مەسعودی مەلا ھەمزە: لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا و بەبۆنەی رۆژی جیھانی شانۆ بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر کەرنەڤاڵێکی پڕ لە چالاکی لە پارێزگای ھەولێر سازدەکا، کە تێیدا کۆمەڵێک شانۆگەری جیاواز نمایش دەکرێ.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر ھاتووە، کە بەبۆنەی رۆژی جیھانی شانۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کەرنەڤاڵێکی پڕ لە چالاکی و کاری شانۆیی لە پارێزگای ھەولێر سازدەکا، کە تێیدا لەھەریەک لە”ھۆڵی گەل، ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ، پەیمانگای ھونەرەجوانەکان، کۆلیژی ھونەرەجوانەکان، کۆیە، رواندز” شانۆگەری نمایش دەکرێ.
ھەر لەو راپۆرتەدا ھاتووە کە دەستپێکی ئەو کەرنەڤاڵە لە کاتژمێر ١١ی بەیانی ٢٧/٣/٢٠٢٣ لە ھۆڵی گەلی شاری ھەولێر بە مەراسیمێک دەستپێدەکاو لە رۆژی دووەمیشدا لەپەیمانگای ھونەرەجوانەکان چەند دیمەنێکی شانۆیی پێشکەش دەکرێ و لە تاقی ئێوارەی رۆژانی ٢٨و٢٩/٣ لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ شانۆگەری ئەنجامی درۆکردن لە نووسینی رووپاک عەبدولقادرو دەرھێنانی شەھرام نامیق نمایش دەکرێ، کە بەرھەمێکی منداڵانەیە.
لەتاقی بەیانی سێیەم رۆژی کەرنەڤاڵەکەش ٢٩/٣ لە کۆلیژی ھونەرەجوانەکان شانۆگەری ھەرەسی بەفر لە دەرھێنانی دێرین حامید نمایش دەکرێ و لە چوارەم رۆژی کەرنەڤاڵەکەشدا لە شاری کۆیە چەند چالاکییەکی شانۆیی ئەنجام دەدرێ و لە رۆژی دواتریش ٣١/٣ لە شارۆچکەی رواندز شانۆگەری فریشتەی کوژراو نمایش دەکرێ.
لەدرێژەی نمایشەکانی ئەو کەرنەڤاڵەو لەسەرەتای مانگی تازەداو لە ٣ رۆژی لەدوای یەک ١و٢و٣/٤/٢٠١٢ شانۆگەری چایخانەی عەبۆ لە دەرھێنانی گۆڤار ئەنوەر لە ھۆڵی گەل نمایش دەکرێ، رۆژانی ٢و٣و٤/٤ لەھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ شانۆگەری رەشگوڵ لە دەرھێنانی رەگەز جاف نمایش دەکرێ و دواتر شانۆگەری براکوژی لە ئامادەکردن و دەرھێنانی مەھدی حەسەن لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ نمایش دەکرێ.
لەکۆتابەشی راپۆرتەکەی بەڕێوەبەرایەتی شانۆدا ھاتووە کە ھەر بەبۆنەی رۆژی جیھانی شانۆ بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی ھەولێر ٢٠٠ کتێبی شانۆیی وەک دیاری پێشکەشی شانۆکارانی شارۆچکەی رانیە کردووە.