ھەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕکێی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک دیاریکران و تەندیسی فیستیڤاڵ، لەوحەی فەخری و خەڵاتی نەقدی بەسەر ھونەرمەندانی سەرکەوتوودا دابەشکرا.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دھۆک، رێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دھۆک، کاتژمێر ٧ی ئێوارێ دوێنێ یەکشەمە ١٦ی ئەیلوول / سێپتەمبەر بە بەشداری ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان، “تەمەر رەمەزان” پارێزگاری دھۆک، دەرھێنەرەکانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و ھۆگرانی ھونەری سینەما لە ھۆڵی کۆنگرەی زانکۆی دھۆک بەڕێوەچوو، سەرەتا فیلمی سینەمایی “جیایی” لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری ئێرانی ئەسغەر فەرھادی ھەڵگریی خەڵاتی ئۆسکاری ٢٠١٢ بۆ باشترین فیلمی بیانی نمایشکرا، پاشان عادڵ حەسەن سەرۆکی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دھۆک سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە وتارێکی پێشکەش کرد و لە درێژەدا ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی فیستیڤاڵ، دەنگەکانی خۆیان راگەیاند و تەندیسی فیستیڤاڵ، لەوحەی فەخری و خەڵاتی نەقدی بەسەر ھونەرمەندانی سەرکەتوودا دابەشکرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەری بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵە کە بریتین لە: “شەوکەت ئەمین کورکی” دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان وەکوو سەرۆکی لێژنەی دادوەران، “سەدیق بەرمەک” دەرھێنەر لە وڵاتی ئەفغانستان، خاتوو “بێرگیتا مانتی” بەرھەمھێنەر لە وڵاتی ئەڵمانیا، خاتوو “ڤیرا لانگێرۆوا” رخنەگر و نووسەر لە ئێسلۆڤاکیا و “کامبووزیا پەرتەوی” سیناریۆنووس و دەرھێنەر لە وڵاتی ئێران، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە راگەیاند:
ـ رێزلێنانی لێژنەی دادوەران:
رێزلێنانی لێژنەی داوەرانی ئەم فیستیڤاڵە بەخشرا بە کورتە فیلمی “کوڕی پێشمەرگە” لە دەرھێنانی زانیار ئادەمی و دەیوید ھێردیس بەرھەمی ھاوبەشی وڵاتانی سوید و نۆروێژ.
رێزلێنانی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵ، پێکھاتوو لە لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی نەقدی بەخشرا بە کورتە فیلمی “پاسکڵ” لە دەرھێنانی رزگار حوسێن لە ھەرێمی کوردستان.
ـ باشترین کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری:
خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم بەشە، پێکھاتوو لە لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی بری پارەی ٣٠٠٠ ھەزار دولاری بەخشرا بە کورتە فیلمی “مێلۆدی بەرد” لە دەرھێنانی پەرویز رۆستەمی لە کوردستانی ئێران.
ـ باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی:
پلەی سێیەم:
لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی بری پارەی ٢٠٠٠ ھەزار دولاری بەخشرا بە کورتە فیلمی “دالیا” لە دەرھێنانی شاخەوان عەبدوڵڵا قازی لە ھەرێمی کوردستان.
پلەی دووەم:
لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی بری پارەی ٢٥٠٠ ھەزار دولاری بەخشرا بە کورتە فیلمی “نیشتمانی پاڵەوانەکان” لە دەرھێنانی سەھیم عومەر خەلیفە لە وڵاتی بەلژیکا.
پلەی یەکەم:
لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی بری پارەی ٣٠٠٠ ھەزار دولاری بەخشرا بە کورتە فیلمی “بێدەنگ” لە دەرھێنانی رێزان یێشیلباش ھەڵگری خەڵاتی چڵەبەڕووی کورتە فیلمی ٦٥مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانی ٢٠١٢ لە باکووری کوردستان.
ـ باشترین فیلمی سینەمایی:
خەڵاتی یەکەمی ئەم بەشە پێکھاتوو لە لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی بری پارەی ٥٠٠٠ ھەزار دولاری بەخشرا بە فیلمی سینەمایی “گەر بمری، دەتکووژم” لە دەرھێنانی ھونەر سەلیم لە وڵاتی فەڕەنسا.
یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک بە نمایشی ٨٨ فیلم، لەوانە: فیلمی سینەمایی، فیلمی بڵندی دیکۆمێنتاری، و کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، دیکۆمێنتاری و ئەزموونی لە سینەماکارانی سەرتاسەری جیھان لە بەشەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: ٩ فیلمی سینەمایی لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی واتە “سینەمای جیھان”، ٩ فیلمی سینەمایی لە بەشی “پێشبڕکێی فیلمە بڵندەکان”، ١٠ فیلم لە بەشی “پێشبڕکێی فیلمە دیکۆمێنتارییەکان”، ١٢ کورتە فیلم لە بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلمەکان”، ٢٤ کورتە فیلم لە بەشی “نمایشی کورتە فیلمەکان”، ١٣ فیلم لە بەشی “نمایشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکان” و ١١ فیلمی سینەمایی لە بەشی تایبەتی “سینەمای ئیتاڵیا” بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: پورتوگال، ئیسپانیا، سوید، ئێران، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ژاپۆن، تورکیا، سێربێستان، بەلژیکا، کەنەدا، ئەمەریکا، کۆریای باشوور، عێراق، ھەنگاریا و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان لە رۆژانی ٩ تا ١٦ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١١ لە ھۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.duhokiff.com/index.php/en/
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دھۆک.