ھەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی دھۆک ـ بەرلین دیاری کران و تەندیسی فیستیڤاڵ، دیپڵۆمای فەخری و خەڵاتی نەقدی بەسەر ھونەرمەنداندا دابەشکرا.
بە پێی ڕاپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین ـ دھۆک، رێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی فیلمی کوردی دھۆک ـ بەرلین، بە بەشداری ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان، دەرھێنەرەکانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و ھۆگرانی ھونەری سینەما لە ھۆڵی کۆنگرەی زانکۆی شاری دھۆک بەڕێوەچوو. لەم بەرنامەیەدا سەرەتا عادڵ حەسەن سەرۆکی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی دھۆک ـ بەرلین سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە وتارێکی پێشکەش کرد و لە درێژەدا ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی فیستیڤاڵ دەنگەکانی خۆیان راگەیاند و تەندیسی فیستیڤاڵ، دیپڵۆمای فەخری و خەڵاتی نەقدی بەسەر ھونەرمەندانی سەرکەتوودا دابەشکرا.ئەندامانی لێژنەی دادوەری ئەم فیستیڤاڵە کە بریتی بوون لە: مەمەد ئەکتاش بەرھەمھێنەر و سەرۆکی کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” لە وڵاتی ئەڵمانیا وەکوو سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان، شەوکەت ئەمین کۆرکی دەرھێنەری دوو فیلمی سینەمایی لە ھەرێمی کوردستان، نیزامەدین ئاریچ سترانبێژ و موزیکزان لە وڵاتی ئەڵمانیا، برێند بۆدێر یەکێک لە ئەندامانی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بێرلیناڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا و خاتوو ئێلینا سکرزیۆسکا لە وڵاتی ئەمەریکا دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە راگەیاند:
ـ پلەی یەکەم:
تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فەخری پێشکەش کرا بە جەلال ساعیدپەنا بۆ سازکردنی کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە شاری سنە لە کوردستانی ئێران.
ـ پلەی دووەم:
تەندیسی زێوینی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فەخری بەخشرا بە بێنیوسا بێریڤان بۆ سازکردنی کورتە فیلمی “پیاسە کردن” لە شاری برووکسێل لە وڵاتی بەلجیکا.
ـ پلەی سێیەم:
تەندیسی بورەنزی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فەخری پێشکەش کرا بە ئارییەن ئانان ئەسڵان بۆ سازکردنی کورتە فیلمی “پێش بانگ” لە شاری دەرسیم لە باکووری کوردستان.
ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوان:
تەندیسی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فەخری بەخشرا بە حوسێن حەسەن بۆ سازکردنی کورتە فیلمی “وڵام نییە” لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان.
جێی ئاماژە پێدانە لە یەکێک لە رۆژانی فیستیڤاڵدا بەرێوەبەرانی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین ـ دھۆک لە کارێکی شایستەدا بە پێشکەش کردنی تەندیس فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فەخری و چەپکە گوڵ، رێزیان لە چەندین کەسایەتی کورد گرت کە بە کار و ماندووبوونی خۆیان خزمەتیان بە ھونەری سینەما کردووە، لەوانە: “فاتۆش گونەی” ھاوسەری سینەماکاری ناودار و گەورەی کورد یۆڵماز گونەی، “محەمەد موحسین” پێشمەرگەی دێرین و ھاوڕێی ئێستای سینەماکارانی کورد و عەباس غەزالی بەرھەمھێنەری چەندین فیلمی سینەمایی و فیلمی بەڵگەنامەیی و کورتە فیلم.
خاڵێکی دیکەی بەرچاوی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین ـ دھۆک ئەوەیە کە بۆ یەکەمین جار، فیلمی سینەمایی “یۆڵ” لە دەرھێنانی سینەماکاری ھەڵگری خەڵاتی چڵە بەڕووی کان “یۆڵماز گونەی” بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە. ئەم فیلمە بە ھاوکاری کۆمپانیایی “میتۆس فیلم” دوبڵاژکرابۆوە بۆ سەر زمانی کوردی.
شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی دھۆک ـ بەرلین لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھونەری دھۆک سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە ھاوبەشی و ھاوکاری کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی ئەڵمانی و ھەروەھا بە سپۆنسەری نزیکەی ٢٠ ناوەندی کلتووری، رۆشنبیری و ھونەی لە ھەرێمی کوردستان و بە نمایشکردنی ٩ فیلمی سینەمایی، ٤ فیلمی دیکۆمێنتاری و ١١ کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی و ١٢ کورتە فیلم لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لە سینەماکارانی کورد و بیانی لە وڵاتانی تورکیا، ئێران، ئەڵمانیا، کەنەدا، فەرەنسا، نەرویج، بەلجیکا و ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا ٨ سیمیناری پسپۆڕانە لەسەر ھونەری سینەما لە رۆژانی ١٢ تا ١٧ی دیسەمبەری ٢٠١١ لە ھۆڵی کۆنگرەی زانکۆی دھۆک و ھۆڵی ھوتێل ژیانی ئەم شارە بەڕێوەچوو و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا.
راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین ـ دھۆک.