یاسین برایم _ ڕواندز
_ بڕۆ … تا مەیدانی (ئیمام خومەینی) مەوەستە) !
_ لەوێ ، لە یەکێک لە بازاڕەکان، میوانخانەکان زۆرن.
ئەوە ئاسانترین ناونیشانی بوو ، بە ئێمەی دا..
وامانکرد…
جێگای حەوانەوە و خەوتنمان پەیدا کرد ، جانتاو کەل و پەلمان دانا. وەختی ئێوارە دابەزیمە نێو بازاڕ. کە تا درەنگانی شەو جمەی دێ. منیش لە سەر ئەو کورسییە دارە دانیشتم ، کە لە سەر شۆستەی شەقامەکە داندرابوو. سەیری ئەو خەڵکەم دەکرد (دەھات و دەچوون). پشیلەیەکی لەڕو لاواز ، لەبەردەم خواردنگەی بەرامبەرمان، لە ورتکە نان و پاشماوەی خواردن دەگەڕا. ماندوو و برسی و تووک پیس و بە چرک، رەنگی قاوەیی گرت بوو ، زوو زوو زمانی دەلێسیەوە . نازانم ! بۆچی منیش ، خۆم وەک ئەو پشیلەیە ھاتە بەرچاو . (ماندوو و برسی) ، حەزم لە خواردن و نانی بێخوێ نەدەکرد. بۆ ئەو خواردنێک ھەبوایە و دەمی پێ بگات و بیخوات.. بۆمنیش خواردن زۆر ، حەزی خواردن کەم. ھەرلەو خەیاڵەدا بووم .. پیرەمێردێکی لاواز و ڕیشدار، پشت کووڕو سەرو پرچ ئالۆز. کۆمەڵە کارتۆنێکی لە بن ھەنگڵی بوو ، لە تەنیشت دوکانەکە دانیشت. دوو خولەکی نەبرد ، لە سەرکارتۆنەکان درێژ بوو ، پێلاوەکانی خستە ژێر سەری و خۆی وێکھێناوە. چاوەکانیش زەق زەق بوو ، بەدەستی ڕاستیش ، زوو زوو خۆی دەخوراند.
زۆری نەبرد ، پیاوێکی درێژی ڕەقەڵەی کڵاو لەسەر و جگەرە بەدەست.. دوو سێجار ھات و چوو. دەیڕوانیە پێش خۆی و ھیچ قسەیەکیش نەدەکرد. بێھێزو خەمگین ، پێڵاوێکی کۆنی بەسەر پێیان وەکردبوو ، خشەخشی دەھات. سەری بە سەر زبڵدانەکەی تەنیشت شۆستەکە شۆرکردەوە ، خەیاڵم بۆ ئەوە چوو، ئەویش کارتۆن کۆبکاتەوە و وەکو پیرەمێردی بەرامبەرم لە سەر پاڵبکەوێت. شتێکی چنگ کەوت و بۆدەمی برد. نەمزانی چ بوو خواردی و بۆ ئەو بەری جادە پەڕیەوە…
گڕەگڕی ماتۆرەکانی شەقام، ھێڕیان کردم.
کۆچەریش لەوکاتە پەیدا بوو :
_ وەرە ، دوام بکەوە.
بەیەکەوە ڕۆیشتین ، ھەر ئەو بازاڕەی ئێمەی لێ بووین ، لە کۆڵانێکی تەسک، چووینە ژوور. بەدەستی چەپ چەند ھەنگاوێکمان نا.
_ ئێرە مەیدانی ئەو کەسانەن کە ئالوودەن!
لە دوای نانی ئێوارە ، لێرە پەیدا دەبن ، تا دێت زۆرتردەبن ، من یەکەم جار لە نزیکەوە ئەو جۆرە کەسە تووشبووانە ببینم. پێشتر دەمبیست یان دەمخوێندەوە، کە ئەم وڵاتە پڕە لەو جۆرە مرۆڤانە ، ئەمەم بە زیادەڕۆیی دەزانی. یان بە درۆ و بوختانێکی سیاسییانە..
_ بڕوانە ، ئەو ژنەش ھەوە.!!
لێرە خەریکی کاری خۆیانن. وەستاوون ، دانیشتوون… لە پێش دەرگا ، دیوار ، شۆستەکە ، دێن و دەچن … دوو دوو ، سێ سێ، سەردەکەن بە یەکەوە ، ژمارەکان زۆر دەبن ، کەم دەبن.. گەنج و پیر ، ڕەش و لاواز و ڕەنگ مردوو ، وەک مێروولە بە ھەموو لایەک دەخوڵێنەوە . بەڵام ھێمن و بێدەنگ ، بێھێز و بێڕەنگ، برسی و تینوو ، تەمبەلڕ و ماندوو ، جلو بەرگ پیسو چڵکن. داماو و بێکەڵک ، ناشیرین لای خەڵک.
بینینی ئەمانە ، ماندوو و خەمباری کردم. وەک بڵێی باوەڕ بەمە نەکەم ، کە دەبینم . وامدەزانی لە دیار فیلمێکی سینەمایی ، ئەوانەی (تارمایی و ترس ) وەستاوم. چەند خولەکێک لە نزیک ، لە دوور، سەیری ئەمانەم دەکرد. نازانم بۆچی ھەستم بە ترس و شەرمەزاریی دەکرد..
بە بێدەنگی ھەردووکمان شوێنەکەمان جێھێشت.
شەو ، خەو نەچووە چاوم . خەیاڵم ئاسوودە نەبوو . خۆم و پشیلە و ئەو مرۆڤە ئالوودانە ، لە بەرچاوم ، سێگۆشەیەکی ڕەشی دروستدەکرد. پرسیارێکم دەکرد و دەیان بەرسڤ خۆی ئامادە دەکرد. خەیاڵی منیش ، ئەوەندە ئالوودەی ئەو مرۆڤانە بوو ، ڕەش بوو ! ڕەش وەک مێژووی ڕەشی ئەو پایتەختە پیرو گەورەیە ، ئالوودە بە کوشتنی مرۆڤ و نەتەوە جیاوازەکان. کە تێدا تاکەکان ، لە ژیانێکی گۆشەگیر و دەستەمۆ و شێواو و داماو ، بە چاویلکەیەکی ڕەش، لە بازنێکی ڕەش ، بۆ(نان و کار) دەسوڕێنەوە. تا دێ ژیان و ئازاری مرۆڤەکان زۆرتر دەبن و سوپای ئالوودەکانیش گەورەتر ، ژیانیش وەک مەندیلەی گەورە بەرپرسانی وڵات ڕەشتر.
ئیدی منیش خەیاڵ و خەوم ، بە خەون و خەیاڵ و ئالوودەکان سپارد.. منیش بۆ چەند ساتێک بوومە میوانی ئەوان وئالوودەی خەیاڵ بووم وخەیاڵم ئاڵَوودە بوو ، ئالوودەیەکی خراپ !
١٢/ ٨ / ٢٠١٨ تاران
تێبینی : لە ھەفتەنامەی (رێگای کوردستان) ، ژمارە(١١٤٢) ، لە ڕێکەوتی ٢٥ /٩ / ٢٠١٨ دابەزیووە.