شۆخان بەکر، کە لە دراماى مەمى ئالان بە رۆڵى “بەهار” دەرکەوت بە (سڤیل)ـى راگەیاند، لە دواى مەمى ئالان تائێستا سیناریۆیەک نەبووە بە دڵى بێت، بۆیە لە هیچ درامایەکى دیکە بەشدارى نەکردۆتەوە، هەروەها دەڵێت “لە کارى هونەریم تەنیا لە کلیپەکەى عەدنان کەریم پەشیمانم”.
شۆخان بەکر، وەک ئەکتەر و راگەیاندنکار ناسراوە، بەڵام چەند ساڵێکە وەک ئەکتەر خۆى دەرنەخستۆتەوە، لەو بارەیەوە شۆخان بە (سڤیل)ـى راگەیاند، “من و ئەکتەر قەت لەیەکتر جیانابینەوە، چونکە تێکەڵ بە خوێنم بووە، لە دواى دراماى مەمى ئالانیش سیناریۆى درامام بۆ هاتووە، بەڵام بە دڵم نەبووە، ئەمەش ئەوە ناگەێنێت کە تموح وام لێبکات بەشدارى لە ئیشێکدا نەکەم یاخود هەندێک ئەکتەر هەیە دەڵێن دەورى سەرەکیم نەبێت کارناکەم، من بەپێچەوانەى ئەم ئیشانەم، چونکە ئەکتەر موڵکى میللەتە”. شۆخان تەنیا لە یەک کارى هونەرى خۆى پەشیمانە، کە پێى وایە ئەویش بە هۆى کەم شارەزایى ئەوکاتى بووە، دەڵێت “بەس لە کلیپى عەدنان کەریم پەشیمانم، وەک ئەوەى یەکەم کارى هونەری من بوو، چونکە شارەزاى ئیشوکارەکان نەبووم، ئەمە هۆکارێک بوو، هۆکارى دیکەش پێم وایە لەوە زیاتریم پێیە تاوەکو بەشدارى لە کلیپ بکەم، هەروەها جوان نییە من بەشدارى لە کلیپ بکەم، پێم باش بوو واز لەو کارە بێنم و پەرە بە ئیشە هونەرییەکانى دیکەم بدەم”. شۆخان تاوەکو شەشى ئامادەیى خوێندووە، بەنیازیشە لەم نزیکانە بە مەبەستى خوێندن بچێتە دەرەوەى وڵات، ئەو کە یەکەم ئافرەتى کوردە بەرنامەى خێرخوازى پێشکەش بکات، دەڵێت “شانازى پێوە دەکەم بەرنامەى (بەربانگ)م ئەم پێشکەش کردووە، چونکە لە نزیکەوە ئاشناى ماڵە هەژار و فەقیرانى وڵاتەکەى خۆم بووم، تائێستاش من لە خزمەتى بەرنامەى وام بۆئەوەى لەم رێگەوە هەندێک لە کێشە و گرفتى ماڵە هەژارەکان کەم بکەینەوە”.