عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی : بەدەر لەوەی کە کارەساتە سروشتیەکەی ئەم دوواییەی فوکوسشیماو ناوچەکانیتری یابان کارەسات و تراژیدیایەکە لە یاباندا بەهەمان شێوەیش قەیرانێکی یەکجار گەورەی زۆر بواری جۆراو جۆرە و مەترسیەکە لەسەر ناوچەکانی دەوروبەری یابان و جیهان بەگشتی. پرسیارەکە لێرەدایە، ئایا دانیشتوانی یابان وەك ئێمە بیر ئەکەنەوە لە کارەساتەکان یان؟
ئەم پرسیارە بۆ من بووە مایەی بیرکردنەوە بەتایبەت کە لە کەناڵە تەلە فزیۆنیەکاندا دەیان بینین کە ئەوان وەك مرۆڤی لای ئێمە لە خۆیان نادەن، ناگرین، ناکڕوزێنەوە، هاوار و داوای یارمەتی ناکەن و ڕەشبین نین وە ئەوان بڕوا بەتواناکانی خۆیان ئەکەن. ئەمە بوو کە ئارەزوویەكی لە ناخمدا خولقاند و کەوتمە بەراوردی یابانیەکان لەگەڵ مرۆڤەکانی تری وەك ئێمەی کورد و عەرەب و زۆر وڵاتان و کیشوەرەکانیتری جیهان. لە سەر ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە یابانیەکان:
١. بیر ئەکەنەوە لەوەی کە ئەیڵێن، بۆ ئەوەی کەسی بەرامبەری بە هەڵە تێنەگات.
٢. ئەڵێن مرۆڤ ئەبێ بەهێز بێت و ئەمەش هەر لە مناڵیەوە وا بەخێو ئەکرێن و فێر ئەکرێن.
٣. یابانیەکان لە کولتوریاندا هەیە کە بایەخ بەیەکتری بدەن و پشت بەخۆیان ببەستن و هاوکاری یەکتری بکەن.
٤. ئەوان سێ بۆچونیان هەیە لەسەر ژیان کە ئەوانیش:
– ژیان جوانە
– زەوی پیرە
– زەوی مافی خۆیەتی/ ئەتوانێ کە وون ببێ
٥. یابانیەکان مناڵەکانیان بە ئارامی پەروەردە ئەکەن و فێریان ئەکەن کە ئارامی دەروونییان ڕابگرن لەبەر ئەوەی هەموو شت کۆتایی دێت و چاك ئەبێتەوە.
ئەوەی زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە کە چۆن مێدیتاشون و ڕاهێنان کردن بۆ بەهێزبوونی دەروون و ووزە وەرگرتن بەهۆی وەرزشە ڕۆحیەکانی وەك شیگۆنگ و تایشیەوە ئەبیتە گەورەترین سەرچاوەی مرۆڤ بۆ هێنانەوەی ووزە و ڕاگرتنی ئارامی تەنانەت لەو کارەساتە گەورانەدا. ئەوان مێدیتاشون/ ڕامان بووەتە کولتورێکیان کە هەر لە مناڵیەوە فێری ئەبن، ئەوەتا ئێمە لە کاتێکدا ئەوان لەو قەیرانەدا کە ئەبینین تەنانەت لە ئارامی دەمووچاویاندا کەمجار گرژیەك یان جۆرێك لە خوێندنەوەمان بۆ ئەکرێت کە ئایا ئەم کەسە ئەیەوێت چیمان پێبڵێ.
چۆن بتوانین لە یابانەوە فێری وانەی ئارامگری ببین؟ چۆن بتوانین وەك ئەوان مێدیتاشون/ڕامان بخزێنینە ناو کلتوری خۆمان، بۆ ئەوەی هەر لە مناڵیەوە فێری بڕوا بەخۆبوون ببین و بزانین ژیان ئەگەرچی پڕی بێت لە کارەسات بەڵام جوانی خۆی تیایەو ئەبێت تیایدا بژین؟ ئەی ئێمەی پێنوس بەدەست چۆن بتوانین کولتورێك بگۆڕین کە پێچەوانەی ئارامیە و کەسانێکی تیایە ئامادەیە بە دەفتەر دۆلار بدات بە ژمارەیەکی جوانی ئۆتۆمبیلێك یان مۆبایلێك.
با لەسەر چارەسەر و هاندان و فێربوون شت بنوسین نەك خستنە ڕووی کێشەو دڵتەزاندن و شکست و بڕوا بەیەك نەمان. تاکی کوردیش مافی خۆیەتی کە توانا شاراوەکانی خۆی پیشان بدات پشت بەخۆی ببەستێت و ببێتە کەسێك کە شوێنی متمانەی خۆی و دەروروبەرەکەی بێت و بەرهەمێكی هەبیت و شانازی بە بوونی خۆیەوە بکات، ئەمەیە ئەبێت هەموو کاری بۆ بکەین هەتا کۆمەڵگایەکی تەندروست و ئاراممان هەبێت.
سەرکەوتوبن
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
٢٠١١/٣/٢٩