هونەرمەندانى هێژا، سڵاوى هونەر
ئەمڕۆ 2/1/2011 بەبۆنەى یادی “28” ساڵەى دامەزراندنى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان و دەستپێکى ساڵی نوێ، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین و هیوادارین ساڵی 2011 ساڵی داهێنان و بەدیهێنانى ئامانجە پیشەیی و هونەرییەکانى هونەرمەندانى کوردستان بێت و هەروەها چارەسەرکردنى تێکڕاى کێشەو گیروگرفتەکانیان بێ کە پێشتر هەبوو.
هونەرمەندانى ئازیز
گەشبینین بە بەستنى کۆنگرەى دووەمى هونەرمەندان، بە دانانى پەیڕەوێکى گونجاوى پسپۆڕی هونەرى، کە لە خزمەت سەرجەم هونەرمەندان و کارى هونەریدا دەبێت و پاڵنەرێکى بەهێزى کارکردنیشمان دەبێت، بۆ جێبەجێکردنى ئەرکەکانى سەرشانمان لە داکۆکیکردن و بەدیهێنانى ئامانجە پیشەیی و هونەرییەکان، بێگومان ئەمەش بە هاوکارى و پشتیوانى و پێکەوەکارکردنى هەموومان دێتەدى.
هونەرمەندانى هێژا:
لەگەڵ ئەو هەموو گەشەسەندنانەى کە لە زۆر رووەوە دەستەبەرکراون لە هەرێمى کوردستاندا، ئەم ئازادییەى کە بە خوێنى شەهیدە سەربەرزەکانى بزاڤى رزگاریخوازى گەلەکەمان هاتۆتەدی و لەناو قەوارەى هەرێمى کوردستاندا وەک ئەزموونێکى ساواى سیاسی و ئیدارى خۆمان خۆی نمایشت کرد، هەر لەم سەروبەندانەدا ئاستى گەشەسەندنى هونەر وەک پێویست نییەو پێویستى گرنگى بە یاساى کارى هونەرى هەیە، بۆیە داواکارین لە پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە هاوکارى سەرجەم تیپ و گروپە هونەرییە چالاکەکان بکات و بە شێوەیەکى یەکسان مامەڵە لەگەڵ هونەرمەنداندا بکات، سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان لەپێناو بەرژەوەندییەکانى هونەرمەنداندا، خوازیارە لەگەڵ پەرلەمان و دەزگا رۆشنبیرییەکان و حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هەموو کایەکانى هونەریدا هەماهەنگ بێت.
لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمان… بەهیواى ئایندەیەکى گەش
سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان
2/1/2011