ھەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕکێی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و بیرئانینی دەرھێنەری ناودار و گەورەی کورد “یەڵماز گۆنەی” دیاریکران.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن، رێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن بە بەشداری ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان، دەرھێنەرەکان و ھەروەھا ئەکتەرەکانی کورد و بیانی فیلمەکانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، لە ھۆڵی سینەمای “پیکچێر ھاوس”ی شاری لەندەن بەڕێوەچوو و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن، ھەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕکێی سێیەمین بیرئانینی دەرھێنەری ناودار و گەورەی کورد “یەڵماز گۆنەی” دیاریکران و تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵات بەسەریاندا دابەشکرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە کە بریتی بوون لە: “ماریا ئۆلسێن” Marie Olesen بەرھەمھێنەر، دیکۆمێنتساز رۆژنامەنووس لە بەریتانیا، “ڤیدا ساڵحی” Vida Salehi سیناریۆنووسی زنجیرە دراما تەلەفیزیۆنی و کورتە فیلمەکان و بەرپرسی کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلمی سنە” لە کوردستانی ئێران، “نەزیرە توران” Nazire Turan دەرھێنەری چەندین کورتە فیلم و دەرچووی توێژینەوەی سینەما و میدیا لە باکووری کوردستان، “ئازاد ناسح عەلی” (ئازاد کەرکووکی) Azad Nasseh Ali دەرھێنەری چەندین کورتە فیلمی چیرۆکی و دۆکیۆمێنتی و زنجیرە درامای تەلەفیزیۆنی و دەرچووی سینەما لە زانکۆی فیلمی مۆسکۆ لە ھەرێمی کوردستان و “شیار عەبدی” Shiar Abdi دەرھێنەری چەندین کورتە فیلم لە ھەرێمی کوردستان، دەنگی خۆیان لە بەشی پێشبڕکێی سێیەمین خولی بیرئانینی دەرھێنەری ناوداری کورد “یەڵماز گۆنەی” بەم شێوەیە راگەیاند:
پلەی یەکەم:
ـ کورتە فیلمی “ھەنار میوەی بەھەشت” لە دەرھێنانی تەیموور قادری لە کوردستانی ئێران، پلەی یەکەمی فیستیڤاڵی بەدەستھێنا و خەڵاتی زێڕی پێبەخشرا.
پلەی دووەم:
ـ کورتە فیلمی “پێنج بەرد” لە دەرھێنانی “کەنان تێکس” و “ریزا بارووت” لە باکووری کوردستان، پلەی دووەمی بەشی کێبڕکێی بیرئانینی “یەڵماز گۆنەی” بەدەستھێنا و خەڵاتی نوقرەی فیستیڤاڵی پێبەخشرا
ـ پلەی سێیەم:
کورتە فیلمی “نیشتمانی پاڵەوانەکان” لە دەرھێنانی “سەھیم عومەر خەلیفە” لە ھەرێمی کوردستان، پلەی سێیەمی ئەم بەشەی فیستیڤاڵی بەدەستھێنا و خەڵاتی نوقرەی پێبەخشرا.
خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران:
ـ کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە دەرھێنانی “جەلال ساعید پەنا” لە کوردستانی ئێران، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم فیستیڤاڵەی پێبەخشرا.
ـ ھەروەھا کورتە فیلمی “برێشک” (سووتان) لە دەرھێنانی “سەربەست رەزا گەرمیانی” لە ھەرێمی کوردستان، بە ھۆی ناوەرۆکی فیلمەکە سەبارەت بە ئافرەتان، لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەری فیستیڤاڵەوە رێزی لێگیرا.
لەم خولەی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەندا، ١٨ فیلمی سینەمایی، ٣٠ فیلمی دۆکیۆمێنتاری، ٢٠ کورتە فیلم لە بەشی
پێشبڕکێی و ھەروەھا ٣٦ کورتە فیلم لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی (لاوەکی) لە دەرھێنەرانی کورد و بیانی لە وڵاتانی عێراق، ئێران، تورکیا، ئینگلتەرا، سوید، ئەڵمانیا، سووریا، فەرەنسا، نەمسا، ھۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئیمارات، نەرویج، فەلەستین و … نمایشکران و بە گشتی بەشدار بوونی ئەم ھەمووە فیلمە لە دەرھێنەرانی کورد و
بیانی، یەکێکە لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم فیستیڤاڵە.
حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و سێیەمین خولی پێشبڕکێی “یەڵماز گۆنەی بۆ کورتە فیلم” بە نمایشکردنی ١٠٤
فیلمی سینەمایی، فیلمی دۆکیۆمێنتەری، ئەنیمەیشێن و کورتە فیلم بە ناوەرۆکی چیرۆکی و دۆکیۆمێنتەری لە دەرھێنەرانی کورد و بیانی لە رۆژانی ١٧ تا ٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١١ لە سینەمای “ھاکنی پیکچێر ھاوس” و “ویستبۆرن ستۆدیۆ” لە شاری لەندەنی پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەچوو.
ھەروەھا شارەوانی کێنزیگتێن و چێلسی خاتوو جۆلی میلز لە رۆژئاوای لەندەن، رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر لە ھۆڵی “ویستبۆرن ستۆدیۆ”ی شاری لەندەن ئامادەبوو و بە رەسمی ئەم فیستیڤاڵەی لە رۆژئاوای لەندەن کردەوە.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن.