زانا دڵشاد دزەیی : پێشکەشکاری بەرنامەی کێبڕکێ لەکەناڵی کوردسات لە پێشکەشکردنی بەرنامەکەی و کاری راگەیاندن بەردەوام دەبێت، کە ھەفتەی پێشوو رایگەیاندبوو دوای مانگی رەمەزان بەیەکجاری واز لەراگەیاندن دێنێ.
ھەودا، پێشکەشکاری بەرنامەی کێبڕکێ، کە بەرنامەیەکی تەرفیھی کێبڕکێیە، ھەموو شەوان لە کەناڵی کوردسات پێشکەش دەکرێ، ھەودا ھەفتەی رابردوو رایگەیاند، دوای مانگی رەمەزان بەیەکجاری واز لەکاری راگەیاندن دێنێ، “وامزانی بۆمن واباشترە واز بێنم، چونکە ئەوەی من دەمویست بەدەستم نەھێنا”.
ھەودا، یانزە ساڵە کاری راگەیاندن دەکات و ئێستا کارمەندی کەناڵی کوردساتە، لە لێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) گوتی “بۆم دەرکەوت بڕیارێکی ھەڵەمدا کاتێک ویستم بەیەکجاری واز لەراگەیاندن بێنم”. ھەودا لە بڕیارەکەی پەشیمان بۆتەوە و دەڵێت “تەلەفۆنێکی زۆرم بۆھات، خێزانەکەم بەتایبەت باوکم رازی نەبوون، ھەروەھا کەناڵی کوردساتیش ئەو بڕیارەیان پەسند نەکرد، ھەستمکرد کوردسات پێویستی بەمنە و پێویستی بە بەرنامەیەکی تەرفیھییە، کوردستانیش پێویستی بە پێشکەشکارێکی وەک منە، بۆیە لە بڕیارەکەم پەشیمان بوومەوە”. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا جارێکی تر بڕیاری ھەڵەی بەمشێوەیە نادات، چونکە لەحاڵی توڕەبووندا ئەو بڕیارەی داوە، خێزانەکەی لەوبارەیەوە ئاگادار نەکردبۆوە، ئاشکراشیکرد “رەمەزانی پێشوو سکپڕبووم، چاوەڕێ بووم منداڵەکە تۆزێک گەورە بێت، بەردەوام لەلای بووم، دوو مانگ پێش مانگی رەمەزان مۆڵەتەکەم لە کوردسات تەواو بوو، من و کوردسات بەپێویستمانزانی لەم رەمەزانەدا دەرکەومەوە، ئیتر لەدوای رەمەزانیش بەردەوام دەبم”.
ئەگەرچی پێشووتر لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کۆمەڵێک لە کچ و ژنان رەخنەی ئەوەیان لە ھەودا گرت “پێشکەشکارێکی بەجولەجول و بێ زانیارییە”. لەبەرامبەردا ھەودا دەڵێت “ئاگام لەوە نییە و نەمبینیووە، بەڵام ئەوە ستایلی منە، ھەر بەم ستایلەش بەردەوام دەبم”.
زانا دڵشاد دزەیی