رزگار رەزا چوچانی سوید :بەپێی ئەو زانیارییانەی بە (سڤیل) دراوە، لەكۆمیتەی سویدی یەكێتی نیو ملیۆن كرۆن دیار نەماوەو لەلایەن كۆمیتەكەشەوە هەرەشەی کوشتن لە ژنە چالاکوانی کورد تارا توانا کراوە، لێپرسراوی پێشووی ئەو کۆمیتەیەش زانیارییەکانی سڤیل پشت‌راست دەکاتەوە.
بەهۆی ئەوەی لەکاتی رژێمی بەعس زۆرێک لەسەرکردەکانی یەکێتی لەوڵاتی سوید مافی پەنابەریان پێدراوە، بەشێکی زۆر لەخزم و کەسەکانیان روویان لەم وڵاتەکردووە، ئەوەش وایکردووە لە ئەمرۆدا هەر پۆستێکی یەکێتی بۆش بێت، کەسوکارو لایەنگرانی سەرکردەکانی یەکێتی لەهەوڵی بەدەستهێنانیدا بن و بەهۆی ئەوەشەوە گرفت لەنێوان سەرکردەکانی ئەو حزبەدا دروست ببێت، وەک ئەوەی کە پۆستی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان درایەوە بەیەکێتی، ئەو حزبە زیاتر لەساڵێک هەوڵدان نەیتوانی کاندیدێکی خۆی لەسوید یەکلا بکاتەوە، بەهۆی کێبەرکێی بەرپرسەکانی بۆ دیاریکردنی نزیکەکانی خۆیان، ئەوەش یەکێتی ناچارکرد، لەدەرەوەی سوید کادرێکی خۆی دیاری بکات بۆ ئەو پۆستە، هەر بەهۆی ئەوەی زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی لەم وڵاتەدا بوون، ئەو حزبە لەناو خەڵکی کوردیش لە سوید جەماوەرو رێکخستنی خۆی هەیە، لەکۆنفرانسی پێشووی رێکخستنەکانی یەکێتی دا لەسوید نزیکەکانی کۆسرەت رەسوڵ توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام لەم کۆنفرانسەدا خەتی گشتی سەرکەوتن و ئەوان دوورخرانەوە.
سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی رێکخستنی سویدی یەکێتی، کە نەیویست ناوی بهێنرێت، کێشەکانی ئەو کۆمیتەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت” کۆمیتەی رێکخستنی سوید، رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی گەورە بۆتەوە، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، ئەنجامی شەرمهاوەری بۆ یەکێتی دەبێت”.
ئەو سەرچاوەی سڤیل کێشەکان دەخاتەڕوو دەڵێت” لەدواین کۆنفرانسی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی لیژنەیەک لەکوردستانەوە هاتن بۆ سەرپەرشتی کۆنفرانسی کۆمیتەکانی دەرەوە، بەڵام ئەو لیژنەیە دەستیان هەبوو لە دوور خستنەوەی شوێنکەوتوانی کۆسرەت رەسوڵ عەلی و د. بەرهەم ساڵحدا، پشتیوانی کۆمەڵە کەسێکیان کرد سەرکەون کە نزیکن لە باڵی گشتی و بەخەتی هێرۆخان باس دەکرێن. جگە لەوەش ماوەیەکی زۆرە بڕی نیو ملیۆن کرۆنی سویدی لە کۆمیتەی رێکخستنی سوید دیار نەماوە، وەسڵی چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەش لە هیچ دۆسیەیەکی کۆمیتەکەدا بوونی نییە، ئەوەش بووە بە کێشەو لە نێوان بەرپرسی پێسوی کۆمیتەو ستافی ئیستادا چونکە لێپرسراوی پێشووی کۆمیتە دەڵێت، دەبێت راستی خەرجکردنی ئەو برە پارەیە ئاشکرا بێت و ئەگەر وەسڵی خەرجی نەبێت گەندەڵی کراوە”.
ئەو سەرچاوەیە لەکۆمیتەی رێکخستنی سویدی یەکێتی، “گەورەترین گرفتیش” واباس دەکات. کە” لەوڵاتێکی وەکو سوید کە بۆخۆیان گومانیان لە مەسەلەی ژن کوشتن هەیە لەناو کورددا، بەرپرسانی کۆمیتەی سوید لەرێگای تەلەفۆنەوە هەوڵیان داوە، ترس و دڵەراوکێ بۆ ژنە چالاکوانی کورد، تارا توانا دروست بکەن، و هەرەشەی کوشتنیان لێکردووە، ئەویش تەنها بەهۆی ئەوەی کە تارا خان پێشنیاری ئەوەی کردووە، بۆ خەرجی و داهاتی کۆمیتەکە دەبێت کەسێکی شارەزا لەو بوارە وەکو ژمێریار کار بکات، بەڵام لەجێی قبوڵکردنی ئەم پێشنیارە، لەڕێی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئەو خاتونە کادرەکانی تری یەکێتی نییە بترسێت، یان بیرلەوە بکەنەوە تارا خان کادرێکی پێشکەوتووی پارتی سۆسیال دیمکوراتی سویدە، شارەزای یاسای ئەم وڵاتەیەو بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، ئەم کێشە شەرمهاوەرەیان بۆ یەکێتی خولقاندووە”.
ئەگەرچی تارا توانا یەکێک لەو ژنانەیە کە بەردەوام قسەی لەسەر بێ دەنگی ژنان هەبووە، لەو هەرەشانەی لەسەریان دروست دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کە هەرەشەی کوشتنی لێکراوە، دوای چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ پشتراستکردنەوەی زانیارییەکان بۆ سڤیل، تەنها ئەوەندەی وت”کە قسە لەسەر هیچ پرسێک ناکات لەو بارەیەوە”.
هەر لەبارەی کێشەکانی کۆمیتەی سویدی “یەکێتی”یەوە ساڵح قەیتولی لێپرسراوی ئەو کۆمیتەیە دوای ئامۆژگاریکردنی سڤیل کە “ده‌ست له بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه هه‌ڵبگرن و خۆتان مه‌که‌ن به ئامرازی خه‌ڵکانێکی ترسنۆک که نه‌وێرن به ئاشکرا ڕای خۆیان بڵێن و له ژێر ناوی شاراوه‌دا هه‌وڵی له‌که‌دارکردنی خه‌ڵکانی تر و لایه‌نه‌کان بده‌ن”، بۆ ئەو بڕە پارەیەی کە لەکۆمیتەکەیدا چۆنیەتی خەرجکردنی دیار نییە دەڵێت”ئێمە هیچ قسەیەکمان لەسەر ئەوە نییە، چونکە ئێمە لە ١٥/٧ ەوە هەڵبژێردراوین تا ئێستا کرۆنێکمان وەرنەگرتووە، ئەوەش شتێکی زۆر هەڵبەستراوە هەر کەسێک بە ئێوەی گەیاندبێت، هەرحزبێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەو شتانەش پەیوەندی بە حزب خۆیەوە هەیە، ئەگەر کادرێکمان قسەی هەیە، پێویستە لەڕێگای کۆمیتەوە بەدواداچوون بکات، بێگومان وەڵامێکیش وەردەگرێت، ئەو مەسەلەیەش لەپێش ئێمە روویداوە ئێمە ئاگاداری نین”.
لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەی سویدی یەکێتی، باڵانبۆ کۆکۆیی، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ سڤیل زانیارییەکان پشت راست دەکاتەوەو دەڵێت”بەڵێ راستە ئەو بڕە پارەیە دیار نییە، بەڵام من ناڵێم گەندەڵی کراوە، من کاتێک بەرپرس بووم داوام لەو کەسانە کردووە، کە بەرپرس بوون لەخەرجکردنی ئەو پارەیە، دەبێت وەسڵی خەرجی ئەو پارەیە بهێنن، نەیانهێناوە ئێستاش واز ناهێنم و دەبێت روون بێتەوە، ئەو پارەیە بۆ خزمەتی یەکێتی خەرجکراوە؟ یان بەچی دراوە؟، چونکە ئەگەر ئەو مەبلەغە زۆرە خەرج بکرێت و وەسڵی خەرجی نەبێت، بەتایبەت لەم وڵاتەدا ئەوە گومان دروست دەبێت لەو خەرجکردنە، بۆیە بەدڵییایەوە منیش لەسەر ئەو پرسە ئەرۆم”.
بەڵام ئەوە رەتدەکاتەوە کە ئەو بەهۆی ئەوە لەکۆنفرانس دەرنەچوبێت کە باڵێ کۆسرەت رەسوڵەو ئاشکرای دەکات”لەناو یەکێتیدا تەکەتول نییە، بەڵام بیرورای ئازاد هەیە، ئەتوانین بڵێین خەریکە ناوچەو ناوچەگەرێتی دروست دەبێت، ئەوە راستیەو درۆ نییە، راستە من کاک کۆسرەتم خۆش دەوێ، یەکێکم لە پێشمەرگە دێرینەکان و سەرلەشکری تایبەتی کاک کۆسرەت بووم، بەڵام ئێمە هەموومان یەکێتین، هۆکاری دەرنەچوونی من ئەوەبووە، کەمن لە کۆمیتەی سوید کارم کردووە لەدژی گەندەڵی و ناعەدالەتی، ئەو کەسانەش کە ئەو کارەی من لەخزمەتیان نەبووە، بەحسابی خۆیان بەو کارە تۆڵە لەمن ئەکەنەوە، پێیان وابووە ئەگەر دەنگ بە کەسێکی تر بدەن، معادەلەکە ئەگۆرن لەخزمەتی کارەکانیان، بێگومان ئەگەر من رێگریم لە گەندەڵی ئەوان کردبێت، ئەوانیش مافی خۆیانە دەنگ بە من نەدەن، من بەهۆی کوتلەو کوتلەکارییەوە نەبووە دەرنەچووم بەڵکو بەو هۆکارە بووە کەباسمکردووە، ئەوانەی ئیستاش کە دەرچوون هیچیان لە ئاستی ئەوەدا نین سەربەئەموئەوبن، هۆکاری دەرچونیان ناوچەگەری بووە، کە کۆمەڵێک گروپ لەسەر ئەو ئەساسە دروستبوون، ئەوان رابردوویەکی ئەوتۆیان نییە کە لەناو رێکخستندا کاریان کردبێت، بەڵکو وەک گروپ رێککەوتوون کە ئەو بڵێ من پێنج دەنگم لەگەڵە و ئەوی تر بڵێ پێنج دەنگم لەگەڵە، رێکبکەون دەنگەکانیان کۆکەنەوەو ئەو موعادەلە دەربچێت”.
دوای ئەوەی کۆنفراسی رێکخستنەکانی دەرەوەی وڵاتی، یەکێتی، دەبێتە جێی رەخنەی کادرو ئەندامانی ئەوحزبە، ئەمجارەیان بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆنفرانسی رێکخستنەکانیان لەدەرەوە یەکێتی لیژنەیەکی پێکهاتوو لە هەریەک لە سیروانی کوێخا نه‌جم ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و جێگری لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن و عبدالرزاق فه‌یلی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتی و لێپرسراوی په‌یونده‌یه‌کانی ده‌ره‌وه و دلێری ئەحمد شوکری ئه‌ندامی مه‌کته‌بی ڕێکخستن رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکات.
بەڵام لێپرسیراوی پێشووی کۆمیتەی رێکخستنی سوید، زانیارییەکانی سەرچاوەکەی سڤیل پشت‌راست دەکاتەوە و پێی وایە”ئەگەر ئەوان لیژنەیەک بونایە بۆ سەرپەرشتیکردن و هاوکاریکردن کە پرۆسەکان بەباشی بەڕێوە بچێت، دەبوو بێلایەن بن، بەڵام ئەوان ئەو کەسانەیان بانگکردووە کە ئێستا دەرچوون، پێیان وتوون خۆتان هەڵبژێرن، ئەمەش ئیشی لیژنەی بێلایەن نییە، دواتر کاتێک کۆنفرانس دەکرێت، پێویستە ئەو جێگەی کۆنفرانس دەکات راپۆرتی کار‌و چالاکی و دارایی خۆیی هەبێت، من ویستم راپۆرتی دارایی کۆمیتە بخوێنمەوە لە کۆنفرانسەکەدا ئەو لیژنەیە وتیان، بەهیچ شێوەیەک نابێ راپۆرتەکە بخوێنرێتەوە، هەروەها، کاک دلێر کە ئەندامی ئەو لیژنە بووە خۆی کردووە، بە وەکیلی دڵگیر خان کە کارگێری کۆمیتە بوو و لە سوید نەبوو ئەوکات. لەجێی ئەوە دەنگی داوە، بێ ئەوەی بگەرێتەوە بۆ خۆی و بڵێ خانم دەنگ بەکێ بدەم لەجێی تۆ؟، ئایا ئەم لیژنەیە بێ لایەنە؟، هەر ئەو لیژنەیە هەندێ کەسیان لەدەرەوەی کۆنفرانس هێناوەو دەنگیان پێداون لە کۆنفرانس‌دا”.
لای خۆشیەوە بەرپرسی نوێی کۆمیتەی سویدی یەکێتی، قسەکانی بەرپرسی پێشووی کۆمیتە رەتدەکاتەوەو دەڵێت”له‌وه‌تی من له سویدم نه‌مبینیوه تا ئێستا کۆنفرانسی ئاوا شه‌فاف و پاک و بێگه‌رد ئه‌نجام بدرێت، نه‌ک له به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم ده‌رچووم یان کۆنفرانسی کۆمیته‌کانی پێشوو تر به ناپه‌سه‌ند بزانم، بەڵکو له به‌ر ئه‌وه‌ی لە کۆنفرانسه‌کانی پێشوو، له‌لایه‌ن کۆمیته‌وه سه‌رپه‌رشتی کۆنفرانسی که‌رته‌کان ده‌کراو نوێنه‌ری کۆنفرانس هه‌ڵده‌بژێردرا و دیاری ده‌کرا، به‌ڵام ئه‌مجاره لیژنه‌که لەسەرەوە هاتووە، ئەندامی ئەو لیژنەیە هەبووە یەکەمجاری بووە بێتە سوید، ڕاسته‌خۆ خۆیان سه‌رپه‌رشتی کۆنفرانسی که‌رته‌کانیان کرد‌و له کۆنفرانس ته‌واوی ئازادییان داوه به‌وانه‌ی که له که‌رته‌کانه‌وه خۆیان ده‌پاڵێون، هه‌ر که‌سێکیش ده‌رچوه به هه‌ڵبژاردن و به ده‌نگی هه‌ڤاڵه‌کانیان له که‌رته‌کان متمانه‌یان به ده‌ست هێناوه، له کۆی زیاتر له 800 ئه‌ندام 43 که‌س ده‌نگی به ده‌ست هێناوه‌و بوون به لێپرسراوی که‌رت و کارگێر که‌رته‌کان و له هه‌مان کاتدا هه‌ر ئه‌مانه بوون به ئه‌ندامی کۆنفرانسی کۆمیته، باشه ئه‌م لیژنه‌یه ڕۆژی وا هه‌بووە کۆنفرانسی دوو بۆ سێ که‌رت ئه‌نجام داوه، بۆ که‌سێک یه‌که‌م جاری بێ بێته وڵاتێک ئه‌گه‌ر به زه‌ڕه‌بینیش بگه‌ڕێ و هه‌وڵ بدات ده‌توانێت له ناو 800 ئه‌ندامدا 43 کادر ده‌ستنیشان بکات و له هه‌ڵبژاردنی 16 که‌رتدا سه‌رکه‌وتنیان بۆ مسۆگه‌ر بکات، بۆ پشتگیری که‌سێک یان دوان؟. بۆیه سه‌ر له‌به‌ری ئه‌م هه‌واڵه درۆیه‌و به لای سه‌رجه‌م که‌رته‌کانه‌وه کۆنفرانسی کۆمیته به بێگهرترین پرۆسه ناو زه‌ند و په‌سه‌ند کرا. ئه‌وه زیاتر له 42 ڕۆژه کۆنفرانس ئه‌نجام دراوه، ئه‌گه‌ر که‌سێک ناڕازی بوایه ئه‌وه هه‌ر زوو بڵاوی ده‌کردەوە و سکاڵا تۆمار ده‌کرا، بۆیه غه‌در ده‌که‌ن” مەبەستی گۆڤاری سڤیلە” ده‌که‌ونه دوای هه‌واڵی چه‌واشه‌ی له‌م بابه‌ته”.
ساڵح قەیتولی لەبارەی هەرەشەکردن لە تارا توانا ژنە چالاکوانی کورد‌و کادری دیاری پارتی سۆسیال‌دیموکراتی سوید، کە لەهەمان کاتدا جێگری خۆی بووە وەک لێپرسراوی کۆمیتە، بۆ سڤیل رەتی دەکاتەوە شتی وا رویدابێت و رایدەگەیەنێت”ئێمه وه‌ک یه‌کێتی و وه‌ک هاوڵاتیه‌کی دانشتوی ئه‌م وڵاته که وڵاتی یاساییه ئه‌و مافه به خۆمان ناده‌ین له ژیانی تایبه‌تی و شه‌خسی که‌س لێدوان بده‌ین، چونکه ڕه‌نگه لێره جه‌نابت له ئه‌نجامی کێشه‌یه‌کی شه‌خسی و خێزانی بگه‌یته ئه‌و بڕیاره‌ی سکاڵا له سه‌ر برایه‌کت یان ئه‌ندامێکی خێزانه‌که‌ت له دادگا تۆمار بکه‌یت، کاتێک ئه‌م خه‌به‌ره بڵاو ببێته‌وه ڕه‌نگه پێت ناخۆش بێت که‌س پرسیارت لێ بکات، یان ڕه‌نگه وڵام نهدهیتهوهو که‌سیش مافی نیه زۆرت بۆ بهێنێ بۆ درکاندنی تایبه‌تمه‌ندی ژیانی خۆت، له باره‌ی هه‌موو ههڤاڵهکانمهوه هه‌مان ڕام هه‌یه له ئاره‌زوه‌کانیان یان کێشه‌کانیان، مه‌گه‌ر خۆیان وه‌ک هه‌ڤاڵ داوای هاوکاریه‌کم لێ بکه‌ن ئه‌و کا ته شتێکی تره، ئێمه له به‌رنامه‌ی کاری کۆمیته‌ی نوێ‌دا له سه‌ر فه‌رمانی لیژنه‌ی مەکتەبی رێکخستن و کارنامه‌ی کۆمیته‌و که‌رته‌کان، بڕیارمانداوه‌و له سه‌ر ئه‌وه ڕێک که‌وتووین به هیچ شیوه‌یه‌ک به داوکاری و گله‌یی و سکاڵای ته‌له‌فونی یان هه‌واڵ ناردن به که‌سێکی تردا کار نەکەین و هیچ جۆره شتێک له‌م بابه‌تانه ناچێته چوارچێوه‌ی داواکاری و ڕاپۆرتی فه‌رمییه‌وه، بۆیه له کۆبونه‌وه‌ی کۆمیته باس کراوه‌و وه‌ک بڕیار به نوسراو بۆ سه‌رجه‌م به‌ش و ئۆرگان و که‌رته‌کانمان ناردوه که بۆ هه‌ر ( تێبینی، ڕه‌خنه، سه‌رنج، گله‌یی، داوکاری، پێشنیار، سکاڵا) ده‌بێت هه‌ر ئۆرگانێک له سه‌ر کڵێشه‌ی تایبه‌تی خۆی به ناو‌و ناونیشان و به ژماره‌و بابه‌ته‌وه به نوسراوی فه‌رمی داواکاریه‌که‌ی به‌رز بکاته‌وه بۆ ئێمێلی فه‌رمی کۆمیته و هه‌رچی له ده‌سه‌ڵاتی کۆمیته‌دا بوو به زوترین کات وڵام ده‌درێته‌وه‌و هه‌رچی په‌یوه‌ندی به بڕیاری ناوه‌ند یان مه‌کته‌بی ڕێکخستن بوو، یه‌کسه‌ر ده‌ینێرن و داوای فه‌رمان و وڵام ده‌که‌ین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ نمونه سکاڵا له سه‌ر لێپرسراوی کۆمیته‌ش بێت”.
لەگەڵ ئەوەی کە سەرچاوەکەی سڤیل تەئکید لەوە دەکاتەوە، تارا توانا بەڵگەی دروستی لەبەردەستە بۆ سەلماندنی ئەوەی هەڕەشەیان لێکردووەو بەرپرسانی کۆمیتەش ئەو راستیە دەزانن، بەڵام لێپرسراوی کۆمیتە دەڵێت”ئه‌گه‌ر هه‌ڤاڵ تارا که خۆی کارگێڕ و لیپرسراوی به‌شی چاودێری و جێگری دووهه‌می کۆمیته‌یه، تا ئێستا له نوسراوێکی فه‌رمیدا سکاڵای له که‌سێکی دیاری کراو تۆمار کردبێت وناردبێتی بۆ کۆمیته و داوای وڵام و هه‌ڵوێستی کردبێت، ئه‌وه با ده‌قی نوسراوه‌که بنێرێت بۆ ئێوه ئه‌وه ئه‌و کاته نه‌ک ئه‌م قسه‌یه ته‌واوی قسه ههڵبستراوهکان ڕاستن و تاوانه‌کانی له ئه‌ستۆی منه، ئیتر کاکه بۆ ئه‌و ژنه به‌ڕێزه بکرێته ئامرازی به‌هانه‌ی تر؟”.
بەڵام لەبەرانبەردا لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەی سوید، زانیارییەکانی سڤیل پشت‌راست دەکاتەوەو ئاشکرای دەکات” تارا توانا کچێکی چالاک و بەتوانایە دوای ئەوەی کە ئەو کەسانە خۆیان چوون بەدوایدا، داوایان لێکردووە پێیان وتووە، ئەبێ کار بکەی لەناو رێکخستنەکانمان، بەڵام یەکێک لە ئەندامەکانی کۆمیتە بە پشتگیری هەڤاڵێکی تریان، هەڵساون تەلەفۆنیان بۆکردووە و هەوڵی ئیهانەکردن و ترساندنیان داوە، بۆیە من داوا لە یەکێتی دەکەم ئیجرائات لەسەر ئەو پرسە بکات، ئەگەر ئیجرائات نەکات وەک سەرچاوەکەی ئێوە وتویەتی بەرەو رێڕەوێکی زۆر هەڵە دەڕوات”.
سەرچاوەکەی سڤیل لە کۆمیتەی رێکخستنی سوید ئەوەشی خستەڕوو کە کۆنفرانسی سوید لەکاتێکدا سازکرا لەم وڵاتە، خەڵک هەموو لەپشووی هاوین بوو، بۆیە گومان لەوەش دەکرێت هەڵبژاردنی ئەوکاتە بۆ کۆنفرانس مەرامێکی تری لەپشتەوە بێت، کە دەبێت یەکێتی خۆی بەدوایدا بگەڕێت.
دوای چەندین جار پەیوەندی کردن بە دڵگیر خان کارگێری پێشووی کۆمیتەی یەکێتی لەسوید. کە یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتی کۆنفرانس لەجێی ئەو دەنگی داوە بێ ئەوەی پرسی پێ‌بکات دەنگ بەکێ بدات، تەنها ئەوەندەی وت بە سڤیل”ببورن ئەوە کاری حزبەو ناتوانم قسەی لەسەر بکەم”.