ئاکۆ عارف: لە ھەر شوێێک نوسین ھەبوو لەوێ ھەناسەیەک ھەیە بۆ ژیان ، لە ھەرجێگایەک رۆژنامە ھەبوو لەوێ فەزایەک ھەیە بۆ دنیابینی ، ئەگەر کلتوری خوێندنەوە باڵادەست بوو کردنەوەی دەرگا داخراوەکان یش ئاسان دەبێت بۆیە لەھەرکوێیەک دیالۆگ ھەبوو لەوێ بۆمن بگەرێن ،
جوڵەو بزاوتی وەرزشی وەک ھەربوارێکیتر لە ھەموو دۆخێکدا دیالۆگ دەخوازێت و پێویستیەکی بەردەوامی بە نوسین ھەیە و وەرزش بەبێ راگەیاندن مەسج و پەیامەکانی وەک پێویست بەھیچ شوێن و جێگایەک ناگات ، ھەموو چالاکیە وەرزشیەکان ، ھەموو خول و پاڵەوانێتیەکان ، تەواوی یارییە وەرزشیەکان بەقەد مومارەسەکردنیان پێویستیان بەقسە لەسەر کردنە ،رەھەندە وەرزشیەکان لەم ووڵاتە ئێمە لەھەرکات زیاتر ئێستا پێویستی بە دیالۆگ و نوسین و رۆژنامە و راگەیاندنە ، بەڵام ئایالە کوردستاندا و لەبازنە وەرزشیەکەیدا فەزایەکی تەندروست ھەیە بۆ دیالۆگ ، میدیا و راگەیاندن بەھەرسێ بەشی بیندراو بیستراو خوێندراو یەوە لە ئاست رووداوەکان و خواستی ھۆگرانی کایەکەدان ، ئەی ئەگەر میدیا لەگەڵ وەرزش و رووداوەکاندا رێک و تەبا نەبێت و نەتوانێت پەی بەنھێنیەکان ببات ، نەگاتە قوڵایی کێشەکان و ھەندێکجار لەسەر بەرژەوەندیە لاوەکییەکان بابەت ئاراستە بکات دەبێت ئەوە چ کارەساتێک بێت .
کارەسات لەوەدایە سەرباری دەزگاگەلێکی راگەیاندن تائێستا زۆربەی پرس و خەمە وەرزشیەکان دەرگاکانیان لەسەر کڵۆمن و لە پەنجەرەشەوە کەمترین رووناکیان بۆ ناچێت ، وەک چۆن تائێستا ئامانجی ھەندێک لە دەزگا و راگەیاندنەکان روون نیە ، بەداخەوە تائێستا رۆشنبیری خوێندنەوەش لە ھەندێک ناوەند و لەناو زۆربەی ئەوانەی لە کایەکەدان باونیە ! لەھەموو ئەمانە تراژیدیاتر لە زۆربەی کاتەکاندا گفتوگۆ و پەیوەندی لە نێوان زۆربەی رۆژنامەنوسانی کایەکەدا کاڵ کاڵ دەبیندرێت و ئەگەر ھەشبێت زۆرجار لەیەک تێنەگەیشتن کاڵتری دەکاتەوە .
لە رۆژگاری ئەمرۆدا بەھا و نرخی زانست و زانیاری ، توانستی بیر و ھزری رۆشنبیری بۆ ھەموو کەسێک پێویستیەکی خۆراک ئاسایە ، بۆیە گرنگە بۆ بازدان و پەرینەوە بەرەو شارستانیەت و کرانەوە بەر لەھەر شتێک کلتوری خوێندنەوە بچەسپێنین ، ئاخر چ تراژیدیایەکە مرۆف ئاشنای وەرزش بێت بەڵام دۆستی خوێندنەوە نەبێت ؟! دەبێت چ کارەساتێک بێت ھەواڵی ناوخۆ و بابەت ونوسینی رۆژنامەکان لەناوەندەکاندا رەنگدانەوەیان نەبێت یان کەمترین کاریگەریان ھەبێت ، لەمانەش کارەسات تر لەشکرێک لە رۆژنامەنوس و بەناو رۆژنامەنوس لە بۆنەو مەراسیم و خەڵات وەرگرتن و وەرگرتنی پۆست و داگیرکردنی پێگە و سەفەر و گەشتی چونەدەرەوەی تیپەکاندا ئامادەبونیان دەبێت ، کەچی مەسج و پەیامی رۆژنامەکانیش وەکخۆی ناگات ، رەنگە ھەڵەنەبین گەر ھێما بەوەبکەین کە تائێستاش ھۆشیارییەکی باڵا بەتەواوی لە زەروورەتی رۆژنامە و کەناڵە وەرزشیەکاندا لەناخماندا رەنگی نەداوەتەوە و بەئەندازەی خۆی بەبەھا و نرخی میدیا وراگەیاندن و پەیامی نوسین و بابەتەکان ئاشنا نەبووین ، تەریب بەو خەمانە گرنگە چاو لەو راستیەش دانەخەین کە بۆ ئێستا رۆژنامەگەری و بزافی وەرزشی ئەوەندەی پێویستی بە نووسەر و بابەتی قەڵەمی رەخنە ئامێزە ئەوەندە پێویستی بە پەیامنێر و ھەواڵسازی تەقلیدی نیە .
لەکاتێکدا کلتوری خوێندنەوەلاوازە ، ھەژاری مەعریفەش لای نوخبەیەک نەبێت لای ئەوانیتر وەک پێویست نیە و ئاستی رۆشنبیری زۆربەشمان کامڵ نیە ، لە دۆخێکی ئاوھاشدا ئەرکی رۆژنامەنوس و راگەیاندن قورستر دەبێت و دەبێت رۆژنامەنوس کائینێکی جیاواز و قسەکەربێت ، دەبێت خاوەنی ھەڵوەستە و گووتاربێت ، نابێت زمانی رەخنەی لاڵ بێت !ئەگەر رۆژنامەنوس میدیا و رۆژنامەکەی پڕنەکات لە گووتاری زانستی و لە رەخنەی بابەتی و لە ھەڵوەستەی عەقڵانی ئەرکی خۆی بەتەواوی بەجێنەھێناوە و دەنگ و رەنگی ناگاتەکایەکە و پردی پەیوەندیش لە نێوان خۆی و بەرامبەری درووست ناکات ، ئەو کاتەشی کاری رۆژنامەنووسی تەنیا لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و کاری پەیامنێریدا قڤڵ دەکرێت و خەون و ئامانجە سەرەکیەکانیش تەنیا لەپێناوی ناو و پۆست و سەفەردا دەبن ھەژاری مەعریفە پەراوێزدەخرێت و زیاتر لە ئێستاش کلتوری خوێندنەوە لاواز دەبێت .
Ako_arif٢٩@yahoo.com