ھەناسە ھەژار: ئەلف و بێ ھونەری نیگارکردن بەشێوەی زانستی لە پەیمانگا فێربووم
خاتوونی شێوەکار(ھەناسە ھەژار سەڵاح) ،یەکێکە لەو شێوەکارانەی کە خاوەن بەھرە و سەلیقەیەکی جوانی نیگار کردنی ھەیە،ئەوکاتێ قوتابی دەبێت لە قۆناغی بنەڕەتی دەست ڕەنگینی خۆی دەسەلمێنت بەجۆرێک بەشداری سەرجەم چالاکییەکانی ناو قوتابخانە دەکان بە تایبەتی ھونەری نیگار کردن، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی بچێتەپەیمانگەی ھونەرە جوانەکان بۆئەوەی پەرە بە ھونەری خۆی بدات لە ئێستادا قوتابی قۆناغی چوارەمە بە شداری چەند پیشانگایەکی ھاوبەشی کردوە. لەکاتی کردنەوەی پیشانگای ساڵانەی پەیمانگای ھونەرجوانەکانی (لاوگ) لە ھۆڵی میدیا ی شاری ھەولێر لە ٢٧/٥/٢٠٢٤ خاتوو ھەناسەش بەچەند تابلۆیەک بەشداری پیشانگایەکەی کرد بوو بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بزانین (ھەناسە ھەژار) چۆن ئاشنای ھونەری شێوەکاری بوو؟
– بەھۆی ئەوەی لە ماڵەوەمان کەشێکی ھونەری لەنێوخێزانەکەمان ھەبوو،بەھۆی ئەوەی باوکم دەرچووی بەشی شێوەکاری پەیمانگای ھونەرجوانەکانی ھەولێر دایکشم دەرچووی بەشی شانۆی ھەمان پەیمانگابوو،ئەمە کەشە ھونەرییە فاکتەرێک بوو بۆ ئەوەی ئەوە بەھرەی من ھەمە زیاتر گرنگی پێبدەم رووبکمە ھونەری وێنەکێشان.
*کێن ئەوانەی ھاوکار وپاڵپشتیان کردویت؟
-جگەلەمامۆستایەکانم دایک و باوکم رۆڵێکی زۆرباشیان ھەبوو بۆ پاڵشتی و ھاوکاری کردن،بۆیە ھەمیشە منتباریانم.
*بیرۆکەی تابلۆکانت لەچییەوە سەردەگرێت؟
– سەرچاوەی بیرۆکەی تابلۆکانم زۆرن بەڵام بەشی زۆریان لە سروشت و خەیاڵ سەرچاوە دەگرن.
* بەکامە کاری ھونەری ھونەرمەندانی کورد و جیھانی سەرسامیت؟
– بە تابلۆی زۆرێک لە ھونەرمەندان سەرسامم ،بەجۆرێک کاریگەریان لەسەر من ھەبووە لە کوردەکان (محمەد عارف،دارا محمەد عەلی ،رەوەند جعفەر..) لە جیھانیش (ڤانکۆخ،سیزان..).
*تاچەند پەیمانگای ھونەرجوانەکان ھاوکارت بووە لە پێشڤەچوونی توانستی ھونەریت؟
-راستە من بەھرەی ھونەریم ھەبوو، بەڵام ئەلف و بێ ھونەری نیگارکردن بەشێوەی زانستی لە پەیمانگا فێربووم،ھۆکارێک بووە بۆ پێشڤەچوونی توانستە ھونەرییەکانم، بۆیە ھەمیشە سوپاس گوزاری مامۆستایەکانم.
*ڕەنگ فاکتەرێکی گرنگی ھەرتابلۆیەکە، تۆ زیاتر لەسەر چ ڕەنگێک کاردەکەیت؟
-ڕەنگ کلیلی ھەموو تابلۆییەکانە، من کار لەسەر زۆربەی رەنگەکان دەکەم بەڵام زیاتر حەز بە ڕەنگی (مۆر وپرتەقاڵی) دەکەم.
*ھونەری شێوەکاری یەکێکە لەو ھونەرانەی کە،پێویست بە وەڕگێران نەکات تۆ چی دەڵێت؟
-زۆر جار پیشانگای چەند ھونەرمەندێک دەکرێتەوە، بێ ئەوەی خۆیان لە پیشانگایەکەدائامادە بن ئەمە ئەو دەگەیەنێت ، کە تابلۆ خۆی قسەدەکات پێوستی بە وەڕگێر نییە لەبەر ئەوە تابلۆی ھونەری بینەر خۆی دەتوانێت خوێندنەوەی بۆ بکات.
Discussion about this post