شنه پێنجوێنی, ئیدنبرا29-09-2012: هه‌رکاتێک نه‌مانتوانی له ڕێی زمان و چه‌مکه فه‌لسه‌فی و لۆژیکى و زانستیيهکانهوه رووداوێ،
یان که توارێك واته(واقیع) ێکی مرۆیی بۆ ئه‌وی دی بگێڕێنه‌وه, په‌نا بۆ هونه‌ر ده‌به‌ین،
به‌ومانایه‌ی هونه‌ر ده‌رگای زۆرێك له نهێنیيه‌کانی مرۆڤ ده‌خاته ڕوو، جۆره ئهفراندنێکه که زانست و لۆژیک په‌ی به نهێنیه‌کانی نابه‌ن.
له یادی ئه‌ستێره‌که‌ی گرین مایلدا ده‌مانه‌وێت
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بکه‌ین بۆ ئه‌م فیلمه ره‌خنه‌ییه که باسی ژیان و سروشتی مرۆڤه‌کانه به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، خاوه‌نی له ڕاده‌به‌ده‌ر ناوه‌رۆکێکی قوڵه و ڕووداوه‌کانی راستيی ژیان و نهینیهکانمان بۆ ده‌درکینێت.
گرین مایل (The Green Mile)
ناونيشانی ئه‌م فیلمه، ناوی ئه‌و ڕێگا سه‌وزه‌یه که زیندانیيهکان به‌ره‌و کورسیه کاره‌باییه‌که ده‌بات بۆ کۆتایی هاتن به ژیانیان، هه‌رچه‌نده ناونیشانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ماناکه‌یدا دژ به‌یه‌کن, رێگای سه‌وز مانای بوژاندنه‌وه دێ له‌کاتێكدا ئه‌و ڕێگایه کۆتایی به ژیان ده‌هێنێت، یان ده‌کرێ ئاماژه بێت بۆ ترس, بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه که بگوترایه زیندانێك له میلی سه‌وزدا یه هێما بوو بێ بۆ مردنی یه‌کجاری، ده‌کرێ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناوه کۆمه‌ڵێ ده‌لالاتی تریش له خۆ بگرێ یان ئاماژه بێت بۆی..
فیلمی گرین مایڵ ، The Green Mile
فیلمێكی ئه‌مه‌ریکیه, به‌رهه‌می ساڵی 1999 یه, ده‌رهێنانی فرانک دارابونته (Frank Darabont) ه.
* له‌ساڵی 2000 دا هه‌ڵبژێردرا بۆ ئۆسکار بۆ باشترین رۆڵی ئه‌کته‌ری پیاو که (مایکل دونکان) ده‌یبینی.
* باشترین سیناریۆ, به‌رهه‌می ( Frank Darabont).
* (با شترین ده‌نگ واته ( Best Sound )
به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان (Robert J. و LittElliot Tyson و Michael Herbick و Willie D. Burton)
*.باشترین وێنه‌گرتن، به‌رهه‌می (David Valdes و Frank Darabont) هه‌روه‌ها بۆ ده‌یان خه‌ڵاتی ئه‌کادیميی ئه‌مریکی جیاواز هه‌ڵبژێردراوه.
وه‌رگیراوه له چیرۆکێك به‌هه‌مان ناو, واته گرین مایل، به‌رهه‌می رۆمان نووسی ئه‌مه‌ریکی ( ستیڤن کینج )ه، که یه‌کێکه له نووسه ره هه‌ره به‌ناوبانگه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، خاوه‌نی چه‌ندین رۆمان و کورته چیرۆك و زنجیره ى تهلهفیزيۆنیيه، ستیڤن کینج به نووسه‌ری (ترس و خه‌یاڵ) ناسراوه, خاوه‌نی مه‌دالیای دامه‌زراوی نووسه‌رانی نیشتمانيی ئه‌مریکایه، زیاتر له 350 ميليۆن دانه له کتێبه‌کانی فرۆشراوه له جیهاندا. به‌رهه‌مه‌کانی بۆ زیاتر له 35 زمان وه‌رگێردراوه.
پێشه‌کی ئه‌م فیلمه به گێرانه‌وه‌ی چيرۆکێك ده‌ست پێده‌کات، که له خانه‌ی پیراندا (بول) ده‌یگێرێته‌وه بۆ هاورێیه‌کی ژنی، رۆڵی ئه‌م کاره‌کته‌ره ( تۆم هانکس) ده‌یبینێت که سه‌رکرده‌ی پاسه‌وانانی به‌ناوبانگترین زیندانه، باسی زیندانیيهك بۆ هاورێکه‌ی ده‌کات که له ساڵی 1935 دا گیراوه به‌ناوی جۆن کۆفیهوه که پیاوێكی ره‌ش پێستی به‌هێزی سه‌ڕسوڕهێنه‌ر بووه، رۆڵی ئه‌م کاره‌کته‌ره (مایکل دونکان) ده‌یبینێت. تاوانبار بووه به ده‌ستدرێژکردنی جنسی و کوشتنی دوو خوشكی منداڵ.
له کاتی گرتنی و مانه‌وه‌ی جۆن کۆفی له زینداندا هه‌ندێ شتی سه‌یری لێ ده‌بینرێ، که توانایه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه، رۆژێك بۆی ده‌رده‌که‌وێت که به‌رپرسی زیندانه‌که به‌ده‌ست گرفتێکی تهندروستیيهوه ده‌ناڵێنێ، جۆن کۆفی (بول) بانگ ده‌کات و رایده‌کێشێ بۆ لای ژووره شیش بهندیيهکهی خۆی، ده‌ست ده‌خاته سه‌ر شوێنی میزکردنی, هه‌رچه‌نده پاسه‌وانه‌کانی تر ده‌یانه‌وێت ئازاری بده‌ن به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ر کاره‌که‌ی خۆی به‌رده‌وامه و پاش چه‌ند چرکه ساتێك به‌ریده‌دات و له ده‌میه‌وه له شێوه‌ی لمێك هه‌موو ئه‌و فایرۆسه فرێ ده‌داته ده‌ره‌وه. بول به‌م کرداره زۆر سه‌رسام ده بێت. پاشان بول له کێشه ته‌ندروستیه‌که‌ی رزگاری ده‌بێت و ژیانی ئاسایی به‌رده‌وام ده‌بێته وه.
له‌دوای ئه‌وه‌ش کاتێ له لایه‌ن یه‌کێك له پیاوانی ناو زیندانه‌که که که‌سێكی لووتبه‌رز و ترسنۆکه و رۆحێکی خراپه‌کاری هه‌یه، قاچ ده‌نێ به مسته‌ر ژێنگڵدا که مشکێکه بۆته هاورێێ یه‌کێک له زیندانیيه تاوانباره‌که، (جۆن کۆفی) ده‌توانێ جارێكی تر یارمه‌تی مشکه‌که بدات و چاکی بکاته‌وه، ئه‌مه‌ش زیاتر بووه هۆی سه‌رنجراکێشانی بول و هاوڕێکانی.
له دوای ئه‌مه جۆره په‌یوه‌ندیيه‌کی رێزگرتن دروست ده‌بێت له نێوان (جون و بول), سه‌رکرده‌ی پاسه‌وانه‌کان، پاشان هه‌وڵ ده‌ده‌ن یارمه‌تی خێزانی سه‌رۆکی گه‌وره‌ی زیندانیيهکه بده‌ن که خێزانه‌که‌ی تووشی گرێيهکی خراپ بووه له‌سه‌ریدا و به‌هیچ جۆرێك چاره‌سه‌ری نیيه.
پلانێک داده‌ڕێژن که چۆن (جۆن کۆفی ) به‌رنه ده‌ره‌وه بێ ئه‌وه‌ی تووشی گرفت ببن له کاتی رۆشتنیاندا که‌سێكی زیندانی که تاوانباره به کوشتنی چه‌ندین که‌س ،ده‌ستی (جۆن کۆفی) ده‌گرێت جۆن کۆفیش توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ست به ناخی مرۆڤه‌کان بکات هه‌ر بۆیه زوو هه‌ست به‌و ناخه شه‌ڕه‌نگێز و خراپه‌یه‌ی ئه‌و تاوانباره ده‌کات و ده‌شزانێ ئه‌مه ئه‌و تاوانباره‌یه که ئه‌و دوو خوشکه منداڵه‌ی کوشتوه که ئێسته خۆی تاوانباره له‌سه‌ری، ئه‌م ده‌ستگرتنه جۆن ڕاده‌چڵه‌کێنێت و تووشی ئازارێكی ده‌روونيی زۆر ده‌بێت، به‌ڵام به ناچاری ده‌بێت بڕوات بۆ ئه‌نجامدانی پلانه‌که، هه‌رچه‌نده بول پێێ ناڵێت که ده‌بێت چی بکات به‌ڵام جون خۆی زوو پێشی ده‌که‌وێت و ده‌ڵێت ده‌زانم ده‌بێ یارمه‌تيی خێزانی سه‌رۆکی گه‌وره‌ی زیندانیيهکه بده‌م، به‌م شێوه‌یه ده‌ڕۆن و یارمه‌تی ئه‌و ئافره‌ته‌ش ده‌دات و چاك ده‌بێته‌وه, به‌ڵام ئه‌مجاره جیاوازتر بوو و نه‌یتوانی ئه‌و ڤایرۆسه له ده‌می بهێنێته ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌ش بووه هۆی خه‌مێكی گه‌وره لای بول, چونکه هه‌ر داوای ده‌کرد که ئه‌و فایرۆسه بهێنێته ده‌ره‌وه، له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو زیندانه‌که، تووشی ئه‌و پاسه‌وانه خراپه ده‌بێت که زۆر نامرۆڤانه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ زیندانیيهکان ده‌کات، به‌و هۆیه‌ی ئه‌و که‌سێكی لووتبه‌رزه و له‌لایه‌ن گه‌وره لێپرسراوانه‌وه دامه‌زرابوو. که جۆن کۆفی ده‌بینێت, قسه‌ی ناشرینی پێ ده‌ڵێت. جۆن کۆفیش زۆر له‌ناخه‌وه تووڕه ده‌بێت و هه‌موو ئه‌و فایرۆسهی له ناخیدا مابوه‌وه, ده‌یگوازێته‌وه بۆ ناو ده‌می ئه‌و، پاشان تووشی شێت بوون ده‌بێت و ئه‌ویش هستریا ده‌یگرێ کاتێ زیندانیيه ناله‌باره‌که له ناو زیندانه‌که‌دا ده‌بینێ, گاڵته‌ی پێ ده‌کات. ئه‌ویش زۆر به خێرایی ده‌مانچه‌که‌ی دهردههینێت و جه‌ند گوولله‌یه‌کی ئاراسته ده‌کات و ده‌یکوژێ، دوای ئه‌م ڕووداوه پاسه‌وانه دڕنده‌که‌ش ده‌برێته نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی بۆ هه‌تایه، کاتێ بول گه‌وره‌ی پاسه‌وانان پرسیار له جۆن کۆفی ده‌کات که بۆ واى کرد؟ له وه‌ڵامدا پێيده‌ڵێت: من کۆتایيم به خراپه هێنا. ئه‌وانه هه‌ردووکیان دوو مرۆڤی زۆر درنده بوون.
پاشان به به‌رچاوی سه‌یرکه‌ر و دایك و باوکی کچه بچکۆله‌کان که نه‌فره‌تیان له جۆن کۆفی ده‌کرد, جۆنکۆفيیان له کورسی کاره‌بایی دا.
ئه‌مه چیرۆکه‌که بوو ، گه‌ر بمانه‌وێت هه‌ندێ قوڵتر سه‌یری ئه‌م فیلمه بکه‌ین و هه‌ندێ شیکاری و تێروانین و بۆچوونی خۆمان ده‌رببرێن, ئه‌وا ده‌گه ینه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی بلێێن؛
ئه‌م فیلمه توانیویتهتی له زۆر ده‌رگا بدات و زۆر هزر و دید له خۆ بگرێت و باسه‌کان بوروژینێت، هه‌ڵبه‌ته چیرۆکه‌که ئاشکرایه بۆمان، تێکه‌ڵه‌یه‌که له که‌توار, واته (واقیع) و خه‌یاڵ و فه‌نتازیا بۆ سه‌ر له‌به‌ری کاره‌که و کاره‌کته‌ری جۆن کۆفی، هه‌ڵبژاردنی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ی جۆن کۆفی که توانایه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه که له مرۆڤی ئاسایی‌دا به‌دی ناکرێت، زۆرجار خۆی وه‌ك سیحرێك نیشان ده‌دات, ئه‌مه‌ش نیشانه یان هێمایه بۆ فراوان بوونی فه‌زا یان رووپه‌ری نووسین و تێرامان لای نووسه‌ر که توانیویه‌تی چیرۆکه‌که و هێڵی درامای ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رنجراکێش بکات.
به‌کارهێنانی فه‌نتازیا بۆ دیار خستنی راستیيهك, واته نووسه‌ر یان سیناریست ئه‌و جۆره فه‌نتازیایه‌ی به‌کار هێناوه بۆ جۆن کۆفی که چۆن ده‌توانێت یارمه‌تی هه‌موو ئه‌و که‌سانه بدات که گرفتیان هه‌یه، یان پشانمان ده‌دات که ئه‌و که‌سێكی مرۆڤ دۆسته، ده‌یه‌وێت له میانه‌ی ئه‌م کاره‌کته‌ر و ئه‌م رۆلهیهوه که که‌سێکی وه‌ك مایکل دونکان ده‌یبینێت، په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه لابدات که تاوانبار نیيه, به‌ڵکو ئه‌و که‌سێكی مرۆڤ دۆسته، واته به به‌کارهێنانی کارێکی دژ تۆ په‌رده‌ی نهێنی کاره‌کته‌ره‌که و راستیه‌که وهدهردهخهیت، ئه‌مه‌ش جۆرێکه له جوانی و گرێ و گرێ چنینی.
لۆکه‌یشن, واته جێگا زیندانييه که، باس له‌ساڵه‌کانی (1930-1935) ده‌کات که چۆن زیندانیيهکان سزای تاوانه كانیان وه‌رده‌گرت، بگره تا چه‌ند ساڵێکێش پێش ئێسته ئه‌م جۆره زیندانی و ئهشکانجانه له ئه‌مریکا و ئه‌وروپادا هه‌بوه و له زۆرێک له ووڵاتانی جیهاندا تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه، نووسه‌ر ده‌یه‌وێت به چاوێكی کریتیکهوه ره‌خنه له‌و که‌توار و سیستمانه بگرێ که به‌رهه‌می توندوتیژین بۆ مرۆڤایه‌تی ، ره‌خنه له‌سیستمی رامیارییه ، به ئێستاشه‌وه.
له‌م فیلمه‌دا چه‌ند جیهانێكی جیاواز ده‌ستنیشان ده‌کات وه ك رۆڵی کاره‌کته‌ری ئه‌مه‌ریکی و فه‌ره‌نسی,… هتد ، هه‌ڵبژاردنی که‌سێكی وه‌ك جۆن کۆفی هێمایه بۆ ره‌ش پێسته‌کان له‌ناو زیندانێکدا, سه‌ره‌رای جیاوازيی جوگرافی و ئایین و زمان، ده‌رهێنه‌ر توانیویه‌تی له جیاتی ئه‌وه‌ی فه‌زای زیندانه‌که به‌ره‌نگ پر بکاته‌وه , هه‌وڵی داوه به کاره‌کته‌ر و جیهانی جیاواز به شیوازێكی هارمۆنی فره ره‌هه‌ند پر بکاته‌وه.
هه‌ڵبژاردنی کاره‌کته‌ری جۆن کۆفی واته هه‌ڵبژاردنی (شێواز) یان (فۆرم) , نهێنیيهکی شاراوه‌ی له خۆدا هه‌ڵگرتوه ته‌نانه‌ت له‌ناو فیلمه‌که‌شدا لای زۆربه ئه‌وه به نهێنی ده‌مێنێته‌وه و کاتێ په‌رده له‌سه‌ری هه‌ڵده‌درێته‌وه که بینه‌ر سه‌یری ده‌کات، به‌م شێوه‌یه نووسه‌ر دهمناخته نێو ته‌زووی ئازارێكی قوڵه‌وه. هه‌روه‌ها له‌رێێ کابرایه‌کی ره‌ش پێسته‌وه زۆرێک له‌و نایهکسانیيه کۆمهلایهتیيانهی مرۆڤمان پێ راده‌گه‌ینێت.
درکاندنی راستیه‌که که زۆرجار له که‌تواردا له ژیانی ئاسایی مرۆڤه‌کاندا هه‌ر به نهێنی ده‌مینێته‌وه یان به‌مانایه‌کی تر مرۆڤگه‌لێک هه‌ن له‌م جیهانه‌دا بێ‌تاوانن و قوربانيی ده‌ستی هه‌ندێ که‌سی تاوانبارن، وه‌ك جۆن کۆفی، یان ره‌ش پێسته‌کان تا ئیسته ش به جۆرێک له جۆره‌کان دهجهوسێنهوه. ئه‌مه‌ش هێمایه‌که بۆ وریايی نووسه‌ر که به‌ده‌ر له زمان و جوگرافیا، هه‌ڵبژاردنی شێوازی سه‌رکه‌وتوو بۆ کاره‌کته‌ره‌کان, توانێ ئه‌و په‌یامانه را بگه‌یه‌نێت و به‌رجه‌سته‌یان بکات.
رۆمان نووس یان سیناریست په‌نای بۆ زمانی ئیستاتیکی و جوانگوتن بردوه, واته په‌یڤه‌کانی (حیوار) ی کاره‌کته‌ره‌کانی زۆرێک له ململانێ و مۆراڵ به دیدێکی رهخنهیيهوه له‌م جیهانه ده‌په‌یڤێ , بۆ نموونه؛
کاتێ ( تۆم هانکس) ده‌زانێ که جۆن کۆفی تاوانبار نیيه و ئاماده‌یه یارمه‌تی بدات و ده‌ریبکات له‌و زیندانه گه‌ر باجه‌که‌شی له‌کیسدان و به گرتنی خۆی کۆتايی بێت، به‌ڵام له وه‌ڵامدا (جۆن کۆفی) پێێ ده‌ڵێت نه‌خێر من رازیم نیه تۆ ئه‌و کاره بکه‌یت لێره‌دا جوانگوتن دێته کایه‌وه (جمله سرطان) یه که ده‌لێت.
(واز بێنه با کۆتایيم پێبێت, چونکه من بێزار بووم و هیلاك بووم له‌م هه‌موو نایهکسانیيه كه رۆژانه دهيانبینم، ده‌ڵێ مێشکم وه‌ك شووشه‌ی لێ هاتوه و خه‌ریکه ده‌شکێت و به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو ئازاره ناگرم).
نووسه‌ر ده‌یه‌وێت باس له هه‌موو ئه‌و نادادپهروهریيانه بکات، ڕه‌خنه له نه‌بوونی یهکسانيی کۆمه‌ڵایه‌تی بگرێت و نه‌فره‌ت له‌م جیهانه بکات که مۆراڵی تێدا نه‌ما وه، ره‌دی ده‌کاته‌وه و و مردنی پێ باشتره.
روانینمان بۆ ئه‌م فیلمه وته به‌نرخه‌که‌ی مهاتما گاندیم دێته وه یاد که ده‌ڵێت یاساش ناتوانێت سه‌روه‌ر بێت و راستگۆ بێت ئه‌وه‌تا مرۆڤه یاساییه‌کان (جۆن کۆفیان) تاوانبار کرد و له کورسی کاره‌باییان دا ، بێ ئه‌وه‌ی هیچ کارێكی خراپی کردبێ, بگره ئه‌و چوو یارمه‌تی کچه‌کان بدات که نه‌مرن. له‌لایه‌کی تره‌وه دڕنده‌يی مرۆڤه‌کان و ده‌رچوونی سزاکان هه‌ر له‌لایه‌ن مرۆڤه‌کانه‌وه،له‌مه‌ش گرنگتر ئاماده‌بوونی سهیرکهرانه که ئاماده ده‌بن و سه‌یرکه‌ری به‌رده‌وامی ئه‌و تاوانبارانه‌ن که له کورسیه کاره‌باییه‌که ده‌درێن، ئه‌م ئاماده‌ییه مانای رۆحی شه‌ره‌نگێزی مرۆڤ ده‌رده‌خات. له‌دوای سه‌یرکردنی ئه‌م فیلمه ده‌مانخاته فه‌زای تێرامان و بیرکردنه‌وه و پاشان پرسیار کردن له خۆمان که بڵێین ئایا کێ تاوانبار و کێ قوربانیيه؟
چيرۆك و داڕشتن و ده‌رهێنانی ئه‌م فیلمه خۆی له نێو ئاماژه و ڕه‌مزێكی فره‌ڕه‌هه‌نددا نیشان ده‌دات. له‌گه‌ڵ وشیاریيهك بۆ نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر که توانیویانه ئه‌و ئه‌رزشه گه‌وره‌یه ی ئازار له‌ناو گرتوخانهیهکدا هه‌ندێ جار له ڕێی کۆمیدیاوه باسه‌کان شان به‌شانی ئه‌و تراژیدیایه به وێنه بکات، زۆرجار له‌کاتی سه‌یرکردندا فرمێسك و پێکه‌نینت تێکه‌ڵاو ده‌کرد و یاری به هه‌ست و نه‌ستی سه‌یرکه‌ر ده‌کر ا و فه‌زای خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه‌ی فراوان ده‌کرد.
له دوای سه‌یرکردنی ئه‌م فیلمه و باسه‌که‌مان ده‌مانه‌وێت بپرسین که ئایاخۆشهویستی مایکل دونکان بۆ هونه‌ر و بوونی ئه‌و رۆحه سپیه‌ی که له جه‌سته‌ی ڕه‌ش پێستێکدا خۆی حه‌شار دابوو (گرین مایلی) دروست کرد؟ یان به پێجه‌وانه‌وه ده‌ق و سهرکهوتوويی له توانای نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ردا توانی مایکل دونکان دروست بکات؟.
هونه‌ری سینه‌ما به هه‌وته‌مین هونه‌ر دێته ئه‌ژماردن، له وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا توانیویه‌تی پانتاییه‌کی گه‌وره یان فه‌زایه‌کی گه‌وره له بونیاد و تێروانینی زانستی و فه‌لسه‌فی و کۆمه‌لایه‌تی بگرێته‌وه, هه‌روه‌ها له ئێستادا یه‌کێك له گه‌وره‌ترین بازرگانيی جیهان فیلم و بازاری فیلمه، هه‌رجه‌نده له‌لایه‌ک خۆیان باس له هه‌موو ئه‌و کار و کاردانه‌وانه‌ی مرۆڤ و هه‌موو ئه‌و لێک چوون و جیاوازی و نایه‌کسانی ده‌سه‌ڵات و سیستمی سه‌رمایه‌داری ده‌که‌ن, له‌هه‌مان کاتیش‌دا خۆیان گه‌وره‌ترین بازرگانانی ئه‌مرۆی جیهانن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا. تا وامان لی دێ بپرسین ئایا جیهانی هونه‌ر و سیاسه‌ت و به‌تایبه‌تی جیهانی سینه‌ما تا چه‌نده توانیوییه‌تی خزمه‌ت به ڕه‌وشی مرۆڤایه‌تی بکات له جیهاندا، یان ئایا سه‌رده‌می ته‌کنه‌لۆجیا توانیویه‌تی ئازاری مرۆڤه‌کان که‌م بکاته وه؟ , هه‌ڵبه‌ته وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بۆ خوێنه‌ر به‌جێ ده‌هێڵێن.
ئه‌ستێره‌که‌ی گرین مایل له ته‌مه‌نی 54 ساڵيدا کۆچی دوایی کرد.
(مایکل کلارک دنکان )*
مایکل دونکان، پێش ئه‌وه‌ی کاری نواندن بکات، چاڵی هه‌ڵکه‌ندوه له کۆمپانیای غاز له شێکاغۆ, که شوێنی له دایك بوونیه‌تی ، دوايی گواستویه‌تیه‌وه بۆ لۆس ئه‌نجلس بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای هونه‌ری نواندن بگرێته به‌ر، هه‌روه‌ها بۆدی گاردی چه‌ندین که‌سی به‌ناوبانگ بووه, وه‌کو (وڵ سمس) و ( جێمی فۆکس) و چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی تر به‌ڵام دوای کوشتنی که‌سێكی رابه‌ری به‌ناوبانگ, وازی له‌م کاره‌ش هێناوه و روو ده‌کاته خوێندن بۆ کاری نواندن، له ده‌ستپێکیدا رۆڵی چه‌ندین کۆمبارسی هه‌بوه به‌ڵام له میلی سه‌وزدا هه‌ڵبژێردا بۆ ئۆسکار, وه‌ك باشترین رۆڵی ئه‌کته‌ری پیاو ی ساڵی 1999.
جۆن کۆفی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دووشه‌مه رێکه‌وتی 3ی سێپته‌مبه‌ری 2012 له نه‌خۆشخانه‌ی سینای لۆس ئه‌نجلس دڵی له لێدان ده‌که‌وێت و بۆ یه‌کجاری مالئاوايی له هه‌موو هاوڕێيان و خۆشه‌ویستان و دۆستان و بینه‌ران و جیهانی سینه‌ما ده‌کات.
مایکل رۆحێکی سووک و خۆشه‌ویست و مرۆڤ دۆستی هه‌بوه و ده‌نگێکی قوڵ و خاوه‌نی له‌شولارێكی به هه‌یبه‌ت بووه، راسته به شێوه فیزیکيیهکهی مردوه به‌ڵام ئه‌و له ناخی هه‌موو که‌سێکدایه که جوانی و ئاشتی و خۆشه‌ویستی پهیامیهتی، بوونی هه‌ست پێ ده‌کرێت و زیندوه.
تۆم هانکس هه‌م هاوڕێ و هه‌م زۆرجار ڕۆڵیان پێکه‌وه بینوه، بهسهرمایهیهک باسی لێ ده‌کات و ده‌ڵی ئه‌و که‌نز بوو له ده‌ستمان چووه، زۆرێک له ره‌خنه‌گر وه‌ك (دیسۆن هاو ) که له رۆژنامه‌ی (واشنتن پۆست) دا نوسیویه‌تی بوونی مایکل دونکان گه‌وره‌ترین بوون بووه له فیلمی گرین مایلدا، هه‌روه‌ها ئه‌ستێره‌کانی سینه‌مای هۆڵێۆد گرنگی مایکل باس ده‌که‌ن که چۆن که‌سێكی دیار و گرنگی بووه له هۆڵیۆد دا.