دوای نسکۆی ئازاری ١٩٧٥ بۆشاییەکی سیاسی گەورە کوردستانی باشووری گرتەوە ، لە هەمان کاتدا ڕژێمی دکتاتۆری بەعس وەکو لایەنی سەرکەتوو خۆی ئەنواند و کەوتە ئازاردان و سوکایەتی پێکردنی شۆڕشگێڕان و گەلی کوردستان بە گشتی.
لە ئاکامدا هێزە سیاسی و شۆڕشگێرەکان، لە پێش هەموویانەوە کادر و ئەندامانی کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستان (کە دواتر ناوەکەی گۆڕا بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) بۆ مانەوە و بەرگری لە خۆکردن ناچارکران ڕێگای بەرەنگار بوونەوەی چەکداری بگرنە بەر. سەرەتا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو وەکو هێزێکی نیمچە بەرەیی کە پێکهاتبوو لە (کۆمەڵە ڕەنجدەرانی کوردستان و بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان) دەرکەوت و بە کردار بوونی خۆی سەلماند، بە توانایەکی سەربازی و لۆجیستیکی کەم و سنووردار دەستیان پێکرد و بە خۆ ڕاگری و لە خۆ بردنی کەم وێنە بە ماوەیەکی کەم توانیان ببنە هێزی سەرەکی. (ی ن ک) وەکوهێزێکی نیشتمانی نوێخواز دەرکەوت لە سەر و بەندی داڕوخان و هەرەسی سیاسی و سەربازی بزوتنەوەی کوردایەتی بە ڕابەری پارتی دیموکراتی کوردستان. لای هەمووان ڕوونە (ی ن ک) ڕۆلی بەرچاوی هەبووە بە درێژایی شۆڕشی نوێ و سەردەمی ڕاپەڕین و حوکمداری هەرێمی کوردستان. بەڵام سەد مەخابن لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵە و نا پروفسانەی (نەزانانەی) سەرکردایەتی و گەندەڵکارانی بەرپرس و خاوەن بڕیار ئەم هێزە زیاتر لە دوو دەیەیە تەشبیه نەبێت وەکو ….. بۆ دواوە ئەگەڕێتەوە. هەموو جارێکیش هەڤاڵانمان بە پاساوی حکومەتی ساوا، زروفەکە ناسکە، موئامەرەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیمان لەسەرە، هەوڵی چاکسازی ئەدەین و پێویستمان بە کاتە…..بەو جۆرە ڕاییمان ئەکەن و دیزە بە دەرخونەی کێشەکان ئەکەن.
(ی ن ک) بە درێژایی مێژووی خەباتی (٤٠) چل ساڵەی تووشی دەیان کێشە و ململانی ناوخۆیی و دەرەکی جۆراوجۆر بۆتەوە، هەروەها گۆڕانکاری زۆری بە خۆوە دیوە لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی یان فیکر و ستروکتورەوە. ئەگەر چی لە دیدی واقیع بینانەوە زۆرێکی ئەو گۆڕانکاریانە تا ڕادەیەک ئاسایی و سروشتین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەهێنێ هەڵوێستە لەسەر ژمارەیەکی زۆر لەو گۆڕانکاریانە بکرێن و لێکدانەوەی فەلسەفیان بۆ بکرێت. بێگومان (٤٠) چل ساڵ خەبات و تێکۆشان مێژوویەکی درێژە بە نیسبەت خەباتی سیاسیەوە. بە تایبەتی لەم (٤٠) چل ساڵەی دواییدا گۆڕانکاریە سیاسیەکان نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی دونیا و بە شێوەیەەکی گلوباڵ زۆر خێرا و تا ڕادەیەک دراماتیکیانە بوون. جا بمانەوێ و نەمانەوێ کاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر هەموو کۆمەڵگاکان هەیە بە کوردستانیشەوە. ئێمە لێرەدا بە ئەرکی نیشتمانی خۆمانی ئەزانین پەنجە بخەینە سەر ئەو گۆڕانکاریە نەخوازراوانەی کاریگەری نەرینی (نێگەتیڤی) لەسەر ڕەوشی (ی ن ک) بەجێ هێشتووە. لە هەمان کاتیشدا ئەکرێ لێمان بپرسن کێ بڕیار ئەدات کامە ئاڕاستە ڕاست و دروستە یان نەخوازراو و پێچەوانەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارە فەلسەفیەیە کە ئێمە ناچار ئەکات بە زنجیرەیەک بابەت وەڵامی بدەینەوە.
پێش ئەوەی خۆمان لە قەرەی ئەو باسە قووڵانە بدەین یان ئێوە تووشی گومڕایی و سەرئێشە بکەین لە جێی خۆیدایە ئەو پرسیارانە بوروژێنینەوە کە بەردەوام لە هزری هەمووماندا سەرەتاتکێ ئەکات. ئایا ئامانج لە پێکهێنانی نیمچەبەرەی (ی ن ک) ئەوی ڕۆژێ چی بوو؟ ڕاستە هەلومەرجەکانی خەبات و ژیانی کۆمەڵگای ئەمڕۆ جیاوازە و ناکرێت بە هەمان پێوانەکانی ئەوی ڕۆژێ گەنگەشە بکرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک پرنسیپ و بەهای مرۆڤانە هەیە کە ئەوسا و ئێستاش گرنگی هەبووە و هەیە بۆ ژیان و تاکەکانی کۆمەڵ. ڕێزنەگرتن لەو پرنسیپ و بەهایانە ئەبنە مایەی شێواندنی کۆمەڵگا وخولقاندنی چەندین دیاردەی خراپ و مەترسیدار، بۆ نمونە دزی و گەندەڵی. ئەمانە هۆکاری سەرەکین لە تێکدانی شیرازەی ژیانی کۆمەڵگا و دروستکردنی بێ سەر و بەری و نە هێشتنی ئینتیما و گیانی نیشتمانپەروەری لای تاکەکان.
ئاریشەکانی (ی ن ک) چیتر لەوە دەرچووە بە تەنها وەکو کێشەیەکی ناخۆیی و حیزبی لە چوارچێوەی کۆمیتەی سەرکردایەتیدا سنووردار بکرێت و ڕێگری بکرێت لە خەمخۆری و پێشنیاری ئەندامان و دڵسۆزانی ناو ئۆرگانەکانی لە پێناو چارەسەری گرفتەکانیدا. بێگومان ئێمە کۆمەڵێکی زۆرین لە ئەندام و هەوادارانی (ی ن ک) کە ئامادەین بە هەموو شێوازێکی مەدەنیانەی هاوچەرخ هەوڵی مانەوە و ژیانەوەی (ی ن ک) ئەدەین و ئەمانەوێت وەکو هێزێکی گرنگ و خاوەن کاریگەر بمێنێتەوە. چونکە ئەزانین (ی ن ک) تاکە هێزە کە بتوانێت بەلانسی سیاسی لە نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمەکەدا ڕابگرێت و فاکتەری گرنگ بێت بۆ پێشخستن و گەشەکردنی خەڵکی هەرێمەکە. بۆیە بە هیچ جۆرێک ناهێڵین کەسانێکی کەم فرسەت و خۆپەرست لەسەر لاشەی ماندووی (ی ن ک) جێی خۆیان خۆشکەن و هەموو بەها و تواناکانی (ی ن ک) لە گێرژنە بەرن. (ی ن ک) بە تەنها موڵکی چەند هەڤاڵ و کاکێکی ناسراوی ناو هێزەکە نیە بەڵکو هێزێکی جەماوەریە و بەرهەمی خەباتی هەزاران تێکۆشەرە و بە خوێن و ماندوو بوونی لە خۆ بردوانەی هەمووان پێکهاتووە. بۆیە لە کەسی قەبول ناکەین (ی ن ک) وەکو دەزگایەکی تایبەت یان کۆمپانیا بەکار بهێنێت بۆ مەرامی تایبەتی.
بۆیە لێرەوە ڕاشکاوانە داوائەکەین با هەمووان پێکەوە بارلاری کاروانی خەبات ڕاست بکەینەوە و بەردەوام بین لەسەر ڕێباز و ئامانجی شەهیدە نەمرەکان، چونکە ڕێمان دوورە و هێشتا خەبات بەردەوامە و زۆرمان ماوە بگەینە ئامانجی شەهیدان. هەرچەندە کات درەنگە بەڵام بەسەر نەچووە. ئێمە هیوامان ماوە و ترووسکایی ئەبینین. داواکارین هەرکەس لە کادر و ئەندامان و هەوادارانی (ی ن ک) لە ناوەوە و دەرەوە چاکی لێ بکا بە لادا و لە ئاستی خۆیەوە تەکانێک بەم ڕەوتە نوێیەی دڵسۆزانی (ی ن ک) بدات و پێکەوە مێژوویەکی تری پڕ سەروەری تۆمار بکەین. با پێکەوە بۆیە لێرەوە ئەڵێین تا ئێرە و بەس.ئۆردووی گەندەڵان و هەلپەرستان فرێدەینە زبڵخانەی مێژووەوە بتوانین سەرلە نوێ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی سەرفرازکەین.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٧/٣/٢٠١٤