بڵاوکردنەوەی نامیلکەی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆچی؟) لە کاتی خۆیدا وەکو مانیفێستی (ی ن ک) ناسراوە و تەعبیر بوو لە دید و بۆچوونی هێزێکی شۆڕشگێڕی پێشکەوتووخوازی نوێ. سەرلەبەری ناوەڕۆکی ئەو مانیفێستە پڕ بوو لە دروشم و دەربڕینی شۆڕشگێڕانەی چەپی هاوچەرخ. لێرەدا بەپێویستی نازانم هەموو ئەو دروشم و ڕایە شۆڕشگێڕیە باوانە دووبارە بکەمەوە. بەڵکو تەنها گوڵبژێرێکیان ئەکەم و دروشمە زۆر زەقەکان شرۆڤە ئەکەم کە زیاتر ببوونە مۆرک و سیمبولی (ی ن ک).
یەکێک لە هەرە زەقترینی ئەو دروشمانە ڕەتکردنەوەی سەرخانی کۆمەڵگای عەشائیری و قەبول نەکردنی ڕابەرایەتی بنەماڵە بوو. مەبەست لەو دروشمە ڕۆلی بنەماڵەی بارزانی بوو کە ساڵانێکی زۆر ڕابەرایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانیان ئەکرد بەسەرۆکایەتی جەنابی (مەلا موستەفای بارزان) و کوڕەکانی (کاک ئیدریس و کاک مەسعود). گوایە هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و هەموو نەهامەتیەکانی ئەوڕۆژگارە بە هۆی دەسەڵاتی بنەماڵە و بیری تەسکی عەشائیریەوە وە تووشی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی بووە. حیکمەتی شۆڕشی نوێ ئەوە بوو ڕێبازێکی نوێ بۆ خەبات و بەرەنگاربوونەوە دیاری ئەکات و چیتر ڕێگە بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی نادرێت. بە دڵنیاییەوە لەو ڕۆژگارەدا هەموو جۆرە خەبات و بەرخودانێک باوەشی بۆ ئەکرایەوە چ جای تێزێکی پێشکەوتووی بەو جۆرە.
مەخابن لە سایەی (ی ن ک) واتە لە دوای هەرەس و دەستپێکردنی شۆڕشی نوێوە پێکهاتە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردەواری تا ڕادەیەکی زۆر وەک خۆی ماوەتەوە. بگرە لە هەندێک لایەنەوە خراپتریشی بەسەر هاتووە. کادر و ئەندامانی کۆمەڵە کە داینەمۆی شۆڕشی نوێ بوون، لە سەرەتادا توانیان تا ڕادەیەک پارێزگاری لە چۆنایەتی بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بکەن. بەڵام پاش پەرەسەندنی شۆڕش و فراوانبوونی هێزەکە کاریگەری جۆرێک لە زۆر و بۆری پێوە دیار بوو. هەڵبەت بە حوکمی ئەوەی کۆمەڵگای کوردی خۆی لە خۆیدا کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی عەشائیریە. بۆیە زۆرێک لەوانەی هاتنە شاخ و پەیوەندیان بە شۆڕشی نوێوە کرد نوێنەرایەتی ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە عەشائیریەیان ئەکرد.
سەرکردایەتی شۆڕشی نوێ هیچ کات بە کردار ڕێگر نەبوون لە هێشتنەوەی ئەو کلتوورە کۆنەدا. بۆ نمونە لە مەسەلەی سوڵحی عەشائیری و حەیا و ناموسدا چەندین چیرۆکی پڕ لە شەرمەزاری و دڵتەزێن هەیە کە تەواو دوورن لە هەموو بەهایەکی ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستانە. هەرچەندە تا ماوەیەکی زۆریش دروشمەکانی دژی کۆنەپەرستی و بیری عەشائیری دەووترایەوە ، بەڵام زیاتر دروشم بوون، بۆ موزایەدە و پڕوپاگەندەی سیاسی بەکارئەهاتن. دەنا بە دەیان شێخ وسەرۆک هۆز و عەشائیر، کە بەشی هەرە زۆریان دۆست و هەواداری جەنابی (مام جەلال تاڵەبانی) بوون و بە هەمان دابو نەریتی خۆیانەوە خزابوونە ناو ڕیزەکانی (ی ن ک). ئەوانە لە شاخیش هەر خاوەنی پلە و پایە بوون و بە زیادەوە ڕێزیان لێدەگیرا و لە شۆڕشگێڕێکی لە خۆ بووردوی ناو ڕیزەکانی (ی ن ک) باشتر مامەڵە ئەکران. بێگومان زۆر لە کادرانی کۆمەڵە بێ هودە کەوتنە ڕەخنە و بە توانجەوە دەستەواژەی سۆسیال- عەشائیریان بۆ هێزەکەی خۆیان دانابوو. ئەم دیاردەیە هەتا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. سەرکردایەتی (ی ن ک) و بەتایبەتی سەرانی کۆمەڵە نەک هەر نەیانتوانی دەسەڵاتی سیاسی لە ژێر دەستی بنەماڵە و عەشائیر دەرکێشین و بیگێرینەوە بۆ گەل، بەڵکو خۆشیان کەوتنە داوی ئەو کلتوورەوە. لە ئێستادا سەرانی (ی ن ک) بە کۆنە (ئا.ش) و کۆمەڵەکانیشەوە بەئاشکرا نەریتی بنەماڵەسازی پەیڕەوئەکەن و سەرقاڵی دانانی جێ نشین و دروستکردنی ئیمارۆتکەی خنجیلەن لە ناو (ی ن ک). خوا بەوە ڕەحمی کرد زۆریان باوانی خۆیان دیوە و ئەزانن هیچ نفوسێکی عەشائیریان نیە و تەنها تاکێکی سادەی ناو ڕەعیەتی کوردەوارین. ئەگینا ئێستا ئەوەندەی تر بە قوڕا ئەچووین. ئەوکاتە لەباتی شەڕی برا کوژی شەڕی هۆزەکان دەقەوما لەسەر میرات. سەرکردایەتی (ی ن ک) بە هەموو پێوانەیەک دەریانخست بە هیچ جۆرێک لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیەدا نین و زەمانە هەموو خەتاکانیان دەرئەخات. بێگومان هەموو سەرکردایەتی (ی ن ک) کەم تا زۆر پشکیان هەیە لە شێواندن و ئاوەژووکردنەوەی بەها مرۆیی و دیمۆکراتیەکان.
کورد وتەنی سەد خۆزگە بە کفن دز.
فەلاحی شێخ رەئوف
سلێمانی ١٨/٣/٢٠١٤