مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی” لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەکۆئێست” لە وڵاتی ئەمەریکا و باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار دەچێتە سەر پەردە.
فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی”، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی “ڕەز هەڵکەوت ڕەشید” لە هەرێمی کوردستان، لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی “ئاسۆی سینەمای جیهان” لە سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەکۆئێست” Cinequest لە وڵاتی ئەمەریکا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم ڕووداوە پڕبایخە سینەماییە، یەکێکە لە گرینگترین فێستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆکانی دنیا و هەروەها فێستیڤاڵی باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکارە.
“بێنیشتمان” لە لایەن کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت” لە ئاستی جیهاندا بڵاودەکرێتەوە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەکۆئێست” ڕووداوی سینەمایی “فیلم و خوڵقاندن” کە یەکێکە لە گرینگترین فێستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆکانی دنیا، بە تەرکیز لەسەر داهێنانی خوڵقێنەرانەی تیکنەلۆژیا بۆ ژیانی هەرچی باشتریی خەڵکی جیهان و یەکێک لە بەرچاوترین فێستیڤاڵەکانی ناساندنی فیلمە داهێنەرەکان دێتەئەژمار؛ کە لە ساڵانی 2005 و 2007 بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو و لەم بوارەدا، لە نێوان فێستیڤاڵەکانی دنیادا و لە کەشووهەوای میدیا دیجیتاڵییەکاندا پێشەنگە.
سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەکۆئێست” بە بەرپرسیاریی “هاڵفدان هۆسێی” Halfdan Hussey و سەرۆکایەتی “کاتلین پاوڵ” Kathleen Powell و بە دروشمی “ئافڕاندنی نوێخوازیی و تواناسازی” بە شێوەی ئۆنلاین لە ڕۆژانی 4 تا 14ی نۆڤەمبەری 2021 لە “سیلیکۆن والێی” Silicon Valley لە شاری سەن خۆزە لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و هەر ساڵە تیایدا زیاتر لە 100 فیلم، ئەزموونی یەکەمین نمایشی جیهانی و ئەمەریکای خۆیان دەکەن و بۆ هۆگرانی هونەری سینەمای نمایش دەکرێن.
خوێنەرانی ڕۆژنامەی بەناوبانگی “یو.ئێس.ئەی تودەی” USA Today فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەکۆئێست”یان بە باشترین فێستیڤاڵی فیلمی ئەمەریکا هەڵبژاردووە.
لە “بێنیشتمان”دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ “هانی موجتەهیدی” گۆرانیبێژی ناوداری کورد تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، هاکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.
بۆ زانیاری زیاتر:
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان”.