راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی: رۆژی ١٣/١ سلێمانی یەکەم کۆنسێرتی ساڵی ٢٠١٢ی ئەنجامدا، کە دەزگای راگەیاندنی ھونەری کوردفۆکس بۆ گەنجانی شارەکەی سازکرد و زیاتر لە ١٥٠٠ گەنج ئامادەی کۆنسێرکە بوون، ئەوە بووە مایەی سەرسوڕمانی لای دڵنیا قەرەداخی، چونکە رۆژێک پێنج کۆنسێرتەکە دڵنیا قەرەداخی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گوتی “دەستم لەسەر دڵمە، دەترسم کەس نەیەت و کۆنسێرتەکەمان فەشەل بێنێ”. سالار مەحموودیش گوتی “منیش دەترسم ھۆڵەکەمان بەسەردا بروخێت”.
ساڵی پار رۆژنامەنووس باوان رزگار دەزگای راگەیاندنی ھونەری “کوردفۆکس”ـی دامەزراند، ئێستا ماڵپەرێکی ھونەریان ھەیە بەناوی “کوردفۆکس” بەنیازن ئەمساڵ گۆڤارێکی مانگانەی ھونەری بەناوی “کوردفۆکس” دەربکەن، یەکەم پڕۆژەی ئەمساڵیان کۆنسێرتێک بوو، کە رۆژی ١٣/١/٢٠١٢ بۆ گەنجانی سلێمانی ئەنجامیاندا و لەم کۆنسێرتەدا “شەھێن تاڵەبانی و نازێ عەزیزی، دڵنیا قەرەداخی، سالار مەحموود، شیلان عوسمان، داروین ئەحمەدی” بەبێ بەرامبەر گۆرانیان بۆ ١٥٠٠ گەنجی سلێمانی گوت.
سەرەتا شیلان عوسمان دوو گۆرانی سونەتی گوت و چەپلەرێزان کرا، بەڵام بەداخەوە شیلان جانتا بچووکەکەی ونکرد، بەڵام ئەوەندە دڵی بەھاتنی خەڵکەکە خۆشبوو باسی ونکردنی جانتاکەی نەدەکرد، ھەر دەیگوت “گوێی مەدەنێ دەیدۆزمەوە”. ئیتر نازانین دواجار دۆزیەوە یان نا. لەبارەی کۆنسێرتەکە شیلان عوسمان گوتی “کاتێک پێیانگوتم کۆنسێرتەکە بۆ گەنجانی سلێمانییە بەبێ مەرج و داواکارییەک رازی بووم بەشداری بکەم، بەتایبەت بینیم چەند گەنجێکی رۆژنامەنووس بەکارەکە ھەڵساون ویستم ھاوکارێک بم بۆ پڕۆژەکەی ئەوان، سوپاس بۆ خوا کۆنسێرتەکە سەرکەوتوو بوو، خەڵکانێکی موتابعی گۆرانی ھاتبوون”. شیلان گوتیشی “داوا لەکوردفۆکس دەکەم لەھەولێریش کۆنسێرتێک بۆ گەنجەکان ئەنجام بدات و ئەمجارە ئێمە بێین بۆ ھەولێر”.
دوای شیلان عوسمان، نازێ عەزیزی بەکراسێکی کوردی سەوز ھات شەش گۆرانی گوت، بەگوتنی مەقامی “؟؟؟؟” تەواوی ھۆڵەکەی بێدەنگ کرد، وەک ئەوەی کەس لەھۆڵەکە نەبێت، لەوکاتەدا جەماوەرێکی زۆر ھەوڵیاندەدا بێنەسەر شانۆ وێنەی لەگەڵ بگرن، کچێکی رۆژنامەنووس کە لەریزی پێشەوە دانیشتبوو ھاواری کرد “پێشکەشە بە تۆ” گوڵەکەی دەستی بۆ نازێ فڕێدا. نازێ عەزیزی دەڵێت “سوپاسی خەڵکی سلێمانی و ئەم جەماوەرە دەکەم، کە ئامادەی کۆنسێرتەکە بوون، بەڕاستی پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین، ھانیاندام چەند جارێکی تریش لەسلێمانی کۆنسێرت بکەمەوە”.
زۆربەی رۆژنامەنووسانی سلێمانی و کەناڵەکان لە کۆنسێرتەکە بوون، لەم رۆژەدا زۆرترین وێنە گیرا، بەتایبەت وێنەگرتن لەگەڵ ھونەرمەندەکان، دڵنیا قەرەداخی بەپێکەنینەوە دەڵێ “ئەوەی بۆ کۆنسێرتەکە ھاتبوو کامێرایەکیشی ھێنابوو”. ئەم کۆنسێرتە سەعات ٤ لە تەلاری ھونەر دەستیپێکرد و ٦:٣٠ کۆتایی پێھات.
داروین ئەحمەدی وەک بەھرەمەندێکی لاو بەشداری کرد و گۆرانی “شەش پەپولەکە”ی ھونەرمەند مەرزییە فەریقی گووتەوە، ئاوازدانەری گۆرانیەکە کە بورھان موفتیزادەیە لەوێ ئامادەبوو، بەداروینی گوت “یادگارییە خۆشەکانی من و مەرزییەت بەبیرھێنامەوە، ئەوە یەکێک لەخۆشتیرن گۆرانییەکانی مەرزییە کە من بۆم دروستکردووە”. داروین ئەحمەدی ئێستا قوتابی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانە بەشی نواندن، ئەمساڵ خوێندن تەواو دەکات و لەبەرنامەیدایە دەست بەگۆرانیگوتن بکات، گوتی “حەزم دەکرد چەند گۆرانییەک پێشکەش بکەم لەوانە گۆرانییەکی محەمەدی ماملێ و مەقامێکی لەیلا فەریقی، بەڵام برادەرانی گروپی میران میوزیک ھیچ ھاوکارییەکی منیان نەکرد وەک گەنجێک، خۆیان بەخاوەنی ئیشەکە نەدەزانی، تەنیا یەک گۆرانیم گوت ئەویش نەیانھێشت تەواوی بکەم”. داروین ئەحمەدی ئاماژەی بەوەشدا لەھەولێر زیاتر ھاوکاری گەنج دەکرێ و شانسی ئیشکردنی گەنجان لەھەولێرە، “بۆیە ئەگەر بمەوێت دەست بەگۆرانیگوتن بکەم لەھەولێر دەستپێدەکەم”. داروین دەشڵێت “ھەروەھا تا ماوەم گلەیی لەشەھێن تاڵەبانی دەکەم، بووە مایەی کێشە بۆ رێکخەرانی کۆنسێرتەکە و ھونەرمەندەکان، داواکارییەکانی سەیر و سەمەرەبوون”.
دڵنیا قەرەداخی بەخۆشییەکی زۆرەوە ھاتە سەر شانۆ گوتی “ماشاڵڵا لەو ھەموو گەنجە جوانە لێرە ئامادەن”. ئەو سێ گۆرانی پێشکەشکرد و بەگۆرانییەکی ھەڵپەڕکێ ھۆڵەکەی ھەژاند، دڵنیا پێش کۆنسێرتەکە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گوتی “زۆر دەترسم، دەستم لەسەر دڵمە، دەترسم کەس نەیەت و فەشەل بێنێ”. سالار مەحموود کە لەکۆنسێرتەکە چەند گۆرانییەکی گوت و کۆپلەیەک لەگۆرانییە نوێکەشی پێشکەشکرد، لەھەمان کۆنگرە وەڵامی دایەوە و گوتی “منیش دەترسم ئەوەندە خەڵک بێت ھۆڵەکەمان بەسەردا بروخێ”. دڵنیا قەرەداخی دوای تەواوبوونی کۆنسێرتەکە گوتی “بەڵێ قسەکەی کاک سالار راست دەرچوو، بەڵام منیش لەدوو لایەنەوە لەروانگەوە ئەو قسەیەم کرد، یەکەم شت پێش ئێمە دوو ھونەرمەند کۆنسێرتیان کرد فەشەلی ھێنا، دووەم شت من ١٥ ساڵە لەسلێمانی دابڕاوم و کۆنسێرتم نەکردووە، ئەوە یەکەم کۆنسێرتی منە دوای پانزە ساڵ دابڕان لەسلێمانی، بۆیە حەقم بوو ئەو قسەیە بکەم”. دڵنیا باسی لەوەشکرد خەڵکی سلێمانی ھونەردۆستن و ھەرجارێک بۆی بڕەخسێ کۆنسێرت لەسلێمانی دەکات، گوتیشی “سوپاسی ھاتنی خەڵکەکە و دەزگای کوردفۆکس دەکەم، بەتایبەت باوان رزگار بەو تەمەنە بچووکیەوە کارێکی وا گەورەی ئەنجامدا، دوای پانزە ساڵ منی بەجەماوەری سلێمانی شاد کردەوە، بۆیە من وەک خۆم ھەمووکات ھاوکاری دەبم”. دڵنیا پێشنیاری ئەوەیە لەھەولێر کۆنسێرتێکی وابکرێ و کۆمەڵێک ھونەرمەندی ھەولێر ھەن حەقی خۆیانە خەڵات بکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی (سڤیل) شەھێن تاڵەبانی لەپۆستەری کۆنسێرتەکە نارازی بوو، دەیویست وێنەی لەگەڵ کەریم کابان بێت، نەک لەگەڵ ھونەرمەندەکانی تر، بۆیە کاتێک لەسلێمانی پۆستەرەکانی ناو شاری بینی، بڕیاریدا بچێت بۆ کەرکووک و کۆنسێرتەکە نەکات، بەڵام پەشیمان کرایەوە، جاری دووەم لەگروپی مۆسیقا رازی نەبوو، داوای ژمارەیەکی زۆری مۆسیقاژەنی دەکرد کە لە ١٠ کەس کەمتر نەبێت، بۆیە توڕە بوو، رۆیشت، بەڵام دیسان پەشیمان کرایەوە، جاری سێیەم لەکاتی کۆنسێرتەکە توڕە بوو، چونکە لەدوا بەرنامەی کۆنسێرتەکە و دوای دابەشکردنی خەڵات داوا لەشەھێن کرا گۆرانی بڵێت، لەوکاتەشدا زۆربەی جەماوەر رۆشتنەوە، شەھێن دەیگوت “تازە بۆچی گۆرانی بڵێم؟ ھەموو رۆشتنەوە”. بەڵام باوان رزگار رێکخەری کۆنسێرتەکە گوتی “ئێمە وامان دانابوو یەکەم کەس شەھێن تاڵەبانی گۆرانی بڵێت، بەڵام لەسەر داواکاری خۆی خستمانە دوا بەرنامەی کۆنسێرتەکە، چونکە ئەو دەیگوت من تەمەنێکم لەگۆرانی ھەیە، نامەوێ لەگەڵ ھەموو گۆرانیبێژ بانگ بکرێم و گۆرانی بڵێم”. شەھێن تاڵەبانی ئامادەنەبوو لەژووری تایبەتی ھونەرمەندان دابنیشێت، چووە ناو جەماوەر دانیشت، ئەوە بووە مایەی نیگەرانی ھونەرمەندەکانی تر. بەپێی زانیارییەکانی (سڤیل) بڕیاربوو شەھێن چوار گۆرانی پێشکەش بکات، بەڵام لەدواجاردا یەک گۆرانی پلەی باکی گوت و ھۆڵەکەی جێھێشت و ھەمان رۆژ گەڕایەوە ھەولێر لەوێش رۆشتەوە بۆ کەنەدا.
باوان رزگار، خاوەنی دەزگای کوردفۆکس گوتی “بەرنامەی ترمان ھەیە، خەریکی ئامادەکاری کۆنسێرتێکی ترین بەبۆنەی رۆژی ڤالانتاین بۆ دوو ھونەرمەند، بەڵام جارێ ناوی دوو ھونەرمەندە ئاشکرا ناکەین، ھەوڵی ئەوەش دەدەین لەھەولێر کۆنسێرت بکەین”.
دوا بەرنامە دابەشکردنی خەڵاتەکان بوو، کە ھەریەک لە “کەریم کابان، شەھێن تاڵەبانی، بورھان موفتیزادە، رووبار ئەحمەد، نزار سەلامی، پرتەو عەبدولعەزیز” خەڵاتیان پێبەخشرا.