مەسعودی مەلا ھەمزە : وەک نەریتێکی ساڵانەو لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی و رۆشنبیری- بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر یادی رۆژی جیھانی شانۆ بەرز رادەگرێ.
سەبارەت بەم یادکردنەوەیە ھیوا سوعاد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا گوتی” بۆ بەرزراگرتنی رۆژی جیھانی شانۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەمان چەند چالاکییەک ئەنجام دەداو ئەم رۆژە بەرزو پیرۆز رادەگرێ”.
ھیوا سوعاد زیاتر دواو گوتی”سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ چەند ھونەرمەندێک سازدەکەین و پاشانیش شانۆگەری ئێوارەیەک لە دەرھێنانی کۆسرەت عەبدولرەحمان کە بەرھەمی تیپی شانۆی تیشکە نمایش دەکرێ”.
ھیوا سوعاد ئاماژەشی بەوەدا، کە ھەر لە درێژەی چالاکییەکانی ئەو رۆژەدا لە پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێر چەند کارێکی شانۆیی نمایش دەکەن و دواتریش لە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان شانۆگەری گۆرانی چایکا لە دەرھێنانی فریاد ئەحمەد نمایش دەکەن.
شایانی باسە ئەم چالاکییانەی رۆژی جیھانی شانۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێ.