لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا یانەی ھەولێر کە بەندە بە ناوی پاسەوانانی قەڵای ھەولێرەوە ناوزەندم کردوون و بەردەوام ھەر بەو ناوەوە لە بارەیانەوە دەنووسم توانی پێش کۆتایی ھاتنی خولی بژاردەی ئەم وەرزەی تۆپی پێی وڵاتی عیراقی فیدراڵ بە دوو ھەفتە نازناوەکە بە کۆکردنەوەی ٧٨ خاڵ و بە یەکسان بوون لە بەرامبەر یانەی تاجی شاری بەغدادی پایتەخت یەکلا بکاتەوە بۆ جاری چوارەمیش لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا.
لێرەدا ئەوەندەی من دەمەوێت لە پاش ئەو یارییە و کاردانەوە سەیرەکانی ھەندێک بەڕێز بە چەند ھاوڕێیەکی نزیکی خۆشمەوە کە ڕۆژنامەنووسی وەرزشیم بدوێم ئەوەندە نامەوێت لە بارەی ئاستی یانەی پاسەوانانی قەڵاوە بدوێم بە ڕێبەرایەتی ڕاھێنەری سوری بە توانا نزار مەحروس ئەوە بۆ نووسینێکی تر ھەڵدەگرم.
یانەی ھەولێر بردنەوەی تۆمار کرد لە تەواوی وەرزەکەدا سەرەڕای ئەوەی لەو یارییەدا یەکسان بوو جوانترین ھەڵوێستێکیش کە من بینیم ئەو پیرزباییە جوانە بوو کە لە لایەن ئیدارەی یانەی سلێمانی واتا یانەی دایکەوە ئاراستەی یانەی ھەولێر کرا بە ئیدارە و ڕاھێنەر و یاریزانان و تەواوی ھاندەرانیشییەوە جوانی وەرزش لەوەدایە تۆ پیرزبایی لە ڕکابەرێکی ئەزەلی خۆت بکەیت کاتێک دەتوانێت نازناوێک یان جامێک بە دەست بھێنێت ئەوەش لای من جێگەی دەستخۆشی و ڕێزە بۆ یانە ئازیزەکەی شارە حەیاتەوە.
بەڵام ئەوەی منی زویر کرد ئەوەیە کە پاش یارییەکەی تاجی لە بری ئەوەی ھەموان پیرۆزبایی لە یانەی ھەولێر بکەن و لە بارەی ئەو دەستکەوتە مەزنەوە بدوێن و ھانی زیاتری بدەن بە تایبەت بۆ بەشدارییە کیشوەرییەکەی لە جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیادا کەوتنە گیانی و بەوە تۆمەتباریان کرد کە ئەو یانەیە ڕووکاری حیزبێکی سیاسییە کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە کە لای من ئەوە شتێکە کەس ناتوانێت نکوڵی لێ بکات تەنانەت سەرۆکی یانەی ھەولێریش کە ئەو پارتە دەسەڵاتدارە لە ھەرێمی (سانجۆک) ببوورن لە ناوچەی ھەولێر و بەرەو بادینان ھاوکاری ئەو یانەیەی کردووە ئەوانیش وەک ئەمەکێک بۆی درێسی سەرەکی خۆیان بە ڕەنگی زەردی سیاسی ئەو پارتە ڕەنگ ڕێژ کردووە، بەڵام من پێم وایە ئێستا یانەی ھەولێر لە دامەزراوەیەکی وەرزشیدا خۆی دەبینێتەوە زیاتر لەوەی لە لقێکی ناوچەیەکی سەر بە پارتیدا.
من نامەوێت لێرەدا دژایەتی یاخود پشتگیری بۆ کەس بکەم، بەڵام ئەوەی کە ھەندێ یانەی ئەو ناوچانە کردوویانەتە کێشە بەرامبەر بە دەسەڵاتی زەرد کە ھاوکاری ھەولێر و دھۆک زیاتر دەکات کێشەیەکە و دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە ئەگەر چی لە ھەموو جیھاندا ئەو شتە ھەیە ئەوەتا یانەیەکی گەورەی وەک ڕیاڵ مەدرید بە پشتیوانی گەورەی فرانکۆی دیکتاتۆری پێشووی ئیسپانیا شتی زۆر گەورەی کردووە ئێستاش بانکی کاجا مەدرید ئەو یانەیەی بە پێوە ھێشتۆتەوە تەنانەت ڕیاڵ لە ئێستادا زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن یۆرۆ قەرزارە و بانکەکەش ئامادەیی تیادا نییە تووشی کێشەی بکات دەنا دادەبەزێندرێتە ڕیزی یانە پلە دووەکانی ئەو وڵاتەوە یاخود یانەی AC میلانی ئیتاڵی کە ماوەی ١٥ ساڵ زیاتر لە ژێر سێبەری سەرۆک وەزیری ئیتاڵیادا بوو بۆیە ناکرێت و ناشێت یانەیەک بەوە تۆمەتبار بکەین کە بۆ بەرگی لە ڕەنگی ئەو پارتەیە خۆ بایرن میونخی ئەڵمانیش ڕەنگی بە ڕەنگی ئاڵای ھەرێمی باڤیار و بایرۆنە کۆنەکانی ھەرێمە باشوورییە جێرمەنەکانە و بەرشەلۆنەی کەتەلۆنیش ھەموو شتێکی ھەرێمەکەی لە ئاڵای یانەکەدا کۆکردۆتەوە و کەسیش پێی ناڵێت مامە بۆ وات کردووە ئەمە ھەمووی مافی تایبەتی یانەکانە و کەسیش بۆی نییە قسەی تیادا بکات ئەی کەواتە ھاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانم و ھەندێک بەڕێزی تریش کە ھیچ پەیوەندییەکتان بە بواری وەرزشەوە نییە بۆ ھێرش دەکەن بەو شێوەیە و دۆ و دۆشاو تێکەڵ دەکەن و بواری ئەوە ناھێڵنەوە لە قسە و نووسینەکانتاندا کە گفتوگۆ دروست ببێت، بۆیە من لێرەوە دەڵێم: “یانەی ھەولێر یانەی منە وەک دانەر ئەسڵان بە مافی خۆمی دەزانم شانازی بەو یانەیەوە بکەم ئیتر ڕەنگی زەردە، سەوزە، نیللییە، سورە، مۆرە، ڕەشە، سپییە کێشەی من نییە ھەموو کات من بە یانەی خۆمی دەزانم و بە موڵکی پارتێکی سیاسی سەیری ناکەم تەنھا لە یەک کاتدا ناتوانم ھاندەری یانەی پاسەوانانی قەڵای ھەولێر بم ئەویش ئەو کاتانەیە کە لە ڕووبەڕووی سورپۆشەکانی شارە حەیاتەکەدا دەیانبینمەوە دەنا ھەولێر یانەی ھەموانە نەک پارتی دیموکراتی کوردستان”.
دانەر ئەسڵان