سەدیق سەعید ڕواندزی
لە کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کاتێ قوتابی پۆلی پێنجەمی وێژەیی بووم ، لە قوتابخانەی دواناوەندی ڕواندزی کوڕان ، بۆ یەکەم جار پەشێو و شیعرەکانیم ناسی. ئەو کات لە ڕێگەی قوتابیەکی ھاوڕێمەوە، کۆمەڵە شیعری ( شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم و ڕۆژ نییە لێتان توورە نەبم ) بینی و خوێندەوە. بە ڕاستی شیعرەکانی زۆر کاریان لێ کردم و چێژێکی بێ سنوورم لە دنیای شیعری پەشێو وەرگرت. بە تایبەتیش شیعرەکانی (کاک و نیازێک ھەڵوەری و لە دەستم دێ و نیازم وابوو) گەلێکی دیکەش. ئەو کاتیش، خۆم لە کەف و کوڵی عەشقێکی ڕۆمانسییانەی کچێک دەژیام، کە ئێستاش کاریگەریەتی ئەو ڕۆژانەم بە سەر ماوە، ئیدی ئەمە وایکرد شیعرە ڕۆمانسی و دڵدارییەکانی پەشێو، ئەوەندەی تر لە ڕووی ھەست و سۆزی ڕۆمانسی و خۆشەویستییەوە، کارم لێ بکەن و لە نێو دەریای خۆشەویستیدا کەیلی زیاتری شیعرەکانی بم و شەوانی درێژی زستان، ژووان لەگەڵ شیعرەکانی ببەستم و بە خەونی داھاتووێکی جوانەوە دەژیام و خەونی ڕەنگاو ڕەنگم دەبینی. بەڵام ئەفسووس، ئەو ڕۆژگارە کۆتایی ھات و ئێستا کاتێ ئاوڕ لەو ڕابردووە خەمگینە دەدەمەوە، ھەستێکی دڵتەنگی قووڵ دامدەگرێت و خۆزگەی ئەوە دەخوازم، کە کات ھەمیشە ھێزی ئەوەی ھەبووایە بگەڕێتەوە ڕابردوو. ڕەنگە ئەمانە و زۆر شتی تریش ھۆکاری ئەوە بن، کە من ئێستاش ھەر لە ڕابردوو دەژیم و نوستالۆژیایەکی گەورەم بۆ ڕابردوو ھەیە و بڕوام وایە بۆ ھەموومان ئەگەر جوانییەک و پیرۆزییەک و خۆشییەک ھەبوو بێت، ئەوا لە ڕابردوو بە جێماوە و دەبێ بەردەوام بۆی بگەڕێینەوە، بۆ ئەوەی لە ئافاتی ژیانی ئەو سەردەمە دوور بکەوینەوە. لە پاڵ شیعرە ڕۆمانسییەکانی پەشێو، شیعرە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەکانیشی کاریان لێ کردم، چونکە ئەو ڕۆژگارە، سەروبەندی دنیای خامۆشی و نەھامەتی دوای کارەساتی ئەنفالی گەلی کورد بە دەستی ڕژێمی شۆفێنی بەعس بوو. ھەموو ئەمانە بە سەر یەکەوە، تاسەی ئەوەیان نەشکاندم کە تەنھا شیعرەکان بخوێنمەوە، بەڵکو بڕیارمدا سەرجەم شیعرەکانی ئەو کۆمەڵە شیعرە، بەدەست لە تێنووسێکدا بنووسمەوە ئێستاش ئەو تێنووسەم و وەکو یادگارییەکی جوان و پڕ بەھا، ھاوشێوەی ئەڵماسێکی بە نرخ ماوە و لە کتێبخانەکەمدا ھەڵم گرتووە، کە لە دوو توێی کتێبەکەمدا، چەند لاپەڕەیەکی بە دەست نووسراوی ئەو شیعرانە دەبینن.
پێرستی شیعرەکان کە لە تێنووسەکەدا بە دەست نووسیومەتەوە.
بێگومان ئەو سەردەمیش شیعرەکانی پەشێو، قەدەغە و یاساغ بوون، بۆیە ئەمە زۆرتر ریسکێک بوو بە ژیانەوە لە پێناو پەشێو و شیعرەکانی کردم. بەم جۆرە، پەیوەندی من و شیعرەکانی پەشێو دەستی پێ کرد. ساڵانی دواتر، کاتێ لە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان لە ھەولێر وەرگیرام، ھاوڕێکانم دەزانن ھەر لە ژێر کاریگەریەتی ئەو عشقەدا، دیوارەکانی ژووری بەشە ناوخۆیەکەم بە شیعرەکانی پەشێو ڕازاندەوە. ڕۆژان ھاتن و ڕۆژان تێپەڕین، ئەو عیشقە و ئەو شیعرانە لەگەڵم ژیان و ئەوەندەی تر، ئاشنای پەشێویان کردم و تامەزرۆی بینینیم دەکرد. من تاسەی بینینی پەشێوم وەک شاعیرێکی دیار، ھەر لە خەون و خەیاڵ دابوو، خۆشبەختانە ئەو خەونە بووە ڕاستی و کاتێ گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا ڕاپەڕینی بەرپا کرد، پەشێویش گەڕایەوە کوردستان و بە بێرکۆت شاد بووەوە و زنجیرە کۆرێکی ئەدەبی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەنجامدا. لەو سۆنگەیەشەوە، ھاوڕێیانی گۆڤاری قەڵا لە ڕواندز، کە ھەموویان شەیدای شیعری پەشێو بوون و خۆشیان شاعیر و نووسەر بوون و گۆڤاری قەڵایان دەردەکرد، کۆڕێکی شیعریان بۆ پەشێو لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٢ دا، لە گۆڕەپانی قوتابخانەی پاشای گەورە ساز کرد. منی خوێنەر و شەیدای شیعری پەشێو، کاتێ بۆ یەکەم جار پەشێوم لە نزیکەوە لە نێو ئاپۆڕایەکی گەورەی جەماوەری بینی، شاگەشگە بووم بە دیتنی و لە خۆشیان نێو چاوانی ئەو شاعیرە نەتەوەیی و کورد و بە ھەڵوێستەم ماچ کردوو چاوانم پڕ لە فرمێسک بوون. پەشێو ، تا ئێستاش یەکێکە لەو شاعیرە خۆشەویستانەی، بەشێکی زۆری شیعرەکانیم ئەزبەر کردووە و شیعرەکانی دەخوێنمەوە. پەشێو لە ڕێزی شاعیرە دیار و کوردستانییەکانی ئێمەیە. ئەوەی پەشێو لە بەشێکی زۆری شاعیرانی تری ئێمە جیا دەکاتەوە ئەوەیە، کە ھەر تەنھا شیعر نانووسێت، بەڵکو شاعیرانەش دەژیت و ئاکاری شیعرییانە لە ژیانیدا پەیڕە و دەکات. بە ئێستاشەوە، پەشێو لە سەنگەری چینی چەوساوە، ھەژار و بێ دەرەتانی ئێمە دایە و خۆی و شیعرەکانی داکۆکیکەرێکی سەر سەختی مرۆڤ و مرۆڤایەتین. پەشێو، ھیچ کاتێک ئامادە نەبوو خۆی و شیعرەکانی، قەڵەم و ھەڵوێستەکانی، بخاتە سەنگەری دەسەڵات و گەندەڵًکاران و شیعر بۆ ئەو بە ناو شۆڕشگێڕانە بنووسێت، کە تا دوێنی خەونیان بە ئازادی کوردستانەوە دەبینی، کەچی ئێستا نەک خۆیان، بەڵکو ھەفت پشتیشیان لە بەرھەمی بە ناو ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە دەخۆن و پێشمەرگەیەکی ئەو ڕۆژگارەش، لانەیەکی نییە تێیدا بژیت. پەشێو، خەونی بە کوردستانێکی یەکسان و ئازادیخواز، کە مرۆڤ شکۆمەندا تیایدا بژیت دەبینی. ئەو خەونی ئەوە بوو، کوردستانێک ھەبێت چیتر منداڵە چاوگەشەکانی کورد، لە کەرکوک و شوێنەکانی دیکە، سواڵ نەکەن و لە برسان نەمرن، بەڵام ئەفسووس ئەو خەونانەی شاعیر بە درێژایی ژیانی لە تاراوگە بە کوردستانەوە دەیبینی، نەھاتنە دی. بۆیە ئیدی نەگەڕایەوە کوردستان و مەنفای کردە لانەی غەریبی خۆی. پەشێو، دەیویست جارێکی دیکە دار و بەردی بێرکۆت بلێسێتەوە، بەڵام کام بێرکۆت؟ ئەو بێرکۆتەی لە نێو شیعری ئەودا ھەموو دنیای لێوە دەبینی، یان ئەوەی چنگی بە نێو مۆدێرنە و ژیانی شارستانی وێرانیکرد. خەونەکانی پەشێو بۆ نیشتمان، خەونی گەورە و مەزن بوون، بە داخەوە نەھاتنە دی. پەشێو ڕەنگە ھەمان ئەو وزە و تینە شیعرییەی جارانی بە ھۆی چوونە نێو تەمەن و ژیانکردن لە غەریبی بۆ ماوەی نیو سەدە زیاتر نەما بێت، بەڵام شیعرەکانی ھەمیشە ماونەتەوە و کاریگەریان لە سەر دنیابینی و بگرە ئەزموونی نووسینی گەلێک لە شاعیرانی گەنج و تازە نووس ھەبووە، کە بە جۆرێک ڕەنگە لەگەڵ خوێنەوەیان، ھەست بە دەنگ و ڕەنگی پەشێو لە شیعرەکانیان بکەین. پەشێو ھەر تەنھا شاعیرێک نییە، بە بڕوای من ئەزموون و قوتابخانەیەکی شیعریش بوو، بۆیە ئاسایە کەسانێک لە ژێر کاریگەریەتی شیعری ئەو، شیعر بنووسن و لاسایی بکەنەوە، وەلێ نابێ دواجار ئەوەمان لە بیر بچێت، کە پەشێو ھەر پەشێوە و کەس ناتوانێت وەک ئەو بێت. ئەم شاعیرە، ھەر تەنھا شیعرەکانی نا، بەڵکو گوفتار و ھەڵوێست و نووسینەکانیشی، وەک شیعرەکانی نەتەوەیانەن. کەم ڕووداوی مرۆیی و نەتەوەیانە ھەیە لە شیعری ئەودا ڕەنگی نەدابێتەوە، ھەر لە گیڤاراو شۆڕشی ڕەش پێستەکانەوە بگرە، تا شۆڕشەکانی دیکەی سەدەکانی ڕابردوو. بە بڕوای پەشێو، شیعر ھەڵوێست و یاخیبوونە لە دژی ھەر ستەم و زۆردارێک کە بیەوێت مرۆڤ زەلیل و دیل بکات، نا یەکسانی و نادادی کۆمەڵایەتی بێنێتە ئاراوە، بۆیە لە پاڵ شیعرە نەتەوەییەکانی، شیعری بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتیش گوتووە. ئەوەی تا ئێستا پەشێوی بە گەورەیی لە یادەوەری ئێمە ھێشتۆتەوە تەنھا شیعرەکانی نییە، بەڵکو ھەڵوێست و دیدە مرۆیی و نەتەوەیەکانییەتی، ئەو ئاکارە جوانانەیە کە لە کەسیەتی و ژیانیدا ھەن و کەس بە شاعیری دەسەڵاتێک و حزبێک و ئایدیایێک نایناسێتەوە و سەربەرزیشە لەوەی کە ھەرگیز شیعری بە باڵای پیاو کوژان ھەڵنەدا. ئەوەی لە ژیانی مرۆڤەکان دەمێنێتەوە، ھەڵوێست و مێژوویانە، لە پای کارو ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن. شاعیران، موڵکی نەتەوەن و دەبێ بە یەک مەودا لە نێوان ھەمووان بووەستن. پەشێو کوردستانیانە بیر دەکاتەوە نەک ئایدۆلۆژیانە، بۆیەشە لە یادەوەری ھیچ نەوەیەکدا، ئەم شاعیرە و شیعرەکانی، بە سەر ناچن و کاڵ نابنەوە گەرچی بە داخەوە ھەمان پەشێوی شەست و ھەفتاکانیش نییە لە ڕووی شیعر نووسینەوە، کە ڕەنگە ئاوارەیی و تەمەن و نەخۆشی، فاکتەری سەرەکی ئەو دوورکەوتنەوەیەی ئەو بن لە شیعر. مەرج نییە بۆ ئەوەی شاعیرێک بە نەمری بمێنێتەوە، ئیدی دەبێ تا ھەتایە شیعر بنووسێت، ئەحمەد ھەردی، تەنھا ڕازی تەنیایی نووسیوە، بەڵام لە ئەدەبی کوردیدا، چەند ھەردی دیکە وەک ئەو دروست بوون؟ پەشێو سەرمایەک و میراتێکی جوانی شیعری لە دوای خۆی بە جێھێشتووە، بۆیە ئەگەر بە تەنھا گەڕانەوە و خوێندنەوەی شیعرە کۆنەکانیشی بێت، ئەوا دڵنیام تاسەی خوێنەر دەشکێنێ. یادەوەری من لەگەڵ شیعر ی ئەم شاعیرە، نە کۆن دەبێت، نە بە سەریش دەچێت، چونکە ھەمیشە شیعرەکانی یادی ڕۆژگارێکم دێننەوە بیر، کە بە خەون خەیاڵی ڕۆمانسییانە و عاشقانە دەژیام، ڕۆژگارێک کە دەزانم گوزەشتوە و تازە ناگەڕێتەوە، بەڵام ئەو ڕۆژگارە لە نێو شیعرەکانی ئەودا، بۆ من بەسەر نەچووە و ھەر ماوە، بۆیە بە ئێستاشەوە شیعرەکانی دەخوێنمەوە و چێژیان لێ وەردەگرم گەرچی ساڵانێکیشە دوورکەوتۆتەوە لە شیعر. بەڵام گەڕانەوەی ئێمە بۆ ئەو، گەڕانەوەیە بۆ ئەو میراتە شیعرییەی لە دوای خۆی جێی ھێشتووە. میراتێک ئەوە دەھێنێت، ھەمیشە بە چاوێکی گەورە و پیرۆز و نەمر سەیری بکەین. لەو ڕوانگەیەوشەوە ئێمە ەگەڕێنەوە سەر پەشێو، ھەرچەنە بۆمن وەک خوێنەرو شەیایەکی شیعری پەشێو، ئەم شاعیرە بە سەر ناچێت تا بگەڕێمەوە سەر شیعرەکانی. من ساڵانێک بوو، ەمویست کتێبێک لە سەر پەشێو بنووسم، ئەم بیرۆکەیە ھەمیشە لەگەڵم دابوو، سوپاس بۆ خوا، دەرفەتی تەمەن و ژیانی پێدام، کتێبەکە بنووسم، بۆ من بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە، وەک ئەوە وایە، سیزیف ئاسا، بەردێکی گەورەم لە سەر شان لا چووبێت، کە تا بەر لە نووسینی ئەو کتێبە، بەردەوام ھەستم کرووە بە کۆڵمەوەیە. پەشێو ھەر تەنھا شاعیرێک نییە، بەڵکولای من ھێمای جوانییەکانی سەردەمێک و قۆناغێکی تایبەتی ژیانی خۆشمە، کە دەتوانم بە قۆناغی خۆشەویستی و ڕۆمانسییەت و یەکەم عشق ودوا عشقی ژیانیشمی بناسێنم. من لە ھیچ کام لەو کتێبانەی پێشتر چاپ و بڵاوم کروونەتەوە، باسی خۆم نەکرووە، بەڵام لەو کتێبەدا، چونکە تایبەتە و یادەوەری سەردەمێکی جوانم دێنێتەویاد، ئیدی لە پەراوێزی یادەوەریم لەگەڵ شیعری پەشێودا، ناڕاستەوخۆ باسی ژیانی تایبەتی خۆم لە ڕۆژگارێک کردووە کە چیڕۆکێکی تایبەتی ژیانی خۆمە. بە ناڕاستەوخۆیی باس کرووە، چیڕۆکێک چەند ڕۆژگار بە سەر بچێت، تاڵتر دەبێت!
*مەبەستم ئەو کتێبەیە، کە لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، بەناوی (لە ژێر ساباتی شیعری پەشێودا) چاپ و بڵاوکرایەوە.
Discussion about this post