پەرلەمانتارە کوردە عێراقچییەکان و وەزیرو گوزیر و سەرۆك کۆماری عێراقی عەرەبی لە باوەخولێکانی حکومەتە یەك لەدوایەکەکاندا چیان کرد بۆ کورد ؟! بەغەیری ئەوەی بوون بە چەسپی دووقولی، بەهەزار ناڵی عەلی کوردستانیان لکاند بەم عێراقە شپرێوەی ئێستاوە. ماوەیەکە شەڕێکی تایفی لە
عێراقدا هاتۆتە ئاراوە ، ماددەی ١٤٠ ی نەك هەربۆ زیندوکردینەوە، بەڵکو ئێستا بە ئۆتۆماتیکی جێبەجێبوە، تەڵاقمان لەعەرەب کەوتوە و مارەیی خۆمان وەرگرتوە، پەرلەمانتارانی کوردی داش عێراق کوردستان ئازیزترە لە دینار و دۆلار، دەنگ مەدەن بە کاندیدی کورد بۆ سەرۆك کۆمار، بۆ جارێکی دیکە کورد بەجاش مارە مەکەنەوە. سەیرم پێدێت راگەیاندنی کوردی، وەك هەنگی لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە، ماوەیەک پۆست و کاندید و سەرۆك کۆماریان کردبوە بنێشتەخۆشەی ژێر ددانیان.. بەپەلە کاندیدێك کشایەوە .. کاندیدێك خۆ بەخۆ سیڤی پێشکەش کرد .. لایەنە کوردستانییەکان کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار یەکلایی دەکەنەوە .. لەو عێراقەدا کە مەتحەفی ئەجناسە، ئەگەر دکتۆر نەجمەدین ببوایە بە سەرۆك کۆمار نەیدەتوانی کەریم بێت بۆ کوردان، دکتۆر بەرهەم ببوایە بە سەرۆك هیچ بەرهەمێکی نەدەبو بۆ کوردستان، ئەمێستاش دکتۆر مەعصوم ناتوانێت حاسم بێت بۆ کێشەی کورد ، عێراق ریخۆڵە کوێرەیە بۆ کوردستان، لەبڕین زیاتر هیچ چارەسەرێکی دیکەی نییە، سەرۆك کۆماری عێراقی عەرەبی هەر قابیل بەعەرەبە. بەبیرم دێت باوکم دەیوت کورد و عەرەب بخەیتە ناو مەنجەڵێکەوە گۆشتیان بەیەکەوە ناکوڵیت.
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی