راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
گروپی کەلەپور و ھونەرە میللییەکانی ھەولێر لەکاتی بەشداریکردنیان لە حەوتەمین فیستیڤاڵی ئازادی ھەلێر سوپرایزی خۆیان پێشکەشکرد، کە بریتی بوو لەدەرکەوتنی ئافرەتێکی دەنگخۆشی ھەولێر. کە پێشتر شەرم رێگری بوو.
رۆژی ١١/٣ حەوتەمین فیستیڤاڵی ئازادی ھەولێر لەپارکی شاندەر دەستی پێکرد و تاوەکو ٢١/٣ بەردەوام دەبێت، بەڵام یەکێک لەسوپرایزەکانی ئەم فیستیڤاڵە دەرکەوتنی ئافرەتێکی ھەولێر بوو بەناوی “ھەناسە” لەسێیەم رۆژی فیستیڤاڵەکە لەگەڵ گروپی کەلەپور و ھونەرە میللییەکانی ھەولێر گۆرانییەکی پێشکەشکرد، کە سەرنجی تەواوی ئامادەبووانی بۆ لای خۆی راکێشا.
(ئەمەل) ناسراوە بە ھەناسە، ساڵی ١٩٧٣ لەھەولێر لەدایکبووە، لەساڵی ١٩٩١ لەگەڵ خێزانەکەی دەچنە بەغدا و لەوێ نیشتەجێ دەبن، سێ ساڵە گەڕاونەتەوە ھەولێر و دایکی کوڕێکە. ھەروەھا دوو ساڵە ئەندامی گروپی کەلەپور و ھونەرە میللییەکانی ھەولێرە.
ئەو پێشتر دوو گۆرانی دیکەی ھەبووە، دەنگخۆشە و توانایەکی باشی ھەیە لەگووتنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان، بەڵام شەرم رێگەی لەم حەز و توانایەی گرتبوو، دواجار لەرۆژی ١٣/٣ لە حەوتەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی ھەولێر “ئازادی و نەورۆز” لەگەڵ گروپەکەی خۆی کەلەپور و ھونەرە میللییەکان لەپارکی شاندەر بەگوتنەوەی گۆرانییەکی فۆلکلۆر دەرکەوت.
حەیرانبێژ شێروان شەیدا، کە ئەندامی گروپی کەلەپور و ھونەرە میللییەکانی ھەولێرە و لەم رۆژەدا بەگوتنی حەیران بەشدار بوو، لەبارەی ھەناسەوە بە(سڤیل)ـی راگەیاند “زۆربەی ئافرەتانی ئێستا کە دێنە ناو بواری ھونەری خزمەت بە کەلتوری بێگانە دەکەن, بەڵام ھەناسە خان دەنگێکی کوردی خۆشی ھەیە، ئێستا شیعرێکی شیعر سەرھەنگ مەلا محەمەدمان داوەتی دەیکاتە گۆرانی و ئێمەش ھاوکاری دەکەین، بۆئەوەی ئافرەتی وا دەنگخۆشمان ھەبێ بۆ خزمەتکردنی گۆرانی کوردی و کەلەپوری رەسەنی کوردی”. شێروان شەیدا ھەر لەبارەی ھەناسەوە بەردەوام بوو گوتیشی “راستە دەنگی ھەناسە زۆر باشە، بەڵام پێویستی بەھاوکاری مادی و مەعنەوی ھەیە، زۆر گرنگە بتوانن کلیپی بۆ بکەن، بۆئەوەی بێتە ناو خەڵک، ئەمڕۆ کلیپ و دەرکەوتنی لەراگەیاندن زۆر کاریگەرە، رۆژنە کچی زۆر لەکەناڵەکان گۆرانیان بڵاودەبێتەوە ھیچ خزمەت بەگۆرانی کوردی ناکەن، با کەسێکی وەک ھەناسەش ھەبێ ئەم بۆشایە پڕبکاتەوە”.
بەدرەدین بابەکر، بەڕێوەبەری کەلەپور و ھونەرە میللییەکانی ھەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەو ستایلەی کە ئەوان پارکی شاندەر پێشکەشیان کرد دووەمجارە بەم ستایلە کار دەکەن، کە پێی وایە ئەم ستایلە لەخەڵک نزیکە و دەبێتە مایەی دەستخۆشی خەڵک و گوتی “لەسەر شانۆ بەرەشماڵ و کەلەپوری کوردی ماڵێکی کوردیمان دروستکرد، کە خەڵکانێکی سەروی تەمەن حەوتا ساڵ ئامادەی ئەم کۆنسێرتە بوون، دەستخۆشی زۆرمان بۆ ھات، وامان بەخەڵک نیشاندا کەلتوری و کەلەپوری کوردی زۆر دەوڵەمەند و سەرنجڕاکێشە”. بەدرەدین بابەکر راشیگەیاند، کاتێک لەیەکەم رۆژدا کە بەرنامەی خۆیان راگەیاند، خەڵێکی زۆر تامەزرۆی ئەم رۆژە بووە، بۆیە لەرۆژی پێشکەشکردنی کارەکەیان خەڵکێکی زۆر ئامادە بوون و بەچەپڵەرێزان پێشوازیان لێکرا، ھەروەھا ئاشکراشیکرد “رۆژی ٢١/٣ ھەمان بەرنامە لە تەوسکە پێشکەش دەکەینەوە”.
بەڕێوەبەری کەلەپور و ھونەرە میللییەکان وا باسی ھەناسە دەکات و دەڵێت “ئێمە بەھەموو شێوەیەک ھاوکاری ھەناسە دەکەین، ئەو شەرم دەکات، وا دەکەین بێتە پێشەوە شەرمەکە فڕێ بدات و خزمەت بکات”. ھەروەھا دەشڵێت “ئافرەتی دەنگخۆش زۆرە، بەڵام ئافرەتی بوێرمان کەمە، پێویستە ئەم جۆرە ئافرەتانە پشتگیری بکرێن، کاری ئێمەیە بگەڕێین بەدوای ئەم دەنگانە، خۆمان کارەکەی بۆ دەستنیشان دەکەین، ھەناسە گۆرانی دیکەشی ھەیە، بەڵام ئێمە گۆرانییەکمان بۆ دەستنیشانکرد کە گونجاوە لەگەڵ دەنگ و کەلتووری کوردی”.
بەدرەدین بابەکر وەک خۆی باسی دەکات، لەرۆژی فیستیڤاڵەکەدا کەمێک شەرمی ھەناسەی شکاندووە، بەڵام ئەم کەمە شەرمە بە “تەوقە شکاندن”ـێکی ھەناسە وەسف دەکات و دەڵێت “ھەناسە خان شەرمی دەکرد بەشداری بکات، کە ھێنامان بۆ سەر شانۆ دەیگوت من لەم جۆرە دانیشتنانە رانەھاتووم لەبەردەم خەڵک گۆرانی بڵێم، بەڵام ئێمە ھەوڵێکی زۆرمان لەگەڵدا لەم فیستیڤاڵە ھات تەوقێکی شکاند و سەرکەوتنێکی زۆر باشی بەدەستھێنا و ئێمەش لەداھاتوودا ھاوکاری دەکەین”.