هۆمەر نۆریاوی
ئاوڕدانەوە،نووسین و بگرە توێژینەوە لەسەر هەر پرسێک بە بێ پێناسەکردنی خودی بابەت و ناونیشانی پرسەکە،ڕەنگە دیوی ڕاستینە و کرۆکی بابەتەکەمان لە لا ئاڵۆز بنوێنێت. هەر بۆیە کورت و پوخت دەکرێت بێژم،هەژاری،دیاردەیەکی جڤاکی،ئابووریی و کولتوورییە کە لە ئەنجامی بێتوانایی و لاوازیی لە دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیاندا سەر هەڵدەدات. هەژاریی بۆ خۆ دەیان ڕەهەندی هەیە و لێکۆڵینەوە لەسەر هەر لایەن و ڕەهەندێکی ئەم پرسەیش،پێویستی بە ئەرک و ماندووبوونێکی تایبەت هەیە و لە چوارچێوەی ئەم نووسینەیشدا ناگونجێت و مەبەست لێرەدا مکوڕبوونەوە لەسەر یەک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئەم پرسەیە و ئەویش بە”هەژاریی فەرهەنگی”( Cultural poverty)ناودێر دەکرێت کە ئەمڕۆکە گەلێک کۆمەڵگەی مرۆیی نەخاسما جڤاکی کوردی بەدەستیەوە گیرۆدەیە.
لەو نێوانەدا یەک لە پێوەرە سەرەکییەکان بۆ کۆمەڵگەیەکی پێشڕەو،بە بەرزبوونی ڕێژەی خوێندەواریی یان بڵندبوونی ئاستی ڕۆشنبیریی دادەنرێت. پڕ ڕوونە ئەم پرسەیش بۆ خۆی پێوەندی ڕاستەوخۆی دەگەڵ چەندان پرسی دیکەدا هەیە و بوونی کەلێن لە هەر بوار و بەستێنێکیشدا لە شوێنی دیکەوە بۆشاییی دروست دەکات و بە بێ بوونی ژێرخانێکی تەندروست و بەهێز،پڕکردنەوەی ئەم کەلێنەیش گەلێک چەتوون و زەحمەت دەنوێنێت.
کۆمەڵگەی کوردی لەم سۆنگەیەوە لەبەر گەلێک هۆ و هەگەر کە بۆ خۆی لێکۆڵینەوەی جیاوازی گەرەکە،بە یەک لە کۆمەڵگە هەژارەکان دادەنرێت.
دوابەدوای ئەو هەژان و بزاوتە بەرفرەوانەی کە لە ڕێی شۆڕشی تەکنۆلۆژیاوە دنیای گرتووەتەوە،کۆمەڵگەی کوردییش ئەرچی هێشتاکە لە بن هەژموونی دەوڵەتە سەردەستەکاندایە و جگە لە نیوەهەناسەیەک لە باشووری نیشتمان،هەرگیز وەک پێویست ئەو دەرفەتەی نەخراوەتە بەردەم تا بتوانێت کار لەسەر ژێرخانە بنچینییەکانی خۆی بکات. ئەم ئارێشەیە دواتر بۆ خۆی بووەتە هۆکار و بگرە سەرچاوەی دەیان کێشەی دیکە و خەمساردیی خودی کۆمەڵگەیش دە هێندە پرسەکەی ئاڵۆسکاوتر کردووە. ڕاستە ئێستاکە لە باری ئابوورییەوە ئەم جڤاکە لە هەر هەموو پار و بەشەکانی نیشتماندا،تەکان و گەشەیەکی بەرچاوی ڕواڵەتییانەی بەخۆوە بینیوە بەڵام چونکە ژێرخانەکە هەرۆڵە و بە شێوەی دامەزراوەیی و سیستەماتیک لەم پێوەندییەدا کار نەکراوە یان بە واتایەکی ڕاستتر،لەبەر ئەوەی جڤاکی کوردی هەلی لەباری بۆ نەڕەخساوە،بۆیە لەم سۆنگەیەوە سامان و دارایی ڕووت بە تەنێ دادێک نادات و بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە گرینگە،گەرەک هەرمان و خەباتی بنچینەیی و ڕیشەیی بکرێت.
نووسەری ئەم دێڕانە،کۆچی دواییی ڕۆماننووس و ڕووناکبیری کوردی فارسینووس”مەنسوور یاقووتی”(2024-1949)(1403-1327)وەک دەرفەتێک دەقۆزێتەوە و پەردە لەسەر پرسێکی هەرە هەستیار و دیوێکی تاریک و نووتەکی چاندیی کۆمەڵگەی کوردی هەڵدەداتەوە کە بە هەژاریی فەرهەنگی ناودێرە.
ئەمە ڕاستییەکی تاڵی نێو کۆمەڵگە دواکەوتوو یان بە واتایەکی دی،کۆمەڵگەکانی ڕوو لە گەشەیە کە کۆمەڵگەی کوردییش دەچێتە هەمان خانەوە،تا کێشە و ئارێشەیەک سەرهەڵدەدات،لە جیاتی بیرکردنەوەیەکی قووڵ لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە و چارەسەرکردنی گرفتەکە بە شێوەی بنچینەیی،خێرا پەنا بۆ ژانبڕ دەبردرێت کە ئەم ڕێکارە بۆ کورتخایەن وەرامدەرەوە دەبێت لێ هەرگیز گرفت و پەتاکە بە شێوەی بنەڕەتی چارەسەر ناکرێت.
هەر لەم ماوەیەدا دوابەدوای کۆچی دواییی مەنسوور یاقووتی،هەندێک باس و خواس هاتووەتە ئاراوە کە زام و برینەکە دە هێندە دەکولێنێتەوە. یارمەتیدانی دراویی بنەماڵەی یاقووتی لە لایەن چەند مرۆیەکی خەمخۆرەوە ئەرچی نیشانە بۆ پەرۆشیی ئەم جۆرە مرۆیانە بەرانبەر چاند و کولتووری کوردی دێتە ئەژمار بەڵام لە ئالییەکی دیکەوە زۆر هەژێنەرە و پەردە لە ڕووی گەلێک ڕاستیی تاڵ هەڵدەداتەوە کە ئێمەی کورد هێشتاکە چەندە لە باری فەرهەنگییەوە هەژار و بەلەنگازین. بۆیە دەڵێم فەرهەنگ،چونکە ڕووناکبیر و شاعیری ناسراوی کورد،”فەرهاد شاکەلی”(1951)لە پەڕتووکی “زمانی گەردەلوول،خەونی شنەبا”دا دەنووسێت:”من وشەی فەرهەنگ بەرانبەر(Cultural)ی ئینگلیزی و ئەورووپایی و(سەقافە)ی عەرەبی بەکار دەهێنم و ئێمە لە وشەی (فەرهەنگ)چاکترمان نییە”.(فەرهاد شاکەلی،ل10)
مەنسوور یاقووتییەکان لە نێو ڕووبەری فەرهەنگیی کورددا یەک و دووان نین و هەر ئێستاکە بە سەدانمان پێ شک دێن کە ڕۆژانە بە پەناماندا تێدەپەڕن و بەوپەڕی خەمساردییەوە پشتگوێ دەخرێن و لە ئەنجامیشدا بە کۆبەرهەمێک و هەگبەیەکی ڕەنگاڵەییی یادەوەرییەوە کە قەت هەلی نووسینەوە و لەچاپدانیان بۆ ناڕەخسێت،سەر دەنێنەوە. لە جیاتی ئەوەی کۆمەڵ وشیار بکرێتەوە بۆ لەچاپدان و کڕینی بەرهەمەکانی ئەم جۆرە کەسایەتییانە کە بە سامانی ڕۆشنبیریی نەتەوەیەک دادەنرێن،وەئەستۆگرتنی بەشێکی خەرج و بەرجی بنەماڵەکەیان تەنیا وەک ژانبڕەکە دەور دەبینێت و گرێ ئاڵۆزەکە چەند هێندە ئاڵۆسکاوتر دەکات. کارکردن لەسەر کۆمەڵ و دروستکردنی وشیاریی فەرهەنگی و جێبەجێکردنی دەیان هەنگاوی کردەیی لەم پێوەندییەدا سەد هێندەی ئەو چەشنە هەوڵانە دەتوانێت کاریگەر بێت.چونکە کاتێک کردەیەک بوو بە نەریت،بە هاسانی ڕیشەکێش ناکرێت. بۆیە دەیان پرسی هەرە هەستیاری وەک پەروەردەی ژێرخانیی و بەکولتوورکردنی تایبەتمەندییە جڤاکییەکان دواتر لە بەرژەوەندی کۆمەڵ دەشکێنەوە.
پرسەکە زۆر لەمە ئاڵۆسکاوترە و تەنانەت کوردانی تاراوگەیش دەگرێتەوە. بۆ پتر لە 70ساڵ دەچێت کە ڕەوەندی کوردی لە وڵاتە جۆربەجۆرەکانی ئەورووپا و ئەمریکا نیشتەجێیە کەچی ئەرچی ئەم ڕەوەندە بێ دەستکەوتیش نەبووە و دەستکەوتەکانیش زێتر ڕوویان لە خەباتی کەسەکییە،بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە سەدی یەکی چاوەڕوانییەکان مسۆگەر بکات. کوردانی دیاسپۆرا،لە جیاتی ئەوەی بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە، لۆبی بۆ نەتەوەکەیان دروست بکەن و لەسەر سیاسەتی دەوڵەتان کاریگەر بن و سەرچەشنیش بۆ کۆمەڵگەکەیان بن،بە هەزار داخەوە زۆرینە بە چەشنێک لە نێو ئاشەمەکینەی ڕۆژاوادا تواوەتەوە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونت ناخاتە بەردەم. چونکە ئەم پرسە پێویستە هەر لە منداڵییەوە بە کولتوور بکرێت. ئەمە قسەی خودی خەمخۆرانی بواری ڕۆشنبیریی کوردییە کە لە دەیان پیشانگە و کۆڕی ڕۆشنبیریی کوردانی ئەورووپادا لە سەد کەس،دوو کەسیان بۆ کڕینی بەرهەمێکی چاندیی یان بە واتایەکی دی،کتێبێکی کوردی دەست بۆ گیرفانی نابات. ئەوە لە حاڵێکدایە بە هەزارانمان پێ شک دێن کە بۆ کۆڕێکی ڕووکەشی بەناو هونەری یان شەواهەنگ(شەوەئاهەنگ)ێک،بە سەدان دۆلار خەرج دەکەن. لێرەوە پرسەکە کارەساتبارتر دەنوێنێت. هەرگیز نابێژم،مرۆ ئەو مافەی نییە دووی خواست و ئاواتە کەسەکییەکانی خۆی بکەوێت بەڵام چونکە ئاستە فەرهەنگییەکە لاوازە،جیاوازیی لە بەینی هونەری ڕاستینە و هونەری سەرقاڵکەریشدا نابینرێت. لە حاڵێکدا وێڕای ڕێز و پێزانینم بۆ بەشێک لە بەزمگێڕەکان کە لە سای هەژاریی فەرهەنگیی کۆمەڵگەوە سامانیان لە بازرگانان واوەترە،ڕۆشنبیرانی وەک یاقووتییەکان گەرەک مانەوە لە نەخۆشخانەیان لە لا پێ باشتر لە گەڕانەوە بۆ ئامێزی بنەماڵە بێت! ئەمە گریانی گەرەکە و پەردە لە ڕووی هەژاری کولتووریی کۆمەڵگە هەڵدەداتەوە. ئەم پرسە ڕاست دەمباتەوە تا بەردەم واقیعێکی تاڵ کە ئەویش ڕووی لە ڕەخنەگرتنێکی ژنە ڕووناکبیر و شاعیری کورد”مەهاباد قەرەداغی”(2020-1966)لە تێکستی گۆرانییەکی”عەزیز وەیسی”(1967)(1345ی هەتاوی)یە کە کۆمەڵەی تەنانەت ڕۆشنبیریی کوردی ئەوەندە لایەنی گۆرانیبێژەکەی گرت،کەمتر ئاوڕی لە دیوە ڕاستینەکەی پرسە و هەروەها بەرهەمە فەرهەنگییەکانی ئەم ژنە ڕۆشنبیرە دایەوە.
بە لای “حەمەسەعید حەسەن”(1950)ی نووسەر و ڕەخنەگرەوە،”ڕۆشنبیر کەسێکە ڕەخنە لە نەریت دەگرێت،نەک لەوەی پێڕەوی دەکات”. (ل28)
هەموو فەرهەنگ و کولتوورێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تێدایە و بە گوێرەی سەردەمیش ئەم پرسە گۆڕانی بەسەردا دێت. هەر ئەوەندە ئەم تێکستە سەرچاوەکەی لە فۆلکلۆری کوردییەوە هەڵقوڵاوە کە فۆلکلۆریش بەشێکە لە فەرهەنگی نەتەوەیەک و کوردیش خاوەنی یەک لە سامانە دەوڵەمەندەکانی فۆلکلۆر لە نێو گەلانی دنیادایە و کەسیش حاشا لەم ڕاستییە ناکات،کوانێ ئیدی کەس بۆی نییە وەبەر توانج یان ڕەخنەی بدات! وەک چلۆن ئێمەی کورد هەنووکە هەندێک دابونەریت و تایبەتمەندیی ئەرێنیی فەرهەنگ و کولتوورەکانی گەلانی دی بۆ نێو فەرهەنگی کوردی دەگوێزینەوە و لە شوێنی دیکەیشدا گەلێک نەریت و خەسڵەتی ئەو کولتوورانە وەبەر ڕەخنە دەدەین،بە هەمان چەشنیش نابێت دەمارگرژانە و کوێرانە داکۆکی لە هەر جۆرە دابونەریت و سامانێکی بەرینانمان کە بۆ ئەم سەردەمە ناشێن و ڕەخنەی فرەیان بەرەوڕوو دەکرێتەوە،بکەین و بڵا لەم ڕێگەیشەوە خۆڵ لە چاوی خەڵک نەکەین.
ڕەهەندێکی تاڵتری هەژاریی فەرهەنگی ڕووی لە توێژی پێشڕەو یان بەواتایەکی ڕاستتر بەناو ڕووناکبیری کوردە.
ئەو جۆرە بەها و نۆرمە جڤاکییانەی فەرهەنگە سەردەستەکان کە لە ڕاستیدا بە دژەفەرهەنگیش بۆ کولتووری کوردی دادەنرێن و لە لایەن توێژی بەناو ڕووناکبیر و پێشڕەوی کۆمەڵگەی کوردییەوە بۆ نێو کولتووری کوردی دەگوێزرێنەوە،خۆی لە خۆیدا لە هەژاریی فەرهەنگییەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەم جۆرە گوێزتنەوەیە گەلێک مەترسیدارترە چونکە کۆمەڵگەیش دەوری لاساییکەرەوەی ئەم توێژە دەبینێت و بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی ئەم دیاردەیەیش بە ساڵان ڕۆشنگەری گەرەکە. بۆیە توێژی پێشڕەوی کۆمەڵ لەم پێوەندییەدا بەرپرسیاریەتییەکی قورسی لەسەرشانە و پێویستە دەستبەرداری لاساییکردنەوەی ڕەهای کولتووری زاڵ ببێت.
چونکە توانەوە و بیرکردنەوە و هزرینی ناکوردی بۆ خۆی یەک لە پەتا کوشندەکان بە حاڵی کۆمەڵگەی کوردییە و بە هۆکارێکی هەژاریی فەرهەنگی دادەنرێت کە سەرچاوەکەیشی توێژی خوێندەوار یان بە واتایەکی ڕاستتر،زانستوەری کوردە. ڕاستە نزمبوونی ئاستی خوێندەواری بۆ خۆی یەک لە هۆکارە گرینگەکانی بڵاوبوونەوەی هەژاریی فەرهەنگی لە نێو کۆمەڵگەدایە بەڵام لەو لایشەوە ئەمە ڕاستییەکی هەژێنەرە کە تەنانەت بەشێکی بەناو ڕووناکبیری کورد ئەوەندە بیرکردنەوە و خوێندنەوەی ناکوردییە کە سەد مخابن دواتر بەرهەمی هەر ئەم شێوە هزرینە دەگوێزێتەوە بۆ نێو ڕووبەری فەرهەنگیی نەتەوەکەی کە سڕینەوەیان پڕ چەتوون و ئاستەم دەبێت. هەر بۆیە هەژاریی فەرهەنگی تەنیا ڕووی لە ڕەشۆک نییە و فرە جار ئەوە توێژی خودی خوێندەوار و بەناو ڕۆشنبیری کوردە کە لەبەر نامۆیی بەرانبەر سامانی فەرهەنگیی خودی خۆی یانژی بەنزم سەیرکردنی زمان و فەرهەنگەکەی خۆی،دەبێتە کۆسپ و لەمپەری سەرڕێی گەشەسەندنی فەرهەنگ و کولتوورەکەی و سووک و سانا ئامێز لە ڕووی فەرهەنگی سەردەست دەکاتەوە و ملکەچی چاندی زاڵ دەبێت. لەم سۆنگەیەوە ئەم ڕەهەندەی هەژاریی فەرهەنگی دەتوانێت مەترسیدارتر بێت.
با بزانین هەژاریی فەرهەنگی چلۆن سەرهەڵدەدات؟
لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەکرێت.
کاتێک سامان و کەرەستە فەرهەنگییەکان بە شێوەی یەکسان لە نێو کۆمەڵگەدا دابەش نەکرێن،گەلێک ڕوونە هەژاریی فەرهەنگی چێ دەبێت. بە نزم سەیرکردنی چاند و کولتووری خۆ،بە یەکێکی دی لە هۆکارەکانی هەژاریی فەرهەنگی دادەنرێت. ڕاگەیاندنی چەواشەکار و کرچوکاڵ و نەبوونی ئازادیی لە نێو دنیای میدیادا بۆ خۆ یەک لە هۆکارە گرینگەکانی سەرهەڵدانی هەژاریی فەرهەنگی دێتە ئەژمار.
ئەی چۆن دەتوانین چارەی ئەم ئارێشەیە بکەین؟
دەستەڵات دەتوانێت لەسەر چارەسەرکردنی ئەم ئارێشە گرینگە دەوری سەرەکی ببینێت. بەڵام بۆ ئێمەی کورد کە هێشتاکە بەدەست ئەم دەردە گرانەوە ناڵانین،واتە تۆ کە کیانێکی سەربەخۆت نەبوو،پڕ ڕوونە میدیا و دەزگای سەربەخۆی ڕاگەیاندنیشت نابێت. پەروەردە و بارهێنانی سەربەخۆیشت نابێت. لێرەوە بەشی سەرەکیی ئەرکەکە دەکەوێتە ئەستۆی بنەماڵە،میدیا و ناوەندە سەربەخۆ فەرهەنگییەکان و دەتوانن لەسەر چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کاریگەر بن. قسە لەسەر هەر کامە لەم فەکتەرانەیش بۆ خۆی پێویستی بە توێژینەوەیەکی تایبەت هەیە. بەڵام ڕاستیت گەرەکە ئێستاکە هیچکام لەو فەکتەرانەیش دەوری سەرەکی خۆی نابینێت. بنەماڵە بەدەست خەمی نانەوە گیرۆدەیە. ناوەند و بنکە فەرهەنگییەکان بوونەتە مەکۆ بۆ تاقمێکی خودی و ئەوانی دی بە ناخودی لەقەڵەم دەدرێن. میدیایش بۆ خۆی چارەنووسی ڕوونە و بە فیتی ئەم لایەن و ئەو پارت هەڵدەسووڕێت و زۆر جار کۆپییەکی کوشندەی میدیای فارسی،تورکی و عەرەبییە و بگرە بەهاکانی ئەو جۆرە فەرهەنگانە کە دژ و تەنانەت دەگەڵ کولتووری کوردی ناتەبان،بۆ نێو فەرهەنگی کوردی دەگوێزنەوە کە بەڕاستی ئەمە زۆر هەژێنەرە و فەرهەنگ و کولتووری ڕەسەنی خۆت پەراوێز دەخەیت. پرسی بەرنامەسازیی لە نێو میدیای کوردیدا هەر مەپرسە و بێ پلانی بێداد دەکات.
دیوێکی دی یان بە واتایەکی تر،ڕەهەندێکی دیکەی هەژاریی فەرهەنگی ڕووی لە بازرگانی کورد و کاسبکارانی ڕووبەری فەرهەنگییە.
زۆرینەی ساماندار و دەوڵەمەندە کوردەکان لە ساڵدا بەم بۆنە و بەو بۆنەی جیاوازەوە کە کەمتریش پێوەندی بە فەرهەنگ و کولتووری کوردییەوە هەیە،بە میلیۆنان خەرج دەکەن کە گەر سەدی یەکی ئەم دراوە لە پێناو گەشەپێدان و پێشخستنی فەرهەنگەکەی خۆدا دەکار بێنن،هەم خزمەت بەرانبەر کولتوورەکەیان دێتە ئەژمار و هەمیش وانەیەکی جوان بۆ نەوەی ئێستا دەگوێزنەوە کە تا چەندە گرینگە مرۆ ڕاژە و خزمەتی فەرهەنگەکەی خۆی بکات کە دواتر ناوێکی شیاویش لە مێژوودا بۆ خۆ تۆمار بکەن. بەڵام کوا جگە لە قازانج و بەرژەوەندییەکی بەرتەسکی کەسەکەی(تاکەکەسی)پرسی دی ئەوەندە بەهەند وەردەگیردرێت!
لە لایەکی دیکەوە،بە هەزاران کاسبکاری ڕووبەری فەرهەنگییت پێ شک دێت کە لەمێژە بازرگانی بە کولتووری کوردییەوە دەکەن،بڵا بۆ جارێکیش بووە،دەرزییەک بەخۆدا بچەقێنن و بۆ لەمەوبەدوا ئەو سامانە زۆرەی لە ڕێی فەرهەنگی دەوڵەمەندی نەتەوەکەیانەوە دەستیان دەکەوێت،ڕێژەیەکی کەمی بخەنە خزمەت فەرهەنگی گەلەکەیان.
لایەنێکی دیکەی هەژارییەکە،ڕووی لە خودی تاکی کوردە کە هەرگیز وەک پێویست بەخۆدا ڕۆ ناچێت.
خۆزی هەر لە دەستکورتترین کەس تا بە داراترینمان کە لانیکەم هەر چەند ساڵە و بۆ تازەکردنەوەی دەفر و دۆڵە و کەرەستەی ناوماڵ خەرج دەکەین،سەدی یەکیشی بۆ دەکارهێنانی لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی کۆمەڵدا تەرخان بدەین کە یەک لەو ڕێگەیانەیش خەرجکردن لە پێناو بڵندکردنەوەی وریایی کولتوورییە.
چاو لە هەژمار و تیراژی کەمی چاپی کتێبی نووسەر و ڕووناکبیران بکە و ئەودیوی پرسەکە بخوێنەوە کە بە هەزار ئەفسووسەوە زۆرینە تەنێ بە تەنیشت بەرهەمەکانیدا تێدەپەڕین و بۆ پاڵشتیکردنیش بووە ئاوڕێکی بەخێر لە کتێبەکانیان نادەینەوە و لانیکەم نابینە دنەدەرێک بۆ تێپەڕاندنی ژیانێکی نیوەئاسوودی ئەم توێژە پەرۆشەی فەرهەنگەکەمان بەڵام لە ئالییەکی دیکەوە،لە کاسبکارانی کتێب بنۆڕە کە لە خوانی ڕەنگاڵەیی سیما و کەسایەتییە ناودارەکانی کورد دەخۆنەوە و توانای بەبازاڕکردنیان لە هێز و توانای بازرگانە بێعارەکانیش بانترە و کەسیش فززەی لە دەم نایەتە دەر. ئەم پرسە،دوو دیوی هەرە تاڵمان دەخاتە بەرچاو کە بە لای نووسەری ئەم دێڕانەوە پەردە لە ڕوویەکی ئاشکرای هەژاریی فەرهەنگی لە نێو کۆمەڵگەدا هەڵدەداتەوە.
ئەم بۆچوون و ڕوانینەی ڕووناکبیر،شاعیر و نووسەری کورد،فەرهاد شاکەلی بەرانبەر پرسی هەژاریی فەرهەنگی دەکەمە دواپەیڤی ئەم کورتەنووسینە کە لە کتێبی”کە بازنە و لاکێشەکان هەڵدەوەشێنەوە”دا دەنووسێت:”بوارێکی دیکەی زۆر گرنگ هەیە کە بەڕاستی من کەمجار قسەم لەسەر کردووە،چونکە دەزانم کەم کەس تێی دەگەن،مەبەستم هەژاریی فەرهەنگی و هەژاریی زانستییە. ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی فەرهەنگییە؛شۆڕشێکی ڕاستەقینەی فەرهەنگی”.(فەرهاد شاکەلی،لاپەڕەکانی 63-62-61)
کورد گوتەنی”بەدەستێک چەپڵە لێنادرێ”(خاڵ،ل113)،بۆیە ئەم شۆڕشەیش پێویستی بە هەڵماڵینی باسکی هیممەت و کارابوونی هەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵ هەیە و گەرەک هەر یەکە و بە دڵسۆزانەترین شێوە ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ بکات.
ژێدەر:
- زمانی گەردەلوول،خەونی شنەبا،فەرهاد شاکەلی،کۆمپانیای چاپ و پەخشی نووسەر،پرۆژەی تیشک،چاپی یەکەم،ساڵی 2008
- ئەو وشانەی دونیایان هەژاند،حەمەسەعید حەسەن،ناوەندی ئاوێر،چاپی یەکەم،2020
- کە بازنە و لاکێشەکان هەڵدەوەشێنەوە،فەرهاد شاکەلی،بڵاوکراوەی ئاراس،چاپی یەکەم،2010
- پەندی پێشینیان،شێخ محەممەد خاڵ،دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،سلێمانی،چاپی سێیەم،ساڵی 2000 و چەند سەرچاوەیەکی دی
Discussion about this post