توانا تەھا : لەکاتێکدا ٢٥ ساڵ، لەمەو بەر بەشێکی گرنگی خەڵکی ھەڵەبجە کە بەکارو باری خێڵایەتی خۆیانەوە سەرقاڵ بوون، رژێمی دیکتاتۆری بەعس، ئەو ھەڵە زێڕینەی لە دەست نەداو ئەو پڕۆژەیەی دەیان ساڵ بوو خەونی پێوە دەبینی، بەجێی گەیاند.
رژێم ھەر رۆژێک چەند دێیەکی بە کەڵبەی شۆفڵ و تەقەمەنی و بڵێسەی ئاگر خاپوور دەکردن، ھەر رۆژ گوندنشینەکانیش دەبوونە قوربانی زەمین لەرزەی راگوێزان بێجگەلەوەش ھەڵەبجەو گوندەکانی دیکەی دەوورو بەری ھەڵەبجەی تەخت کرد.
رێژمی بەعس بەھاوکاری گەلێک جاش و جاسووی کورد، چەندان مەبەستی دزێوی لە “دووتوێی راگوێزان حەشار دابوو”کۆکردنەوەی خەڵک لەیەک شوێن، بێ ئاو، بێ دەرامەتکردنی گوندنشینەکان، لەبیربردنەوەی زمانی دایک، ھاندان بۆ رێز چەکدارەکانی بەعس، کۆکردنەوەیان بۆ مەبەستی بەئاسانی کۆنتڕۆڵکردنیان، خەڵکی بەم شێوە چاوەڕێی مردنیان دەکرد، ئێستا کەسانێکی زۆر لەژیانداماون دەڵێن خەڵکی زۆرمان دەبینی لە دۆڵەکان و دەیان شوێن چاوەڕێی مردنیان دەکرد، مرۆڤ ئەگەر لەخۆی پرسیار بکا دەبێت چەند مەرگە سات بێت لە چاوەڕوانی نامەی مرد بوەستیت و گوێت لەترپەی نامە بەرەکەبێت کە جەلادێکە دەنگی پێی پۆستاڵەکانی بێت و نامەی مردنت بۆبێنێت، دەبێ چ ھەستێکی سامناکی ھەبێ مردن، لەلایەک فرۆکە لێت نەگەڕێت، لە لایەکی تر مەرگ تا نزیکترین ئاقاری دڵ ھاتبێت! چاوت سوور ھەڵگەرابێت، رووخسارت گرژ و دەمت وشک بووبێت، خۆت لەبیربچێتەوەو کیمیا تەواو کارت تێبکات، چەندان دیمەنیش بەچاوی خۆت ببینی کە براکەت یان دایکت و خوشکەکەت بە بەردەمی خۆتەوە گیانیان دەرچووەو ناتوانیت ھیچیان بۆبکەیت، دەیان منداڵ بە بەرچاوی خۆت پەڕاگەندەی دۆڵ و کێوەکان ببن و دەسەڵاتت نەبێت رێگە لەھیچیان بگریت.
بەڵێ ژمارەی قوربانیەکانی ئەو رۆژەی ھەڵەبجە پێنج ھەزار مرۆڤی بێ تاوان و بێ دەسەڵات بوو، شەش ھەزار یا ھەشت ھەزار، یان زیاتر بوو، تا ئێستاش ساغ نەبۆتەوە، ھەرگیز ساغیش نابێتەوە.
“ئەمە ھەر لە کولتووری بەعس دا ھەیە، کە لەبەردەم ھێزی میلیتاردا تێک شکا، تۆڵەی لەخەڵکی سڤیل کردەووە، لەو رۆژەدا بەعس بەسەر خەڵکی بێچەکی ھەڵەبجەدا، بەسەر باخ و کانی و باڵندەی ھەڵەبجەدا، بەسەر بەتەمەن و منداڵ و ژنی ھەڵەبجەدا سەرکەوت: بەعس لەمێژ بوو تنۆکێک ئاوڕووی نەمابوو، ئەگەرنا ئەو سەرکەوتنە ئەویشی دەبرد”!
بەدەر لەھەموو ئەم شتە سامناکانەی کە دەگێردرێنەوە و باسیان لێوەکراوە، نابێت نامەی ئەو کوڕە لاوەی ھەڵەبجە فەرامۆش بکرێت، *لایەنە کوردییەکان ھەر کەدڵنیا بوون، لەوەی ھەڵەبجە زیندووی تێدا نەماوە، بەپەلە خۆیان گەیاندەوە شار و بۆ سۆراخی زێرو دراو، کەوتنە ئەمدییو و ئەودیو کردنی تەرمی شەھیدان. دەڵێن دەستی ئاوساوی ژنیان بۆ بازنگەکەی بڕیوەتەوە! دەڵێن گوێچکەی کیژۆڵەیان بۆ گوارەکەی ھەڵتڵیشاندووە!کەس و کاری شەھیدان ئەوە دەڵێن.
لەبارەی کەم کردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی ھەڵەبجەی شەھیید، ئاسوودەکردنی رۆحی قوربانیان، یا بەسزاگەیاندنی ھەرچی جاش و کورد کوژ ھەیە، دەبێت ئەوەبگوترێت و نموونەی ئەوەبێنینەوە و بڵێین “دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی، یەکێک بوو لەو دەزگا سەرەکییانەی کەتوانی شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی بۆ ھۆڵۆکۆستی جولەکە دروست بکات، ئەوش لەڕێی ھێنانە بەردەم دادگای تاوانباران.
**جولەکە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانی دووەم، ھەموو ھەوڵەکانی خۆی خستەگەڕ بۆئەوەی شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی بداتە ھۆڵۆکۆست. مۆسادیش، وەک دەزگایەکی کاریگەر، توانی ئەو شانازییە بۆ خۆی ببات کە توانی چەندان تۆمەتبار بەھۆڵۆکۆست، پەلکێشی دادگا بکات. مۆساد توانی تاوانبارێکی ھۆڵۆکۆست لەناوجەرگەی ئەرجەنتینەوە بڕفێنێت و بیھێنێتەوە ئیسرائیل بۆ ئەوە شەرعییەتێک بداتە ھۆڵۆکۆست و دادگایی بکات. کوردیش، لەناو جەرگەی ئەمینترینشاری عێراق و لەناو جەرگەی سێ دەزگای بەناو سیخوڕی “زانیاری و دژە تێرۆر و پاڕاستن” و پۆلیس و خەڵکی کورد و خودی قوربانییەکان، تاکە یەک کەسی تاوانباری راستەوخۆی ھەڵەبجەی لەدەست بوو، کەچی بۆی دەرچوو. حکومەتی ھەرێم تا ماوە دەبێ شەرم دایبگرێ ئەگەر باسی کەیسی تاریق رەمەزان و ھەڵاتنەکەی بکرێ.
ئەرجەنتین، ئارامبەخشترین شوێن بو بۆ نازییەکان دوای کۆتایی ھاتنیجەنگی جیھانیی دووەم، ھەر بۆیە ئەدۆڵف ئایخمانی بەشداری سەرەکی ھۆڵۆکۆست و بکوژی گەورەترین رێژەی جولەکەکان، لەوێ نیشتەجێبوو. ساڵی ١٩٥٧ مۆساد زانی ئەو تاوانبارە مەترسیدارە لە ئەرجەنتینە، دوای سێ ساڵ ئیش بۆکردن، توانیان لەناوجەرگەی ترسناکترین دەوڵەت بۆ ئاشکرابونی ئەو باندەی رفاندنی ئەوگەورە بکوژەیان گرتە ئەستۆ، راکێشی ئیسرائیلی بکەن.
کەچی لای خۆمان تاوانباری زۆر ھەن، لە پۆستی باڵای حزبین و، ھەندێکیان لە پۆستی باڵای حکومەتدان و بەشێکیان لەپەرلەمان و بوونەتە نوێنەری خەڵک. ئایا پێمان ناڵێن کەسێک تا دوێنی کوردی کوشتبێت و گازی خەردەلی بەدیاری بۆھێنابێت، کیمیابارانی گەلەکەی کردبێت، چلۆن دەتوانێت بەرگری کار بێت لە مافی نەتەوەکەی!!
* کۆترو پڵنگ- حەمەسەعید حەسەن
** ماڵپەڕی کوردیو