ھەڵبژێردراوانی فیلمی بڵند و کورتە فیلم لە بەشە جۆراوجۆرەکانی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی، لە ھۆڵی تەواری شاری سلێمانی دەستنیشانکران.
دوانیوەڕۆی رۆژی ٣١ دیسەمبەر، فیلمی سینەمایی “گرفتەکانی چاپڵین” لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی عەلیرەزا سەعادەت نیا بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ھونەرمەندان و ھۆگرانی ھونەری سینەما لە ھۆڵی تەواری شاری سلێمانی نمایشکرا و پاشان ھەڵبژێردراوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی لە لایەن ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم فیستیڤاڵەوە دەستنیشان کران و لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە خەڵاتی ئاسکی زێڕین کە ٤ مسقاڵ زێڕی لە خۆگرتووە و ھەروەھا بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی بەسەریاندا دابەشکرا.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمی کۆتایی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی، “ئازاد سەوزە” بەرێوەبەری فیستیڤاڵ، سەبارەت بە گرینگی بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە ھاتە ئاخاوتن و لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: ھیوادارین ساڵی داھاتوو، ساڵی داھێنانی ھونەری بێت بۆ ھونەرمەندان بە گشتی و بۆ فیلمسازانیش بە تایبەتی.
ھەروەھا گوتی: “لێرەوە بانگەوازی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی رادەگەیەنین و داواکارین ھەموو فیلمسازانی کورد لە ھەر شوێنێکی دنیا بن گرینگی بەم فیستیڤاڵە بدەن و ژیانی پێببەخشن و بە کارە جوانەکانیان زیاتر و زیاتر ئەم فیستیڤاڵە بڕازێننەوە.”
بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “بە دڵنیایی دەیڵێین بە گەرم و گوڕی فیلمسازانی کورد و بە پشتگیری ئێوەی خۆشەویست، ئێمە بەردەوام دەبین تا ئەو ساتەی لە کارەکانماندا ھەبین و بۆ ئەوەی بتوانین بەردێک بخەینە سەر بەردێک و پەنجەرەیەکی رۆشن بخەینە سەر ئەو تەلارەی کە بۆ فیلمسازی لەو ھەرێمەدا رێگا دەبڕێت.”
لە درێژەی بەرنامەکەدا لە ٥ ھونەرمەندی بەئەزموونی ھونەری دراما و سینەمای کوردی بە ناوەکانی؛ “ئازاد جەلال” ـ ئەکتەر، “ئاڵا عومەر” ـ ئەکتەر، “ئازاد حەمە بچکۆل” ـ دەرھێنەر و ئەکتەر، “شادان فوئاد” ـ ئەکتەر و “زاھیر عەلی” ـ ئەکتەر، کە تەمەنێکیان لە ڕێی ھونەردا بەخشیوە و بەردەوام کاری باشیان پێشکەش میللەتەکەیان کردووە، لە لایەن بەڕێوەبەرانی فیستیڤاڵ، بە پێشکەش کردنی بڕوانامەی رێزلێنان و خەڵاتی تایبەت، رێزیان لێگیرا.
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا ھەڵبژێرداوانی بەشی پێشبڕکێی فیلمی بڵند و کورتە فیلم دیاریکران، لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە سینەماییەکانی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی، خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارەی نەقدی باشترین فیلمی فیستیڤاڵ، پێشکەش کرا بە فیلمی سینەمایی “کوڕی بابێل” لە دەرھێنانی سینەماکاری عێراقی “محەمەد الدەڕاجی”.
ھەروەھا خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارەی نەقدی باشترین دەرھێنانی فیستیڤاڵ، بەخشرا بە “شیار عەبدی” سینەماکاری کوردی رۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ سازکردنی فیلمی سینەمایی “گەڕان”.
ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی کە بریتی بوون لە: ھیشام زەمان دەرھێنەر وەکوو سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانی لە وڵاتی نەرویژ، حەسەن عەلی دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان، کامەران شەوقی وێنەگر لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد مەحموود مۆنتێر لە ھەرێمی کوردستان و ئاسۆ عومەر سوارە ئەکتەر لە ھەرێمی کوردستان، دوای بینینی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، دەنگەکانی خۆیان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە بەم شێوەیە راگەیاند:
١ـ باشترین دیزاینی دەنگ:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە پێشکەشکرا بە “سەرحەد دۆمڵو” بۆ دیزاینی دەنگی کورتە فیلمی “پاسکیل” لە باکووری کوردستان.
٢ـ باشترین موزیک:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە بەخشرا بە “بێھرووز شەھامەت” بۆ دانانی موزیکی کورتە فیلمی “بۆ؟؟” لە وڵاتی ئێران.
٣ـ باشترین مۆنتاژ:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە پێشکەشکرا بە “سام بۆڵد” بۆ مۆنتاژی کورتە فیلمی “رۆژین” لە وڵاتی بەریتانیا.
٤ـ باشترین وێنەگرتن:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە بەخشرا بە “سەرحەد دۆمڵو” بۆ وێنەگرتنی کورتە فیلمی “پاسکیل” لە باکووری کوردستان.
٥ـ باشترین ئەکتەری کچ:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە پێشکەشکرا بە “شیڤان جیھانی” بۆ رۆڵ بینین لە کورتە فیلمی “رۆژین” لە وڵاتی بەریتانیا.
٦ـ باشترین ئەکتەری کوڕ:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە بەخشرا بە “نەزمی کریک” بۆ رۆڵ بینین لە کورتە فیلمی “پیادەڕێ” لە وڵاتی بەلژیکا.
٧ـ باشترین ئەکتەری سیناریۆ:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە
پێشکەشکرا بە جەلال ساعیدپەنا بۆ نووسینی سیناریۆی کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە کوردستانی ئێران.
٨ـ باشترین دەرھێنان:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە بەخشرا بە جەلال ساعیدپەنا بۆ دەرھێنانی کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە شاری سنە.
٩ـ باشترین فیلمی دیکۆمێنتی:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە پێشکەشکرا بە کورتە فیلمی دیکۆمێنتی “بەھرەی بەر خۆر” لە دەرھێنانی “ھیوا تەھا مستەفا” لە ھەرێمی کوردستان.
١٠ـ باشترین فیلمی تایبەت بە منداڵان:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە بەخشرا بە کورتە فیلمی “ھەنار میوەی بەھەشت” لە دەرھێنانی “تەیموور قادری” لە کوردستانی ئێران.
١١ـ باشترین فیلمی:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە پێشکەشکرا بە جەلال ساعیدپەنا بۆ دەرھێنانی کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە کوردستانی ئێران.
چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بە سەرپەرەستی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی و بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی کورد و بیانی و بە نمایشی ٧ فیلمی سینەمایی، ٣٠ کورتە فیلمی چیرۆکی و ٧ کورت فیلمی دیکۆمێنتەری لە بەشی پێشبڕکێی لە فیلمسازانی وڵاتانی بەریتانیا، ئێران، عێراق، بەلژیکا، ئەڵمانیا، سووریا، فەرەنسا، تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە رۆژانی ٢٤ تا ٣١ی دیسەمبەر ٢٠١١ لە تەلاری تەوار لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی.