چەند هەفتەیەکە هەموو پارت و هێزە سیاسیەکانی کوردستان تێکڕا سەرقاڵی هەڵمەتی هەڵبژاردنن ئەم دیاردەیە ئەگەر بە موجەرەدی و لەدوورەوە تێی بڕوانین دیاردەیەکی مەدەنیانەی جوانە. بەڵام بە داخەوە ناکرێت هەر وا بیبینین. بەڵکو لە واقعیدا هەڵمەتەکە چۆنە پێویستە ئێمەش وا بیبینین، بە هەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانیەوە.
بە شایەتی خەڵکانێکی زۆر لە شار و لادێ هەڵمەتەکە لە شەڕە پەڕۆیەکی هەرزەکارانەی بێ سەر و بەربەولاوە زیاتری نەبەخشی بە دەنگدەران. من وەکو دەنگدەرێک زۆر مەبەستم بوو جیاوازی کار و بەرنامەی لایەنە سیاسیە جیاوازەکان ببینم و بتوانم قەناعەتێکی گونجاو لای خۆم دروستبکەم و لەو زۆنگەیەوە بڕیاری پێدانی دەنگی خۆم یەک لایی بکەمەوە. مەخابن پێموایە خەڵکانی تریش حاڵیان لە من باشتر نەبێت. لەلایەک ئیمتیازاتی پۆستەکان و لەلایەکی تر ئیلتیزامی حزبی و دۆست و خزم خزمێنە و عەشرەتگەری نەبوایە دڵنیابن هەموو کورسیەکانی پەرلەمان و پارێزگا بە بەتاڵی ئەمانەوە. ڕەفتاری نا شارستانی و نادیمۆکراتی زۆر و بێشوماری هەموو لایەنەکان لە بەهەدەردانی سامان و شیواندنی سیمای شار و تەقەی “خۆشی” و شەڕە جوێن و ئەرگومێنتی نابەجێ و سواو یان پەیمانی درۆ و نامەسئولانە و بێ بنەما.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو پارتێکی سێکولار و بەناو “سۆسیال دیموکرات!!!” بە هەمان ئاست و میتۆدی لایەنە نادیموکراتەکان شەڕی دیموکراتی ئەکرد. تەنها بۆ جارێکیش گوێم لە کاندیدێکی ئەم لایەنە نەبوو کۆنکرێت بە دەنگدەر بڵێ ووردەکاری بەرنامەکەی چیە؟ بە تایبەیتی لە بواری خزمەتگوزاری وەکو دروستکردنی هەلی کار، چاکسازی ئیداری و خوێندن و پەروەردە و تەندروستی…. (ی ن ک) لە ئێستادا ئەگەر خاوەنی سەرکردایەتیەکی لێوەشاوە و زانا بووایە، ئەیتوانی بەڕوونی بەرنامەیەکی تێر و تەسەل پێشکەش بە دەنگدەران بکات لە سەر بنەما فیکری و فەلسەفیەکانی ڕێبازی سۆسیال دیمۆکرات. بە تایبەتی لە هەلومەرجێکی وەکو ئەمڕۆ کە بە لیستی سەربەخۆ و بێ سنوور بۆ دانان بەشداری هەڵبژاردن ئەکات.
من لە لای خۆمەوە گومانم هەیە ڕێژەی بەشداران بە تایبەتی لە سنووری زۆنی سەوز بگاتەوە ئاستی هیچ هەڵبژاردنێکی ڕابردوو. ئەگەر ئەم پێش بینیە ڕاست بێت مانای ئیفلاسی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەیەنێت، کە بە هیچ جۆرێک مایەی دڵخۆشی نیە. بەڵام پەندێک هەیە ئەڵێت چی بچێنی ئەوەش ئەچنیتەوە.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١٤/٤/٢٩