوردی لە ئێستا زیاتر بوو، هیچ تام و چێژێک لە تەلفزیۆنەکانی ئێستادا نابینم”.
– هونەرمەندی بە ئەزموون (ئەحمەد رەئوف) کە لەمیانەی دیمانەکەشدا ئاماژەت بۆ کرد، هاوکاری هەماهەنگیتان چۆنە بۆ نموونە ئەگەر لەکارێکی درامی دا بەیکەوە بەشداریی بکەن. کێشەتان بۆ دروست نابێ لە ماڵەوە ؟
رێزان : “لە رێگەی ئەو پرسیارە من دەمەوێ ئەوە بڵێم، تا ماوم من قەرزاری دایکمم، چونکە من تاقانەم و برا و خوشکم نیە لەمناڵیەوە دایکم منی پێگەیاندووە، ئێستاکەش هەر لەوگەڵمانە و هاوکاری منیش و هاوسەرەکەشمە، بۆیە ئەگەر کارێکی ئەوامان بێتە پێش دایکم لە ماڵەوە ئاگاداری مناڵەکانمە سوپاسی گەورەیی دایکم ئەکەم تاماوم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا