کاتێ مرۆڤ بیر لە ڕابوردووی ئەکاتەوە چەندین دیمەن و یادگاری دانسقەی خۆش و ناخۆشی دێتەوە پێشچاو. بێگومان هەموو ئەو یادگاریانە چیرۆکی تایبەت بە خۆیان هەیە و زادەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو کات و ساتەن و ئەبن بە بشێک لە مێژوومان. من بیرم دێت ڕۆژگارێک
بوو ترسنۆک و خۆفرۆشان ڕیسوا ئەکران، بیرم دێت بەرەی گەل نەبەردی جوامێران بوو، بیرم دێت مەرد مەرد بوو، بیرم دێت نەفس بەرز و شەهمەکان شت بوون.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک هێزێکی شێوە عیلمانی هەر لە سەرەتاوە ڕاڕایانە بیری فەلسەفی و ڕێبازی جۆراوجۆری تەبەنی ئەکرد. سەرەتا فەلسەفەی مارکسی– لینینی باوی بوو. دواتر مارکسی– لینینی گۆشکراو بە بیری ماو (ماویست). پاشان سۆسیال_ عەشائیر و دووبارە گەڕانەوە بۆ بیری سۆسیالیزم و بانگەشەی سۆسیال _ دیمۆکراتی، وەلێ ئەمیان تەنها بانگەشە بوو. چونکە ناشوکری ناڵێم بیرمەندە هەرە شازەکەیان هیچ تێز و حیکمەتێکی کوردەواریانەی نەبوو بیخاتە سەر خەرمانی کەڵەکە بووی ئەو ڕێبازە. (ی ن ک) هێشتا لە کەوای سۆسیال _ دیمۆکرات وەدەر نەهاتووە کەچی بە کردار فوول لیبرالە. بە کورتی و بە کوردی سەرێکیان هەیە و هەزار سەودا. هەر بۆیەش لەبەریان گرانە بتوانن بە دووی درشم و پەیمانەکانیان بکەون.
پاراستنی کەرامەتی مرۆڤی کورد لە بەردەم سیاسەتی فاشیزمانەی ڕژێمی بەعس یەکێک بوو لەو دروشمانەی (ی ن ک) ساڵانێکی زۆر خەڵکی کوردستانیان پێ ئەلاوانەوە. ڕاستە ڕەفتار فاشیەکانی بەعس سوکایەتی زۆریان پێکردین، زیندان و وێرانکاری و ئەنفال و جینۆساید و……. هتد. وەلێ ئەوەی بەوان نەکرا و تەواویان نەکرد لە سوکایەتی بە کەرامەتی مرۆڤی کورد بەداخەوە هەڤاڵانی خۆمان بەشێکی باشیان بۆ بە ئەنجام گەیاندن. چۆن؟ بەڵێ لێپرسراوانی (ی ن ک) کلتوری بەچە ترسێنی و چاوبەرەوژێریان کردە مێتودی کارکردن و خەڵکێکی زۆریان لە ماستاوچی و نەفس نزم هێنایە پێشەوە. ئەوانەی بە کلکە لەقێ و مەرایی توانیان ئیمتیازاتی گەورە بەدەست بێنن و تامی تامی ئەوانی تر بدەنەوە. هەروەها لەدەرەوی ریزەکانی (ی ن ک) یش بە هەمان لۆجیک کاریان کردوە و بازاڕ و کاروکاسبیان تەواو قۆرخکردوە. کێ ئەتوانێت بێ پرس و ڕەزامەندی ئەوان تەندەرێک وەربگرێت یان پڕۆژەیەکی سەربەخۆی هەبێت. بۆیە (ی ن ک) ئەبێت باجی ئەم سیاسەتەی بدات و ئەو دەرزی بەنجەی ئەوان لە خەڵکیان داوە تاسەر کاری گەری نابێت. کێ ئەتوانێت ئەم هەموو تاوانە ئاشکرا و سیستێماتیکانە دیزە بە دەرخونە بکات و خۆڵ لە چاوی دەنگدەرانی کوردستان بکات.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٦/٤/٢٠١٤