دەنگی (باخان) بەدەنگێکی مێژوویی وەسف دەکات.
کارۆخ مەلائەسعەد:ئاوازدانەر (ھەڵکەوت زاھیر) لە بارەی ئەوەی کە پێشتر چەند کارێکی بۆ گۆرانیبێژ (باخان) کردووە و لە لایەن خۆیەوە بایەخێکی زۆری پێدا بوو، بۆ “ھەولێر” گوتی: ” تا ئێستا و بگرە سەدەیەک دواتریش (باخان) بە ھونەرمەندێکی مێژوویی دەزانم.”
لە بارەی ئەوەی ھۆکار چی بوو لەگەڵ (باخان)ـدا دوورکەوتنەوە و گرژیەکی زۆریش لە نێوانیاندا دروست بوو، ھەروەھا ئەو کارانەی کە بۆ ئەوی کردبوو بە کەسێکی دیکەی بەخشی؟ گوتی: “تا ئێستایش شانازی دەکەم لەمەڕ ئەو کارە ھونەرییانەی بۆیم کردووە و، کە ھێنامە ناو مەیدانەکەوە. ڕاستە من نکۆڵی ناکەم لەوەی کە کارەکانی ئەوم نەدابێت بە کەسێکی دیکە، بەڵام ئەو کات لایەنێکی ناپاک و خراپ ھاتن ئەو ناکۆکییەیان لە نێوانماندا دروست کرد و، ئەویان ھان دەدا. ئەگینا من و (باخان) بێتاوان بووین پاشان من ھەموو کارەکانم گەیاندبووە قۆناغی تەواو بوون، بەڵام ئەو بەجۆرێک ڕقی داگرد کە سەرجەم کارەکانی جێھێشت و وتی ھیچم ناوێت.”
لە کۆتاییشدا گوتی: “بەردەوام گوێ بۆ گۆرانییەکانی دەگرم و ئەو دەنگە سێبوورییەکی زۆرم پێدەبەخشێت، ھاوکات بەردەوام ئەو دەنگانەی کە لەگەڵ ناخی مندا تێکەڵ دەبن بە پلەی یەکەم (باخان، لۆکە، میرا و لەیلا فەریقی)ـن.”