چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی: ھەماوەند لھۆنی یەکێکە لەو دەنگانەی لەرۆژھەڵاتی کوردستانەوە سەری ھەڵدا، چەند ساڵێک لەتاران کاری میوزیک کرد و چەند
کۆنسێرتێکی گەورەی لەتاران ئەنجامدا، بەڵام دواتر بڕیاریدا لەکوردستان بەردەوام بێت، (سڤیل) لەماڵەکەی خۆی لەھەولێر ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا.
سڤیل: تۆ ھەشت ساڵ پێش ئێستا لەکوردستان چەند کاری ھونەریت ئەنجامدا و لەدوو بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا بە توانایەکی زۆر باشی ھونەری دەرکەوتی، بەڵام لەناکاو ون بووی، ئەوەیان بۆچی؟
ھەماوەند لھۆنی: من ١٥ ساڵە ئیشی میوزیک دەکەم، بۆیە نەمتوانی ئیش بکەم، چونکە لەئێران بووم، لەوێش کاری ھونەری زۆرم کردووە، بەڵام لەوێ کارەکان ون دەبن، لەبەرئەوەی راگەیاندێک نییە کارەکانت نیشان بدات و بەکۆمەڵگا بتناسێنێ، ئەو کارانەی من کردووە ھەرچەندە پارەیەکی زۆرم پێیان سەرفکردووە وەکو ئیشێکی ونبوویان لێھاتووە، دوو ساڵە لەکوردستان کاردەکەم، کارەکانیشم زۆرتر لەچوارچێوەی چەند کۆنسێرتێک بوو لەگەڵ گروپی بێسارانی و چەند گروپێکی تر.
سڤیل: وەکو بەرھەمی خۆت، ئێستا چیت بەدەستەوەیە؟
ھەناوەند لھۆنی: دوو ساڵ کارم کردووە دوو ئەلبوومم ئامادە کرد، یەکێکیان بەناوی ھەنسکی مانگ، لەتاران کاری میوزیکم بۆ کرد، بەڵام گەڕامەوە کوردستان لەبەر چەند ئیشوکارێکی تایبەتی خۆم نەمتوانی ئەلبوومەکە بڵاوبکەمەوە، لەماوەیەدا مامۆستا مەزھەری خالقی گوێی لەکارەکانم بوو، زۆر پێی باش بوو، لەسەر ئەستۆی خۆی دەزگای “ئینستوویتی کەلەپوری کورد” ئەلبوومەکەم چاپ و بڵاودەکاتەوە بە سپۆنسەری تەلەفزیۆنی خاک، لەم رۆژانە بڵاودەبێتەوە، ھەروەھا زۆر دوو کلیپشم بۆ ئەنجام دەدەن، ئەم کارەشم بەھاوکاری مامۆستا مەزھەری خالقی بوو، لێرەوە زۆر سوپاسی دەکەم.
سڤیل: ناوەڕۆکی ئەم ئەلبوومەت چۆنە؟
ھەماوەند لھۆنی: لەلایەن چەند برادەرێکی زۆر بەتوانای ئێران ئیشی میوزیکی بۆ کراوە، کە ئێستا لەئوسترالیا دەژین، بەناوی عیمادی عەبدوڵڵایی و سیامەدی فەروخ سرشتی، کارەکان رەسەنن و زۆرتر بەئامێرە رەسەنەکان کار کراوە، ھەشت تراکە و گوڵبژێرێکە لەمیوزیکی کوردی لەناوچەی ھەورامان و کەلھور و رۆژھەڵاتی ئێران. واتا سێ زاراوەی کەلھوری و سۆرانی و ھەورامییە، لەرووی تەکنیکەوە لەئاستێکی زۆر باشدایە. ھەندێ لەمیوزیکژەنە کوردەکان گوێیان لێ بووە رایان زۆر باش بووە لەسەر ئەم ئەلبوومەم.
سڤیل: لەبەرئەوەی لەتاران لەلایەن کەسانی فارس ئیشی میوزیک بۆ ئەلبوومەکەت کراوە، ئەوە کاریگەری میوزیکی فارسی بەسەر ئەلبوومەکەتەوە دروست ناکات، وەکو تاموچێژ؟
ھەماوەند لھۆنی: نەخێر. چونکە کارێکی توێژینەوەییە لەسەر چەندین ملیۆدی رەسەنی کوردی، زۆربەی ئەم کەسانەی گوێیان لەم کارە گرتووە ئەم ئیحاساسەیان نەبووە کاریگەری موزیکی فارسی لەسەرە، ئەوەندە زەحمەتیان کێشاوە مۆرکی کوردی لەسەر کارەکە بێت. دڵنیام ھیچ ئیحساسێکی فارسی تێدا نییە.
سڤیل: چۆن داھاتی ژیانی رۆژانەی خۆت دابین دەکەی؟
ھەماوەند لھۆنی: ھیچ ھاوکارییەکی من و گروپی بێسارانی نەکراوە و باوەڕیش ناکەم بیکەن، من فەرمانبەرم لەوەزارەتی پلان دانان.
سڤیل: چۆن باسی ئیشە ھونەرییەکان لەئێران و کوردستان دەکەی، جیاوازییەکان چین؟
ھەماوەند لھۆنی: لەئێران زۆر ئیحراتم بە موزیک دەدرێت، خەڵکەکەی بەچاوپێکی زۆر گەورە سەیری میوزیک و گۆرانی دەکەن و حەز لەمیوزیکی رەسەن دەکەن، بەڵام خۆشەویستی ھونەر لەخەڵکی ئێرە نابینم، واتا جۆری گوێگرتنی خەڵک لێرە شێواوە، ئەوەش بەھۆی میدیاکانەوەیە، من گلەیی لەھیچ شوێنێک ناکەم، میوزیک ھی ئەو کەسەیە کە گوێی لێدەگرێت، ئەگەر خۆش بێت یان ناخۆش بێت، ھەرچەندە لەئێران بۆ میوزیک و ھونەرمەندەکان سنوری بۆ دانراوە لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام ئەو توانایەی لەئێران دەرکەوتووە لەمیوزیسێانەی و ئەو ھونەرمەندە گەورانە، لێرە زۆر کەمتر ئەوە دەبینم.
سڤیل: دەنگێکی زۆر لەبارت ھەیە بۆ کۆنسێرت، لەئێران چەندین کۆنسێرتێکی گەورەت ئەنجامدا، خەریکە جەماوەری کۆنسێرت لەکوردستانیش دروست دەبێ، بۆ لێرەش کۆنسێرتت نەکردووە؟
ھەماوەند لھۆنی: دوو ساڵە بەنیازم ئەوە بکەم، وەکو باسم کرد بۆئەم کۆنسێرتە گروپی لەسنە داوەتکراون کە نزیکەی ١٥ کەس دەبن، وەزارەتی رۆشنبیری کار ئاسانی کردووە، ھەرچەندە دوو ساڵی خایاند بۆ کار ئاسانییەکانی، دوو ساڵە دوای ئەوەم.
سڤیل: لەئێران بەچەند رۆژ ئامادەکارییەکانی کۆنسێرتت بۆ تەواو دەکەن و لەکوردستان چەند رۆژ؟
ھەماوەند لھۆنی: لەمەریوان دەژیام، لەگەڵ بەڕێوەبەری قەزاکە ھەماھەنگیم دەکرد و دەمتوانی بەیەک ھەفتە لەتارانەوە گروپێکم دەھێنا و کۆنسێرتەکەم دەکرد، لەیەک ھەفتە زیاتری پێنەدەچوو، بەڵام لێرە دوو ساڵە داوای کۆنسێرتم لەوەزارەتی رۆشنبیری کردووە تائێستا نەکراوە، دەڵێن دوای بودجە، ئیتر ئەوە لەکارەکەی ساردت دەکەنەوە.
سڤیل: دوور لەکاری ھونەری، لەگەڵ “بەیان خان”ـی وەکو ژن و مێر، یاخود وەکو دوو ھونەرمەند، یانیش وەکو دوو ھاوڕێ دەژین؟
ھەماوەند لھۆنی: بەپێکەنیەوە، وەڵڵا ھەر سێکیان، لەدەرەوە و لەماڵەوەش ئیشی ھونەری دەکەین، راستی بەیان زۆر ھاوکاریم دەکات، بەتایبەت ھاوکاری مادی زۆرمان دەکات بۆ کارەکانمان، (بەپێکەنینەوە) بەیان خان پاشەکەوتی پارەی ھەیە، دواتر لێی دەسێنین و دەیکەن بەکارێکی ھونەری.
سڤیل: بۆچی دوای کەناڵی کوردسات، بەشداری ھیچ پرۆگرامێکی ھونەری دیکەی کەناڵەکانی دیکەت نەکردووە، ئەوە خۆت ناتەوێ یان کەمتەرخەمی کەناڵەکانە بەرامبەر بەتۆ؟
ھەماوەند لھۆنی: کەمتەرخەمی کەناڵەکانە، زۆر گرنگی ھونەری رەسەن نادەن، ھەروەھا ئەمڕۆ لەناو کەناڵە سەلیقەییە، بەڕێوەبەرەکان یاخو سەرۆک بەشەکان بە سەلیقەی خۆی کار دەکات و خەڵک داوەت دەکەن و بەرنامەی بۆ دەکەن و ھاوکاری دەکەن.
سڤیل: چ شتیکت ماوە باسی بکەی؟
ھەماوەند لھۆنی: زۆر پێم خۆشە سوپاسی مامۆستا مەزھەری خالیقی بکەم بۆ چاپکردن و بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەم ھاوکاری زۆر کردم، ھەروەھا چەند کەسێکی دیکەش ھەن حەقی ئەوەیان لەسەر ھەیە زۆر سوپاسیان بکەم، ئەوانیش توانا مستەفا فەقێ و مستەفا حەسەنی.