سەدیق سەعید رواندزی : شوێن, پەیوەندییەکی دیالکتیکی بە ژیانی بوونەوەرەکان بە گشتیءمرۆڤیش بە تایبەتیەوەھەیە.بەڕادەیەک ئەگەر شوێن نەبوایە, ژیان نەدەبوو. چونکە شوێن دواجار ئەو سەرزەمینەیە,کە بوونەوەرەکانءمرۆڤیش تیایدا دەژین.کەواتە بەبێ شوێن, ژیان بوونێکی بە
تاڵە.بەو مانایەی جێگەیەک نەدەبوو,مرۆڤەکان تیایدا بژین.ئادەمءحەوا دوای ئەوەی بەری دارێکی حەرامیان خواردءھەڵەیان کرد,ئیدی پەروەردیگار فەرمانی پێکردن کە بە ھەشت جێبھێڵنء بچنە سەرزەوی.ئیدی لەو ساتەوە شوێن لانکەی بوونەوەرەکانءمرۆڤیشە بە تایبەتی.لێرەوەش پەیوەندی نێوان شوێن وەک رەگەزێکءمرۆڤیش وەک بوونەوەرێک, پەیوەندیەکی کارلێکراوکارتێکراوە.واتە شوێن کاریگەریەتی لە سەر مرۆڤ جێدێلێتء بە پێچەوانەوەش، لە ھەندێ کاتدا,مرۆڤ دەستکاری شوێن دەکاتء سیمای راستە قینەو سروشتی ئەو شوێنە دەشێوێنێت.کەواتە پەیوەندی نێوان شوێنءمرۆڤ,پەیوەندییەکی کارلێککراوە.ھەر ئەمەشە دواجار کاریگەریەتی شوێنێک لەیادەوەری ئێمە دەھێلێتەوە.بۆ نموونە:گۆرانی شاعیر چونکە بە گەشتێک چوەتە ناوچەی ھەورامانءسروشتی جوانءرازاوەی ئەوێی بینیوە, ئیدی ئەم شوێنە دەبێتە جێگەی سەرنجی گۆرانء بەو ھۆیەوەش ئەم شیعرە دەنووسێت.کەواتە پرسیار ئەوەیە, ئەگەر گۆرانی شاعیر سەردانی ئەو شوێنەی نەکردبایە,ئاخۆ دەیتوانی وەسفی جوانیەکانی سروشتء شوێنی ھەورامان بکات؟ بە پێچەوانەوە گۆران شوێنەکەی بینیوە,بۆیە وەسفی ئستاتیکای ئەو شوێنە دەکات. وەک چۆن بە جوانیەکانی مۆسکۆش سەرسام بوەو شیعری بۆ مۆسکۆ نووسیوە, لە ھەڵومەرجێکدا, کە ئەو شارەی بینیوە.کەواتە پەیوەندی شوێن بە مرۆڤەکانەوە, پەیوەندی دوو رەگەزی کارتێکراوە بە یەکتری. بەو مانایەی شوێن بە ستراکتۆرە سروشتیەکەی خۆی, نابێتە جێگەی تێڕامانی مرۆڤ, ئەگەر خودی ئەو شوێنە لە بوونێکی سروشتییەوە,نەگۆرێ بە پەیوەندییەکی رووداو.بۆنموونە: ئەو شیعرەی گۆران بەرمەبنای گەشتەکەی گۆرانە بۆ شوێنەکە.کەواتە ئەوەی لێرەدا دەبێتە جێگەی تێڕامانی مرۆڤ,خودی شوێنەکە نییە بە تەنیا,بەڵکو رووداوو پێکھاتەکانی دیکەی ئەو شوێنەنن.کە تیایدا بە شێوەیەک لە شێوەکان,لە یادەوەری مرۆڤ دەمێنەوەو کاریگەری دەکەنە سەری.دەکرێ ئەمە روونتر بکەینەوە. بۆ نموونە: ھەڵەبجە وەک شوێنێک, بۆیە جێگەی تێڕامانء خۆشەویستی ئێمەیە, چونکە کیمیا بارانکراوە.مانەوەی ئەم شارە لە یادەوەری مرۆڤەکاندا, بۆھەمیشەش, پەیوەندی بە خودی روواوەکە ھەیە,کە ئەویش مەرگەساتەکەیە. کەواتە لێرەدا ڕووداو دەبێتە شوناسێک, کە بەھۆیەوە شوێنێک لە شوێنێکی دیکە جیا بکەینەوە,یاخود لە یادەوەری ئێمە بمێنێتەوە.لەو ڕوانگەیەشەوە ئەوە کارەساتەکەیە, کە بە ھۆیەوە شوناسی شارێک دەناسینەوە.ئەگەر کارەساتەکە نەبوایە,ڕەنگە شوێنء شارەکە ئەوگرنگیەیان نەبوایە, لە تێڕوانینی ئێمە.
گوزارشتکردن لە شوێن وەک ڕەگەزێک,لە بونیادی دەقی ئەدەبیدا,یەکێکە لە خەسڵەتەکانی شیعری ھاوچەرخی کوردی.بەڕادەیەک کەم ئەزموونی شیعری شاعیرانی ئێمە ھەیە,تیایدا ھەست بەو گوزارشتکردنەی شوێن نەکەین. شوێن بە مانا جوگرافیەکەی چ لە ئاستی شوێنی گەورە یاخود بچوک, ھەمیشە ئامادەییء ڕەنگدانەوەی ھەبوە لە گوتارو دنیابینی شاعیراندا.واتە شوێن وەک پانتایەکی جوگرافی لە دوو توێی دەقی شیعریدا,بە چەندین فۆرمی جیاوازەوە بە رجەستە کراوە.بۆ نموونە:شوێن وەک وڵات,شار,گوند,ڕەزوکێلگەوباغء..تد.بێگومان ڕەنگە بە شێکی سەرەکی لەو ئامادەیەی شوێن لە شیعری کوردیدا,بۆ ئەو پەیوەندییە ژینالۆژیایەی نێوان مرۆڤءسروشت بە گشتیءشاعیرءشوێنیش بە تایبەتی بگەڕێتەوە.بەو پێیەی شوێن ھەر تەنھا پانتایەک نییە بۆ ژیان,بەلکو شانۆی ڕووداوو بە سەرھاتەکانیشە.بۆیەشە ڕووداوەکان دەبنە بەرمەبنای نیشاندانی شوێن لە شیعردا.چونکە شوێن لە ئاستی بووندا, پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤەکانەوە ھەیەو ھەموو ئەو ڕووداوانەی لە شوێنێک ڕوودەدەن,بە کۆی دیمەنەکانیەوە دەبنە جێگەی ڕامانی مرۆڤەکان.بۆیە کاتێ شوێنێک لە یادەوەری ئێمە دەمێنێتەوە,ھێندەی پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە ھەیە,ھێندە پەیوەندی بەخودی شوێنەکەوە نییە,بەمانا سروشتیەکەی.لێرەوەش کاتێ جێگەوشوێنێک لە شیعردا رەنگدەداتەوە, ئەوا لە بنەڕەتدا دیمەنەکانء ڕووداوەکانی نێو شوێنەکەن,دەبنە ناسنامەو شوناسێک بۆ ناسینەوەی شوێنەکە,کەدواجار کاریگەریەتی لە دنیابینی شاعیر جێدەھێڵن.بێگومان یەکێک لەو شاعیرانەش کەزۆرترین کاری لەسەر شوێن کردوەو بە ئەندازەیەکی زۆر ئەو رەگەزە لە شیعرەکانیدا دەبینرێت(دلاوەر قەرەداغی)شاعیرە. بەڕادەیەک کەم تێکستی شیعری ئەو شاعیرە ھەیە, بە شێوەیەک لە شێوەکانءلەوێنەیەک لەوێنەکان,ئاماژەی بە شوێن نەدابێت.لەزۆربەی شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا,ھەست بە ئامادەیەکی ھەمیشەیی ڕەگەزی شوێن دەکەین.ئەگەر ئەو پەیوەستبوونەی شاعیر بە شوێنەوە بە دیوێکدا,ھاوشێوەی پەیوەندی ھەر مرۆڤێکی دیکە بێت بە شوێن, ئەوا بە دیوێکی ترەوە پەیوەندی بەو دنیا بینیە تایبەتیەوە ھەیە, کە خودی شاعیر بۆ شوێن ھەیەتی.بە دەربڕێنێکی تر, لەروانگەی قەرەداغی شاعیرەوە, شوێن بوونێکی ئەنتۆلۆژیانەو تایبەتی ھەیە, کە جیا لە مرۆڤەکانی دیکە سەیری بکات. ئەگەر لای ئێمە شوێن, پانتایەک بێت بۆ ژیان,ئەوا لای شاعیر شوێن چەندین دەلالەتی دیکەی سایکۆلۆژیءکۆمەڵایەتیءئەتنیکی ھەیە.چونکە شوێن لە روانگەی ئەودا ھەر تەنھا شوێنی ژیان نییە, بە ڵکو لە ھەمان کاتدا جێگەی مەرگءخوێن ڕشتنء مەرگدۆستیەتیشە.بەو مانایەی ھەموو نەھامەتیەکانی مرۆڤ لە ژیانەوە, لەشوێنەوە ڕوودەدەن.ئەگەر شوێن نەبێت مرۆڤەکان لە کوێ فریای ئەو ھەموو ڕووداوانە دەکەوتن؟تەنانەت ئادەمءحەوا کە ھەڵەیان کرد,لە سزای ھەڵەکەیان فڕێدرانە سەر زەوی.ئیدی لەو ساتەوە ھەمیشە سەر زەمین وەک شوێنێک,جێگەی شەڕو کوشتنء مەرگەساتەکان بوە.بۆیە بە شێکی تێڕوانینی شاعیر پەیوەستە بەو بەر یەکەوتنەی لەگەڵ شوێن ھەیەتی,کە لە ھەندێ کاتدا,دەگاتە ناشوێن.واتە گەڕان بەدوای ناشوێنێک لە بڕی ئەو شوێنەی خودی مرۆڤەکان تیایدا دەژین.بۆیە دەبینین,شاعیر لەھەندێ کاتدا,ناسنامەی خۆی نابەستێتەوە بە شوێنێکی دیاریکراو.بە دەربڕینێکی تر, ئەگەر جوگرافیای ھەر شوێنێک,بە شێک لە ناسنامەی مرۆڤەکان پێکبھێنێت,بەوپێیەی مرۆڤەکان بە ئاماژەی وڵاتءناسنامەی نەتەوەییان دەناسرێنەوە,ئەوا لەڕوانگەی شاعیر ناسنامەی مرۆڤەکان, ئەو سنوورە دیاریکراوەی شوێنەکانی نییە.بۆیە شاعیرشوناسی مرۆڤەکان وەک مرۆڤ دەبینێت, نەک وەک شوێن. بەو مانایەی مرۆڤەکان, بە جیاوازی ڕەنگء سیماو ناسنامەیانەوە,دواجار ھەموو یان وەک یەک مرۆڤن. بەرلەوەی دابەشی سەر نەتەوەو جوگرافیاکان بکرێن.ئەمەش ئەو تێڕوانینە مرۆڤدۆستانەیە بۆ ژیان,کە لە بە شێکی زۆری شیعرەکانی (دلاوەر قەرەداغی) ھەستی پێدەکەین.دنیابینیەک,کە مرۆڤ وەک مرۆڤ دەبینێت,بەدەر لە ھەر جیاوازیەکی ڕەگەزیءنەتەوەییءئایینیءجوگرافیش.بەو مانایەی مرۆڤی ھەموو شوێنەکانە.ھەروەک خۆشی لە شیعرێکدا دەڵێت:_
من خەڵکی ئەندەلوس نیم..
خەڵکی سلێمانیءھەولێرءسنەوبەغداو
قورتوبەوستۆکھۆلمءپاریس_یش نیم…
بەڵکو تەنھا بە ناویانداسەفەر دەکەم…
ھەموو ئەو شارانەی لەو کۆپڵە شیعریەدا,شاعیر ئاماژەی پێداون, دەلالەتن بۆ شوێنی جیاواز.بەو مانایەی ھەریەک لەو شوێنانە دەکەونە سوچێکی جوگرافیای ئەم دنیایەوە.ھاوکات ھەر یەک لەو شوێنانە, گوزارشتن بۆ ناسنامەی کە سانێک,کە لە چوارچێوەی ئەو جوگرافیایەدا دەژین.واتە ناسنامەی مرۆڤەکان,پەیوەستە بە ناسنامەی ئەو شوێنانەوە,دواجاریش بە ھۆی ئەو شوناسەوە,خەڵکی ئەندەلوس,لەوانەی سوێد جیادەکرێنەوە,یاخودخەڵکی قورتوبە لەوانەی سنە,جیادەکرێنەوە.کەواتە ئەو شوێنانە ھەریەکەیان مرۆڤێکی جیاواز لە یەکتریان تیادا دەژیت.کەچی شاعیر شوناسی خۆی وەک مرۆڤ,پەیوەست ناکات بە ھیچ لەو شوێنانەوە.ئەمەش مانای وایە,کەشاعیر بەرلەوەی مرۆڤی زەمەنءشوێنێکی دیاریکراو بێت,ئەوا کوڕی ھەموو شوینء شارەکانە.واتە جوگرافیاو سنوورەکان,ئەوبایەخەیان نامێنێ لای شاعیر.لێرەوەش شاعیر مەبەستیەتی ئەو جیاوازیە,ئەتنیکیەی نێوان مرۆڤەکان بسڕێتەوە.بەومانایەی مادامەکێ ھەموومان وەک یەک مرۆڤین,کەواتە جیاوازی نییە لە ھەر جێگەو شوێنێک دابین.لەلایەکی ترەوە دەشێ ئەو تێڕوانینەی شاعیر بۆ ھەموو شوێنەکان بێ جیاوازی وەک یەک, پەیوەندی بەوەو ھەبێت,کە مرۆڤ لە ھەر شوێنێک بێت,دواجار ھەر ئەو بوونەوەرە غەریبەیەکە ھەیە. واتە شوێنەکان ناتوانن مرۆڤ بە ختەوەر بکەن,ئەگەر بەختەوەری لە ناخی نەبێت. لەو ڕوانگەیەشەوە شاعیر خۆی بە خەڵکی ھیچ کام لەو شوێنانە نازانێت.وەک ئەوەی خەڵکی ھەمووشوێنەکان بێت.وێرای ئەمەش شاعیر شوێن وەک پانتایەکی ھەمیشەیی ژیان نابینێت.بەو مانایەی ئەگەر شوێن نەبوو. ژیانیش نابێت.چونکە ئەگەر شاعیر خەڵکی ھیچ کام لەو شوێنانە نەبێت,وەک سنەو سلێمانیء ئەندەلوسءستۆکھۆلمءپاریس,پرسیار ئەوەیە ئەی خەڵکی کام شوێنە؟ئەمەش دەلالەتێکە بۆ ئەوە کە شاعیر شوێن وەک جێگەیەکی ھەمیشەیی ژیان بۆ خۆی نابینێت.بەڵکو تەنیا بە ناویاندا سەفەر دەکات.لێرەوەش دەکرێ ئەو تێڕوانینەی شاعیر بۆ شوێنەکان وەک یەک,پەیوەست بێت بە بوونی ھەموو ئەو ڕووداووکارەساتانەی لەو شوێنانەدا بێ جیاوازی وەک یەک بوونیان ھەیە.یان بەدەربڕینێکی تر,چونکە مرۆڤ لە ناخی خۆیەوە ھەمیشە غەریبێکە, ئیدی لەھەر جێگەو شوێنێک بێت,دواجار ھەر ئەومرۆڤە غەریبەیە.
بێگومان شوێن, وەک بە شێکی سەرەکی لە ژیانی مرۆڤ,کاریگەریەتی لە سەر بوونء ژیانی جێدەھێڵێت.وەک ئاماژەمان پێدا,زۆرجار جێگەو شوێنێک لە یادەوەری مرۆڤدادەمێنێتەوەو دەبێتە بە شێک لە ژیانی کە ھەرگیز ناتوانێ,لە یادی بکات.ئەمەش ھەر تەنیا پەیوەست نییە بە خودی شوێنەکەوە,بەڵکو ڕەنگدانەوەی دیمەنءیادەوەریەکانی نێو ئەو شوێنەشن,لە ئاستی پەیوەندی کۆمەڵایەتیانەی ژیانی مرۆڤەکاندا.بەو پێیەی ئەو شوێنە بۆیە دەبێتە بە شێک لە یادەوەری مرۆڤەکان,چونکە تیایدا ژیاوەولە پەیوەندی دابوە, لە گەڵ کەسانی تردا.ھەروەک(دلاوەر قەرەداغی شاعیر)لە شیعرێکی دیکەیدا دەڵێت:_
لە سەرا یەکتر دەناسینەوە..
لە سەرا بانگی یەکتر دەکەین…
لە سەرا بە کۆمەڵ رادەوەستین…
ھەڵبەتە(سەرا) کە ئاماژەکردنە بۆ بەر دەرکی سەرای سلێمانی,دیارترینء بە رجەستە ترین شوێنە لە شاری سلێمانیدا.ئەم شوێنە بۆتە بە شێک لە یادەوەریءکلتووری کۆمەڵایەتیانەی خەڵکی سلێمانی.وێرای ئەمەش سەرا, ڕەگێکی مێژووییء سیاسی دیاری ھەیە, لە مێژووی گەلی کورددا.چونکە چەندین جار ئەم شوێنە بۆتە پانتایەک بۆ ڕووداوە سیاسیەکانءکارەساتەکان.ھاوکات لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا, سەرا شوێنی پەیوەندی کۆمەڵایەتیانەی نێوان مرۆڤەکان بوە.بۆیە بۆتە بەشێک لە یادەوەری دانیشتوانی سلێمانی, کە مەحاڵە کەسێک ھەبێت, ئەو شوێنەی خۆشنەوێتءلە یادەوەریەکانی خۆیدا ھەڵینەگرتبێت.بۆیە شاعیر لەو کۆپڵە شیعریەدا, جارێکی تر دەگەڕێتەوە سەراو ئاشنای ھاورێیانی دەبێتەوە.ھەروەک شاعیر خۆشی دەڵێت,لە سەرا یەکتر دەبینەوەو بە کۆمەڵ رادەوەستن.ئەمەش گوزارشتێکە بۆ گەڕانەوە بۆ زەمەنێک کە تیایدا, شاعیرلەگەڵ ھاورێیانی لە سەرا وەستاوە.لێرەوەش دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە سەرا وەک شوێنێک, کاریگەریەکی روحیءدەروونی لە سەر ژیانی شاعیر جێھێشتوەو لەو روانگەیەشەوە,بۆتە بەشێک لە یادەوەری ژیانی شاعیرء لە دنیابینی ئەو ماوەتەوە.گەرچی لە سلێمانی شوێنء جێگەی تریش بوونیان ھەیە, وەلێ بە جیاواز لە ھەموو ئەو شوێنانە,سەرا وەک شوێنێک, لای خەڵکی سلێمانی, تایبەتمەندی خۆی ھەیە.بەپێی ئەو مێژووە سیاسیء کۆمەڵایەتیەی ئەو شوێنە ھەیەتی لەمێژووی کوردستان بەگشتیءشاری سلێمانی بە تایبەتی.وێرای ئەمەش لە ئاستی پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا,سەرا ئەو جێگەو شوێنە بووە,کە شاعیر بە شێکی تەمەنی خۆی لێوە بردۆتە سەرو لە پەیوەندی دابوە, لەگەڵ ئەوانی تر.سەرا بۆ شاعیر, ژوانگەی بینینی ھاوڕێیانء یەکتر ناسینی مرۆڤەکان بوە.بۆیە لە یادەوەری ئەو ماوەتەوەو بۆتە بەشێک لە بیۆگرافیای ژیانی تایبەتیانەی,کە ناتوانێت لە بیری بکات.کاتێکیش بە ھۆی ھەر ھەڵومەرجێکەوە بێت, شاعیر لە سەرا دادەبڕێتءدووردەکەوێتەوە,ئیدی تاسەی گەڕانەوەو بینینەوەی ئەو شوێنە دەکات.ھەروەک خۆشی لە شیعرەکەدا ئاماژەی پێدەکات.ئەمەش دەلالەتێکە بۆ ئەوەی کە جیا لە ھەموو شوێنەکانی تر,سەرا تایبەتمندیەتی خۆی ھەیە لە تێڕوانینی شاعیردا,بۆیە تەنیا ئاماژە بەو شوێنە دەکات.
لە ڕاستیدا,پەیوەندی نێوان شوێنءمرۆڤ,وەک باسمان کرد,پەیوەندیەکی کارلێککراوە.بەو مانایەی ھەموو ئەو کارەساتء ڕووداوانەی لە شوێنێک روودەدەن,دواجار بە ئاراستەیەکی دیاریکراو,کە ھەندێ کات شێوەیەکی تراژیدی وەردەگرێت,لە دنیابینی شاعیر دەمێنەوە.بۆیە زۆرجار بەھۆی ئەوەی مرۆڤ لە شوێنێکی دیاریکراوەوە کارەساتءرووداوێکی تراژیدیء دڵتەزێنی بینیوە,ئیدی ئەوشوێنە لە بینینی ئەودا,شێویەکی تراژیدی بە خۆوە گرتوەو,نایەوێت,بە ھەر شێوەیەک بێت ئەو شوێنە ببینێتەوە.لێرەدا ئەوە شوێن نییە بە تەنھا ئەو فۆرمە وەردەگرێت.بەڵکو خودی ئەو ڕووداوانەن,بە ئاراستەیەکی دلخۆشکەر یاخود تراژیدی,کە لە شوێنەکە ڕوویانداوەو, دواجاریش خودی ئەو ڕووداوانەن,شوێنەکە لە بەر چاءی مرۆڤ,جوان,یاخود ناشرین دەکەن.بۆنموونە:لمءجوگرافیای بیابان,بۆ ئێمەی مرۆڤی کورد, ھەمیشەدەلالەتێکی تراژیدیءمەرگەساتی ھەیە.چونکە ھەر کاتێ باسی لمی سەحرا دەکرێت,ئەوا مەرگی سەدان ھەزارکەسمان دێتە بەرچاو,کە بەعس لە پرۆسەیەکی بەدناودا بە ناوی ئەنفالەکان,ئەنفالی کردن.شاعیرچونکە ئەو ڕووداوە تراژیدیە کاریگەریەتی گەورەی بە سەرژیانی ھەبوە,ئیدی ئارەزووی بینینی سەحرا ناکات.ھەروەک خۆشی دەڵێت:_
ئیدی ئاوڕلە سێبەرە سەرابیەکانی سەحرا..
نادەمەوە…
تا بەم دڕەنگ وەختە لە ئێوە ون نەبم..
تاوێ بەرلەفڕینی ئەوان..
من لە سەفەری مێرگەکانی وەنەوشە ھاتمەوە..
لەم کۆپلە شیعریەدا,شاعیر بەراوردی دوو شوێنی دژ بەیەک دەکات.کە لەرووی جوگرافیاو ئستاتیکای سروشتییەوە,زۆرجیاوازن لە یەکتری.شوێنێکیان گوزارشتە بۆخەمءتراژیدیاوکارەساتەکان,کە ئەویش سێبەرەکانی سەحرایە.شوێنەکەی تریشیان گوزارشتە,بۆجێگەیەکی ئستاتیکی ھەمیشە سەوز کە ئەویش مێرگە.سەحرا ھێمایە بۆ خاکی وشکءبریشکی بیابانەکانی باشوور,کە سەدان ھەزار مرۆڤی کوردی,لێیەوە ژێر خاک کراوە.بە پێچەوانەوە مێرگیش,ھێمایە بۆ شوێنێکی ھەمیشە سەوزءجوان کە ئەویش خاکی کوردستانە.شاعیر کە نایەوێت,چاوی بە سەحرا بکەوێت,چونکە ئەنفالی بیر دەکەوێتەوە,کە کارەساتێکی گەورەیە.ھەرکاتێ باس لە سەحرا دەکرێت,مەرگی ئەو ئازیزانەمان دێتەوە بەرچاو,کەلەو شوێنەدا زیندە بەچاڵ کران.وێرای ئەمەش لە بەرامبەر,سەحرادا شاعیر ئاماژە بە شوێنێکی تر دەکات کە ئەویش مێرگەکانی وەنەوشەیە. کەواتە ئەوە کارەساتی ئەنفالە,سەحرا لە دنیابینی شاعیر دەکاتە شوێنێکی قێزەوەن,نەک خودی شوێنەکە,کە دەشێ دیمەنی جوانءدڵرفێنیشی ھەبێت.وەلێ چونکە سەحرا پڕە لە مەرگی ئازیزانمان,ئیدی نەک ھەر ئارەزووناکەین بیبینین,بگرە لەگەڵ ئاماژەکردنیش بەو شوێنە,کوشتنءلەدەستدانی مەرگی ئازیزان ءئەنفالمان دێتەوە بەرچاو.بۆیە تا ئەبەد سەحرا لە دنیابینی شاعیرءبگرە ھەمووشمان, وەک جێگەو شوێنێکی قێزەوەنءناشرین دەمێنێتەوە….
*ئەم بابەتە لە ھەفتە نامەی(نسێی)ئەدەبی بڵاوکراوەتەوە….