یوسف عیزەدین : ھەرچەند ھەردەم و ھەمیشە لەکات و شوێنە جیاجیاکاندا بەتەماشاکردن و روانینە ئاسمان، خەنی بووم و خەنی دەبم؟! بەڵام ئەو دەمەی لە”ئەمنە سوورەکەی سلێمانی” زیندانی بووم و بۆ یەکەمجار کەبەدیواری یەکێک لەژوورە ئینفیرادییەکانیدا ھەڵزنام و لەدەلاقەکەیەوە روانیمە ئاسمان، لەجێی ئەوەی وەک جاران بەبینینی ئاسمان خەنی ببم، بەشێوەیەکی سەیر و ھەژێنەر دڵم پڕبوو.
لەو ساتەوەختەدا زۆر بەقووڵی ھەستم بەدابڕان و ترازانی خۆم دەکرد؛ لەھەموو ئەو شتانەی کەدەکەوتنە دەرەوەی دیوارەکانی ئەو شوێنەی کەتێیدا زیندانی بووم.
ئیدی روانینە ئاسمان لەدەلاقەی ژوورێکی ئینفیرادییەوە، تووشی نامۆبوونێکی قووڵی کردم، نامۆبوونێکی جوداو جیاواز لەھەموو ئەو نامۆبوونانەی کەپێشتر بەرانبەر شتگەلە جیاجیاکان ھەستم پێکردبوو؟! رەنگە یەکێک لەھۆکارەکانی ئەو چەشنە نامۆ بوونەشم، پەیوەست بێت بەوەی کەلەو ساتەوەختەی روانینمدا، ئاسمانم وەک ئەو ئاسمانە نەھاتە پێش چاو کەپێشتر دەمناسی و پێی ئاشنا بووم…ئاسمان لەو ساتەوەختەدا وەک من نەیار و نا ئاشنا و نامۆ بوو بەخۆی و سەرجەم شتەکان؟.
– ئێوارەیەکی تەڵخی ساڵی ١٩٩٠-
لەو ئێوارە تەڵخەدا، ھەر لەخۆمەوە کەوتمە سەیرکردنی ھەموو ئەلبوومە کۆنەکانم و وردبوونەوە لەزۆرێک لەوێنەکانی منداڵیم، بەتایبەتیش ئەو وێنانەی کەبەمنداڵی و پێکەوە، لەگەڵ باوکم پێش مەرگی گرتبوومان.
ئیدی لەو ساتەوەختەدا کەمن لەنێو یەکێک لەئەلبوومەکاندا توابوومەوەو زۆر بەقووڵی دەمڕوانییە یەکە یەکەی وێنەکانی؛ بەبێ ئەوەی ئاگادار بم، پتر لەپانزە، بیست کەسێکی سەر بەھێزەکانی ئەمنی رژێمی پێشووی بەعس، بەباز لەدیواری پێشەوەی خانووەکەمانەوە، ھاتبوونە نێو حەوشەکەمان و لەوێشەوە لەمیانی دەرکەی کراوەی راڕەوەکەمانەوە، ژمارەیەکی زۆریان ھاتنە نێو ئەو ژوورەی کەمن و ئەلبوومەکانی گرتبووە خۆ.
ھەر یەکسەر و بێ سێ و دوو، بەرەو دەرکەی دەرەوە، بەکەلەپچەکراوی بردیانم و لەوێشەوە بەلاندکرۆزێک بۆ ” ئەمنی بەلدەی سلێمانی”.
ئەو شەوەم لەوێ بردە سەر و بۆ سبەی بەیانییەکەی، ھەر زوو چەند ئەمنێک ، پاش ئەوەی یەکێکیان بەپەڕۆیەکی تەڵخ و پیس چاوی بەستم .. بەئۆتۆمبیلێک منیان بردە نێو ئەو زیندانە گەورە ترسناکەی؛ کەدواتر زانیم ئەو شوێنە “مودیریەتی ئەمنی سلێمانی”یەو بە”ئەمنەسوورەکە” ناسراوە.
ئیتر ھەر کەبردیانمە ژوور، بەرەو ئینفیرادییەکان بردیانم و پاش ماوەیەکی کەم؛ بەچاو بەستراوی بەرەو ژووری تەعزیب و تەحقیقیان بردم .. وێڕای شیڕە شیڕ و ھوھاو دەنگە دەنگی بەئەنقەستی گاردەکان و تێھەڵدان؛ کەبۆ ترساندن بوو…
ھەر کەبرامە ژووری تەعزیب و تەحقیق؛ بۆ یەکەمجار لەژیانمدا چاوم بە قولاپی ھەڵواسین و ئامێری دەستیی ئەشکەنجەدانی بەکارەبا کەوت و ھێندەی نەبرد دەستکرا بەئەشکەنجەدانم..سەرەتا ھەڵواسین و دواتر کارەبا و جۆرەکانی دیکەی ئەشکەنجەدانی فیزیکیی و سایکۆلۆژیی؛ لەنێو ئەو ژوورە سامناکەدا کەبۆنی ئارەقەی جەستەو خوێنی لێ دەھات.
ئەوانەی راستەوخۆ کاری تەحقیق و تەعزیبی منیان لەدەستدا بوو؛ نەقیب “ماجید” و مفەوەز ” تاریق” بوون، ئەمە جگە لەتێھەڵدان و سووکایەتی پێکردنی بەردەوامی گاردەکانی دیکەی ئەمن؛ کەدووان لەوانەی بەتایبەت بەمنیانەوە گرتبوو، یەکێکیان ناوی “جومعە” و ئەوی تریشیان “ئەبودەلەف” بوو.
جا ئەم “ئەبودەلەف”ە، لەزلە لێداندا دەستی زۆر قورس بوو، سەرباری ئەوەی شێوازێکی زۆر تایبەتیشی ھەبوو.. سەری زیندانییەکەی دەخستە مابەینی ھەردوو دەستی.. یان بابڵێین ھەر دوو دەستە زلەکانی دەخستە ئەم لاو ئەولای سەری زیندانییەکە و زۆر بەخێرایی بەزللەلێدان دایدەگرتەوە.. من وەک خۆم یەکێک بووم لەو زیندانییانەی؛ کەئازاری بەسوێی ئەو زللە گەرم و قورسانەی “ئەبو دەلەف”م چەشتووە…
-بەسەرھاتەکانی نێو ئەمنەسوورەکە-
سێ ھەفتەی سەرەتام لەئینفیرادییەکانی نھۆمی دووەمدا بردە سەر و دواتر برامە ھۆڵی سێ؛ کەئەویش ھەر دەکەوتە نھۆمی دووەمی زیندانەکە، جا بەمەبەستی خستنەڕووی ھەندێک لەو جەنگە سایکۆلۆژییانەی کەلەگەڵمان دەکرا، ئەوەندەی بتوانم لێرەدا ئاماژە بەھەندێک شت دەدەم؛ بۆ نموونە لەسەرما و سۆڵەی چلەی زستانی ئەو ساڵەی کەتێیدا زیندانی بووم، چەند جارێک ئێواران شووتییان بەژەم داینێ.. دیارە ئێستاشی لەگەڵدا بێت؛ نەمزانی لەو سەردەمەدا کەمیوە تەنھا لەوەرزی خۆیدا ھەبوو، ئەوان ئەو چەشنە شووتییەکۆڵە گچکانەیان لەکوێ پەیدا دەکرد، کەدەبوو وەک ژەم تەنھا یەک شووتیی بدرێت بەزیاد لە ١٥ -٢٠ زیندانیی؟!.
ئەمە جگە لەوەی کەجار جارە، گێزەر و کاھووی قووڕاویشیان بەژەم دەداینێ، ئەمە سەرباری ئەوەی ھەموو ژەمە خواردنەکانی تریش زۆر کەم و خراپ بوون، وەک نموونەیەک ئەو دەمانەی کەخوورما وەک ژەم دەدرایە زیندانییەکان، ھەر یەکەمان تەنھا ٥-٦ دەنکە خوورمایەکی بەر دەکەوت و دەبا خۆی پێ تێرکردبا؟!.
جۆرێکی دیکەش لەو جەنگە سایکۆلۆژییانەی کەلەگەڵمان دەکرا و ھەردەمیش دووبارە دەبۆوە؛ بانگکردن و بردنی زیندانییەکان بوو بۆ تەحقیق و تەعزیب لەکاتی ژەمە خواردنەکاندا.. یان بەئەنقەست لەکاتی ژەمەخواردنەکاندا، زیندانییە تازە دەستگیرکراوەکانیان لەمابەینی ھۆڵەکانی زینداندا ھەڵدەواسی و بەسۆندە و کێبڵ تێی دەکەوتن.. ئاشکرایە بۆ ئەشکەنجەدانی بەردەوامیشمان ھەر شتێکی خراپیان بەخەیاڵدا ھاتبا، بێ سێ و دوو لەسەریان تاقی دەکردینەوە؛ رەنگە ناخۆشترینیان ئەو دەمانە بووبێت کەلەرۆژە ھەرە ساردەکانی زستاندا، سەتڵە ئاویان دەکردە ژێرمان و ناچاریان دەکردین لەسەر پەتۆی تەڕ بخەوین، یان با بڵێین رابکشێین.. چونکە خەوتن لەنێو ئەمنە سوورەکەدا و بەتایبەتیش لەو ئان و ساتانەدا؛ لەئاستەم نزیک دەبۆوە؟!…
شایانی باسیشە لەنێو ھۆڵەکاندا لەبەر کەمی ئەو پەتۆ پیس و بۆگەنانەی کەدەماندا بەخۆماندا، دەبا سێ لەمبەر و سێ لەوبەری ھۆڵەکە، بەرانبەر بەیەک قاچ تێکەڵ بکەین و ئینجا ھەر سیانمان بەجیا دوو پەتۆ بدات بەخۆیدا، واتە سێ زیندانی پێکەوە دەبوو لەژێر دوو پەتۆدا، یان جار ھەبوو یەک پەتۆدا بخەوێت.. لەھەمووشی ناخۆشتر ئەوە بوو کەھەرگیز ساحیبەکانیان نەدەکوژانەوەو ئیشکردنی بەردەوامی ساحیبەکانیش لەزستاندا ھێندەی دیکە ھۆڵەکانی زیندانی ساردتر دەکرد..دیارە سەبارەت بەژوورە ئینفیرادییەکانیش؛ ئەوانەی ساحیبەکانیان ئیشی دەکرد..بەھەمان شێوە ، زیندانییەکانی نێویان.. بەزستانان، زێدەتر سەرمایان دەبوو..ئەمە جگە لەو دەنگە بێزارکەرە بەردەوامەی کەلەساحیبەکانەوە دەھاتن و ھەر بۆ خۆی گەورەترین ئەشکەنجەدەری زیندانیی بوو، بەتایبەتیش زیندانییەکانی نێو ئینفیرادییەکان.
جا یەکێک لەو شتە سەیرانەی کەلەو دەمانەی لەنیو ئینفیرادییەکاندا بووم، کەوتە بەرچاوم؛ نیوەڕۆیەکیان کەزۆرم برسی بوو، “ئەبو دەلەف” بەتووڕەبوون و بۆڵەبۆڵەوە، دەرکەی ژووری ئینفیرادییەکەی کردەوەو نەڕاندی و گوتی: ( خێرا سەتڵی پیساییەکەت بڕێژە).
بەپەلە بەرەو ئاو دەستە پیسەکەی بەشی سەرەوەی ژوورە ئینفیرادییەکان چووم، خێرا ئەوەی لەسەتڵەکەدا بوو، ڕۆمکردە نێو ئاو دەستەکەو تاگەڕامەوە.. تەماشامکرد “ئەبودەلەف”، سەتڵی خواردنەکەمی دەرھێناوە( لەڕاستیدا لەنێو زیندانە ئینفیرادییەکاندا، ھەر زیندانییەک دوو سەتڵی دەدرایە؛ یەکێکیان بۆ ” میزوپیسایی و ئەویتریشیان بۆ خواردن”….). ئیتر لەو رۆژەدا زۆر زیاتر لەرۆژانی تر شۆربای نسکێنەی بۆ کردمە نێو سەتڵەکە؛ واتە ئەو سەتڵەی کەلەبنەڕەتدا سەتڵی” میز و پیسایی” بوو؟!..ئەمە جگە لەوەی کەگاردەکانی ئەمن ھەر خۆیان جار جار بەمەبەستی ئەشکەنجەدانی سایکۆلۆژییانەی زیندانییەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەتڵەکان دەکرد؟!.
یەکێک لەشتە ناخۆشەکانی تریش ئەو رۆژانە بوو کەبەزۆر ریشیان پێ دەتاشین و دەبوو کۆمەڵ کۆمەڵ بەشی سەرەوەی جلکەکانمان دابکەنین و ھەر یەکەمان پێش وەخت کەمێک ئاو بکەینە نێو یەکێک لەو بنە سەتڵە “ماست یان ئایس کرێم”انەی کەپێشتر وەک دەفر بەکارمان ھێنابوو.. بەپەلە لەژێر لێدانی کێبڵ و شەق و زللەدا، دەبوو لەدەرکەی ھۆڵی زیندانەکەوە بچینە راڕەوەکە و لەوێ بەچیچکانەوە دابنیشین و بەدەستێک لەتە ئاوێنەیەکی شکاوی ھێندەی سەدفلسییەکی جاران و بەدەستەکەی تریش گوێزانەکە بگرین.. ئەمە لەکاتێکدا جگە لەجوێن و سووکایەتی پێکردن، تا لەڕیش تاشینەکەش دەبووینەوە، بەکێبڵ و شەق، بەسەرە لێیان دەداین .. کاتێک زیاد لەشوێنێکی رووکاری ھەر یەکێکمان زامدار دەبوو؛ گاردەکان بەبینینی ئەو خوێنەی کەلێرەو لەوێی دەمووچاوی ھەریەکێکمان دادەچۆڕا، خەنی دەبوون و بۆ گاڵتەپێکردن و رابواردنیش یەکێک لەگاردەکان، بەتایبەتیش “ئەبودەلەف” دەیگوت:” پیرۆزتان بێت” و بەدواشیدا جڕت و دواتریش قاقای لێدەدا.
– یادەوەرییەکانی ھۆڵی سێ-
لەو شتانەی لەو ھۆڵەدا زۆر ئازاری دام، زانینی ھەواڵی گوللەبارانکردنی برادەرێکی منداڵیم بوو بەناوی”ئاسۆ کەمال موکورجی”.. بەسەرھاتەکەشم لەکۆنترین کەسی زیندانکراوی نێو ئەمنەسوورەکەوە بیست.. ئەو زاتەی کەبەسەرھاتەکەی بۆ گێڕامەوە زیاد لەدوو-سێ ساڵ بوو لەوێدا زیندانی بوو..ئیدی بەڕێکەوت رۆژێکیان بەسەرھاتی گوللەبارانکردنی”ئاسۆ”ی بۆ گێڕامەوە، کەچۆن ئێوارەیەکیان لیژنەی گوللەبارانکردن ھاتوون، ناوی ئەو و چەند کەسێکی تریان خوێندۆتەوەو پاشان ھەر ئەو ئێوارەیەو دەست بەجێ لەحەوشەی ئەمنەسوورەکەدا گوللەبارانکراون.
بۆ زانیاریش؛ لیژنەی گوللەبارانکردنی زیندانییەکانی ئەمنەسوورەکە، سەرباری زۆری ژمارەیان کەدەھاتن بۆ بردنی زیندانییەکی دیاریکراو، چەکداریش بوون، لەکاتێکدا ھیچ کاتێکی تر گاردەکانی تر بەچەکەوە نەدەھاتنە نێو ھۆڵەکان و بەردەمی؟!.
وەک خۆم رۆژی ٨/٣/١٩٩١، بۆ دواجار ئەو لیژنەی گوللەبارانکردنەم تێدا بینی، واتە ئەو رۆژەی کەتێیدا ئازادبووین، پێش چەند سەعاتێک لەئازادبوونمان؛ کۆمەڵێک ئەمنی چەکدار ھاتن و”محەمەد” ناوێکیان لەگەڵ خۆیان برد و گوللەبارانیان کرد، بەڵام دیارە لەو رۆژەدا ئەمنەکان نەپەرژاونەتە سەر جێبەجێکردنی گوللەبارانکردنەکە بەپێی رێو رەسمی گوللەبارانکردنی نێو ئەمنەسوورەکە.
چونکە پێشتر و پێش گوللەبارانکردنی ھەر زیندانییەک شۆڤڵێک لەحەوشەی ئەمنەسوورەکە دەکەوتە کار و ئەو خۆڵەی رێک دەخست؛ کەپێشتر لەشوێنی پێویستدا رۆکرابوو، ئەمەش بۆ چەقاندنی ئەو دارانە پێویست بوو، کەزیندانییەکانیان پێش گوللەبارانکردن پێوە دەبەستەوە.
زیاتریش ئێواران لیژنەی گوللەبارانکردن دەچوونە نێو زیندانەکەو ھەر زیندانییەکیان مەبەست بایە دەیانبردو پاش کەمێکیش لەبردنی گوللەبارانیان دەکرد.
-ھۆڵی یەک و مانگرتن-
بەژێر زەمینی نھۆمی یەکەمی زیندانی ئەمنەسوورەکە دەگوترا ھۆڵی یەک..کاتێک ھێزەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانانی، دەستیانکرد بەبۆردوومانکردنی شوێنەستراتیژییە”سەربازییەکانی” رژێمی پێشووی عێراق؛ ھەر لەدەستپێکی ئەو بۆردوومانکردنانەدا، شەوێک ھاتن و بەپەلە ھەموو زیندانییەکانی نھۆمی دووەمیان گواستەوە بۆ ھۆڵی یەک.. دیارە سەرباری ساردو سڕیی و شێدارییە ھاوشێوەکەی لەگەڵ ھۆڵەکانی دیکەی ئەمنەسوورەکە، شوێنێکی تاریکیش بوو.
ئیدی کۆبوونەوەی یەکەمجاری ئەو ھەموو زیندانییە سیاسییەی کەلەیەک شوێندا ترنجابوونە یەک و بەش نەکردنی خواردن و خراپبوونی چەندێتی و چۆنیەتییەکەی لەچاو جاران؟!.. سەرباری گیرانی ئاودەستەکانی ھەر دوو بەرەی ھۆڵەکە، کەدەبوو بەقادرمەیەک بۆی بچیتە سەر، ئیتر کەئاودەستەکان گیران، ھێندەی نەبرد ھەرچی ئاو و پیسایی بوو، ھاتە ژێرمان و بەمەش ھەموو لەش و جێگەمان بوو بەپیسایی، دیارە ئەو بارودۆخە نا تەندروستەو وەک ئاماژەشم پێدا خراپی خواردنەکان و ھەندێک ھۆکاری دیکەش بوونە مایەی یەکگرتنی سەرجەم زیندانییەکانی نێو ھۆڵەکە و ئەوە بوو ھەر ھەموومان بڕیارماندا کەمانبگرین.
ھەر ئەو رۆژە نیوەڕۆکەی، کاتێک خواردنیان ھێنا، یەک دوو زیندانی بەناوی ھەموو زیندانییەکانی ئەو ھۆڵەوە، لەو چەند گاردە ئەمنەی کەخواردنیان ھێنابوو، چوونە پێش و گوتیان: “ھەموومان بڕیارمانداوە کەنان نەخۆین”.
ئیتر ئەمنەکان بەمە زۆر شڵەژان و بەپەلە و ھەڵەداوان چوونە دەرێ و ھێندەی نەبرد کۆمەڵێک لەکاربەدەستەکانی ئەمنەسوورەکە، مەبەستم لەپلەدارەکانێتی، ھاتنەبەردەرکەی ھۆڵەکەو پاش ئەوەی کەزانییان چاوسوورکردنەوەو ھەڕەشەو گوڕەشە سوودی نییەو ھیچ زیندانییەکی نێو ئەو ھۆڵە ئامادە نییە ئەو چەشن و جۆرە خواردنانە بخوات کەتادەھات بەرەو خراپتر دەچوو..بەبێدەنگی چوونەدەر و پاش ماوەیەک، کاتێکمان زانی ژەمە خۆراکێکی زۆر و باش لەچاو ژەمە خواردنەکانی دیکەدا ھێنران و بەخێرایی دابەشیان کرد بەسەرماندا.
دیارە مانگرتنی خۆمان و دواتریش خۆپیشاندانی کەس و کاریشمان لەدەرەوەی زیندان، بووە مایەی رێدان بەمواجەھەکردنی کەس و کارمان و ھاتنی خواردن لەوانەوە بۆمان…
شایانی باسیشە ھەموو ئەو ئاڵوگۆڕەی کەپێشتر ئاماژەم پێدا، یەک دوو ھەفتەی تێپەڕنەکرد و کاتێکمان زانی کۆمەڵ کۆمەڵ جیایان کردینەوەو رەوانەی ھۆڵەکانی سەرەوەیان کردین..ئەمە لەگەڵ ئەوەی کەپێم وایە ژمارەیەک لەو زیندانییانەی کەلەبنەڕەتدا لەھۆڵی یەکدا بوون، ھەر لەشوێنی خۆیاندا ھێڵرانەوە.
ئیتر ئەمجارەیان لەگەڵ کۆمەڵێک زیندانی تر، من وەک خۆم کەوتمە ھۆڵی پێنجی نھۆمی دووەمی زیندانەکەو تا رۆژی ئازادبوونم، دەمەو نیوەڕۆی ٨/٣/١٩٩١، ھەر لەو ھۆڵەدا مامەوە.
شایانی باسیشە من وەک خۆم بەقاتێ پیجامەی ھاوینەوە گیرام و تا رۆژی ئازادبوونیشم ھەر ئەوەم لەبەردا بوو، واتە ھەموو پاییز و زستانە تەڕو تووشە زۆر ساردەکەی ئەو ساڵەم بەجلی ھاوینەوە بردە سەر..مەبەستم لەم ئاماژە پێدانەدا ئەوەیە کەزیندانی چی لەبەردا بووایە، تا ئەو رۆژەی دەبرا بۆ دادگا یان گوللەباران دەکرا، ھەر ئەوە بوو.
یەکێک لەشتە ھێجگار ناخۆشەکانی تریش؛ ناچاربوونمان بوو بەخۆشوشتن بەئاوی ساردی زستان، کەسەرمانی دەھێنایە ژان و دواتریش تا وشک دەبووینەوە، دەبوو لەسەرماندا ھەڵبلەرزین، جا نەدەکرا بۆ قورتاربوون لەو ئەشکەنجەیە، بەتەواوی دەست بەرداری خۆ شوشتن ببین؟! چونکە نەخۆشییەکانی پێست و خوورانی بەردەوامی زۆر شوێنی لەشمان؛ لەژێر کاریگەری جموجۆڵی ئەسپێ زۆرەکان، کەزیاتر بەشەوان دەکەوتنە جووڵەو جموجۆڵ؛ نەک ھەر کەسی زیندانیی ناڕەحەت دەکرد، بەڵکو بەتەواویی باری سایکۆلۆژیشی تێک دەدا..ئێستاش کەخوورانی بەردەوامی ئەو دەمی جەستەی خۆمم بیر دەکەوێتەوە، سەرباری ئەو ھەموو ئەسپێیەی کەبەڕۆژ لەمابەینی تەقەڵی چاکەت و پانتۆڵی پیجامەکەمدا خۆیان حەشار دەداو بەشەویش جەستەمیان دەکردە مەنزڵ و ئۆقرەیان لێدەبڕیم؛ مووچڕک بەھەموو بەدەنمدا گوزەر دەکات؟!.
دەتوانم بڵێم ئەو بوونەوەرە بچووکەی کەپێی دەگوترێت ئەسپێ و بەتایبەتیش ئەسپێیەکانی نێو ئەمنەسوورەکە لەئەشکەنجەدانماندا ھیچیان لە جەللادەکان کەمتر نەبوو!؟.
ئەشکەنجەدانی ئەسپێیەکان ھەر لەگەڵ راکشانمان و زیاتریش بەشەو دەستی پێدەکردو تا بەیانی بەردەوام دەبوو..دەیان بوونەوەری بچکۆلە پێکەوە دەکەوتنە جووڵەو لێرەو لەوێ خوێنیان دەمژیین، دواتریش شوێن گەستنەکانیان دەخووراو بەناچاری و خووراندنی زۆریش دەبووە مایەی زامدار بوونی شوێنە خوورێنراوەکەو ھەوکردنی؟!.
جا بۆیە ناچاردەبووین گەر بەئاوی نیمچە بەستووش بێت خۆمان بشۆین.. بەڵام ئاشکرایە خۆشوشتنی نێو زیندانی ئەمنەسوورەکە، ھەر بەناو خۆشوشتن بوو، ئەگینا لەڕاستیدا خۆشوشتنەکە بریتی بوو لەوەی، کەبەخێرایی یەک دوو سەتڵ ئاو بکەیت بەخۆتدا..لەکاتێکدا نەلیفکە ھەبوو نەسابوونێکی وات لەبەر دەستدا بوو کەکەف بکات، بەتایبەتیش بەو ئاوە ساردە؟!..سەرباری ئەوەی نە خاولیش ھەبوو خۆتی پێ وشک بکەیتەوە..رەنگە یەکێک لەئەشکەنجە زۆر ناخۆشەکانی دنیاش بۆ ھەر کەسێک ئەوە بێت، لەچلەی زستاندا ناچاری بکەیت، بەئاوێکی زۆر سارد خۆی بشوات..ئەمە جگە لەوەی زۆرجار ئەو دەمانەی خۆمان تەڕکردبوو، ئەمنەکان دەھاتن و دەبوو خێرا جلەکانمان لەبەر بکەین و پێشیان بکەوین بۆ ژووری تەحقیق و تەعزیب.
-یادەوەرییەکانی رۆژی ئازادبوون-
دەبێت ھەر لەسەرەتاوە ئەوە بڵێم، بڕیار بوو کەمن و کۆمەڵێک لەھاوڕێکانم..لە٢١/٣/١٩٩١دا و لێرەو لەوێی شار، بەبەرچاویی خەڵکییەوە گوللەبارانبکرێین..بەڵام راپەڕینی جەماوەر بووە لەمپەری جێ بەجێکردنی ئەو بڕیارەی جەللادەکانی ئەمنەسوورەکەو سەرانیان.
شایانی باسیشە بەو پێیەی من وەک خۆم لەو دەمەدا لەھۆڵی پێنجی نھۆمی دووەمی زیندانی ئەمنە سوورەکە زیندانی بووم..زیاتر ئاگاداری رووداوەکانی ئەو نھۆمە بووم..بۆ نموونە؛ ھەوڵدانی زیندانییەکانی ھۆڵی سێ لەناوەوەڕا؛ بۆ شکاندنی دەرکەی ھۆڵەکەیان..یان ئەو قازیفەیەی کەبەر دیواری ھۆڵەکەمان کەوت و باش بوو بەتەوایی دیوارەکەی نەبڕی، ئەگینا زۆربەمان دەکوژراین..بەڵام ئەوە بوو زیاتر دیوارەکەی لەناوەوەڕا ھەڵتەکاند و گەچێکی زۆریش بەسەر من و برادەرێکی تردا رژا..کەھەردووکمان لەو دەمەدا لەژێر شوێنی پیاکێشانەکەدا دانیشتبووین.
لەرێی ساحیبەو دەلاقەکانیشەوە؛ ..توانیمان بەشێکی ئەو حەشامەتە گەورەیە لەجەماوەری راپەڕیو ببینین.
بەھەرحاڵ دەمەو نیوەڕۆی ٨/٣/١٩٩١، ئەو ساتە مێژووییە بوو، کەھەرگیز تەسەوورم نەدەکرد ببمە شاھید حاڵی و بەچاوی خۆم و لەنێو سامناکترین زیندانەوە، ئەو وەرچەرخانە گەورەیە ببینم و لەنزیکەوە گوێبیستی دەنگی شکانی یەکە یەکەی قفڵەکانی زیندانەکە ببم.
ئێستاش شێوەی ئەو کوڕە گەنجە باڵابەرزەم لەبەرچاوە، کەبەر لەوەی فیشەک بەیەکە یەکەی قفڵەکانی دەرکە داخراوەکانی نھۆمی دووەمەوە بنێت و بیانشکێنێت؛ ھاواری دەکرد و دەیگوت:
“بچنە دواوە”.
پاش شکانی قفڵەکانی ئەو چەند دەرکەیەی ھۆڵەکەمان..ئیدی من وەک خۆم بەپێی پەتی و بەپیجامەیەکی ھاوینەوە، لەگەڵ ھەموو زیندانییەکانی نھۆمی دووەم، بەخێرایی وەک ئەوەی لەدۆزەخ ھەڵبێین؟!.. بەپێ پلیکانەکاندا ھاتینە خوارێ و بیرمە کاتێک بەپێ پلیکانەکاندا ھاتمە خوارێ، گوێم لەگریان و پاڕانەوەی کەسێک بوو بەزمانی عەرەبی؛ بەڵام بەشێوە نەمبینی و ئەو دەم و دواتریش نەمزانی کێ بوو!؟.
یەکێک لەشتە سەیرەکان ئەوە بوو، کاتێک ئازادبووین؛ من وەک خۆم بەسەرسامییەوە، لەنێوەڕاستی گۆڕەپانێکی ئەمنەسوورەکەدا..ماوەیەکی زۆر راوەستام..لەکاتێکدا ئەو شوێنە شوێنێکی زۆر خراپ بوو، چونکە ھێشتاکە ئەمنەکان لەسەربان و شوێنە بەرزەکانی زۆربەی بیناکانی ئەمنەسوورەکەوە، لەگەرمەی شەڕەجەنگدا بوون و خۆیان نەدابوو بەدەستەوە.
ئیتر ھەندێک لەو جەماوەرە راپەڕیوەی کەلەپەناو پاسارەکانەوە تەقەیان دەکردو بەتایبەتیش ئەوانەی کەبۆ ماوەیەکی کەم، بەھۆی ھەر ھۆکارێکەوە بووبێت، لەتەقەکردن دادەبڕان و بۆ کورتە ساتێک تێیان دەڕوانیم..زۆریان پێ سەیر بوو؟!..کەزیندانییەکی تازە ئازادبوو، بەپیجامەوەو بەپێی پەتی بەرانبەر قەنناسی ئەمنەکان راوەستابێت!!؟.
بەھەر حاڵ؛ تا کەسێک ئاگاداری کردم کەئەو شوێنە مەترسیدارە و پێویستە لەوێدا نەمێنم.. ھەر لەوێدا و بەوپەڕی سەرسامییەوە، دەمڕوانییە یەکێک لەڕووداوە ئاڵوگۆڕئامێزەکانی مێژووی دەڤەرەکە…!!؟