توانا تەھا: وەکو زۆربەی شارەکانی دیکە، “سۆران”یش، تژییە لە سەنتەرو رێکخراو، کەچی ئەوەندە بێ خەم و کەم تەرخەمن، چ روودەدات، چ دەکرێت، سوک و باریک دێن و تێدەپەڕن،
پێم سەیرە بەشێکی زۆریان کەسانی ھۆشیار و خاوەن بڕیارن، کەچی وەھا خۆیان دەست و پێ سپی نیشان دەدەن، ئایا شایەنی ئەوە نییە پێتان بڵێن ئێوە کەسانێکن ھەرچی بن، خاوەنی میزاجی سەنتەرو رێکخراو نین و تا لەم دواییەدا خۆتان پێدا شۆڕ کردبێتەوە، باشە بۆ لەم ھەموو سەنتەرو رێکخراوە کە ئەگەر ناوەکانیان بنووسم سڕەیان تا خوارەوە درێژ دەبێتەوە، ئەوانەی چالاکن لە پەنجەی یەک دەست ژمارەیان نیوەی دەمێنێتەوە.
من ئەگەر چی لەگەڵ ئەم ھەموو سەنتەر و رێکخراوە نیم بەم شێوەیە، کە پارەی زۆر وەربگرن و لێی دابنیشن و بێ ھەڵوێست و کەم چالاکی بن، بەڵام پێم وابوو لەگەڵ کردنەوەی ئەم ھەموو سەنتەرو رێکخراو جا لە ژێر ھەموو ئەواناوانەی ھەن، چونکە ستافەکانیان خاوەنی رابردوویەکی خاوێنن بیر لەداھاتوویەکی جوان بۆ کوردستان و سۆران دەکەنەو، لەھەمانکاتدا پێیان شەرم دەبێت ٢، ملیۆن، ٤، ملیۆن، ٦، ملیۆن، ١١، ملیۆن، زێدەتریش وەربگرن و لەژێر ھەمان کەم تەرخەم کۆببنەوەو لەیەکەمین دانشتنیان قسەی گەورە بکەن.! کەچی نەک ھەر شەرمیان نەکرد، بەڵکو چارەنووسی سۆرانیان بەم دەردە بردووە. “پرسی ژینگە، کۆمەڵایەتی، پەروەردە، ئابووری، ھۆشیاری، ئافرەتان، نیشتەجێبوون، کێشەی گەنجان، خزمەتگوزاری” گەلێک بابەتی دیکەش.
زۆرجار لەم شارە چالاکیەک دەکرێت، بەدەگمەن نەبێ، ھیچ لایەنی ئەم سەنتەرو رێکخراونە نیوەیان ئامادە نابن، ئێستا بەشێکی زۆری لەوانەی لە رێکخراو سەنتەردان ھیچیان لە ھەگبە دانییە، تەنیا پەیکەر ئاسا پێدا شۆڕبوونەتەوەو پێیان دەگوترێت چالاکوان، ستافی سەنتەر، ھی فلان رێکخراو، لەپاڵ ھەموو ئەم شتانەی باسی دەکەم زۆر بەلامەوە سەیرە ئەوانە لەکاتی وەر گرتنی “میزانیە”بە چ فیلتەرێک تێدەپەڕن و لەسەر چ بنەمایەک سوک و باریک، چاوپۆشیان لێدەکرێت، بۆ خەڵکی ئەم شارە قسە ناکات، بەناوی ئەوانەوە کەسانێک سنگی خۆیان دەرپەڕێنن و وەکو پێویستیش نەبن.
تکام وایە لەم ھێژایانە، بەکارەکانی خۆیان دابچنەوە، وەھا بێدەنگ نەبن، سۆران شارێکی بەجولەو جوان و پڕکەرستەیە، با ھۆڵەکانی بەردەوام پڕبن لەخەڵک و ئێوە بەچالاکییەکانتان ئێمە ناچار بکەن لەماڵەوە دادەنیشین و بەشداریتان لەگەڵ بکەین و ئێمەو ئێوەش شانازی بەیەکترەوە بکەین.س