بورھان شێخ رەئوف
مانگی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ بەغدای پایتەخت و دواتر شارەکانی باشووری عێراقیش بوونە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی ھێمنانەو شارستانیانە وەکو وەڵام و کاردانەوەی گەل لە ھەمبەر گەندەڵی و نادادپەروەری و چەکی میلیشیاکان و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی وەکو ئاو کارەبا داو دەرمان و ئاسایش و زۆر شتی تر .
ئەوەی سەروەرییەکی گەورە بوو بۆ خۆپیشاندەرانی تشرین و تشرینیەکان ناوەڕۆک و ئامانج و داخوازییەکان ھێمنانەبوون و دوور بوون لە توندو تیژی ،سەرەڕای ھەوڵی تاقم و گروپە چەکدارو میلیشاوییەکان بۆ ئەوەی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن بەرەو و بەریەککەوتن پەلاماردان ، ئەویش بە کوشتن و ڕفاندنی زۆرێک لە چالاکوانانی گۆڕەپانەکان ، بەڵام نەیانتوانی و سەرکەوتوو نەبوون ، کەئەمەش خاڵی بەھێزی ئەو بزاڤە جەماوەرییە مەدەنیە بوو کە نەچووە ژێرباری کاردانەوەی توندو خوێنڕشتن .
دروشمی سیکۆلارو دژ بە تائیفیەت
یەکێک لە ڕووە گەش و پرشنگدارەکانی شۆڕشی تشرین ئەوە بوو کە داوای سەروەر بوونی یاساو دەوڵەتی ھاوڵاتی و دامەزراوەیان دەکرد ، دەبێت چەک بە دەست دەوڵەتەوە بێت ، دەبێت ئازادی بۆ ھەمووان بێت ، دین لە دەوڵەت جیا بێت ، سزادانی ئەوانەی تاوانباران بە فیڕۆدانی ماڵی گشتی .
دەست لەکارکێشانەوەی کابینەی عەبولمھدی
لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران حکومەتەکەی عادیل عەبدولمھدی دەستی لە کارکێشایەوە ،چەندین کەسایەتی کاندید کران کابینە پێک بھێنن نەیان توانی و شکستیان ھێنا ،ھەر لە عیدانی تا موحەمەد توفیق عەلاوی و عەدنان زەرفی ،دواتر لەسەر مستەفا کازمی سازان تاوەکو کابینەیەکی ڕاگوزەر پێک بھێنێت بۆ خۆ سازدان و زەمینەخۆشکردن بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە ،کازمیش سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران ھیچ پشتیوانیەکی بەھێزی نەبوو و کۆسپ و تەگەرەی گەورەی بۆ دروستکرا بە تایبەتی لە لایەن میلیشیاکانەوە ، ھەموومان بینیمان و لە بیرمانە ھەڕەشەی توندو نمایشی سەربازییان دژ بە کازمی لە شەقامەکانی بەغدای پایتەخت بەڕێوە دەبرد ، بەڵام کازمی پابەند بوو بە بەڵێنەکانیەوە و خویشی کاندید نەکرد بۆ ھەڵبژاردنەکانی تشرین .
ھەڵبژاردنی تشرین بەرھەمو ئاکامی شۆڕشگێڕانی تشرین
وا لە١٠١٠/٢٠٢١ ھەڵبژاردنی گشتی پێشووەختەلە عێراق بەڕێوە دەچێت ، ھەرچەندە زەمینەکە زۆر لە بار نەبووە بۆ ھەمو لایەنەکان بە تایبەتی زۆرێک لە چالاکوانانی تشرین خۆیان شاردۆتەوەو نەیانتوانی خۆیان کاندید بکەن یان شارەکانی خۆیان بەجێ ھێشتووە و ھەڵاتوون ، ئومێدی گەورە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی جدی زۆر لاوازە و ئامانجەکانی شۆِرشگێڕانی تشرین بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بار بران و دوور خرایەوە لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی و چالاکوانانیش لە نێوان چەند بەرەیەکی جیاوزدا پەرت و بڵاو بوونەوە و ئێستاش ھێزو لایەنە تەقلیدی و تاقی کراوەکانی پێشوو لە ململانێدان بۆ ئەوەی جارێکی تر دەستەڵاتی شکستخواردووی پێشوویان دووبارە بکەنەوە .
لە کۆتاییدا بەڕێوەبردنی عێراق بە شێوەو ستایلی پێشوو کارێکی ئەگەر ئەستەم نەبێت زۆر قورسە ، ئەگەر شۆڕشگێڕانی تشرین و قوربانیەکانی نەیانتوانی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە عێراقدا بە خەباتی مەدەنی و ھێمنانە بێننە دی ، بێگومان ئەڵتەرنەتیفی ئەمە توندوتیژی و بەریەککەوتن و شەڕو ئاژاوەو لە گێژەنە دەرچوونی ئاسایش و ئارامی وڵاتە ، نابێت و ناکرێت لە وڵاتێکی دەوڵەمەندو و زەنگینی وەکو عێراق خەڵکەکەی ھەژارو نەدار بن، ناکرێت لاوەکانی سەری خۆیان ھەڵبگرن بۆ ھەندەران ، نابێت کار نەبێت، ناکرێت خزمەتگوزاری نەبێت ،ناکرێت ئاسایش و سەقامگیری نەبێت ، لە کاتێکدا عێراق لە سەرەوە تا خوارەوەی پڕە لە سامانی سروشتی نەوتو غاز و دەیان و سەدان جۆر کانزای گران بەھا ، جگە لە کەشو ھەوای گونجاو بۆ کشتوکاڵ و گەشتیاری ، گەشتیاری ئایینی ، توانای بێ ئەژماری مرۆیی کە ھەزارەھا دەرچووی زانکۆ وکادری بەتوانا ھەیە کە حکومەتی عێراق خەرجی زۆری تێدا کردوون کەچی سوود لە تواناکانیان وەرناگیرێت و بە خۆڕایی دەڕۆن و وڵاتانی تر کەڵک لە تواناە شارەزاییەکانیان دەبینن .