فەلاحی شێخ ڕەئوف: دوای دروستبوونی (ی ن ک) لە ساڵی ١٩٧٥ نامیلکەیەک بە ناوی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆچی؟) بڵاوکرایەوە، بە پێی زانیاریەکان بەرێز جەنابی مام جەلال ئامادەی کردبوو، ناوەڕۆکی ئەم نامیلکەیە دەقا و دەق تەعبیر بوو لە ویست و ئومێدی خەڵکی پڕ میحنەتی کوردستان کە هێشتا بەنجی هەرەس و ئاشبەتاڵ بەرینەدابوون.
لە هەمانکاتدا ڕژێمی بەعسی ڕەفتار فاشی کەوتبووە وێزەی خەڵکی کوردستان و بە هەموو شێوازێکی نامرۆڤانە ئازاری گیانی و جەستەیی ئەدان. ئەوی ڕۆژێ خەڵکی کوردستان هێزێکی فریادڕەسی شۆڕشگێڕ وسەردەمیانەی ئەویست و هیوا و ئومێدەکانی لەسەر دائەڕشت. لەوکاتەدا کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستان کە ساڵانێک بووبە نهێنی، بە شێوازی هەڵقەی ڕۆشنبیری، خوێندکار و لاوانی گۆشئەکرد بە بیری پێشکەوتوو سەردەمیانە بەڵام لە سنوورێکی دیاریکراودا، سەرەتا لە ترسی دەزگای پاراستن و دواتریش لە ترسی دەزگا ئەمنیەکانی دەوڵەت.
دروستکردنی مەفرەزە سەرەتاییەکان بە پێشەنگی خولە کەشکۆڵ و هاوڕێکانی و بڵاوبوونەوەی نامیلکەی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆچی؟) ئاهێکی دا بە گیانی شۆڕشگیڕی خەڵکی کوردستان و بووە مایەی بەرزکردنەوە ی وورەی جەماوەر. هیچ کەس بەتەواوی نازانێت سیحری چی بوو بە کاتێکی ڕێژەیی وا کەم توانرا هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێک بهێنرێت و سەدای شۆڕشی نوێ بە گوێی دۆست و دوژمن بگات. من خۆم بڕوام وایە کە کۆمەڵێک فاکتەری گرنگ کاریگەریان هەبووە. وەکو یەکەم فاکتەری سەرەکی ئەم گەشەکردنە خێرایەی (ی ن ک)، وەک کاردانەوەیەک، ئەگێڕمەوە بۆ سیاسەتی دڕندانەی ڕژێمی بەعس، کە ڕاستەوخۆ دوای ئاشبەتاڵ، زۆر بە پەلە کەوتنە جێ بە جێ کردنی بەرنامەی فاشیانەی خۆیان و هیچ بەها و ڕێزێکیان بۆ تاکی کورد نەهێشتەوە. ئەمە جگە لە کۆمەڵێک فاکتەری گرنگی تری وەک بیری ئازادی و نەتەوایەتی و نیشتمان پەروەری و هەروەها بە جۆرێک لە جۆرەکان خەباتی چینایەتی.
ئەوەی مەبەستمە لەم زنجیرە وتارەدا گەنگەشەی بکەم زیاتر بابەتە هەنووکەییەکانە نەک لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە مێژوویەکان ئەگەر چی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بە تایبەتی کادر و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە سەرەتاوە بە هۆی بار و دۆخی سیاسی و هەلومەرجی خەباتی سەختی ئەو رۆژگارانە تا ڕادەیەکی زۆر گرنگیان ئەدا بە چۆنایەتی، بە پرنسیپ و دیسپلینی ڕێکخراوەیی. بەڵام مەخابن ئەمە بەتەنها سەرەتایەکی تۆکمە بوو. ئێدی لە پاش شەهید بوونی کۆمەڵیک سەرکردە و کادری لێهاتوو لەلایەک. لە لایەکی تر قەرەباڵغکردن و هاتنە ناوەوەی کەسانی جۆراوجۆر بۆ ناو ڕیزەکانی (ی ن ک) هێدی هێدی شیرازەی لە دەست دا تاکو بەم ڕۆژە گەیشت. ڕاستە هێشتا لەناو ڕیزەکانی (ی ن ک) دا بە هەزاران خەڵکی بە توانای دڵسۆز و بە ئەمەک ماون بەڵام پەراوێزکراو و پشتگوێ خراون. لە ئێستادا تێکڕای دەزگاکانی (ی ن ک) تەنراوە بە خەڵکانی بەرژەوەند پەرستی وابەستە و درۆزن، ئەمانەن سیما و ئەدای (ی ن ک) ناشرین ئەکەن و کارێکی خراپیان بەسەر هێناوە. بەڕادەیەک شێوێندراوە کە نا ناسرێتەوە و لەسەر سکەی خۆی لابراوە.
من ئەمەوێت بە بیری هەڤاڵانی دێرین و نوێی (ی ن ک) بهێنمەوە کە مێژووی خەباتی پڕ سەروەری و خوێنڕشتنی یەکێتی بۆ کۆمەڵێک ئامانج بوون کە لە ئێستادا وونن یان ناوازە و پێچەوانەن. کوان ئەو دروشم و پرنسپ و پەیمانانەی لەو نامیلکەیەدا هەبوون؟ بۆ نەمان؟ (٤٠) ساڵ خەباتی بەردەوامی (ی ن ک) لە پای چی بوو؟ ئایا خەڵک بۆ ئەم بازرگان و دز وجەردانە تێکۆشا و خەباتی کرد؟ هەزاران ئەندام و دۆستی (ی ن ک) خولیای وەڵامی ئەم پرسیارانە و سەدان پرسیاری تری لەم جۆرەن. هەرگیز ناکرێت هەموو ڕەخنە و کەموکورتیەکان هەروا بە ئاسانی ڕاگوزار بێت و بیخەینە ملی قەدەر. ئەمە بابەتکی زۆر گرنگ و جددیە. چونکە بە هەزاران شەهید خوێنی خۆیان بەخشیوە، هەزاران جەرگیان سووتاوە و بی کوڕ و باوک و برا بوون، هەزاران ژیان وتەمەنی لاویان بەختکردوە، هەزاران ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیان چەشتووە و ڕاوەدوو دەربەدەر بوون. ڕاستە هیچ کام لەو قوربانیانە بۆ منەت و پاداشت و حەمد و سەنا نەیانکردوە. بە دڵنیایشەوە کەسیان ئامادە نەبوون خۆیان بکەنە قۆچی قوربانی بۆ کەسانی نەفس نزم و دز و گەندەڵ. زۆرجار ئەڵێم ڕەنگە شەهیدان بەوە ئاسودە بن ئەمڕۆیان نەدی. کورد ووتەنی کێ کردی و کێ خواردی.