گروپی دیاکۆ: سکاڵامان لەدژی نازدار تۆمار دەکەین، دەبێ گۆرانیەکە راگرێت و قەرەبووی مادیمان بکاتەوە
نازدار: بێمنەتم، چونکە پرسم بە چیا ماملێ کردووە
چیا ماملێ: ھەردووکیان خەتابارن، نەمزانی بازرگانی بە گۆرانییەکەی باوکم دەکەن
راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی : لەدوو مانگی رابردوودا ھەڤاڵ ئیبراھیم گۆرانی “ئەی فەلەک”ـی تۆمار و کلیپ کرد، کە ئاواز و ھۆنراوەی گۆرانییەکە ھی محەمەدی ماملێیە، دواتر نازدار ھەمان گۆرانی تۆمار و کلیپ کرد، کە ئێستا ھەردوو کلیپەکە لەکەناڵەکان پەخش دەکرێت، گروپی دیاکۆ دەڵێت “دوای رەزامەندی وەرگرتن لەبنەماڵەی محەمەدی ماملێ گۆرانییەکە بەگرێیەستی رەسمی بووە موڵکی ئێمە، دەستنیشانمان کرد ھەڤاڵ ئیبراھیم گۆرانییەکە بڵێتەوە، نازدار رێگەی پێنەدراوە گۆرانییەکە بڵێتەوە”. نازداریش دەڵێت “من لەلایەن بنەماڵەی ماملێ رێگەم پێدرا گۆرانییەکە بڵێمەوە”.
دوو مانگە ھەڤاڵ ئیبراھیم کلیپەکەی بڵاوکردۆتەوە و ژمارەی بینەرانی لە ماڵپەری یوتوب گەیشتۆتە ١٥ ھەزار، کە لەشاری دھۆک وێنەی بۆ گیرا، گروپی دیاکۆ کلیپەکەی بەرھەمھێناوە و خەرجی تۆمارکردنی گۆرانییەکەشی گرتەئەستۆ، سەرۆکی گروپی دیاکۆ دەڵێت “زیاتر لە ١٣ ھەزار دۆلارمان لە تۆمارکردن و کلیپکردنەکەی خەرجکردووە”. ھەروەھا نازدار مانگێک و حەوت رۆژە کلیپەکەی بڵاوکردۆتەوە, کە ژمارەی بینەرانی لەماڵپەری یوتوب گەیشتۆتە ١٨ ھەزار، خۆی خەرجی تۆمارکردن و کلیپکردنەی گرتەئەستۆ، کە ٩ ھەزار دۆلاری تێدا خەرجکردووە، لەبەرئەوەی گۆرانییەکە ھی ھونەرمەند محەمەدی ماملێیە ئێستا کێشە لەنێوان ھەڤاڵ و نازدار دروستبووە، سەرۆکی گروپی دیاکۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات “گۆرانییەکە موڵکی ئێمەیە، گرێبەستی رەسمی لەنێوان من و چیا ماملێ ھەیە، کە دەکاتە کوڕی محەمەدی ماملێ، بەھیچ شێوەیەک نازدار مافی ئەوەی نەبوو ئەو گۆرانییە بڵێتەوە”. نازداریش ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵێ “گۆرانییەکە ھی ھونەرمەند محەمەدی ماملێیە و پرسم بە بنەماڵەی ماملێ کردووە، پێویست ناکات مۆڵەت لە گروپی دیاکۆ یاخود ھەڤاڵ ئیبراھیم وەرگرم”.
ئەندازیار شێروان جەعفەر، سەرۆکی گروپی دیاکۆ، کە کلیپەکەی ھەڤاڵ ئیبراھیمیان بەرھەمھێناوە بە(سڤیل)ـی راگەیاند “لەبەرئەوەی ھەڤاڵ ئیبراھیم لەزۆربەی ئاھەنگ و کۆنسێرتەکانی خۆیدا گۆرانی (ئەی فەلەک)ـ دەگووتەوە، من پێم خۆشبوو ھەڤاڵ لەستۆدیۆ ئەم گۆرانییە تۆماربکاتەوە و کلیپی بکات، گووتنەوەی گۆرانییەکە لەلایەن ھەڤاڵ ئیبراھیم لەسەر پێشنیاری من بوو”. سەرۆکی گروپی دیاکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەوان لەگەڵ کوڕی محەمەدی ماملێ گرێبەستیان کردووە گۆرانی (ئەی فەلەک) بووەتە موڵکی گروپی دیاکۆ، شێروان جەعفەر دەڵێت “من و ھەڤاڵ ئیبراھیم دانیشتنێکمان لەگەڵ چیا ماملێ ئەنجامدا و سەرەتا من مۆڵەتم وەرگرت گۆرانییەکە ببێتە مۆڵکی گروپی دیاکۆ، بەشێوەیەکی یاسایی من وەک گروپی دیاکۆ لەگەڵ چیا ماملێ گرێبەستم ئیمزا کرد، گۆرانییەکە ئێستا موڵکی گروپی دیاکۆیە، ئێمەش وەک گروپی دیاکۆ ئازادین ئەم گۆرانییە بەکام گۆرانیبێژی بدەین، من گۆرانییەکەم بە ھەڤاڵ ئیبراھیم دا بیڵێتەوە”. شێروان جەعفەر دەڵێ ئێمە لەدوو شت نازدارمان ئاگادارکردەوە، یەکەم گۆرانییەکە موڵکی ئێمەیە، دووەم پێمانگوت گۆرانییەکەمان بە ھەڤاڵ داوە و کلیپیشی بۆ کراوە، بۆیە داوامان لێکرد گۆرانییەکە نەڵێتەوە، “بەڵام بەداخەوە نازدار گوێی بەئاگادارکردنەوەکەی ئێمە نەدا و گۆرانییەکەی گووتەوە، بۆیە ئێستا رێگای یاساییمان گرتۆتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەنیازین داوایەکی یاسایی لە دژی نازدار تۆمار بکەین و لەسکاڵاکە داوای دوو شتمان کردووە، یەکەم کلیپەکەی نازدار لەکەناڵەکان راگیرێت و ھەروەھا لەماڵپەری یوتوب نەمێنێ، دووەم داوای قەرەبووی مادی دەکەین، چونکە گۆرانییەکە بە بەڵگە موڵکی گروپی دیاکۆیە”.
نازدار، کە ئێستا دانیشووی وڵاتی ئەڵمانیایە و سەرچاوەیەکی نزیک لەنازدار بە (سڤیل)ـی راگەیاند
“نازدار دەڵێ من ھیچ ھەڵەیەکەم نەکردووە و خاوەن گۆرانییەکە محەمەدی ماملێیە کۆچی دوایی کردووە، پرسم بەبنەماڵەکەی کردووە کە چیا ماملێیە، ئەویش خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و بەنازداری گوت لەلایەن ئێمەوە ئازادی گۆرانییەکە بڵێوە و پێشمان خۆشە”. ئەو سەرچاوە نزیکەی لای نازدار ئەوەشی گوت “لەبەرئەوەی مۆڵەتی لەبنەماڵەی ماملێ وەرگرتووە، نازدار بەپێویستی نەزانیووە مۆڵەت لە گروپی دیاکۆ وەرگرێت”. لەبارەی ئەو سکاڵایەی لەلایەن گروپی دیاکۆ لەدژی نازدار تۆمارکراوە، سەرچاوەکە گوتی “نازدار دەڵێ بێمنەتم، چونکە من پرسم بە چیا ماملێ کردووە و گۆرانییەکەش راناگرم”.
لەو بارەیەوە چیا ماملێ، کە دەکاتە کوڕی ھونەرمەند محەمەدی ماملێ لەلێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) گوتی “ھەردووکیان پرسیان پێکردم و ھەردووکیشیان حەقی ئەوەیان ھەیە ئەو گۆرانییە بڵێتەوە، چونکە ئەوە موڵکی باوکمە، نەک ھی ھی کۆمپانیا یاخود کەسێکی تر، پێویست ناکات کێشەی لەسەر دروست بکرێت و بیخەنە قالبی بازرگانی، پێم خۆش نییە کەس بازرگانی بە گۆرانییەکانی باوکم بکات”. چیا ماملێ گوتیشی “ئەگەر کێشەکە چووە دادگا من لایەنگری کەسیان ناکەم، بەڵام چونکە نازدار ئافرەتە داوا دەکەم لێی ببورن”.
چیا ماملێ سەرەتای دروستبوونی کێشەکەی نێوان ھەڤاڵ و نازدار بەمشێوەیە بۆ (سڤیل) باسکرد و گوتی “کاتێک ھەڤاڵ ئیبراھیم لەستۆدیۆ خەریکی تۆمارکردنی گۆرانییەکەی باوکم بوو، لەوکاتەدا نازدار گوێی لێ بووە و داوای لە ھەڤاڵ کرد گۆرانییەکە بداتە ئەو، ھەڤاڵیش بە نازداری گوتووە گۆرانیەکەت دەدەمێ، بەڵام دوو ھەزار دۆلارم تێدا خەرجکردووە پارەکەم بدەوە منیش گۆرانییەکەت دەدەمێ، نازدار دوو ھەزار دۆلاری بە ھەڤاڵ داوە و گۆرانییەکەی تۆمارکرد، بەڵام پێشئەوەی نازدار گۆرانییەکە کلیپ بکات و بڵاوی بکاتەوە، ھەڤاڵ ھی خۆی بڵاوکردەوە، بەداخەوە لێرەدا حەقی نازدار خوراوە، نەدەبوو ھەڤاڵ ئەوە بکات”. کوڕەکەی محەمەدی ماملێ ئەوەشی خستەسەر قسەکانی خۆی “من ئەو گۆرانییەم بە ھەڤاڵ نەداوە بیفرۆشێتەوە، ئەوەم پێناخۆش بوو بازرگانی بەگۆرانییەکانی باوکم بکرێت”.
(سڤیل) پەیوەندی بە ھەڤاڵ ئیبراھیم کرد بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئەو لەسەر کێشەکە، بەڵام تەنیا گوتی “رای من لەگەڵ رای گروپی دیاکۆیە، پێم خۆش نەبوو ئەو کێشەیە دروست بێت”.
سەرچاوە: سڤیل