خانمە گۆرانیبێژ (ھێڤی) بۆ ھەولێر : بۆ یەکەم جار بەنیازی سازدانی کۆنسێرتە لە ھەولێر و سلێمانی
خانمە ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (ھێڤی) یەکێکە لەو ئافرەتە گۆرانیبێژانەی لەو چەند ساڵەی دوایی دا، لە رێگەی چەند بەرھەمێکەوە ھاتە نێو کاری گۆرانی گوتنەوە، لە ئێستادا بەسەردانێک گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، لە میانەی دیدارێکدا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” ئاماژەی بۆ گەڕانەوەکەی و چەند کارێکی تازەی ھونەریی خۆی کرد، بەتایبەتی تۆمار کردنی چەند گۆرانییەکی تازەو سازکردنی چەند کۆنسیرتێک بۆیەکەم جار لە شارەکانی کوردستان.
تۆ زۆر بەکەمی سەردانی کوردستان دەکەیتەوە، ھۆکاری ئەو درەنگ ھاتنەوەت بۆچی دەگەڕێتەوە؟
کاتێک من لەگەڵ ھاوسەرەکەم و مناڵەکانم کوردستانمان بەجێھشت و ژیانی دەرەوەی وڵاتمان ھەڵبژارد، دیارە ژیانیش ھەمیشە پێویستی بە ھەوڵدان و ماندوو بوونە، منیش شان بەشانی ھاوسەرەکەم بەردەوام لەو ھەوڵی ئەوەداین بە رەنجی شانی خۆمان ژیانێکی باش بژین، ھەر ئەوەش وایکردووە زۆر سەرقاڵبین و کەمتر سەردانی کوردستان بکەینەوە”.
لەو سەردانەی ئەمجارەت بەنیازی ئەنجامدانی چ کارێَکی ھونەریی ؟
لەو گەڕانەوەیمدا ھەوڵمداوە لەگەڵ ھونەرمەندی موزیکژەن (سەید ئەحمەد ڕەواندزی)ـو بە ھاوکاری ھاوسەری ئازیزم ھونەرمەند (موحسین حەسەن) بەنیازن بەیەکەوە گروپێکی گەورە لە موزیکژەنان دروست بکات، بۆ ئەوەی بتوانین کۆنسێرتێک رێک بخەین، بۆ ئەوەی بۆ یەکەم جار چەند کۆنسیرتێک لە شارەکانی کوردستان بە ئەنجام بگەینم، بە تایبەتی لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی”.
بیرت لەوە نەکردۆتەوە بەیکجاری بگەڕیتەوە بۆ کوردستان ؟
زۆر ئارەزوو دەکەم دوای ئەو ھەموو ساڵە دووریە، بەیەکجاری بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، چونکە ئێستاکە سەیردەکەم کوردستان زۆر پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیووە، زۆر شتی جوان کراوەو پرۆژەی زۆر چاکی بۆ بنیات نراوە، بەڵام ئەو گەڕانەوەش بۆ من و خاو خێزانەکەم دیارە پێویستی بە ئامادەکارییەکی باش ھەیە، چونکە ئێمە چەند ساڵێکە لێرە دوورین پێویستە ھەندێک پلانی باشمان ھەبێ بۆ ھاتنەوەی یەکجاری”.
ئەی بەرھەمی تازەی گۆرانیت لەبەردەستدا ھەیە لە کوردستان کاری بۆ بکەیت؟
چەند گۆرانییەکی تازەم لەلایە، کاری زۆر باشن ئاواز و تێکستی تازەن، لەلایەن ھونەرمەندی بە توانا (زیاد ئەسعەد) ئامادە کروان، زۆر سوپاسی دەکەم، کە ئەو لەو چەند ساڵەی دوایی دا زۆر ھاوکاری کردم، بەتایبەتی لە دوایین ئەلبومی گۆرانییمدا، (٦) گۆرانی ئاواز و تێکستی بۆ ئامادەکردم، سەرجەم گۆرانییەکانیش بە باشی چووە ناو جەماوەرەو گوێگری گۆرانی کوردی، ھەروەھا دەمەوێ ئەوەش بڵێم لە دوای ئەوەی لەگەڵ (زیاد ئەسعەد) کارم کرد، ھەستم کرد قۆناغێکی باش چوومە پێشەوە، وەمن وەک مامۆستایەک سەیری ئەو ھونەرمەندە دەکەم و ھیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازم”.
ئەو چەند گۆرانییە لە ئەلبومێکیدا، یا بە شێوەی “سینگل” بڵاویان دەکەیتەوە؟
بڕیاڕمداوە جارێ ھیچ ئەلبومێکی گۆرانی بڵاو نەکەمەوە، چونکە لە بڵاو کردنەوەی (٢) ئەلبومی رابردوومدا، بەتایبەتی دوایین ئەلبوم ھیچ پارەیەک نەھاتەوە گیرفانم، لەگەڵ ئەوەی کە رێژەیەکی زۆریشی لێفرۆشرا، ئەو بە قسەی خاوەن تۆمارگاکان و سەنتەرەکانی شارەکانی ھەولێر و سلێمانی، بەڵام لەمەودوا گۆرانییەکانم بە شێوەی تاک (سینگل) تۆمار دەکەم و کاری کلیپیان بۆ ئەنجام دەدەم، پێم وایە لەمەودا واباشترە کار بکەم!”.
بۆچی لە ھیچ پرۆگرامێکی ھونەریی تەلەفزیۆنەکان دەرناکەوی، ئایا خۆت دوورە پەرێزی یا ئەوان بەسەرت ناکەنەوە؟
من خۆم ئارەزووم کردووە وابم، کە نەچم بۆ ھەموو پرۆگرامێک و زۆر دەرنەکەوتنم لە لاباشترە، راستە تا ئێستاکە لە ھیچ پرۆگرامێکی ھونەریی دەرنەکەوتووم، زۆر ئارەزوو ناکەم کلیپەکانیشم پەخش بکرێت لە تەلەفزیۆنەکان و چەندیین جاریش پێم گوتون گۆرانییە کۆنەکانم ھەر پەخش نەکەن، چونکە پێم وایە ئاوابم باشترە، بەڵام بۆ بابەتی بەرنامەی تەلەفزیۆنەکان پەیوەندیان پێوە کردووم و ھەمیشە جێگای رێزن لەلای من، لە ئێستادا ئەگەر پرۆگرامێکی باشی ھونەریی ھەبێت، دەتوانم بچم چونکە پێم وایە ئەو ئامادەییەم ھەیە بۆ ئەو کارە”.
تا ئێستاکە پرۆژەی دروست بوونی گۆرانییەکی (دوێت)، دووانە لەگەڵ ھونەرمەندێکی رەگەزی بەرامبەر نەھاتۆتە بەردەستت کاری بۆ بکەیت؟
من خۆم حەزم بەو کارە نەکردووە، ئەگەرچی بەر لەماوەیەک چەند ھونەرمەندێکی دەڤەری بادینان پەیوەندیان پێوە کردوم بۆ ئەنجامدانی کارێکی لەو جۆرە، بەڵام بیرم لەوە نەکردۆتەوە گۆرانییەک لەگەڵ ھیچ ھونەرمەندێکی پیاو تۆمار بکەم!”.
لە ئێستادا لە نێو ڕەوشی ئافرەتانی گۆرانیبێژاندا پێت وایە ھەنگاوی باشتان ھاویشتووە، یا بە پێچەوانەوەیە ؟
من پێم وایە لە ئێستادا ئافرەتی گۆرانیبێژی زۆر باشمان ھەن، دەنگیان زۆر خۆشەو توانیویانە کاری چاک بھێننە بوون، ئەگەرچی لە نێو ھونەرمەندانی پیاو و ئافرەتدا ئەوەندە کەمو کوڕییە ھەیە کە نکۆڵی لێ ناکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە ئێستادا لە نێو ھەردوو ڕەگەزدا گۆرانیبێژی زۆر باشمان ھەیەو جێگای ئومێدێکی باشن بۆ داھاتوو”.
ھاوسەرەکەت (موحسین حەسەن) کە ھونەرمەندێکی موزیکژەنە ئەو تا چەند ھاوکار و پاڵپشتیت دەکات بۆ بەردەوام بوونت لە کارەکانت؟
ھاوسەری ئازیزم، ھەمیشە جێگای شانازییە بۆ من، ئەگەر ھاوسەرەکەم نەبوایە، من ھەرگیز نەمدەتوانی گۆرانی بڵێم و کاری ھونەریی ئەنجام بدەم، ئەگەر بڵێن لە پشت ھەموو پیاوێکی گەورە ئافرەتێکی گەورە ھەیە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین لە پشت ھەموو ئافرەتێکی بەھرەمەند یا ھونەرمەند ئەگەر پیاوێکی گەورە نەبێت ئەستمە بتوانێت بەردەوام بێت لەکارەکەی، دیارە (موحسین) ھەمیشە جێگای شانازییە و من سوپاسگوزاری ئەوم!”.
بەڵام دەگوترێ لە نێو بنەماڵەکەی خۆتدا پێان ناخۆشبووە تۆ گۆرانیت گوتووەو خەریکی کاری ھونەرییت ؟
راستە ئەو ریکلامە زۆر بۆ من کراوە، گوایە من دایکم و باوکم پیان ناخۆشبووە گۆرانییم گوتووە، من برایەکەم ھەیە، ھونەرمەند (مەجید خۆشناو) لەمناڵیەوە گۆرانی بەمن گوتووەو پێی دەگوتم تۆ دەبێ گۆرانی بڵیت، جگە لەوەش باوکی رەحمەتیم تاوەکو وەفاتی کرد، ھەمیشە شانازی بەمنەوە دەکرد، ھەرگیز رێگر نەبووە، یا بۆچوونێکی نێگەتیڤی لەسەر کارە ھونەرییەکانم دەرنەدەبڕی، بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمە بەھیچ شێوەیەک بەبێ گوێدانە ھیچ بەھایەک لەخۆیانەوە قسە بەدوای ھونەرمەندانەوە دەکەن، بەبێ ئەوەی یەک بەڵگەیان بەدەستەوە بێت، ئەوەش پێم وایە کارێکی باش نیە، چونکە کاتێک ئەو راستیانە بەو شێوەی ئێستا دەر دەکەون، ئینجا ئەو کەسانەی ئەو قسانەیان لە خۆیانەوە کردووە، ئەزانن چ جۆرە ھەڵەیکیان کردووە!”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا