راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی : ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر، کە بە پادشای موزیک و میلۆدی کوردی ناسراوە، لە شەش ساڵی کارکردنیدا چەندین ھونەرمەندی نوێی لەکوردستان دروستکرد، بە تایبەت لەبواری خانماندا، کە ئێستا ماڵەکەی لەھەولێر جمەی دێت لە ھونەرمەندانی گەنج، کە ئێستا چوار کوڕ و حەوت کچی گۆرانیبێژن، ھەریەکەیان ھەموو ساڵێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە، بە مامۆستاکەیان دەڵێن “بەبێ تۆ بەردەوام نابین”. بەھۆی چالاکی و کاریگەری کارە ھونەرییەکانی، ئێستا ھەڵکەوت زاھیر بووەتە یەکێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی کوردستان، لەراپرسیەکدا کە سەنتەری لاوان بۆ دەستنیشانکردنی ١٠ لە کەسایەتییەکانی کوردستان ئەنجامیداوە، ھەڵکەوت زاھیر ریزبەندی پێنجەمی بەدەستھێنا.
بەرھەم عەلی، یەکێک لەو شاعیرانەیە کە چەند تێکستێکی لەلایەن ھەڵکەوت زاھیر کراوەتە گۆرانی، لەو بارەیەوە دەڵێت “لای من چێژوەرگرتن لەگۆرانی لەتێکستەکەیەوە دەست پێدەکات، کاتێ شیعر یان تێکستی ھەر گۆرانییەکم لا جوان بێ، بەبێ ویستی خۆم رێزی ئاوازدانەر و گۆرانیبێژەکەشم لا زۆرتر دەبێ، رەنگە لەچاو حەمەسەعید حەسەن و ئاراس عەبدولکەریم و حەمەسەعید ئیبراھیم جارێ ھیچم نەکرابێتە گۆرانی، بەڵام ئەو چەند تێکستەی من کە لەلایەن ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر ئاوازی بۆ دانراوە، کە ھەندێکیان بڵاوبوونەتەوە و ھەندێَکیشیان لەڕێی بڵاوکردنەوەن، ھەست دەکەم مامەڵەیەکی مەسئولانە و ھونەرییانە لەگەڵ تێکستەکاندا کراوە، کە گوێی لێدەگرم وا ھەست دەکەم ئەگەر ئەو ئاوازە نەبێت، ھیچ ئاوازێکی تر بۆ ئەو تێکستە نابێت”. بەرھەم عەلی گوتیشی “من شارەزاییەکی ئەوتۆم لە ئاوازدانان نییە، بەڵام دەزانم تێکستێک بە ئاواز حەقی خۆی دراوەتێ یان نا، لەو کارانەی کاک ھەڵکەوتیشدا گرنگ ئەوەیە لە ئەنجامدا ئێمە گوێمان لە گۆرانییەکی خۆش دەبێ، کە نەک زەوقی مرۆڤ تێک نادات، بەڵکو چێژێکی تایبەتی پێدەبەخشێت”. بەرھەم عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ھەڵکەوت زاھیر کۆمەڵێک گۆرانیبێژی گەنجی کچ و کوڕی دروست کردووە، ھەمووشیان ئامادەن بۆ کار، “بەڵام ئەو زۆر زانایە لەوەی کام تێکست و کام گۆرانی بدات بە کام گۆرانیبێژ”.
ھونەرمەند و رۆژنامەنووس وشیار ئەحمەد ئەسوەد، یەکێک بووە لەوانەی لەزووەوە داکۆکی لەو رەوەتە ھونەرییەی ھەڵکەوت زاھیر کردووە، ئێستاش دەڵێ شانازم بەوەی کەم کەس ھەن ئەوەندەی من داکۆکییان لە رەوتە ھونەرییەکەی ھەڵکەوت زاھیر کردبێ، لەبارەی ئەو بۆچوونەی کە زۆربەی ئەو گۆرانیبێژانەی کە ھەڵکەوت زاھیر کاری بۆ کردوون و بوون بە ئەسێرە، وشیار ئەحمەد دەڵێت “پێم وانییە ھیچ یەکێک لەو گەنجانەی ھەڵکەوت زاھیر کاری بۆ کردوون ئەستێرە بن، ئەستێرەبوون دنیایەکی تری ھونەرە و جارێ ئەو گەنجانە دەبێ ماندووتر بن تا بتوانن بەو پلە ھونەرییە بگەن، ئەسڵەن بەبۆچوونی من تاکە کەسێک لەو رەوتە ئەگەر بتوانین وەک ئەستێرە بیخەینە بەر ئاماژەوە، ھەڵکەوت زاھیر خۆیەتی نەک قوتابییەکانی، چونکە قوتابییەکانی راستە زۆربەیان کەسانی بەتوانان لەڕووی دەنگی گۆرانییەوە، بەڵام ئەگەر ھەر داھێنانێک لە بەرھەمەکانیاندا ھەبێ، ئەوە ھەڵکەوتە کردوویەتی نەک ئەوان”.
رۆژنامەنووس رزگار رەزا چوچانی، پێچەوانەی قسەکانی وشیار ئەحمەد پێی وایە کە ھەڵکەوت زاھیر خۆی ئەستێرە نییە، بەڵکو قوتابخانەیەکە و بۆتە دروستکردنی ئەستێرە، گوتیشی “دەبێ بڵێین ھەڵکەوت زاھیر بووە قوتابخانەی پێگەیاندنی ھونەرمەند و دروستکردنی ئەستێرە یان ئاسمانێک بۆ گەشاندنەوەی ئەستێرەکان، ئەوەی ھەڵکەوت زاھیر کردوویەتی بە قوتابخانەبوونە، دەکرێ بڵێین لە پێگەیاندنی ھونەرمەنددا ھەڵکەوت بۆشایی نەبوونی قوتابخانەی پێگەیاندنی ھونەرمەندی پڕکردەوە و توانی چەندین گەنجی بەتوانا لەھەردوو رەگەز دروست بکات”.
بەرھەم عەلی، ئاماژە بەوە دەدات، ئەمڕۆ کێشەی سەرەکی ھونەر و کولتوور و تەنانەت بواری رۆژنامەوانیش لە کوردستاندا ئەوەیە، کە گوفتارمان ھەیە و کردارمان نییە، “بەڵام وای دەبینم کە ھەڵکەوت زاھیر بەپێَچەوانەوە یەکێکە لەو کەسانەی زۆر کار دەکات و کەم قسە دەکات، بێگومان ھەمیشە زۆرترین رەخنە لەو کەسانە دەگیرێت کە زۆرترین کار دەکەن”. بەرھەم عەلی گوتیشی “ئەم پێشەکییەم بۆ ئەوەیە کە بڵێم ئەو ھەموو بەرھەمەی ھەڵکەوت زاھیر، کە ساڵانە چەندین ئەلبووم بۆ گۆرانیبێژان بەرھەم دێنێ و بە دەیان تێکست و شیعر دەکاتە گۆرانی، رەنگە جارجارە تێکستی لاوازیشیان تێکەوێت، بەڵام مامەڵەیەکی جوانی ھونەری لاوازیی تێکستەکە دەشارێتەوە”.
وشیار ئەحمەد باس لە بوێری ئەو کچە گۆرانیبێژەکانە دەکات، کە ھەڵکەوت دروستی کردوون، بەڵام دیسان پێی وایە لەوەشیان دەکەوێتە بەر ئەقڵی ھونەری ھەڵکەوت زاھیر خۆی، نەک کچەکان، وشیار ئەحمەد وەک دەڵێت “ھەڵکەوت توانیویەتی لەڕێگەی چەند دەنگێکی بوێری ئافرەتانەوە کاری جوان و دروست ھونەری بکات، راستە بەر لە (ھەڵکەوت)ـیش دەنگی ئافرەت ھەبوون و ھەندێکیان تەنانەت لە شەستەکانیشدا گۆرانی ئافرەتانەیان گوتووە، بۆ نموونە (ژیان ئەحمەد و گوڵبەھار)، بەڵام ئەوەی ھەڵکەوت لە ڕەوتەکەی خۆیدا کردوویەتی، شێوازێکی مۆدێرنی بە بەرھەمەکان بەخشیوە، ئەمە جیا لەوەی بوێریی قوتابییەکانی ھەڵکەوت جیا لە گۆرانی ژنانە، دەکەوێتە بەر ئەو سەما ھونەرییانەی کلیپەکانی پێ رازاندوونەوە، ئەمەش چەند دەکەوێتە بەر بوێریی ئافرەتەکان، لەوەش پتر دەکەوێتە بەر ئەقڵی ھونەریی ھەڵکەوت”. لەبارەی فرەستایلی لەکارەکانی (ھەڵکەوت زاھیر)ـدا، کە پێش ئەو لەناو گۆرانی کوردیدا نەکراوە، وشیار ئەحمەد دەڵێ “ئەگەر بەویژدانەوە لە بابەتەکە بڕوانین، لە مێژووی ھونەری گۆرانی کوردیدا، کەسێکی تر بارتەقای ھەڵکەوت زاھیر بوێر نەبووە بۆ خۆلەقەرەدان لە ستایلە جیاوازەکان، ھەندێک ستایل ھەن کە منیش پێشتر پێیان ئاشنا نەبووم، ھەڵکەوت پێی ئاشنا کردین، بۆیە ئەگەر بەدروستی ھەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی ھەڵکەوت زاھیر بکەین، جیا لە ھەموو قوتابییەکانی تری تەنیا میرا و لۆکە بکەینە نموونە، چەندان ستایلی جیاوازمان لەو دوو دەنگەدا گوێ لێ دەبێت، بۆیەش ئەوانم کردووەتە نموونە، چونکە لە بەتواناترین ئەو دەنگانەن تا ئێستە ھەڵکەوت کاری بۆ کردوون”.
موئەیەد تەیب، کە چەندین شیعری لە لایەن ھونەرمەندانی پێشووی کورد لە بەغدا کراوەتە گۆرانی، لەبارەی ھەڵکەوت زاھیر دەڵێ “ھونەرمەندێکی داھێنەرە لە رووی ئاوازدانانەوە، توانی زۆر دەنگی نوێ و خۆش بدۆزێتەوە، بەتایبەت لەرووی ھێنانە پێشەوەی ئافرەتان و گرنگی پێدانیان کە وەک ئافرەت گۆرانی بڵێن، پێشوو چەند ئافرەتێک دەنگی تۆمارکراو بوو، وەک عەیشەشان و نەسرین شێروان و مەریەم خان و گوڵبەھار ئەوانەش خەڵکی کوردستانی عێراق نەبوون، ئەوەی کاک ھەڵکەوت کردی وایکرد کچی کورد گۆرانی بڵێن و دەربکەون و بوارەکەی ھەمەرەنگ و بۆن خۆش کرد”. موئەیەد باسی لەوەشکرد لەرێگەی کارەکانی ھەڵکەوت زاھیر چەند ستایلێکی تازەی ھێنایە ناو گۆرانی کوردی، “ئەگەر تەماشا بکەین پێشتر گەنجی ئێمە سەرسام بوون بە نانسی و ھەیفا و ئەو بابەتانە، چونکە ئەگەر بیانویستبا کچێکی گۆرانیبێژی جوان ببینن سەیری گۆرانی تورکی و عەرەبیان دەکرد، بەڵام کاک ھەڵکەوت بەدیلی دۆزیوە، نموونەی وەک لۆکە و دەشنێ و ھانی و ناسلی و زۆریتری ھێنا کە دەنگێکی خۆش و زۆر جوانن، وایکرد ئیتر گەنجی کورد ئەو ستایلە بە کوردی ببیسترێ و تەماشای ئەوانە بکەن، گەنجی کوردی بەرەو گۆرانی کوردی راکێشاوە”.
ھونەرمەند ئەحمەد سالار، کە دیارترین شانۆکاری کوردە و زۆر لە ھونەرمەندان پێیان وایە ئەو رابەری شانۆی کوردییە، دەڵێت “ھەڵکەوت زاھیر ھونەرمەندێکی نوێخوارە، ئیشەکانی کاریگەرن لەرووی ئاواز و دابەشکردنی مۆسیقا، ھەروەھا لەرووی ھێنانە ئارای کۆمەڵێک دەنگی نوێ بۆ ناو بزاڤی گۆرانی و مۆسیقای کوردی، بەتایبەت لە خانمان، ھەروەھا لەڕێی ئەو بەرنامەیەی کە لە تەلەفزیۆن دەیکرد، ئەوە بوارێک کە گرنکی بە بەھرەمەندەکان دەدا، لەوێشەوە وەک مامۆستایەک و وەک دۆزەرەوەی بەھرە نوێکان جێی دەستی زۆری دیارە”. ئەحمەد سالار لێکچووەکانی نێوان شەمال سائیب و ھەڵکەوت زاھیر دەھێنێتەوە و دەڵێت “کاتێک شەمال سائیب وەک ئاوازدانەرێک و گۆرانیبێژێکی نوێخواز ھاتەئاراوە ھەزار یەک جار بەرەنگاری رەخنە و قسەپێکردن بۆوە، بەتایبەت ئەوکاتە مۆسیقای میسری ئاستێکی بەرزی ھەبوو بەتایبەت لەسەردەمی گۆرانیبێژان فەرید ئەترەش و محەمەد عەبدولوەھاب، بەڵام شەمال سائیب ویستی بەشێوازێکی خۆی ئاستی مۆسیقای کوردی بەرز بکاتەوە، بەڵام تووشی رەخنەگرتن ھات و پێیان دەگوت ئاوازەکان و مسیقای عەرەبییە، ئێستاش بەیەکێک لە ھونەرمەندە گەورەکان ناوی دێت”. ئەحمەد سالار لەسەر ئەو باسە بەردەوام بوو گوتیشی “بەپێی سەردەمەکە کە گۆڕانکاری دروست دەبێ گۆڕانەکە ھەر سەردەمێک ھونەرمەندی خۆی ھەیە، ئێمە نامانەوێ ھونەرمەندێکی ئێستا کت و مت ئەو مەقامە بڵێتەوە کە عەلی مەردان دەیگوت، ئێستا شێوازەکە گۆڕاوە لە ھەموو بوارەکان، لەبوارەکەی منیشدا ئێستا ئەو شانۆیە نەماوە کە من پێش چڵ ساڵ لەمەوبەر دەمکرد، بۆیە من دوادەکەوت ئەگەر دوای ئەو گۆڕانکارییە نەکەوم، (ھەڵکەوت)یش ھەوڵیداوە و ھونەرمەندێکی زۆر پەلەبازە، توانیوویەتی سوود لە تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرێ بۆ ئەنجامدانی کارەکانی، دەتوانم بڵێم ھەڵکەوت لەناو مۆسیقای کوردی دیاردەیەکە و ھەموو کەسێکیش بەیەک چاو سەیری دیاردەش ناکات”. ئەحمەد سالار ئاماژەی بەوەشدا ئایەندەیەکی گەورە چاوەڕێی ھەڵکەوت زاھیر دەکات، “لەبەرئەوەی بڵێن و نەڵێن یەکێکە لەوانەی کاریگەریەکی دراوشاوەی بەسەردەمەکەی خۆیەوە ھەیە، ئەوەشی کە کردوویەتی ھەندێکە، دەتوانین بڵێین ئەوە سەرەتایەکە کە ئایندەیەکی گەورە چاوەڕێی دەکات”.
ساڵی ١٩٨٧ ھەڵکەوت زاھیر چووەتە پەیمانگای ھونەرەجوانەکان لە سلێمانی، کە ھونەرمەند ئەحمەد سالار ساڵانێک وەک لەو پەیمانگایە وانەی گوتۆتەوە، دەڵێت “من مامۆستای شانۆ و شێوەکاری بووم، ھەڵکەوت زاھیر یەکێک بووە لە قوتابییە دیارەکانی نێو پەیمانگا، کە دوو مامۆستای زۆر گرنگیان ھەبوو، مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی و سەڵاح رەئوف، من ئاگادار بووم مامۆستاکان زۆر لێی رازی بوون، قوتابیش ئەگەر مامۆستا لێی رازی بێ خواش لێی رازییە”.
رزگار چوچانی، پێی وایە کارکردنی ھەڵکەوت زاھیر بۆ بۆنەکان یەکێکی تر لەخاڵی جیاکردنەوەی ئەوە لە ھونەرمەندەکانی تر، دەشڵێ “ئەگەر بەر لە ھەڵکەوت زاھیر لەو بۆنانەدا کارێک کرابێت، زۆرکات ھێند بەکرچ و کاڵی کاری بۆ کراوە، تاقەتی ویستووە گوێی بۆ بگریت، بەڵام ھەڵکەوت توانی بەکارە ھونەرییەکانی گرنگی بۆ ئەو بوارانە گێڕاوەتەوە”. رزگار چوچانی نموونە بۆ قسەکانی دێنێتەوە و دەڵێت “بۆ مافی ژن ئەو لە دەنگ و ئەدای ژنەوە نەفرتمان پێدەکات لەتوندتوتیژی، کە بە بەکارھێنانی دەنگی خودی ژن و بەوشێوازە ھونەرییە بەرزە، کە ئەو کردوویەتی، کێ ھەیە بە دەنگی ژنێک کاریگەر نەبێت کاتێک بە ناز و ناسکی ژن بوونەوە ھاوار بۆ مافەکانی خۆی بکات و تێکەڵی بکات لەگەڵ موعاناتەکانی، ئەگەر کەسێک ئاگایی لەباری نەفسی ئینسان نەبێت، لەم ھەنگاوە ورد و پڕھونەرە تێناگات، رەنگە ھەروای لێکبداتەوە کە ھەڵکەوت ئاوازێکی داناوە، بەڵام تێناگات لە وردەکارییەکانی پەیبردن بەنازی ژن و تێکەڵکردنی لەگەڵ موعانات و بزرنەکردنی ناسکی ژن لەبەکارھێنانی دەنگیدا بۆ وەھا پرسێک”. رزگار چوچانی بەردەوام دەبێ و دەڵێت “ئەوەی سەرەنجی من دەگرێت وردبوونی ھەڵکەوتە، ئاخر ناکرێ ئێمە تەنیا وەک ئاوازدانەرێک لە ھەڵکەوت زاھیر تێبگەین، بەڵکو دەبێت وەک وردەکارێک سەیری بکەین، کە بەر لە ئەو و لەسەردەمی ئەویشدا ھاوشێوەی نەبووە و نییە، ھەڵکەوت کاتێک گۆرانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەڵێت، دەنگی گەنج و توانای گەنج بەکاردێنێ، دیسان لێرەش دنیای پڕ لەناسکی گەنج لەیاد ناکات و ھەمان ئەو ستایلە حەماس بەخشە ناداتەوە بەگوێمان، کە ھونەرمەندەکان فێربوون ئەگەر گۆرانیان بۆ سەربەخۆبوون و ئازادی گوت، دەبێت حەماسی بن و رەگی ملیان ھەڵبسێنن و ھەتا ئەتوانن دەم بکەنەوە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە چۆن سەردەم بۆ ھەموو شتێک گۆڕاوە، سەردەم بۆ گوێگرتنیش گۆڕاوە، لەرۆحی لۆکە و دەنگی میرا گۆرانی بۆ سەربەخۆبوون دەڵێت، دەزانێ چۆن ئەو دەنگانە تێکەڵ بە پەیامێک دەکات بۆ وڵات و شارەزایە چۆن ئەو پەیامە لەگەڵ ویستی بیستنی گەنجدا ئاوێزانیان بکات”.
رزگار چوچانی دەڵێ لەکاتی خۆپیشاندانەکان ھونەر ببووە بەشێک لەھەوڵی ھاندانی پشێونە و ھاندانی گەنج بۆ توندوتیژی، بەڵام ھەڵکەوت ھات و لە ناسکی رۆح و دەنگی ئالان عومەر و سریل بیری دەھێناینەوە، پێیگوتین لەم شەڕە خۆتڕێنەدا سەرکەوتوو لە دۆڕاو دۆڕاوترە، چونکە ھەموومان یەکین، ھەروەھا رزگار چوچانی باس لە گرنکی دیین لە ھونەر دەکات، پێی وایە لەھونەری کوردیدا کارکردن لەسەر پیرۆزی دیین لە ھونەری کوردیدا غایبی گەورەی ھەبووە، بەتایبەت کارکردن بۆ پیۆزی دین بە دەنگی ئافرەت، چوچانی دەڵێت “راستە ھونەرمەندانی تر کاریان لەسەر دین کردووە، بەڵام چۆن کارێک؟ یان بەتکای تەلەفزیۆنەکان بووە بۆ پڕکردنەوەی ماوەی پەخش یان بە ھەڵپەی بەردەوام بوون بووە لەسەر شاشە، دیارە مەبەستم ھونەرمەندانی دینی نییە، بەڵام ھەڵکەوت لێرەش ئامادەیە و ئەلبوومێک بە کوالێتێکی بەرز کە ھەرگیز پێشتر بەو شێوە کار نەکراوە بۆ دین ئامادە دەکات، دەنگی کیژۆڵەی کورد لەو بوارەدا بەگەڕ دەخات، کە پێشتر شتی وانەبووە، وەک ئەوەی ژن خوا و دینی نەبووبێت”.
لەماوەی کابینەی پێنجەم ھەڵکەوت زاھیر راوێژکاری ھونەری سەرۆکی حکومەت بوو، کە لەسەر دەستی ئەو حکومەت گرنگیەی زیاتری بۆ بواری ھونەر دا، ھونەرمەند ئەحمەد سالار دەڵێ شەخسی خۆم پەیوەندیەکی زۆر جوان و خۆشەویستی ھەیە لەنێوان من و کاک ھەڵکەوت، ھەر جارێک ئیشێکم پێ ھەبووە راستەوخۆ تەلەفۆنم بۆ کردووە و ئەویش بەھانامانەوە ھاتووە، “بۆ خوا و بۆ مێژوو دەڵێم و بەردەوام دڵسۆزی خۆی وەک راوێژکارێک بۆ ھونەرمەندان نواندووە”، گوتیشی “حەزدەکەم بۆ مێژوو بڵێم ھەڵکەوت لە درامای “کە خەم گوڵ دەگرێ”. کە بەرھەمی تیپی شانۆی سالار بوو، مۆسیقایەکی زۆر جوانی بۆ دراماکە ئامادە کرد، بەبێ ئەوەی یەک دینارمان لێ وەربگرێ، جگە لەوەش بودجەی دراماکەمان لەنیوەیدا کەمی کرد، ئەو ھاوکاریەکی باشی ئێمەی کرد، سوپاسی دەکەم”.
ھەر لەو بارەیەوە رزگار چوچانی، دەڵێت “لەماوەی راوێژکاریدا ھەڵکەوت زاھیر ھونەر دەنگ و رەنگێکی تری بەخۆوە بینی، گروتینێکی تری وەرگرت، ئەوەندەی لەماوەی راوێژکاری ھونەری ھەڵکەوت زاھیردا، کاری ھونەری کراوە، ئەوەندەی ھونەری مەساحەی راگەیاندنی داگیرکردووە، ئەوەندەی بووە بەجێی قسەو باس و خەڵک بەبوارێکی زانیووە قسەی لەسەر بکات، لەمێژوودا شتی وانەبووە، بەرلەوەی ئەو ھونەرمەندە وەک راوێژکاری ھونەری دەستبەکار بێت، ژنانی گۆرانیبێژ بە پەنجە دەژمێردران، گەنجان زۆر کەم دەرفەتیان پێدەدرا، ھونەری کوردی گۆمێکی مەیوو وەستاو بوو، بەڵام ھەڵکەوت ھات گۆمەکەی ھەژان، بێگومان کاتێک مرۆ بیسڵەمینەوە گۆمێک کە چەند ساڵە مەیووە بھەژێنێت، دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات، بۆنی ناخۆشیشی بەسەردا بێت، بۆیە ھەڵکەوتیش ئەو بۆنە ناخۆشەی بەسەردا ھات، کە قسە و قسەڵۆک بوو، قسەی کاک وشیارە کە دەیگوت ھەڵکەوت رۆشنبیرییەکەیەتی نەیھێشت بوەستێ”. رزگار چوچانی ئەوەشی گوت “ئەوەی کە ھەڵکەوت کردوویەتی لە ماوەی راوێژکاریدا دروستکردنی مێژوو بوو، دروستکردنی مێژووش بەھەموو کەس ناکرێت، خەڵکی بەتوانا بەر لە ھەڵکەوت ھاتن، بەڵام لەخزمەتی دروستکردنی خۆیان کاریان کرد، بەڵام ھەڵکەوت لەپێناو دروستکردنی گەنجی کچ و کوڕ خۆی کردە سەرقسە و ھەر لەپێناو ئەوانیش باکی نەبووە و نییە و بەردەوامە”.
مۆئەیەد تەیب، کە جگە لە شیعر نووسین سیاسەتوانیشە، دەڵێت “ئەو گۆرانیبێژانەی کە ھەڵکەوت زاھیری دەستنیشانی کردووە جەماوەرێکی بەرفراوانیان ھەیە لەنێو گەنجانی کورد و ھەتا بەرپرسەکانیش”.
بەپێی راپرسیەک کە سەرنتەری گەنجان لە ھەولێر ئەنجامیداوە و ھەزار و پێنج سەد ھاوڵاتی بەشداری تێدا کردووە، ناوی ھەڵکەوت زاھیر لەریزبەندی پێنجەمین کەس دێت لەناو ئەو دە کەسایەتیانەی لە کوردستان. لەئەنجانی راپرسیەکەدا ھاتووە “جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، نەوشێروان مستەفا، ھەڵکەوت زاھیر، شێرکۆ بێکەس، عەلی باپیر، کۆسرەت رەسول، ھێرۆخان، دکتۆر بەرھەم”.