ھونەرمەندی موزیکژەن (ھەڵبەست سەڵاح) لە نێوترینی کاری ھونەریی خۆیی دا لە ئێستادا خەریکی بەرھەم ھێنانی پارچە موزکێکە، ھەروەھا خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەلبومێک، کە خۆی لە (١٠) پارچە موزیک دەگرێتەوە، لە لێدوانێکی دا بۆ خوێنەرانی رۆژنامەی “ھەولێر” (ھەڵبەست) دەربارەی ئەو بەرھەمە تازانەی گوتی : “لە ئێستادا خەریکی بەرھەم ھێنانی پارچە موزیکێکی تازەم، بەشێوەیەکی زۆر چاک کاری ئامادەکارییم بۆ کردووە و ماوەی نزیکەی ساڵێکە خەریکی بەرھەم ھێنان و شێوازی داڕشتنی بەرھەمەکەم”.
گوتیشی : “ئەو بەرھەمە خۆم کاری ئامادەکردنی میلۆدی و ژەنینم بۆ ئەنجامداوە، ئاوازی موزیکەکەم لە سەر مەقامی “نەھاوەند” ئامادە کردووە و ناوم لێناوە “یاد” بە یەکێکە لەکارە باشەکانی خۆمی ھەژمار دەکەم، متمانەیەکی باشم ھەیە بۆی، کە ببێتە جێگای رەزامەندی شەیدایانی موزیک”.
(ھەڵەبەست) لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی دا دەربارەی ناوەرۆکی پارچە موزیکی “یاد” دەڵێت : “سوپاسی ھاوکاریی و ماندو بوونی ھەردوو ستۆدیۆ “میلۆدی و سۆلۆ” دەکەم لە شاری ھەولێر دەکەم، کاری ژەنینی “ئەکۆرد و کیبۆرد” لەلایەن ھونەرمەند (ھێمن حوسێن) ئەنجامدراوە، ھونەرمەند (ھۆگر عەزیز) کاری تۆمارکردنی دەنگی بەجێ گەیاندووە،ھەروەھا ھونەرمەند (دڵنیا قەرەداغی) بە شێوەی “ڤۆکاڵ” بەدەنگ بەشداریی کردووە، “بێست کۆمپانی” لە لایەن ھونەرمەند (بەھجەت نەجات) کاری “ماسترینگ”ـی بۆ بە ئەنجام گەیاندووە”.
(ھەڵبەست سەڵاح) دەربارەی کاری کلیپ کردنی ئەو موزیکە گوتی : “بە نیازم کاری کلیپی پارچە موزیکی “یاد” لە دەرەوەی وڵات بە ئەنجام بگەینم، چونکە پێویستم بە ھەندێک دیمەنی سرووشتی و دەریا ھەیە بۆ ئەوەی کارێکی نایاب دەربچێت، ھەروەھا دەمەوێ ئەو کلیپەم لە ھەندێک کەناڵی عەرەبی و فارسی بڵاو بکەمەوە، بۆیە پێویستە کارێکی ئاوا بکەم، کە ببێتە جێگای سەرنج راکێشان و بڵاو بوونەوەی لەو کەناڵانە”.
ھونەرمەندی موزیکژەن (ھەڵبەست سەڵاح) ئاماژەی بۆ ئەلبومێکی موزیکی کرد : “بەنیازم کار بۆ چەند تراکێکی موزیک بکەم و لە چەند پارچە موزیکێکی کوردیی ڕەسەن و چەند پارچە موزکێکی تازەی لە خۆیی گرتووە، بەنیازم لە دوو توێی ئەلبومێکدا بڵاوی بکەمەوە”.
دەربارەی تەواو بوونی کاری ئەو ئەلبومە موزیکییە (ھەڵبەست) گوتی : “بە پێویستی دەزانی سوپاسی کۆمپانیای “کۆرەک تیلکۆم” بکەم، کە ھاوکارییان کردووم بۆ سپۆنسەر کردنی ئەو سیدیە تازەیەم، پەنا بە خوا لە ساڵی داھاتوودا سەرجەم کارەکانی تەواو دەکەم و بڵاوی دەکەمەوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا